راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌ڵه‌بجه‌.. قوربانییه‌ك چاوه‌ڕێی‌ پاداشته‌

زانكۆ ئه‌حمه‌د
كات 11.35 خوله‌كی‌ رۆژی‌ 16ی‌ ئازار(مارس)ی‌ 2013یه‌، شه‌قامه‌كان كش‌و ماتن، هاتوچۆی‌ ئۆتۆمبێل به‌ته‌واوی‌ راگیراوه‌و پیاده‌ڕۆكانیش بۆ…
22.03.2013  |  سلێمانی

وه‌ستانی‌ پێنج خوله‌ك ماته‌مینی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا هاوكات بووه‌ له‌گه‌ڵ‌ كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆمبی‌ كیمیاوی‌ له‌شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ پێشنیوه‌ڕۆی‌ رۆژی‌ 16ی‌ ئازار(مارس)ی‌ 1988 فرۆكه‌كانی‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ له‌ناوچوو به‌گازی‌ كیمیاویی‌ بۆمبارانی‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌یان كردوو به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌پێنج هه‌زار دانیشتوی‌ ئه‌و شاره‌ گیانیان له‌ده‌ستداو نزیكه‌ی‌ 10 هه‌زار كه‌سی‌ تریش بریندار بوون كه‌ له‌نێو قوربانییه‌كاندا زیاتر له‌ 68% ژن‌و منداڵبوون.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ 25 ساڵی‌ ته‌واو به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام هێشتا برینی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌و شاره‌ سارێژ نه‌بووه‌و جگه‌ له‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك له‌دانیشتوانه‌كه‌ی‌ به‌ده‌ست چه‌ندین جۆری‌ نه‌خۆشییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا هێشتا مه‌ترسی‌ كاریگه‌رییه‌كانی‌ ئه‌و چه‌كه‌ له‌سه‌ر شاره‌كه‌ ماوه‌.

مانه‌وه‌ی‌ كاریگه‌رییه‌كانی‌ چه‌كی‌ كیمیاوی‌ ته‌نها مقۆمقۆی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ بوو، تا ئه‌و كاته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌فه‌رمی‌ رایگه‌یاند به‌پێی‌ چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌ندێ‌ ناوچه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ڵكی‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ مرۆڤی‌ تیا بژی‌.

لوقمان عه‌بدولقادر سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌، هاوكات خۆیشی‌ یه‌كێكه‌ له‌به‌ركه‌وتوانی‌ چه‌كی‌ كیمیاوی‌، بۆ ئه‌م قسانه‌ی‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌و زانیاریانه‌ی‌ له‌لایه‌ن چه‌ند تیمێكی‌ به‌ریتانی‌‌و ئێرانی‌‌و پسپۆڕانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ژینگه‌ی‌ عێراقی‌ به‌ده‌ست هاتوون.

گومانه‌كه‌ی‌ لوقمان له‌سه‌ر چه‌كی‌ كیمیاوی‌ له‌ژێرزه‌مینی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكردووه‌، كاتێك چه‌ند جارێك مریشكی‌ بردووه‌ته‌ ژێرزه‌مینه‌كه‌و پاش یه‌ك رۆژ مریشكه‌كان مردار بوونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ كه‌ دوو تیمی‌ جیاوازی‌ ئێرانی‌‌و به‌ریتانی‌ سه‌ردانی‌ شاره‌كه‌یان كردووه‌، داوای‌ لێكردوون ژێرزه‌مینه‌كه‌ی‌ بپشكنن.

له‌باره‌ی‌ ئه‌نجامی‌ توێژینه‌وه‌كانه‌وه‌ لوقمان به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "هه‌ردوو تیمه‌كه‌و دوای‌ ئه‌وانیش تیمێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ ژینگه‌ی‌ عێراقی‌ پێیان راگه‌یاندین كه‌ ئه‌و ژێرزه‌مینه‌ گازی‌ خه‌رده‌لی‌ تێدایه‌و نابێت مرۆڤی‌ تیا بژی‌".

لوقمان كه‌ دوای‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ ده‌رگای‌ ماڵه‌كه‌ی‌ داخستووه‌و جێی‌ هێشتووه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و تیمانه‌ چه‌ند مالێكی‌ تر له‌هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌ڕاون‌و بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌ژێرزه‌مینی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ماڵه‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هێشتا كاریگه‌ری‌ چه‌كی‌ كیمیاوی‌ ماوه‌.

سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ڵێت "تیمه‌ ئێرانییه‌كه‌ بۆیان شیكردینه‌وه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ هه‌تاو لێی‌ نه‌دات‌و بارانی‌ به‌رنه‌كه‌وێت‌و ئاڵوگۆڕی‌ هه‌وای‌ تیا نه‌كرێت، تا چه‌ند ساڵێكی‌ تر كاریگه‌ری‌ چه‌كی‌ كیمیاوی‌ له‌سه‌ر ده‌مێنێت، ته‌نانه‌ت رێیان لێگرتین میوه‌ی‌ ماڵه‌كانیشمان بخۆین".

لوقمان كه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ خۆی‌‌و هاوكاره‌كانی‌ له‌كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌توێژینه‌وه‌دان له‌سه‌ر كاریگه‌رییه‌كانی‌ ئه‌و چه‌كه‌و باری‌ ته‌ندروستی‌ به‌ركه‌وتووان، ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌كۆی‌ به‌ركه‌وتووانی‌ ئه‌و چه‌كه‌ ئێستا 254 بریندار له‌باری‌ ته‌ندروستی‌ خراپدان‌و له‌هه‌رێمی‌ كوردستان چاره‌سه‌ریان نییه‌.

باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ زۆربه‌ی‌ به‌ركه‌وتووانی‌ ئه‌و چه‌كه‌ ئێستا كۆئه‌ندامی‌ هه‌ناسه‌و چاویان لاوازه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و ژنانه‌ش كه‌ دووگیان ده‌بن ده‌بێت له‌ژێر چاودێری‌ وردی‌ پزیشكیدابن، چونكه‌ به‌هۆی‌ لاوازی‌ كۆئه‌ندامی‌ هه‌ناسه‌یانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌بارچوونی‌ منداڵه‌كه‌یان زۆره‌.

ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ده‌ستی‌ هێناون به‌س نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ریبخات كه‌ هێشتا ئه‌و شاره‌ له‌ژێر مه‌ترسی‌ چه‌كی‌ كیمیاویدایه‌، به‌ڵكو ناوه‌ ناوه‌ له‌كاتی‌ پرۆژه‌كانی‌ بیناسازیدا بۆمبی‌ نه‌ته‌قیوه‌وه‌ی‌ كیمیاوی‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌.

له‌مانگی‌ ئه‌یلول (سێپته‌مبه‌ر)ی‌ ساڵی‌ 2011 بۆمێكی‌ نه‌ته‌قیوه‌وه‌ی‌ كیمیاوی‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ دۆزرایه‌وه‌، له‌كاتی‌ هه‌ڵدانه‌وه‌یدا پێنج كه‌س برینداربوون‌و ئه‌وكات له‌لایه‌ن تیمێكی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆمبه‌كه‌ پوچه‌ڵكرایه‌وه‌، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دوای‌ ئه‌وه‌ش له‌ناحیه‌ی‌ خورماڵی‌ ته‌نیشت هه‌ڵه‌بجه‌ سێ‌ بۆمبی‌ تری‌ كیمیاوی‌ دۆزرانه‌وه‌ كه‌ دوانیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ پوچه‌ڵكرانه‌وه‌و یه‌كێكی‌ تریشیان به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو كێڵگه‌یه‌كی‌ میندایه‌ نه‌توانراوه‌ ده‌ستكاری‌ بكرێت.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ترسی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌هه‌ر ساتێكدا بۆمبێكی‌ نه‌ته‌قیوه‌وه‌ی‌ كیمیاوی‌ یان كاریگه‌رییه‌كی‌ مه‌ترسیدارتری‌ ئه‌و چه‌كه‌ ده‌ربكه‌وێت، هاوكات گله‌یی‌ ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی‌ حكومه‌تی‌ به‌غداو حكومه‌تی‌ هه‌رێم، به‌ده‌مه‌وه‌چوونی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ له‌ئاستی‌ پێویسدا نه‌بووه‌.

چه‌ند ساڵێكه‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌قه‌د گه‌وره‌یی‌ كاره‌ساته‌كه‌ كار بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌كراوه‌و وه‌ك شارێكی‌ دووره‌ده‌ستی‌‌و په‌راوێزخراو مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌مساڵیش له‌یادی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا چه‌ند گورپێك له‌شاره‌كه‌ داوایانكرد یادی‌ ئه‌و رۆژه‌ نه‌كرێته‌وه‌، وه‌ك ده‌ربڕینی‌ توڕه‌یی‌ به‌رامبه‌ر خزمه‌تنه‌كردنی‌ شاره‌كه‌.

ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌و فشارانه‌ش بوبێت حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ ناچار كردبێت به‌ڵێن بدات كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بكاته‌ پارێزگای‌ چواره‌می‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

رۆژی‌ 16ی‌ ئه‌م مانگه‌ نێچیره‌ڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و عیماد ئه‌حمه‌دی‌ جێگری‌ رایانگه‌یاند كاری‌ جدی‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێته‌ پارێزگا، ئه‌مه‌ش وه‌ك "وه‌فایه‌ك" بۆ قوربانیانی‌ شاره‌.

هێشتا به‌شێكی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ گومانیان له‌م به‌ڵێنه‌ش هه‌یه‌و پێیان وایه‌ زیادكردنی‌ پارێزگایه‌كی‌ تر له‌عێراق گرێدراوه‌ به‌كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی‌ یاساییه‌وه‌و ئاسان نییه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ته‌نهای‌ ئه‌و كاره‌ی‌ پێبكرێت.

به‌ڵام گۆران ئه‌دهه‌م قایمقامی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ گه‌وره‌ترین یه‌كه‌ی‌ ئیداری‌ شاره‌كه‌یه‌ گه‌شبینه‌ به‌و هه‌نگاوه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و پێی‌ وایه‌ چانسی‌ ئه‌وه‌یان زۆره‌ قه‌زاكه‌یان بكه‌نه‌ پارێزگا.

گۆران ئه‌دهه‌م به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ چاوی‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌تووه‌و به‌ڵێنیان پێداوه‌ له‌یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران له‌پاش پشووی‌ نه‌ورۆز، مه‌سه‌له‌ی‌ به‌پارێزگاكردنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بخه‌نه‌ كارنامه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌و لیژنه‌ی‌ بۆ پێكبهێنن.

ئه‌دهه‌م ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌نگی‌ ته‌واو به‌ده‌ست ده‌هێنێت، ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقیش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ رازی‌ بێت.

قایمقامی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ڵێت "گه‌شبینم به‌وه‌ی‌ به‌غداش رازی‌ ببێت، چونكه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ سۆزی‌ هه‌موو عێراقی‌ راكێشاوه‌، لانی‌ كه‌م ده‌توانن به‌و بڕیاره‌ كه‌مێك له‌برینه‌كانمان ساڕێژ بكه‌ن".