راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

لیسته‌كانی‌ كه‌ركوك دابه‌شده‌بن به‌سه‌ر ئیئتیلافه‌ گه‌وره‌كاندا

یاسین ته‌ها
له‌شاری‌ كه‌ركوكدا، 27 قه‌واره‌و هاوپه‌یمانێتی‌ ركابه‌ری‌ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی‌ 12 كورسی‌ ده‌كه‌ن كه‌ زۆربه‌یان دابه‌ش بونه‌ به‌سه‌ر كوتله‌‌و ئیئتیلافه‌ گه‌وره‌كاندا. ژماره‌یه‌ك له‌سیاسیه‌كانی‌ شاره‌كه‌، ئه‌م…
24.01.2010  |  که‌رکووک

له‌ناو شاری‌ كه‌ركوكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند به‌نه‌وت (250 كم باشوری‌ به‌غدای‌ پایته‌خت)، كوردو عه‌ره‌ب‌و توركمان‌و مه‌سیحی‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژین. ناوه‌ندی‌ شاره‌كه‌ له‌تێكه‌ڵه‌یه‌كی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نه‌ته‌وه‌‌و ئاینانه‌ پێكهاتوه‌، هه‌رچی‌ سێ‌ قه‌زاكه‌ی‌ سه‌ر به‌و شاره‌شه‌، له‌حه‌ویجه‌و پێنج ناحیه‌كه‌ی‌، زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ عه‌ره‌بن، به‌ڵام قه‌زاكانی‌ دبس‌و داقوق زۆرینه‌ی‌ كوردن. ناحیه‌ی‌ تازه‌ی‌ باشوری‌ كه‌ركوكیش زۆربه‌ی‌ توركمانه‌.

زۆربه‌ی‌ زۆری‌ كیانه‌ سیاسیه‌كانی‌ شاری‌ كه‌ركوكی‌ به‌شداربوی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، چونه‌ته‌ نێو ئیئتیلافه‌ سیاسیه‌ گه‌وره‌كانی‌ سه‌رانسه‌ری‌ عێراق كه‌ هه‌ر یه‌كه‌‌و ده‌یه‌وێت پشكی‌ شێری‌ ده‌نگه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌ به‌ده‌ست بهێنێت‌و دواجار ببێته‌ خاوه‌ن كورسی‌ په‌رله‌مان.

به‌پێی‌ ئاماری‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ كه‌ركوك له‌مساڵدا نزیكه‌ی‌ ملیۆنێك‌و 343 هه‌زار كه‌سه‌، ژماره‌ی‌ ده‌نگده‌رانیش 787 هه‌زار ده‌نگده‌ره‌ كه‌ له‌ڕۆژی‌ 7/3/2010دا ده‌نگ به‌27 كیان (ته‌نها كیانێكی‌ تاكه‌كه‌سیه‌) ده‌ده‌ن.

لێپرسراوی‌ نوسینگه‌ی‌ كه‌ركوكی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵا سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، فه‌رهاد تاڵه‌بانی‌، له‌لێدوانێكدا بۆ نیقاش، رونیكرده‌وه‌ كه‌ 299 ناوه‌ندی‌ ده‌نگدانیان ئاماده‌كردوه‌، 184 ناوه‌ندیان له‌سه‌نته‌ری‌ شاردایه‌و 115ی‌ دیكه‌ش له‌قه‌زاو ناحیه‌كانی‌ سنوری‌ كه‌ركوكدایه‌.

جێی‌ ئاماژه‌پێدانه‌ دوا هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌م پارێزگایه‌دا ئه‌نجامدرابێت، هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ 2005 بو، پاش ئه‌وه‌ی‌ بێبه‌شكرا له‌به‌شداربون له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ رابردو.

له‌دوا هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌م پارێزگایه‌دا، زۆربه‌ی‌ پارته‌ توركمانیه‌كان پێكه‌وه‌ به‌شداریان كرد‌و له‌ئه‌نجامدا ته‌نها یه‌ك كورسیان به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ئه‌و پارتانه‌ به‌سه‌ر لیست‌و قه‌واره‌ گه‌وره‌كاندا دابه‌شبوون، به‌جۆرێك هه‌ر یه‌كه‌ له‌حزبی‌ قه‌رارو یه‌كێتی‌ ئیسلامی‌ توركمانی‌ چونه‌ نێو ئیتیلافی‌ ده‌وڵه‌تی‌ قانون به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وزیران. به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ له‌ئیتیلافی‌ عێراقیوندایه‌. پارتی‌ توركمان ئیلی‌‌و حه‌ره‌كه‌ی‌ وه‌فای‌ توركمانی‌ شیعه‌‌و فه‌وزی‌ ئه‌كره‌م چونه‌ته‌ پاڵ سه‌درییه‌كان‌و له‌گه‌ڵ ئیتیلافی‌ نیشتیمانیدان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ عه‌مار ئه‌لحه‌كیم، حیزبی‌ عه‌داله‌ش له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی‌ ته‌وافوقدایه‌.

سه‌ركرده‌ی‌ دیاری‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌، د.تۆرهان موفتی‌، رونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان پشت به‌ بنكه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ده‌به‌ستن‌و پرۆگرام‌و دروشمه‌كانیان "ته‌نها له‌باره‌ی‌ مافی‌ توركمانه‌وه‌ ده‌بێت"، ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز رێگه‌ به‌وه‌ ناده‌ن "كه‌ركوك بچێته‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان".

شاری‌ كه‌ركوك به‌یه‌كێ‌ له‌شاره‌كانی‌ جێگه‌ی‌ ململانێ‌ ده‌ناسرێت‌و ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ ماده‌ی‌ 140 ده‌ستوری‌ عێراقه‌وه‌. هه‌ریه‌ك له‌عه‌ره‌ب‌و توركمانه‌كانی‌ شاره‌كه‌، داوا ده‌كه‌ن پارێزگاكه‌یان سه‌ر به‌حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ بێت، هه‌رچی‌ لایه‌نی‌ كوردیشه‌، داوای‌ هێنانی‌ پارێزگاكه‌ ده‌كات بۆ نێو هه‌رێمی‌ كوردستان.

له‌باره‌ی‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ حزبه‌ سیاسیه‌ توركمانه‌كانیشه‌وه‌ به‌سه‌ر زیاد له‌لیست‌و ئیئتیلافێكدا، پاڵێوراوی‌ سه‌ره‌كی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ له‌كه‌ركوك‌و به‌رپرسی‌ لقه‌كه‌یان، ئه‌رشه‌د ساڵحی‌، ده‌ڵێت "هه‌رچه‌نده‌ له‌لیستی‌ جیاوازدابین، به‌ڵام هیچكاممان سازش له‌سه‌ر مافه‌كانی‌ توركمان ناكه‌ین".

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ لێپرسراوی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ ئیسلامی‌ توركمانی‌‌و پالێوراوی‌ پارته‌كه‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ عێراق، ته‌حسین كه‌هیه‌، به‌دوری‌ ده‌زانێت فره‌ لیستی‌ توركمان، كاریگه‌ری‌ سلبی‌ هه‌بێت، چونكه‌ "جۆرێك له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و لێكگه‌یشتن له‌نێوان پارته‌ توركمانیه‌كاندا هه‌یه‌، ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ش تادوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ده‌مێنێته‌وه‌".

هه‌رچی‌ كوتله‌‌و حزبه‌ سیاسیه‌ كوردیه‌كانیشه‌، به‌هه‌مان شێوه‌، به‌سه‌ر چه‌ند لیستێكدا دابه‌شبون، به‌ڵام زیاتر وه‌ك لیستی‌ كوردی‌ ماونه‌ته‌وه‌. دوو پارته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق‌و بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌گه‌ڵ ده‌ پارتی‌ سیاسی‌ دیكه‌دا، له‌چوارچێوه‌ی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستاندا به‌شدرای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كه‌ركوك ده‌كه‌ن.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ ركابه‌ری‌ پارته‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانیش به‌لیستێك سه‌ربه‌خۆ به‌ناوی‌ (گۆڕان)ه‌وه‌ به‌شدارده‌بێت. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیش، كه‌ دوو پارتی‌ ئیسلامیی‌ كوردین، هه‌ریه‌كه‌‌و به‌لستێكی‌ سه‌ربه‌خۆ دێنه‌ هه‌ڵبژادنه‌كه‌وه‌.

جگه‌ له‌م لیسته‌ كوردیه‌ سه‌ره‌كیانه‌ش، لیستی‌ قه‌ڵای‌ كه‌ركوك كه‌ كورد سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات‌و له‌چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی‌ كوردی‌‌و عه‌ره‌بی‌‌و توركمانی‌‌و مه‌سیحی‌ پێكدێت، به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كات. له‌ماوه‌ی‌ رابردوشدا، عه‌لی‌ ساڵه‌یی‌، سه‌رۆكی‌ لیستی‌ چاكسازی‌‌و نوێبونه‌وه‌، كه‌ لیستێكی‌ تاكه‌كه‌سی‌ كورد بو، پاشه‌كشه‌ی‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد‌و له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند "پاشه‌كشه‌كردنم له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد دایه‌، تاكو ده‌نگه‌كان په‌رش‌و بڵاو نه‌بنه‌وه‌".

هه‌رچی‌ لیستی‌ قه‌ڵای‌ كه‌ركوكیشه‌، دروشمی‌ سه‌ره‌كیان بریتیه‌ له‌ "كه‌ركوك بۆ كه‌ركوكییه‌كان"، مه‌به‌ستیان له‌كه‌ركوك سنوری‌ جوگرافی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ به‌پێی‌ سنوری‌ ساڵی‌ 1957. دابینكردنی‌ ئاسایش‌و ئارامی‌‌و هه‌لی‌ كارو نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌، به‌شێكه‌ له‌به‌رنامه‌ی‌ كاریان.

وته‌بێژی‌ لیستی‌ قه‌ڵا، شێرزاد فاتیح، باسی‌ له‌وه‌كرد به‌پێی‌ راپرسیه‌ك كه‌ ئه‌نجامیانداوه‌ "زیاتر له‌ 90% خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك له‌ئیداره‌ی‌ شاره‌كه‌ رازی‌ نین‌و پێیانوایه‌ نه‌یاتوانیوه‌ له‌ئاستی‌ لێپرسراوێتیدا بن"، بۆیه‌ ئه‌مان وه‌ك به‌دیلێك خۆیان هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

پارته‌ عه‌ره‌بییه‌كانیش، هاوشێوه‌ی‌ پارته‌ توركمانیه‌كان، به‌سه‌ر لیسته‌ گه‌وره‌كانی‌ وه‌كو ده‌وڵه‌تی‌ قانونی‌ مالیكی‌، ئیتیلافی‌ نیشتیمانی‌ عه‌مار حه‌كیم‌و عێراقیه‌ی‌ عه‌لاوی‌‌و ته‌وافوقی‌ حیزبی‌ ئیسلامی‌ دابه‌شبوون. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌چه‌ند لیستێكی‌ تریشیان وه‌كو لیستی‌ یه‌كێتی‌ عێراق، به‌ره‌ی‌ كه‌ركوكی‌ عێراقی‌، كوتله‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ نیشتیمانی‌، ئیسماعیل حه‌دیدی‌، له‌كه‌ركوكدا هه‌ن.

وته‌بێژی‌ گردبونه‌وه‌ی‌ كۆماری‌ عێراقیی‌، محه‌مه‌د خه‌لیل جبوری‌، كه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ لیستی‌ ئه‌لعێراقیه‌ی‌ ئه‌یاد عه‌لاویدا به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن. پێیوایه‌ فره‌لیستی‌ عه‌ره‌ب "ترسناكترین هه‌ڵمه‌ته‌ دژی‌ ده‌نگده‌رانی‌ عه‌ره‌ب، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ پرش‌و بڵاوی‌ ده‌نگه‌كان".

جبوری‌، سوربونی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر عێراقیبونی‌ كه‌ركوك پیشانداو وتی‌ "له‌به‌رده‌م ته‌حه‌دایه‌كی‌ گه‌وره‌داین، كه‌ ده‌یه‌وێت ده‌نگه‌كانمان به‌فیڕۆ بدات، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و لایه‌نانه‌ ئاشكرا بكه‌ین كه‌ بانگه‌شه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن‌و ئه‌جێنداو سه‌رچاوه‌ی‌ پاره‌داركردنیان دیاره‌ له‌كوێوه‌یه‌".

به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ تری‌ شاره‌كه‌، ئاشوریه‌كانیش، به‌چه‌ند لیستێكی‌ جیاواز به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن‌و بونی‌ فره‌لیستی‌ به‌حاڵه‌تێكی‌ ئیجابی‌ ده‌بینن.

ئه‌دوه‌ر ئۆراها، له‌پارتی‌ ئاشوری‌ كه‌ ئێستا یاریده‌ده‌ری‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوكه‌، وتی‌ "فره‌لیستی‌ جۆرێكه‌ له‌موماره‌سه‌ی‌ دیموكراتی‌، چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك خۆی‌ به‌گونجاو بزانێت ده‌توانێت خۆی‌ كاندید بكات". ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ فره‌لیستی‌ "به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر فره‌ڕه‌نگی‌‌و ئاستی‌ پێگه‌یشتن‌و گه‌شه‌كردنی‌ عه‌قڵیه‌تی‌ هاوڵاتیان".