راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ده‌نگده‌رانی‌ ئه‌نبار بڕوایان به‌كاندیده‌كان نه‌ماوه‌

به‌جێنه‌هێنانی‌ به‌شی‌ زۆری‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ رابردودا له‌لایه‌ن كاندیده‌ براوه‌كانه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرابو، وای‌ له‌ده‌نگده‌رانی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار كردوه‌ بڕوایان به‌به‌ڵێنی‌ كاندیده‌كانی‌…
11.01.2010  |  ئه‌نبار

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ئه‌نبار، دكتۆر خالد ره‌جه‌ب، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ رابردوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكاندا، كاندیده‌ براوه‌كان به‌ڵێنی‌ پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ زیاتریان دابو بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌موكوڕیان تێدایه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌به‌ڵێنی‌ نه‌هێشتنی‌ بێكاری‌، به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ تاكو ئێستا "هاوڵاتیان هیچ كام له‌و به‌ڵێنانه‌یان به‌جێبه‌جێكراوی‌ نه‌بینی‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ سه‌لبی‌ هه‌بوه‌ له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران‌و بڕیاری‌ به‌شداربونیان له‌هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتو".

له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكی‌ نیقاشدا له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ نه‌ویستنی‌ به‌شداربون له‌هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتودا، ئه‌حمه‌د دلێمی‌ (هاوڵاتیه‌كی‌ ئه‌نبار)، وتی‌ "تاكو ئێستا هیچمان بۆ نه‌كراوه‌، له‌داهاتوشدا هیچمان بۆ ناكرێت". ئه‌م گه‌نجه‌ كه‌ دانیشتوی‌ شاری‌ رومادیه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ كه‌مده‌رامه‌تیه‌وه‌ وازی‌ له‌خوێندن هێنا، ئێستا له‌دوكانێكی‌ فرۆشتنی‌ خوارده‌مه‌نی‌ كار ده‌كات، ئه‌و به‌نیقاشی‌ وت "دوای‌ شه‌هید بونی‌ باوكم به‌ر له‌دوو ساڵ، هه‌وڵی‌ دامه‌زراندنم دا له‌داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت، به‌ڵام نه‌كرا، ئیتر بۆ به‌شداری‌ له‌هه‌ڵبژاردن بكه‌ن".

باشبونی‌ رێژه‌یی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ ئه‌نبار، كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ به‌سه‌ر ده‌نگده‌رانی‌ پارێزگاكه‌دا هه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ رێژه‌ی‌ ده‌نگده‌ران له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكاندا گه‌یشته‌ 40% كه‌ تێیدا رێژه‌ی‌ ده‌نگه‌رانی‌ مێینه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی‌ كه‌م زیادی‌ كردبوو، ئه‌مه‌ له‌كاتێدایه‌ كه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ رێگه‌یان لێگیرابو به‌شداری‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 2005دا بكه‌ن.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ دوباره‌ خراپبونه‌وه‌ی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ پارێزگاكه‌ له‌چه‌ند مانگی‌ رابردودا، هاوڵاتیانی‌ ئه‌نبار گومانیان لا دروستبوه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق (ئاداری‌ داهاتو) له‌توانایدا بێت باروگوزه‌رانی‌ هاوڵاتیان باشتر بكات. باوكی‌ غه‌زوان (فه‌رمانبه‌ر- 39 ساڵ) ده‌ڵێت "له‌و بڕوایه‌دا بوین حكومه‌تی‌ لۆكاڵ گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ر بارودۆخی‌ پارێزگاكه‌دا بهێنێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ گۆڕانكاریه‌كی‌ ئیجابیمان به‌دینه‌كرد، خزمه‌تگوزاریه‌كانیش هه‌ر له‌ئاستی‌ خراپی‌ خۆیان مانه‌وه‌"، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ ئه‌م حكومه‌ته‌دا، بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ به‌ره‌و خراپبون رۆیشت‌و "كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كان زیادیانكرد كه‌ قوربانیانی‌ سه‌ره‌كی‌ هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نی‌ بون".

جێی‌ ئاماژه‌پێدانه‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاوای‌ وڵات، گه‌وره‌ترین پارێزگای‌ عێراقه‌. ئه‌م پارێزگایه‌ كه‌ زۆرینه‌ی‌ ره‌های‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ له‌عه‌ره‌بی‌ سونه‌ پێكهاتون، به‌ناوه‌ندی‌ یاخیبونی‌ دژ به‌هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌زاندرا، به‌تایبه‌ت له‌شاری‌ فه‌لوجه‌ كه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ له‌ده‌ستی‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌دا بو، تا دواتر هێزه‌ عه‌شایه‌ره‌كانی‌ پارێزگاكه‌ (سه‌حوه‌)، له‌ساڵی‌ 2007دا هێزه‌كانی‌ قاعیده‌یان له‌پارێزگاكه‌ وه‌ده‌رنا‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌، بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ شاره‌كه‌، به‌رقه‌راربونی‌ به‌رچاوی‌ به‌خۆوه‌ بینی‌.

ئه‌و ئارامیه‌ی‌ پارێزگاكه‌، زۆری‌ نه‌خایاند. له‌چه‌ند مانگی‌ رابردودا، پارێزگاكه‌ سه‌ر له‌نوێ‌ چه‌ندین كرده‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌ به‌خۆوه‌ بینی‌، وه‌ك دوو كرده‌وه‌ی‌ خۆكوژی‌‌و ته‌قینه‌وه‌ی‌ چه‌ندین ئۆتۆمبێلی‌ بۆمبڕێژكراو‌و بۆمبی‌ چێندراو‌و لكێندراو كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاوی‌ قوربانیانی‌ مه‌ده‌نی‌ لێكه‌وته‌وه‌، ئه‌م روداوانه‌ش كاریگه‌ری‌ ته‌واو سلبیان به‌سه‌ر ده‌نگده‌راندا هه‌بوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ هاوڵاتیان ئاماژه‌ به‌ "به‌شدارنه‌بون" له‌هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتو ده‌ده‌ن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ها شاكری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سۆڵیدارێتی‌ وه‌رزش‌و گه‌نجان له‌ئه‌نبار (رێكخراوێكی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نیه‌ به‌ئه‌ركی‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگده‌ران هه‌ڵده‌ستێت) به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "بێگومان خراپبونی‌ سه‌رله‌نوێی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆی‌ به‌سه‌ر ده‌نگده‌رانه‌وه‌ هه‌یه‌"، جگه‌ له‌لایه‌نی‌ ئه‌منیش، هاولاتیان "گۆڕانكاری‌ ئیجابیی‌ ئه‌وتۆیان له‌حكومه‌تی‌ نوێی‌ ئه‌نبار به‌دینه‌كردوه‌، بۆیه‌ پێشبینی‌ ده‌كه‌م رێژه‌ی‌ ده‌نگده‌ران دابه‌زێت".

وێڕای‌ ئه‌و بۆچونانه‌ی‌ ئاماژه‌ به‌ئه‌گه‌ری‌ دابه‌زینی‌ رێژه‌ی‌ به‌شداربون ده‌كه‌ن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، جێگری‌ پارێزگاری‌ ئه‌نبار، ئه‌ندازیار فوئاد جه‌تاب، پێی‌ وایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌ڕۆژی‌ هه‌ڵبژاردن، رێژه‌ی‌ به‌شداربون روو له‌زیادبون ده‌كات، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات كه‌ ژماره‌ی‌ ده‌نگده‌ران زیاتر ده‌بێت له‌چاو هه‌ڵبژاردنی‌ پێشودا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ "ئێستا كیانه‌ سیاسیه‌كان ناسراوترن‌و ئامانجه‌كانیان بۆ هه‌موان رونه‌"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ له‌وڵاتدا "پێگه‌یشتوتر‌و شه‌فافتره‌ له‌چاو رابردو".

له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌، پێده‌چێت ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاوی‌ هاوڵاتیان، له‌ترسی‌ "ته‌زویر"كردنی‌ ده‌نگه‌كان، به‌شداری‌ له‌و پڕۆسه‌یه‌دا بكه‌ن. له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌ندازیار باوكی‌ سوفیان كه‌ هاوڵاتیه‌كی‌ دانیشتوی‌ رومادیه‌، ده‌ڵێت "زۆر گرنگه‌ به‌شداری‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا بكه‌ین، نه‌ك له‌به‌ر بڕوابون به‌كیانه‌ سیاسیه‌كان، به‌ڵكو له‌ترسی‌ ته‌زویر"، ناوبراو رونیده‌كاته‌وه‌ "ده‌بێت هه‌موان رێگربین له‌وه‌ی‌ یاری‌ به‌كاغه‌زی‌ ده‌نگه‌كان نه‌كرێت".

له‌باره‌ی‌ ئه‌و رێگایانه‌ش كه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، له‌پێناو هاندانی‌ هاوڵاتیان به‌مه‌به‌ستی‌ به‌شداربون له‌هه‌ڵبژاردن، گرتویانه‌ته‌ به‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی‌ كۆمسیۆنی‌ ئه‌نبار ئاشكرایده‌كات "له‌ماوه‌ی‌ رابردودا سه‌ردانی‌ سه‌رۆك عه‌شره‌تێكی‌ ناوچه‌كه‌م كرد‌و باسی‌ گرنگێتی‌ به‌شداربون له‌و پڕۆسه‌یه‌دا بۆ كردوه‌، تاكو ده‌نگه‌كانیان نه‌فه‌وتێت"، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ "جێبه‌جێنه‌كردنی‌ به‌ڵێنه‌كان له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌، كارێكی‌ گشتی‌ نییه‌‌و پێویسته‌ هه‌موان هه‌وڵی‌ سه‌رخستنی‌ پڕۆسه‌كه‌ بده‌ن".

له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌، ناجی‌ عه‌ساف كه‌ یه‌كێكه‌ له‌سه‌رۆك عه‌شره‌ته‌كان‌و كه‌سایه‌تیه‌كی‌ دیاری‌ پارێزگاكه‌یه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌گرنگێتی‌ به‌شداربون له‌و پڕۆسه‌یه‌دا كرد، عه‌ساف به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "به‌مه‌به‌ستی‌ رێگه‌گرتن له‌ته‌زویر‌و هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ پێویسته‌ ببن به‌نوێنه‌رمان، ده‌بێت هه‌مو سه‌رۆك عه‌شره‌ته‌كان هانی‌ هاوڵاتیانیان بده‌ن به‌شداری‌ له‌پڕۆسه‌كه‌دا بكه‌ن".

به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌، به‌ڵێنه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ په‌یوه‌ندیان به‌ نه‌هێشتنی‌ بێكاری‌‌و باشبونی‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان‌و به‌رقه‌راربونی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ هه‌یه‌، بوه‌ته‌ خه‌ونی‌ سه‌ره‌كی‌ هاوڵاتیان. له‌كاتێكیشدا كه‌ هێشتا جێبه‌جێنه‌كراون، كاندیده‌ نوێكانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو، به‌مه‌به‌ستی‌ راكێشانی‌ ده‌نگده‌ران، سه‌رله‌نوێ‌ به‌رزیانكردۆته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ هاوڵاتیانی‌ ئه‌نبار مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ براوه‌كانی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش، به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ براوه‌كانی‌ پێش خۆیان، به‌ڵێنه‌كانیان جێبه‌جێنه‌كه‌ن، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌وانه‌ی‌ روو له‌سه‌ندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان ده‌كه‌ن، به‌و هیوایه‌وه‌ بن گۆڕانكاری‌ له‌ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتو به‌دی‌ بكه‌ن. عومه‌ر راوی كه‌ خوێندكاری‌ خوێندنی‌ باڵایه‌ له‌زانكۆی‌ ئه‌نبار، به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "هیوادارم براوه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتو خاوه‌ن قسه‌ی‌ خۆیان بن، چونكه‌ بێزاربوین له‌به‌ڵێن ناڕاست"، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ پێویسته‌ كاندیده‌ براوه‌كان "رێزی‌ ده‌نگی‌ هاوڵاتیان بگرن‌و ته‌نها وه‌ك ئامرازێك بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجه‌كانیان، به‌كارینه‌هێنن".