راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

په‌رله‌مانی‌ 2010ی‌ عێراق.. كوتله‌ براوه‌كان

خلود ره‌مزی
نیقاش ئه‌نجامه‌ كۆتاییه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ 2010ی‌ عێراق‌و پڕۆفایلی‌ تایبه‌ت به‌حزب‌و كوتله‌ براوه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان راگه‌یاندرا‌و له‌لایه‌ن دادگای‌…
30.03.2010  |  به‌غدا

یه‌كه‌م: لیستی‌ عێراقییه‌

ژماره‌ی‌ كورسی‌: 89 + 2 كورسی‌ قه‌ره‌بو

كوتله‌ی‌ عێراقییه‌ له‌ 15 پارێزگای‌ عێراقدا به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كرد‌و به‌پێی‌ ئه‌نجامه‌ كۆتاییه‌كان، 91 كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ده‌ستهێنا كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌شبون: 24 كورسی‌ له‌به‌غدا، 20 له‌نه‌ینه‌وا، 8 له‌سه‌ڵاحه‌دین، 8 له‌دیاله‌، 11 له‌ئه‌نبار، 2 له‌واست، 1 له‌كه‌ربه‌لا، 3 له‌به‌سره‌، 1 له‌زیقار، 2 له‌قادسیه‌، 3 له‌بابل، 6 له‌كه‌ركوك. به‌ڵام هیچ كورسیه‌ك له‌پارێزگاكانی‌ نه‌جه‌ف‌و موسه‌نا‌و میسانی‌ زۆرینه‌ شیعه‌ به‌ده‌ستنه‌هێنا.

دیارترین كیانه‌كانی‌ نێو كوتله‌كه‌:

1- بزوتنه‌وه‌ی‌ ویفاقی‌ نیشتمانی‌:
ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشوی‌ عێراق ئه‌یاد عه‌لاوی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت كه‌ له‌هه‌مان كاتدا سه‌رۆكی‌ كه‌تله‌كه‌شه‌.
عه‌لاوی‌ راسته‌وخۆ له‌پاش روخانی‌ رژێمی‌ سه‌دامه‌وه‌ به‌شداری‌ له‌پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عێراق كرد‌و ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ حوكم بو، بۆ ماوه‌ی‌ مانگێكیش سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی‌ كرد. هه‌روه‌ها یه‌كه‌مین سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ له‌پاش روخانی‌ رژێمی‌ پێشو.
له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ رابردودا، له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوپه‌یمانێكیدا، 25 كورسی‌ به‌ده‌ستهێنا‌و به‌شداری‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ كوتله‌ی‌ ئیئتیلافی‌ كرد، به‌ڵام دواتر لێی‌ كشایه‌وه‌.
2- بزوتنه‌وه‌ی‌ ته‌جدید (نوێكردنه‌وه‌):
بزوتنه‌وه‌ی‌ ته‌جدید له‌لایه‌ن جێگری‌ سه‌رۆك كۆمار‌و ئه‌مینداری‌ گشتی‌ پێشوی‌ حزبی‌ ئیسلامی‌ عێراق، تاریق هاشمی‌، له‌ساڵی‌ 2009دا دامه‌زرێندرا. ناوبراو له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ نێو حزبی‌ ئیسلامی‌ ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌‌و چونه‌ نێو كوتله‌ی‌ عێراقییه‌ له‌پاش یه‌ك هه‌فته‌ له‌دامه‌زراندنی‌.
3- به‌ره‌ی‌ عێراقیی‌ بۆ دیالۆگی‌ نیشتمانی‌:
ئه‌م به‌ره‌یه‌ له‌لایه‌ن ساڵح موتڵه‌گه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت. به‌ره‌ی‌ دیالۆگ له‌سه‌ره‌تادا به‌شێك بو له‌ئه‌نجومه‌نی‌ دیالۆگی‌ نیشتمانی‌ كه‌ وه‌ك حزبێكی‌ سوننه‌ له‌ساڵی‌ 2005دا دامه‌زرێندرا، به‌ڵام دواتر موتڵه‌گ جیابونه‌وه‌ی‌ خۆی‌ راگه‌یاند‌و له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 2005دا 11 كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ده‌ستهێنا. ساڵح موتڵه‌گ به‌دژایه‌تیكردنی‌ ئێران ناسراوه‌‌و به‌هه‌بونی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ حزبی‌ به‌عسدا تۆمه‌تباره‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش بو بوه‌ هۆكاری‌ دورخستنه‌وه‌ی‌ له‌هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی‌ لێپرسینه‌وه‌‌و دادگه‌ری‌.
4- گردبونه‌وه‌ی‌ عێراقیون:
ئه‌م گردبونه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتار ئوسامه‌ نوجه‌یفییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت‌و باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ له‌موسڵه‌. نوجه‌یفی‌ به‌دژایه‌تیكردنی‌ كورد ناسراوه‌‌و دوژمنی‌ سه‌رسه‌ختی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ جێ ململانێكانه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان. له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ رابردودا، ناوبراو وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ له‌نێو لیستی‌ عێراقیه‌ خۆی‌ هه‌ڵبژارد‌و پاشتر گردبونه‌وه‌ی‌ عێراقیونی‌ راگه‌یاند‌و له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكاندا، زۆربه‌ی‌ كورسیه‌كانی‌ موسڵی‌ به‌ده‌ستهێنا‌و براكه‌ی‌، ئه‌سیل نوجه‌یفی‌، بوه‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا.

ئامانجه‌كانی‌ كوتله‌كه‌ به‌پێی‌ به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن:

به‌گژداچونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ دارایی‌‌و ئیداری‌‌و پشتبه‌ستن به‌لێهاتویی‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ به‌رپرسانی‌ ده‌وڵه‌ت. پێكهێنانی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ به‌هێز دور له‌موحاسه‌سه‌ی‌ تایفی‌. پشتبه‌ستن به‌لێهاتویی‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ركرده‌ ئه‌منیه‌كان‌و دروستكردنه‌وه‌ی‌ سوپا‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ خزمه‌تی‌ به‌زۆری‌ سه‌ربازیی‌. كاركردن له‌سه‌ر بنه‌مای‌ یه‌كبونی‌ نیشتمانی‌ له‌نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی‌ عێراق. گرنگیدان به‌خزمه‌تگوزاری‌‌و جه‌غتكردنه‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌ فه‌رامۆشكراوه‌كانی‌ پایته‌خت‌و پارێزگاكانی‌ تری‌ عێراق.

دووهه‌م: ئیئتیلافی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا

ژماره‌ی‌ كورسیه‌كان: 87 + 2 كورسی‌ قه‌ره‌بو

ئیئتیلافی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیران نوری‌ مالكیه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت، له‌ 15 پارێزگای‌ عێراقدا به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كرد‌و 87 كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ده‌ستهێنا كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌شبون: 26 كورسی‌ له‌به‌غدا، 7 له‌نه‌جه‌ف، 6 له‌كه‌ربه‌لا، 8 له‌زیقار، 4 له‌موسه‌نا، 4 له‌قادسیه‌، 5 له‌واست، 14 له‌به‌سره‌، 4 له‌میسان، 8 له‌بابل، 1 له‌دیاله‌. به‌ڵام هیچ كورسیه‌كی‌ له‌پارێزگاكانی‌ ئه‌نبار‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و موسڵی‌ زۆرینه‌ سونه‌ به‌ده‌ستنه‌هێنا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌كه‌ركوكیش هیچ كورسیه‌كی‌ به‌رنه‌كه‌وت.
ئیئتیلافه‌كه‌ كه‌ له‌زیاتر له‌ 40 كیانی‌ سیاسی‌ پێكدێت، به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ له‌پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا نه‌كرد.

دیارترین كیانه‌كانی‌ نێو كوتله‌كه‌

1- حزبی‌ ده‌عوه‌ی‌ ئیسلامی‌:
یه‌كێكه‌ له‌كۆنترین حزبه‌ ئیسلامیه‌ شیعه‌كان كه‌ له‌ساڵی‌ 1957دا له‌لایه‌ن محه‌ممه‌د باقر سه‌دری‌ ناسراو به‌ (سه‌دری‌ یه‌كه‌م) دامه‌زرێندرا. ژماره‌یه‌كه‌ی‌ زۆری‌ گه‌نجی‌ شیعه‌ به‌ده‌وری‌ ئه‌م حزبه‌ كۆبونه‌وه‌‌و وه‌ك حزبیكی‌ سیاسی‌ كاریان ده‌كرد، به‌ڵام له‌ساڵی‌ 1979دا سه‌رۆكی‌ حزبه‌كه‌ له‌سێداره‌درا‌و سه‌ركرده‌كانی‌ به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات هه‌ڵاتن. له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ رابردودا ئه‌م حزبه‌ روبه‌روی‌ چه‌ندین لێكجیابونه‌وه‌ هات‌و ئێستا جگه‌ له‌خۆی‌، حزبی‌ ده‌عوه‌ رێكخراوی‌ عێراق‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ ده‌عوه‌ش هه‌ن.
ده‌عوه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ روخانی‌ سه‌دام حسێنه‌وه‌ به‌شداری‌ پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عێراقی‌ كردوه‌‌و نوێنه‌ری‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ جوكمدا هه‌بو. دواتر له‌ساڵی‌ 2005دا سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ كرد‌و ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ به‌و ئه‌كه‌ راسپێردرا، دواتر بۆ جاری‌ دوهه‌م سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ وه‌رگرته‌وه‌‌و ئه‌مجاره‌یان نوری‌ مالكی‌ به‌و ئه‌ركه‌ راسپێردرا.
له‌كۆتایی‌ ساڵی‌ 2007دا، حزبی‌ ده‌عوه‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ به‌ست‌و تێیدا چه‌ند گۆڕانكاریه‌ك له‌سه‌ر په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ حزب ئه‌نجامدرا‌و پۆستی‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزب هاته‌ ئاراوه‌‌و له‌هه‌ڵبژاردنێكی‌ ناوخۆدا، مالكی‌ ئه‌و پۆسته‌ی‌ برده‌وه‌‌و له‌ئه‌نجامدا ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ راگه‌یاند‌و ره‌وتی‌ چاكسازی‌ دامه‌زراند.
2- حزبی‌ ده‌عوه‌ رێكخراوی‌ عێراق:
ئه‌م حزبه‌ له‌شاری‌ به‌سره‌ راگه‌یه‌ندرا‌و له‌هه‌ڵبژاردنی‌ پێشودا له‌گه‌ڵ ئیئتیلافی‌ عێراقی‌ یه‌كگرتو به‌شداربو، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردندا لێكجیابونه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر هات‌و سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ حزبه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئیئتیلافی‌ نیشتمانی عێراقیی‌ به‌شداربو، سه‌ركرده‌كانی‌ تریشی‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا.
3- ره‌وتی‌ موسته‌قلین (سه‌ربه‌خۆكان):
ئه‌م ره‌وته‌ له‌لایه‌ن وه‌زیری‌ نه‌وت حسێن شه‌هرستانیه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت كه‌ كه‌سێكی‌ نزیكی‌ گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی‌ شیعه‌ سه‌ید عه‌لی‌ سیستانییه‌. شه‌هرستانی‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ رابردودا له‌گه‌ڵ كوتله‌ی‌ ئیئتیلافی‌ عێراقیی‌ یه‌كگرتو به‌شداربو، به‌ڵام دواتر لێی‌ جیابوه‌وه‌‌و ره‌وتی‌ موسته‌قلینی‌ له‌ساڵی‌ 2006دا دامه‌زراند كه‌ له‌كۆمه‌ڵی‌ كه‌سایه‌تی‌ شیعه‌ پێكدێت.
4- گردبونه‌وه‌ی‌ دیموكراسیه‌ سه‌ربه‌خۆكان:
ئه‌م گردبونه‌وه‌یه‌ درێژكراوه‌ی‌ گربونه‌وه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانتار عه‌دنان پاچه‌چیه‌ كه‌ له‌پاش هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی‌ 2005دا هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌‌و دواتر له‌لایه‌ن مه‌هدی‌ حازفزی‌ وه‌زیری‌ پلاندانانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ سه‌ر له‌نوێ‌ دامه‌زرێندرایه‌وه‌.
5- ره‌وتی‌ عه‌ره‌بیی‌ سه‌ربه‌خۆ:
ئه‌م ره‌وته‌ له‌لایه‌ن عه‌بدموتڵه‌گ جبوری‌ جێگری‌ پێشوی‌ سه‌رۆك كۆمار سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت‌و كۆمه‌ڵی‌ كه‌سایه‌تی‌ سوننه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌خۆده‌گرێت. له‌هه‌ڵبژاردنی‌ رابردودا له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی‌ ته‌وافوق به‌شداربو، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هاته‌ پاڵ ئیئتیلافه‌كه‌ی‌ مالكی‌.

ئامانجه‌كانی‌ ئیئتیلافه‌كه‌ به‌پێی‌ به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن:

جه‌غتكردنه‌ سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی‌‌و سه‌روه‌ری‌ نیشتمانیی‌ عێراق له‌ڕێی‌ نه‌هێشتنی‌ به‌ندی‌ حه‌وته‌می‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان. به‌رده‌وامبون له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی‌ ئاشته‌وایی‌ نیشتمانی. پێگه‌یاندنی‌ هێزه‌كانی‌ سوپا‌و پۆلیسی‌ نیشتمانیی‌‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان‌و گاردی‌ سنور. به‌رده‌وامبون له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی‌ تیرۆر‌و سزادانی‌ بانگه‌شه‌كه‌ران بۆ حزبی‌ به‌عس‌و توندڕه‌وی‌. وه‌به‌رهێنان. كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ به‌رپرسان‌و په‌رله‌مانتاران. به‌گژداچونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئیداری‌. دادگاییكردنی‌ سه‌رانی‌ رژێمی‌ پێشو. گرنگی‌ دان به‌پیشه‌سازی‌‌و كه‌رتی‌ تایبه‌ت. گرنگی‌ دان به‌كه‌رتی‌ كاره‌با به‌شێوه‌یه‌ك له‌ساڵی‌ 2014دا كاره‌با بچڕانی‌ تێدا نه‌مێنێت. دروستكردنی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ فوراتی‌ ناوه‌ڕاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌.

سێهه‌م: ئیئتیلافی‌ نیشتمانیی‌ عێراقیی‌

ژماره‌ی‌ كورسیه‌كان: 68 + 2 كورسی‌ قه‌ره‌بو

ئه‌م ئیئتیلافه‌ كه‌ له‌لایه‌ن عه‌مار حه‌كیمه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت‌و له‌32 كیان پێكدێت، له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی‌ عێراقدا (18) به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كرد به‌شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌‌و 68 كورسی‌ به‌ده‌ستهێنا كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌شبون: 17 كورسی‌ له‌به‌غدا، 7 له‌به‌سره‌، 6 له‌میسان، 9 له‌زیقار، 3 له‌موسه‌نا، 3 له‌دیاله‌، 5 له‌قادسیه‌، 5 له‌نه‌جه‌ف، 4 له‌واست، 3 له‌كه‌ربه‌لا، 5 له‌بابل، 1 له‌نه‌ینه‌وا. ئه‌م ئیئتیلافه‌، وێڕای‌ شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌دیاله‌‌و ئه‌نبار‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و كه‌ركوكیش هیچ كورسیه‌كی‌ به‌ده‌ستنه‌هێنا.

دیارترین كیانه‌كانی‌ نێو ئیئتیلافه‌كه‌

1- ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامیی‌ عێراق:به‌سه‌رۆكی‌ روحی‌ ئیئتیلافی‌ عێراقیی‌ یه‌كگرتو داده‌ندرێت كه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی‌ نێو په‌رله‌مانی‌ 2005 بو. ئه‌م حزبه‌ له‌هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردودا له‌لایه‌ن ئایه‌توڵا محه‌ممه‌د باقر حه‌كیم له‌ئێران دامه‌زراوه‌ كه‌ له‌پاش ساڵی‌ 2003دا له‌ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا كوژرا.
دواتر عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیمی‌ برای‌ كۆچكردو سه‌رۆكایه‌تی‌ حزبه‌كه‌ی‌ گرته‌ ئه‌ستۆ‌و له‌ساڵی‌ 2008دا ناوی‌ رێكخراوه‌كه‌ی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ شۆڕشی‌ ئیسلامییه‌وه‌ گۆڕی‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامیی‌ عێراق. دواتر له‌ئابی‌ 2009دا ئه‌مه‌ی‌ دواییان كۆچی‌ دوایی‌ كرد‌و عه‌مماری‌ كوڕی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حزبه‌كه‌ی‌ وه‌رگرت.
2- رێكخراوی‌ به‌در:
له‌سه‌ره‌تادا ئه‌م رێكخراوه‌ به‌ناوی‌ هێزه‌كانی‌ به‌در ده‌ستبه‌كاربو كه‌ باڵی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ ناسرابو ‌و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتار هادی‌ عامری‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت.به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ 2005دا، هێزه‌كانی‌ به‌در بونیان به‌رێكخراوێكی‌ سیاسی‌ راگه‌یاند، كاتێك 9 حزبی‌ نێو حكومه‌ت ئیمزایان له‌سه‌ر بڕیاری‌ 91 كرد كه‌ بریتی‌ بو له‌هه‌ڵوه‌شاندن‌و نه‌هێشتنی‌ میلیشیا.
3- ره‌وتی‌ چاكسازیی‌ نیشتمانیی‌:
ئه‌م ره‌وته‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشو ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت‌و له‌ساڵی‌ 2008دا دامه‌زرێندراوه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ جه‌عفه‌ری‌‌و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ تر له‌حزبی‌ ده‌عوه‌ جیابونه‌وه‌.
4- كۆنگره‌ی‌ نیشتمانیی‌ عێراق:
ئه‌م حزبه‌ به‌یه‌كێ‌ له‌حزبه‌ لیبراڵیه‌كانی‌ نێو شیعه‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت‌و له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د چه‌له‌بییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت. ناوبراو له‌گه‌ڵ هاتنی‌ حزبی‌ به‌عسدا له‌ساڵی‌ 1958 عێراقی‌ جێهێشت‌و له‌پاش روخانی‌ سه‌دام له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كاندا گه‌ڕایه‌وه‌‌و به‌شداری‌ پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ كرد‌و مه‌له‌فی‌ ریشه‌كێشكردنی‌ به‌عسی‌ گرته‌ ئه‌ستۆ.
5- حزبی‌ فه‌زیله‌ی‌ ئیسلامی‌:
ئه‌م حزبه‌ له‌پاش روخانی‌ سه‌دام حسێن له‌لایه‌ن مه‌رجه‌عی‌ شیعه‌ محه‌ممه‌د یه‌عقوبییه‌وه‌ دامه‌زرێندرا‌و سه‌رۆكایه‌تیكردنه‌كه‌ی‌ به‌ نه‌دیم جابری‌ راسپێردرا. له‌هه‌ڵبژاردنی‌ رابردودا 8 كورسی‌ په‌رله‌مانیان به‌ده‌ستهێنا.
6- گردبونه‌وه‌ی‌ ئه‌حرار:
ئه‌م گربونه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌نگرانی‌ ره‌وتی‌ سه‌در پێكدێت كه‌ سه‌ر به‌ موقته‌دا سه‌درن‌و له‌هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكاندا له‌زۆربه‌ی‌ شاره‌كانی‌ باشور پله‌ی‌ چواره‌میان به‌ده‌ستهێنا.
7- ره‌وتی‌ ته‌زامونی‌ موسته‌قبه‌ل:
ئه‌م ره‌وته‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2007دا دامه‌زرێندرا، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتار قاسم داووده‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت كه‌ به‌شیعه‌یه‌كی‌ لیبراڵی‌ ناسراوه‌‌و له‌حكومه‌ته‌كه‌ ئه‌یاد عه‌لاویدا وه‌زاره‌تی‌ ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ پێڕاسپێردرابو.
8- بزوتنه‌وه‌ی‌ ده‌ستوریی‌ عێراقیی‌:
ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ساڵی‌ 2003دا به‌ناوی‌ (ئه‌لمه‌له‌كیه‌ ئه‌لده‌ستوریه‌) دامه‌زرێندرا‌و له‌لایه‌ن شه‌ریف عه‌لی‌ بن حه‌سه‌نی‌ خزمی‌ پاشای‌ پێشوی‌ عێراق فه‌یسه‌ڵی‌ دوه‌م سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت. له‌هه‌ڵبژاردنی‌ رابردودا نه‌یتوانی‌ هیچ كورسیه‌ك به‌ده‌ستبهێنێت، بۆیه‌ دواتر ناوه‌كه‌ی‌ گۆڕی‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی‌ ده‌ستوریی‌ عێراق.

ئامانجه‌كانی‌ كوتله‌كه‌ به‌پێی‌ به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن:

پاراستنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ‌و هاندانی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌. به‌گژداچونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ دارایی‌‌و ئیداری‌. گرنگیدان به‌قوربانیانی‌ رژێمی‌ پێشو. ئازادكردنی‌ بێتاوانان. گه‌شه‌پێدانی‌ گیانی‌ پێكه‌وه‌ژیان. گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كانی‌ بۆ شوێنه‌كانی‌ خۆیان.

چواره‌م: هاوپه‌یمانی‌ كوردستان

ژماره‌ی‌ كورسیه‌كان: 42 كورسی‌ + 1 كورسی‌ قه‌ره‌بو

هاوپه‌یمانی‌ كوردستان 42 كورسی‌ به‌ده‌ستهێنا كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌شبون: 10 كورسی‌ له‌هه‌ولێر، 8 له‌سلێمانی‌، 9 له‌دهۆك، 8 له‌موسڵ، 6 له‌كه‌ركوك، 1 له‌دیاله‌.

كوتله‌ دیاره‌كانی‌ نێو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌:

سه‌ره‌ڕای‌ دوو حزبه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌، پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ چه‌ند حزبێكی‌ تر له‌خۆده‌گرێت وه‌ك شوعی‌‌و زه‌حمه‌تكێشان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌‌و سۆسیالیست‌و كه‌سایه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ مه‌حمود عوسمان.
1- پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان:
ئه‌م حزبه‌ له‌لایه‌ن مه‌لا موسته‌فا بارزانییه‌وه‌ له‌ساڵی‌ 1946 دامه‌زراوه‌. له‌ساڵی‌ 1994وه‌ تاكو 1998 له‌شه‌ڕێكی‌ ناوخۆی‌ خوێناویدابو له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان. له‌پاش روخانی‌ رژێمی‌ سه‌دام حسێن، هه‌ردو حزب یه‌كیانگرت‌و له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 2005دا 53 كورسیان به‌ده‌ستهێنا.
2- یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان:
له‌ساڵی‌ 1975دا له‌لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانیه‌وه‌ دامه‌زراوه‌. له‌كۆتایی‌ 2008دا ئه‌م حزبه‌ دوچاری‌ لێكترازان بوه‌وه‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌ئێستادا بونه‌ته‌ كێبڕكێكه‌ری‌ سه‌رسه‌ختی‌ یه‌كتر له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و ناوچه‌ی‌ گه‌رمیاندا.

ئامانجه‌كانی‌ كوتله‌كه‌ به‌پێی‌ به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن:

جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستوری‌ عێراق. گه‌شه‌پێدانی‌ ئابوری‌ وڵات‌و هاندانی‌ وه‌به‌رهێنان. باشكردنی‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان، به‌تایبه‌ت كاره‌با.

پێنجه‌م: گۆڕان

ژماره‌ی‌ كوسیه‌كان: 8 كورسی‌

ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن نه‌وشیروان موسته‌فاوه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت، 8 كورسی‌ به‌ده‌ستهێنا كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌شبون: 6 كورسی‌ له‌سلێمانی‌، 2 له‌هه‌ولێر.

پێكهاته‌ی‌ كوتله‌كه‌:

ئه‌م كوتله‌یه‌ له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پێكدێت كه‌ له‌لایه‌ن نه‌وشیروان موسته‌فا جێگری‌ پێشوی‌ تاڵه‌بانیه‌وه‌ دامه‌زرێندراوه‌. له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا 25 كورسی‌ له‌كۆی‌ 111 كورسی‌ به‌ده‌ستهێنا.

ئامانجه‌كانی‌ كوتله‌كه‌ به‌پێی‌ به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن:

راكێشانی‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ كوردنشینه‌كان بۆ نێو هه‌رێمی‌ كوردستان. باشكردنی‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان. یارمه‌تیدانی‌ هاوڵاتیانی‌ كه‌مده‌رامه‌ت. گه‌شه‌پێدانی‌ ئابوریی‌‌و كشتوكاڵ.

شه‌شه‌م: به‌ره‌ی‌ ته‌وافوقی‌ عێراقی‌

ژماره‌ی‌ كورسیه‌كان: 6 كورسی‌

ئه‌م به‌ره‌یه‌ له‌هه‌شت پارێزگای‌ عێراقدا به‌شداریی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كرد‌و ته‌نها یه‌ك كورسی‌ له‌به‌غدا‌و دوان له‌ئه‌نبار‌و یه‌ك له‌موسڵ‌و دوان له‌سه‌ڵاحه‌دین به‌ده‌ستهێنا.

به‌ره‌ی‌ ته‌وافوق له‌چوار كیانی‌ سه‌ره‌كی‌ پێكدێت:

1- حزبی‌ ئیسلامی‌:
ئه‌م حزبه‌ له‌ساڵی‌ 1958 دامه‌زراوه‌‌و پاش هاتنه‌ سه‌ر حوكمی‌ به‌عسیه‌كان، سه‌ركرده‌كانی‌ عێراقیان جێهێشت‌و پاش روخانی‌ رژێمی‌ سه‌دام حسێن گه‌ڕانه‌وه‌. له‌هه‌ڵبژاردنی‌ رابردودا ئه‌م به‌ریه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ عه‌ره‌بی‌ سونه‌ی‌ ده‌كرد، 43 كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام به‌هۆی‌ جیابونه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ وه‌ك تاریق هاشمی‌، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زۆربه‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ چو بۆ كوتله‌كه‌ی‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌‌و ده‌یان كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ دۆڕاند. ئێستا ئه‌م حزبه‌ له‌لایه‌ن ئوسامه‌ تكریتییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
2- گردبونه‌وه‌ی‌ نیشتمانیی‌ عه‌شایه‌ریی‌:
به‌یه‌كێك له‌گردبونه‌وه‌ عه‌شایه‌ریه‌ سونه‌كان ده‌ناسرێت‌و له‌پاش ساڵی‌ 2007 دامه‌زراوه‌‌و له‌لایه‌ن شێخ عومه‌ر ئه‌لهه‌یكه‌له‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت.
3- گردبونه‌وه‌ی‌ نیشتمانیی‌ خه‌ڵكی‌ عێراق:
ئه‌م گردبونه‌وه‌یه‌ له‌ساڵی‌ 2005 له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتار عه‌دنان دلێمیه‌وه‌ دامه‌زرێندراوه‌. له‌سه‌ره‌تادا ناوی‌ كۆنگره‌ی‌ خه‌ڵكی‌ سوننه‌ی‌ لێنرا، به‌ڵام دواتر ناوه‌كه‌ بۆ كۆنگره‌ی‌ خه‌ڵكی‌ عێراق گۆڕا، دواجاریش بو به‌ گردبونه‌وه‌ی‌ نیشتمانیی‌ خه‌ڵكی‌ عێراق.4- حزبی‌ عه‌داله‌تی‌ توركمانی‌:
ئه‌م حزبه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتار ئه‌نوه‌ر به‌یره‌قدار سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت‌و به‌یه‌كێ‌ له‌حزبه‌ توركمانیه‌كانی‌ دژ به‌ماده‌ی‌ 140‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك بۆ هه‌رێم كوردستان داده‌نرێت.

ئامانجه‌كانی‌ كوتله‌كه‌ به‌پێی‌ به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن:

پڕچه‌ككردنی‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و سه‌رله‌نوێ‌ بنیاتنانه‌وه‌ی‌ به‌پێی‌ بنه‌مای‌ نیشتمانیی‌. هه‌مواركردنی‌ ده‌ستوری‌ عێراق. هاندانی‌ وه‌به‌رهێنان. گرنگی‌ دان به‌خزمه‌تگوزاریه‌كان. نه‌هێشتنی‌ میلیشیا‌و ده‌ركردنی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حزب.

حه‌وته‌م: ئیئتیلافی‌ یه‌كبونی‌ عێراق

ژماره‌ی‌ كورسیه‌كان: 4 كورسی‌

ئه‌م ئیئتیلافه‌ له‌ 38 كیانی‌ سیاسی‌ پێكدێت‌و له‌لایه‌ن وه‌زیری‌ ناوخۆ جواد بۆڵانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت. له‌15 پارێزگا عێراقدا به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كرد‌و ته‌نها 4 كورس برده‌وه‌ كه‌ دوانیان له‌سه‌ڵاحه‌دین‌و یه‌كێك له‌ئه‌نبار‌و یه‌كێك له‌موسڵ بو.

كوتله‌ دیاره‌كانی‌ نێو هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌:

1- حزبی‌ ده‌ستوریی‌ عێراقیی‌:
له‌پاش هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ رابردو له‌ساڵی‌ 2005دا دامه‌زرا‌و له‌لایه‌ن وه‌زیر ناوخۆ جواد بۆڵانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت كه‌ پێشتر یه‌كێك بو له‌سه‌ركرده‌كانی‌ نێو ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌.
2- ره‌وتی‌ ئیسلامی‌ دیموكراسی‌:
ئه‌م ره‌وته‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ حسێن ئه‌لعادلی‌ له‌ساڵی‌ 2003دا دامه‌زرا‌و پاڵپشتی‌ پڕۆژه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ مه‌ده‌نی‌‌و دیموكراسی‌ ده‌كات.
3- كۆنگره‌ی‌ سه‌حوه‌ی‌ عێراق:
ئه‌م كۆنگره‌یه‌ له‌لایه‌ن شێخ عه‌بدولسه‌تار ئه‌بو ریشه‌ له‌ساڵی‌ 2006دا له‌شاری‌ رومادی‌ دامه‌زرێندرا. له‌سه‌ره‌تادا له‌و پێناوه‌دابو كه‌ دژی‌ قاعیده‌ بوه‌ستنه‌وه‌، به‌ڵام پاش كوژرانی‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ له‌لایه‌ن قاعیده‌وه‌، ئه‌حمه‌د ئه‌بو ریشه‌ی‌ برای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆنگره‌كه‌ی‌ گرته‌ ئه‌ستۆ‌و به‌شدار هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كرد.
4- گردبونه‌وه‌ی‌ میساقی‌ عێراقی‌:
ئه‌م گردبونه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ وه‌قفی‌ سونی‌ ئه‌حمه‌د عه‌بدولغه‌فور سامه‌رائی‌ له‌ساڵی‌ 2008دا دامه‌زرا.

ئامانجه‌كانی‌ كوتله‌كه‌ به‌پێی‌ به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن:

پشت به‌ستن به‌لێهاتووی‌و توانا‌و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌موحاسه‌سه‌ له‌بنیاتنانی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تدا. دانی‌ پارچه‌ی‌ زه‌وی‌ به‌هه‌موو هاوڵاتیه‌ك پاش گه‌یشتن به‌ 18 ساڵی‌. پاراستنی‌ ئازادیه‌ گشتیه‌كان. پاڵپشتیكردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ ئاشته‌وایی‌ نیشتمانیی‌. كرانه‌وه‌ به‌ڕوی‌ وڵاتانی‌ جیهان.

هه‌شته‌م: یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان

ژماره‌ی‌ كورسیه‌كان: 4 كورسی‌

ئه‌م حزبه‌ كه‌ به‌به‌هێزترین حزبی‌ ئیسلامی‌ له‌كوردستاندا ده‌ناسرێت، له‌ساڵی‌ 1994دا دامه‌زراوه‌‌و ته‌نها یه‌ك كورسی‌ له‌دهۆك‌و یه‌ك له‌هه‌ولێر‌و دوان له‌سلێمانی‌ به‌ده‌ستهێنا.

پێكهاته‌ی‌ كوتله‌كه‌:

ئه‌م كوتله‌یه‌ ته‌نها له‌یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ پێكدێت‌و سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین ئه‌مینداری‌ گشتیه‌تی‌. ئه‌م حزبه‌ خۆی‌ به‌حزبێكی‌ ئیسلامیی‌ ریفۆرمخواز ده‌ناسێنێت. له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا شه‌ش كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ده‌ستهێنا.

ئامانجه‌كانی‌ به‌پێی‌ به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن:

یه‌كڕیزی‌ له‌نێوان هه‌ردو نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد‌و عه‌ره‌ب. گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان. به‌ده‌ستوریكردنی‌ فیدراڵییه‌ت‌و چه‌سپاندنی‌ مافه‌كانیتری‌ كورد. دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و گه‌شه‌دان به‌پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابوری‌ عێراق.

نۆیه‌م: كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان:

ژماره‌ی‌ كورسیه‌كان: 2 كورسی‌

ئه‌م لیسته‌ ته‌نها دوو كورس په‌رله‌مانیان به‌ده‌ستهێنا كه‌ یه‌كێكیان له‌هه‌ولێر‌و ئه‌وی‌ تریان له‌سلێمانی‌ بو.

پێكهاته‌ی‌ لیسته‌كه‌:

ئه‌م لیسته‌ ته‌نها له‌كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان پێكهاتوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن عه‌لی‌ باپیره‌وه‌ رابه‌رایه‌تی‌ ده‌كرێت.

ئامانجه‌كانی‌ به‌پێی‌ به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن:

هه‌مواركردنی‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ ناكۆكن له‌گه‌ڵ بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كانی‌ شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلام. كاركردن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140 به‌مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ دادگه‌رانه‌ی‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌