راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری‌ ناكۆكی‌ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان زیاتر ده‌كات

یاسین ته‌ها
له‌كاتێكدا مشتومڕێكی‌ زۆر له‌باره‌ی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌نێو په‌رله‌مانتاره‌…
12.05.2011  |  هه‌ولێر

سه‌رۆكی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری‌ له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا داكۆكی‌ له‌خۆی‌ كرد "مناڵه‌كانم ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌ له‌كاری‌ كۆمسیۆن‌و هه‌ر له‌ناوخۆی‌ عێراقیشدا له‌گه‌ڵمدابوون‌و نه‌چونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات". له‌باره‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ خزمی‌ به‌رپرسانی كۆمسیۆنیشه‌وه‌ رایگه‌یاند "ئه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ كۆمسیاراندایه‌ نه‌ك من". بۆ سه‌فه‌ری‌ ئه‌ندامانی‌ خێزانی‌ كۆمسیارانیش له‌كاتی‌ ئیفاده‌كاندا، حه‌یده‌ری‌ رونیكرده‌وه‌ "جگه‌ له‌سه‌فه‌ری‌ كۆمسیاران، سه‌فه‌ری‌ خێزانه‌كانیان له‌سه‌ر بودجه‌‌و پاره‌ی‌ تایبه‌تی‌ خۆیان بووه‌".

فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری‌ كه‌ كاندیدی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بوه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌، داكۆكی‌ له‌یاساییبونی‌ خه‌رجكردنی‌ پاره‌ی‌ زۆر بۆ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی‌ كۆمسیۆن كرد‌و رونیكرده‌وه‌ ئه‌م پاره‌‌و ده‌رماڵانه‌ هاوتای‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌و به‌رپرسانی‌ ناو حكومه‌ته‌. له‌باره‌ی‌ زۆری‌ ژماره‌ی‌ پاسه‌وانه‌كان‌و موچه‌كه‌شیانه‌وه‌، به‌وه‌ پاساوی‌ هێنایه‌وه‌ "ئه‌مه‌ له‌ساڵی‌ 2004 وه‌ هه‌یه‌". هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ "پشت ئه‌ستور به‌بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و مه‌جلیسی‌ قیاده‌ی‌ سه‌وره‌ی‌ به‌عس پاره‌ی‌ كاری‌ زیاده‌ ئه‌ژماركراوه‌ بۆ كارمه‌ندانی‌ كۆمسیۆن".

فه‌رهاد ئه‌تروشی‌ كه‌ په‌رله‌مانتاری‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانه‌، به‌گومانه‌ له‌كات‌و ئامانجی‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌كۆمسیۆن‌و نامه‌و كۆنوسی‌ زانیارییه‌كانی‌ لێپرسینه‌وه‌كه‌‌و هی‌ په‌رله‌مانتار حه‌نان فه‌تلاوی‌‌و به‌زانیاری‌ "موخابه‌راتی‌" ده‌داته‌ قه‌ڵه‌م‌و ده‌ڵێت "گه‌ر حكومه‌ت‌و ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ نه‌بن، 10 په‌رله‌مانتار به‌شه‌ش مانگیش ناتوانن ئه‌م زانیارییانه‌ له‌سه‌ر كۆمسیۆن كۆبكه‌نه‌وه‌".

ئه‌تروشی‌، كه‌ سه‌ر به‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌، له‌لێدوانێكدا بۆ نیقاش پرسیاری‌ ئه‌وه‌یكرد "بۆچی‌ له‌كاتێكدا كه‌ حكومه‌ت به‌ته‌واوی‌ پێكنه‌هاتووه‌‌و باس له‌هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت ده‌كرێت كۆمسیۆن ده‌كرێته‌ ئامانج؟، بۆچی‌ له‌م هه‌موو كێشه‌‌و گرفتانه‌ ته‌نها كۆمسیۆن؟". دواتر هه‌ر خۆی‌ وه‌ڵامی‌ دایه‌وه‌ "گومان زۆره‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا له‌هه‌وڵی‌ په‌كخستنی‌ كۆمسیۆن‌و تۆڵه‌ لێكردنه‌وه‌ی‌ كۆمسیۆندابێت، چونكه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ 2010، كۆمسیۆن نه‌چوه‌ ژێر باری‌ داواكارییه‌كانی‌ مالیكی‌".

له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكی‌ نیقاشدا له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ تاچه‌ند ئه‌م به‌رگرییه‌ی‌ ناوبراو له‌كۆمسیۆن، په‌یوه‌ندیی‌ به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێشتر فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری‌ سه‌رۆكی‌ كۆمسیۆن له‌ریزه‌كانی‌ پارتیدا كاریكردوه‌‌و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ پێشنیاركراوه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌؟ فه‌رهاد ئه‌تروشی‌ نه‌یشارده‌وه‌ "فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری‌ له‌سه‌ر پارتی‌‌و هاوپه‌یمانی‌ كوردستان حسابه‌‌و ئه‌ركی‌ ئێمه‌شه‌ داكۆكی‌ له‌و به‌رپرسانه‌ بكه‌ین كه‌ ئێمه‌ دامانناون، به‌ڵام له‌بواری‌ گه‌نده‌ڵیدا نا، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌هێڵین تۆڵه‌ی سیاسییان لێ بكرێته‌وه‌".

ئه‌تروشی‌ وتیشی‌ "ئێمه‌ دژی‌ گه‌نده‌ڵین‌و پشتیوانی‌ لێ ناكه‌ین‌و ده‌كرێت له‌بری‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ كۆمسیۆن، به‌پێی‌ یاسا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی‌ سه‌رپێچیدا بكرێت كه‌ له‌م ده‌زگایه‌دا هه‌بووه‌‌و له‌قه‌باره‌ی‌ خۆی‌ زیاتر گه‌وره‌تر نه‌كرێت".

به‌ڵام ئوسامه‌ جه‌میل له‌یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ (4 كورسی‌) كه‌ لیسته‌كه‌یان له‌ئیئتیلافی‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كاندا ئه‌ندامه‌، رایه‌كی‌ جیاوازتری‌ له‌هاوتاكه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌هاوپه‌یمانی‌ كوردستان (43 كورسی‌)‌و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری‌ پیاوێكی‌ باش‌و بێگه‌ردبێت له‌كاره‌كانیدا، ئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موكه‌س به‌رگری‌ لێ بكات. ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵگانه‌ش راست بن‌و له‌سه‌ر كۆمسیۆن بچه‌سپێت ئه‌وه‌ هه‌ركه‌س به‌رگری‌ لێ بكات وه‌كو كۆمسیۆن گه‌نده‌ڵه‌".

ناوبراو داكۆكیكردنی‌ له‌كۆمسیۆن به‌پاساوی‌ كوردبونی‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ به‌بێ مانا زانی‌‌و وتی‌ "با لێگه‌ڕێین لێكۆڵینه‌وه‌‌و به‌ڵگه‌ بڕیاربدات كێ پاك‌و كێ گه‌نده‌ڵه‌‌و كار له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌چێتی‌ نه‌كه‌ین".

هه‌رچه‌نده‌ پێشتر فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری‌ سه‌رۆكی‌ كۆمسیۆن، له‌لقی‌ به‌غدای‌ پارتی‌ به‌رپرس بوه‌‌و له‌سه‌ر لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانیش ئه‌ندامی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ نیشتمانی‌ (خولی‌ پێشوتری‌ په‌رله‌مان) بوه‌، به‌ڵام له‌چه‌ندین بۆنه‌دا جه‌غتی‌ له‌بێلایه‌نی‌‌و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ له‌پارتی‌ كردوه‌ته‌وه‌.

شێخ فاتیح داراغایی‌ له‌كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ (2 كورسی‌) كه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ی‌ یه‌كگرتو‌و هێشتا هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی‌ ئیئتیلافی‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كاندان، ره‌خنه‌ له‌و ده‌نگانه‌ی‌ ناو هاوپه‌یمانی‌ كوردستان ده‌گرێت كه‌ داوای‌ پشتیوانیی‌ له‌كۆمسیۆن ده‌كه‌ن‌و ده‌ڵێت "باشتره‌ متمانه‌ له‌كۆمسیۆن وه‌ربگیرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌رپرسه‌كانی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ حیزبایه‌تی‌ دانراون". داراغایی‌ وتیشی‌ "ئه‌وانه‌ی‌ به‌رگری‌ له‌كۆمسیۆن ده‌كه‌ن ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندیی‌ هاوپه‌یمانی كوردستانی‌ له‌به‌رچاو ده‌گرن‌و مه‌به‌ستیان هیچیتر نییه‌‌و ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دانین".

به‌پێی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، هه‌فته‌یه‌ك له‌دوای‌ دوا دانیشتنی‌ لێپرسینه‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ كۆتایی‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆمسیۆندا به‌ڕێوه‌بچێت، متمانه‌ی‌ ئه‌م ده‌زگایه‌ ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌. شێخ له‌تیف مسته‌فا كه‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ لیستی‌ گۆڕانه‌ (8 كورسی‌) پێشبینی‌ ده‌كات زۆرینه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ كۆمسیۆندابن‌و ئه‌مه‌ش ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ "به‌ڵگه‌كان له‌سه‌ر كۆمسیۆن به‌هێزن‌و وه‌ڵامی‌ كۆمسیۆنیش لاوازه‌".

شێخ له‌تیف جه‌غتیشیكرده‌وه‌ "عه‌یبه‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ ببێته‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌نده‌ڵی‌‌و ئێمه‌ دژی‌ ئه‌وه‌ین سه‌رپێچی‌ به‌عه‌بای‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رده‌پۆش بكرێت". ناوبراو رونیكرده‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ستكردنی‌ ئینتیمای‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمسیۆن به‌م لێپرسینه‌وه‌ی‌ ئێستاوه‌ "پاساوهێنانه‌وه‌یه‌ بۆ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ژێر ناوی‌ پیرۆزی نه‌ته‌وه‌یی‌".

له‌م نێوانه‌شدا په‌رله‌مانتاری‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كورد له‌نێو هاوپه‌یمانی‌ كوردستان، دكتۆر مه‌حمود عوسمان، به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "لێپرسینه‌وه‌ له‌كۆمسیۆن رقی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا‌و سه‌رپێچی‌‌و زیاده‌رۆییشی‌ له‌پشته‌‌و پێویسته‌ ئاگاداری‌ هه‌ردو‌و حاڵه‌ته‌كه‌ بین". ناوبراو وتیشی‌ "با چاوه‌ڕوانی‌ كۆمسیۆن بین‌و ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی‌ به‌رگری‌ له‌خۆی‌ بكات ئه‌وكات حوكم بده‌ین نه‌ك له‌سه‌ر باكگراوه‌ندی‌ سیاسی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌