راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دوای‌ چوارده‌ ساڵ
جموجۆڵی‌ گه‌شتیاری‌ بۆ ئه‌نبار ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌

که‌مال عه‌یاش
به‌رودۆخی‌ ئه‌منی‌ ئه‌نبار هێمن بووه‌ته‌وه‌و له‌وه‌شدا كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ سوودی‌ گه‌وره‌ی‌ پێگه‌یشتووه‌، ئه‌وه‌تا سه‌رله‌نوێ به‌چڕی‌ جموجۆڵی‌ گه‌شیاری‌ بۆ حه‌بانییه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌.
22.03.2018  |  ئه‌نبار

شاری گه‌شتیاری له‌حه‌بانییه‌ كه‌ ناوه‌ندێكی گه‌شتیاری گرنگه‌‌و له‌ماوه‌ی 14 ساڵی رابردوودا ده‌ستی تێكده‌رانه‌ی پێگه‌یشتووه‌، ئه‌مڕۆ هه‌وڵده‌دات سه‌رله‌نوێ ده‌ست به‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی بۆ سه‌ردانیكه‌رانی بكاته‌وه‌ ئه‌ویش به‌ هه‌وڵی خزمه‌تگوزاری‌و ئه‌منی نائاسایی له‌ ناوشار‌و ده‌ره‌وه‌یدا.

 

شاری گه‌شتیاری له‌سه‌ر ده‌ریاچه‌ی حه‌بانییه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشووری خۆرئاوای شاری فه‌لوجه‌ (60 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) گرنگترین‌و گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی گه‌شتیاری بوو له‌ ناوچه‌كه‌دا، له‌ساڵی 1979دا به‌ڕه‌سمی كراوه‌ته‌وه‌‌و هۆتێلێك به‌ قه‌باره‌ی (300) ژوور‌و (508) شالێ له‌خۆده‌گرێت كه‌ زۆربه‌یان دووچاری تێكدان‌و خاپووربوون هاتوون، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ دۆخی جارانی له‌لای ئه‌وانه‌ی كاری تێدا ده‌كه‌ن،  خه‌ون بێت.

 

خه‌ونێك ره‌نگه‌ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ش تێیدا به‌شداربن كه‌ خوازیارن ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ جوانانه‌یان به‌ده‌ست بهێننه‌وه‌ كه‌ له‌ شوێنه‌كانیدا به‌سه‌ریان بردووه‌‌و ئێستا بوونه‌ته‌ پاشماوه‌یه‌ك له‌ داروپه‌ردو‌و دیمه‌نی وێرانه‌یه‌ك پێكده‌هێنن كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌ركی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی بكاته‌ ئه‌سته‌م ئه‌گه‌ر پشتیوانی ماددی‌و مه‌عنه‌وی بۆ ئه‌م ناوه‌نده‌ گه‌شتیارییه‌ گرنگه‌ دابین نه‌كرێت.

 

كاتێك بۆیه‌كه‌مجار به‌نێو شاری گه‌شتیاریدا گه‌ڕاین ئه‌وه‌مان به‌خه‌یاڵدا نه‌هات هیچ دیمه‌نێكی گه‌شتیاری ببینین، به‌تایبه‌تی كه‌ دیمه‌نی وێرانكاری‌و كاولكاری ئاماژه‌ی بۆ بوونی ژیان له‌و شاره‌دا نه‌ده‌كرد، به‌ڵام ده‌نگی به‌رزی موزیكێكی میللی كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی پاسێكی بچووك بوو ژماره‌یه‌ك گه‌نجی هه‌ڵگرتبوو كه‌ به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ ده‌چوون، سه‌رنجی راكێشاین‌و به‌ره‌وڕووی چووین.

 

پاسه‌كه‌مان راگرت‌و قسه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌ڵاح عیساوی (42 ساڵ) شۆفێریدا كرد كه‌ دانیشتووی ناوچه‌كه‌یه‌ له‌ شاری فه‌لوجه‌‌و وتی: "له‌وه‌ته‌ی ژیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ پارێزگای ئه‌نبار‌و گرووپه‌ چه‌كداره‌كان تێكشكاون، ئێمه‌ رۆژانه‌ بیر له‌ رێكخستنی گه‌شت بۆ ده‌ریاچه‌ی حه‌بانییه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، چه‌ند هاوڕێیه‌ك هاتنه‌لام بۆ رێكخستنی گه‌شتێك به‌وپێیه‌ی من دانیشتووی ناوچه‌كه‌م، ئه‌مرٍِۆش یه‌كه‌م سه‌ردانمان بوو بۆ ئێره‌".

 

ئه‌حمه‌د جبوری (32 ساڵ) كه‌ به‌ یاوه‌ری عیساوی له‌ به‌غدای پایته‌خته‌وه‌ هاتووه‌، قسه‌كانی پێ بڕی‌و وتی:" ئه‌م یه‌كه‌م سه‌ردانه‌ سه‌ردانێكی دیده‌وانی بوو به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام درا‌و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین وێنه‌ جوانه‌كه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بگوازینه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌ ئاسایش‌و ئارامی شاد بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ ئێمه‌ خاوه‌نی پاسی بچووكین‌و له‌ گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌نێوان پارێزگاكاندا كارده‌كه‌ین، ئاڕاسته‌ی داهاتوومان له‌ پشووی هه‌فته‌دا شاره‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ ده‌بێت له‌ حه‌بانییه‌، وه‌ك ده‌رچه‌یه‌ك‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی نوێی بژیوی".

 

عیساوی هه‌روه‌ها وتی: "ئه‌وه‌ی ژیان له‌ شاره‌كانماندا ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ دۆخی ئاسایی خۆی ئه‌و وێنه‌ جوانه‌یه‌ كه‌ دروستی ده‌كه‌ین له‌رٍِێی دیمه‌نه‌كانی خۆشی‌و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان تاكه‌كانی یه‌ك وڵات، ئه‌و شاره‌ گه‌شتیارییه‌ش له‌ رابردو‌و ئێستاش شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق بووه‌، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش گواستنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی ئه‌رێنی سه‌باره‌ت به‌ دیمه‌نه‌كانی دلًخۆشی له‌ شاره‌كانمان ده‌گرینه‌ ئه‌ستۆ‌و هه‌موو كه‌سێكی بۆ راده‌كێشین".

 

بازاڕ‌و وێستگه‌كانی پشوودان به‌درێژایی ئه‌و رێگایه‌ی ده‌چێته‌ شاره‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ ئاماده‌كارییان بۆ پێشوازیكردن له‌ گه‌شتیاران ته‌واو كردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كۆمپانیاكانی دیكه‌ی گواستنه‌وه‌‌و گه‌شتیاریش له‌ڕێی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌ ریكلامكردن بۆ ئۆفه‌ره‌ گه‌شتیارییه‌كانیان.

 

ئه‌یوب جومه‌یلی (48 ساڵ) دانیشتووی شاری فه‌لوجه‌یه‌‌و خاوه‌نی یه‌كێكه‌ له‌ دوكانه‌ گرنگ‌و ناوداره‌كانی سه‌ر رێگای گه‌شتیاران به‌ره‌و شاره‌ گه‌شتیارییه‌كه‌، ئه‌و پێیوایه‌ گێڕانه‌وه‌ی ژیان بۆ شاره‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ په‌یامێكی روون ده‌نێرێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌م شارانه‌ی به‌ شاری گه‌رم وه‌سف ده‌كران چیتر مۆڵگه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌واكان نین‌و كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌رگێكی نوێ‌و پرشنگدار بپۆشن كه‌ شایسته‌یان بێت.

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌رچی شاره‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ له‌ئاستی پێویستدا نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ حاڵه‌تێكی نائاسایی‌و كاتییه‌، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتووشدا له‌به‌رده‌م وه‌رزێكی گه‌شتیاری زۆر جواندا ده‌بین به‌تایبه‌تی كه‌ تێپه‌ڕبوونی ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌شتیار ده‌بینین، هه‌رچه‌نده‌ شاره‌كه‌ هێشتا پێویستی به‌ هه‌ندێك خزمه‌تگوزاری‌و ناوه‌ندی گرنگ هه‌یه‌".

 

له‌ پارێزگایه‌كدا كه‌ هێشتا به‌ گه‌رم وه‌سف ده‌كرێت، ناكرێت ته‌نیا ئاماده‌كردنه‌وه‌ی ناوه‌نده‌ گه‌شتیارییه‌كان فاكته‌ری راكێشانی گه‌شتیار بێت، به‌ڵكو یه‌كه‌م شت كه‌ هاووڵاتی بیری لێده‌كاته‌وه‌ واقیعی ئه‌منی ئه‌و پارێزگایه‌یه‌‌و چۆن هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌توانن سه‌لامه‌تی گه‌شتیاران مسۆگه‌ر بكه‌ن‌و بیانپارێزن له‌ ناوچه‌یه‌كدا كه‌ تا ماوه‌یه‌كی نزیكیش یه‌كێك بوو له‌ گرنگترین مۆڵگه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان.

 

موقه‌ده‌م عوده‌ی ساعیدی ئامر فه‌وجی به‌رپرس له‌ پاراستنی شاری گه‌شتیاری له‌ حه‌بانییه‌ پێیوایه‌ قه‌سه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا مۆڵگه‌كانی داعش هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی پارێزگای ئه‌نبار ده‌كه‌ن، بووه‌ته‌ درۆیه‌ك‌و شاره‌كه‌ به‌ سه‌قامگیرییه‌كی ئه‌منی به‌رز شادبووه‌.

 

عیساوی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "شاری گه‌شتیاری له‌ حه‌بانییه‌‌و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری مۆڵگه‌یه‌كی ئارامی ئاواره‌كان بوون له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌  گرووپه‌ چه‌كداره‌كان زۆربه‌ی شاره‌كانی پارێزگاكه‌یان كۆنترۆڵ كردبوو، پرۆسه‌ی پاراستنی ئه‌م ناوچه‌ جوانه‌ش هه‌رگیز مه‌سه‌له‌یه‌كی سه‌خت نه‌بووه‌‌و ته‌نیا ئاڵنگاریی به‌رده‌ممان پاراستنی ئه‌و رێگایه‌ بوو كه‌ دێته‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌".

 

هه‌روه‌ها وتیشی: "ئه‌و رێوشوێنه‌ ئه‌منییانه‌ی زامنی پاراستنی شاری گه‌شتیاری‌و ئه‌و هاووڵاتیانه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ خوازیاری به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش‌و ئارامن، جێی بایه‌خی فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان به‌غدا‌و ئه‌نبار بووه‌، میكانیزمێكی تۆكمه‌ش گیراوه‌ته‌به‌ر كه‌ زامنی سه‌لامه‌تی گه‌شتیاران ده‌كات نه‌ك ته‌نیا له‌ناو شاره‌ گه‌شتیارییه‌كه‌‌و ناوه‌نده‌كانیدا، به‌ڵكو به‌درێژایی رێگای هاتن‌و چوونیشیان بۆ شاره‌كه‌".

 

پێش ئه‌م په‌یامه‌ ئه‌رێنیانه‌ هه‌نگاوێكی زۆر‌و گه‌وره‌ نراون كه‌ ره‌نگه‌ گرنگترینیان تێپه‌ڕاندنی ئه‌و حاڵه‌تی نائومێدییه‌ بێت كه‌ باڵی به‌سه‌ر زۆربه‌ی كارمه‌ندان‌و به‌رپرسانی شاره‌ گه‌شتیارییه‌كه‌دا كێشابوو، كاتێك بۆیه‌كه‌مجار چوونه‌ نێو شاره‌كه‌ له‌دوای چۆڵكردنی له‌لایه‌ن ئه‌و ئاوارانه‌ی به‌درێژایی چوار ساڵی رابردوودا تێیدا بوون، هه‌روه‌ها قه‌باره‌ی وێرانكارییه‌كانیان بینی كه‌ له‌ توانای به‌رده‌ست زیاتربوو.

 

ئه‌ندازیار یه‌عقوب ته‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی چاككردنه‌وه‌ له‌ شاری گه‌شتیاری به‌ شانازیه‌وه‌ چیرۆكی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی بۆ گێڕاینه‌وه‌ كه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر رێی كاره‌كه‌یان، باسی له‌ هه‌وڵی گه‌وره‌‌و نائاسایی هه‌موو كارمه‌نده‌كانیش كرد به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی هه‌مووان توانیان ئه‌و حاڵه‌تی نائومێدییه‌ تێپه‌ڕێنن كه‌ باڵی به‌سه‌ردا كێشابوون.

 

ته‌ها قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "زیاتر له‌ جارێك بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ خزمه‌ته‌كه‌م بگوازمه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تێكی دیكه‌، چونكه‌ له‌به‌رده‌م كاره‌ساتێكی گه‌وره‌دا بووم كه‌ نه‌ده‌توانرا رووبه‌ڕووی ببمه‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ شاره‌كه‌ پێویستی به‌ پاره‌یه‌كی زۆر‌و گرنگیپێدانێكی حكومی نائاسایی هه‌بوو كه‌ نه‌مانتوانی به‌ه‌ستیان بهێنین".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌مڕۆ سه‌ربه‌رزم كه‌ توانیومانه‌ به‌ هه‌وڵی خۆمان هه‌ندێك له‌ ناوه‌نده‌ گرنگه‌كان بخه‌ینه‌وه‌ گه‌ڕ، ئه‌گه‌رچی له‌ ئاستی پێویستیشدا نییه‌، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ پاڵنه‌رێكی مه‌عنه‌وی بوو بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر به‌خشش‌و به‌ره‌وپێشچوون به‌ره‌و گێڕانه‌وه‌ی ژیان بۆ شاره‌كه‌مان".

 

ئه‌و باره‌ ناسه‌قامگیره‌ی پارێزگاكه‌ له‌نێوان ساڵانی 2013‌و 2017 به‌خۆوه‌ی بینی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر وه‌ستانی كاری ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ دانا كه‌ هه‌ندێك ناوه‌ندی گرنگیان به‌كرێ گرتبوو بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌‌و وه‌به‌رهێنانیان، به‌پێی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی وه‌به‌رهێنانیش ئیداره‌ی شاره‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ ده‌ستكاری ئه‌و ناوه‌ندانه‌ بكات كه‌ هۆتێله‌كه‌‌و كه‌ناره‌ لمینه‌كه‌‌و شاری یاری‌و هه‌ندێك چێشتخانه‌‌و هۆڵیش ده‌گرنه‌وه‌.

 

ئیداره‌ی شاره‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ش سه‌ره‌ڕای كێشه‌كانی كارگێڕی‌و وه‌به‌رهێنان كه‌ بوونه‌ته‌ رێگری له‌ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی به‌شێكی گه‌وره‌ی شاره‌كه‌، توانیویه‌تی چه‌ند هه‌ڵمه‌تێكی مه‌یدانی به‌توانای خۆماڵی جێبه‌جێ بكات كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كه‌ناره‌ لمینه‌كه‌‌و هه‌ندێك له‌ شالێكان بوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ به‌گه‌ڕخستنی هه‌ندێك بازاڕ‌و چێشتخانه‌ی بچووك وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ پێشوازیكردن له‌ خێزانه‌كان له‌ هاوینی داهاتوودا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌