راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بێمتمانه‌یی‌ باڵی‌ كێشاوه‌
له‌كوردستان حكومه‌ت‌و هاوڵاتیان قه‌رزی‌ یه‌كتر ناده‌نه‌وه‌

هێمن حەسەن
هه‌ریه‌ك له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و هاوڵاتیانی‌ قه‌رزداری‌ یه‌كترن بێ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌نوسی‌ دانه‌وه‌یان به‌یه‌كتری‌ دیاربێت، پێناچێت بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵی‌ عێراقیش ئه‌و كێشه‌یه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر بكات.
14.03.2018  |  سلێمانی‌
 ( :وێنه هيمن حسن )
( :وێنه هيمن حسن )

ناڕه‌زایی مامۆستایانی‌ هه‌رێم له‌سه‌ر پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌مساڵدا چه‌ندینجار ده‌رگای‌ به‌شێك له‌خوێندنگه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ داخست‌و بایكۆتی‌ پرۆسه‌ی‌ خوێندنی‌ لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ پێشتریش فه‌رمانبه‌رانی‌ تری‌ هه‌رێم هه‌مان هه‌ڵوێستیان نواندبوو.

 

به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ دارایییه‌وه‌ له‌ساڵی‌ 2016ه‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاری‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانیدا به‌وه‌ی‌ مانگانه‌ به‌شێك له‌موچه‌كانیان پێده‌دات‌و ئه‌وی‌ تری‌ به‌ناوی‌ پاشه‌كه‌وته‌وه‌ راده‌گیرێت وه‌ك قه‌زر له‌سه‌ر حكومه‌ت، به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ هیچ هه‌ژمارێكی‌ بانكی‌ یان گه‌ره‌نتیه‌كی‌ ره‌سمی‌ هه‌بێت ئاماژه‌ به‌دانه‌وه‌ی‌ ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌ بدات.  

 

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "حكومه‌تی‌ هه‌رێم نزیكه‌ی‌ 7 ملیار دۆلاری‌ فه‌رمانبه‌ران‌و 10ملیار دۆلاری‌ وه‌به‌رهێنه‌ران قه‌رزداره‌و هیچ میكانیزمێكی‌ نییه‌ بۆ دانه‌وه‌ی‌ قه‌رزه‌كانی‌، ناشزانرێت ئه‌و قه‌رزانه‌ی‌ كه‌ له‌كۆمپانیاكان كردوویه‌تی‌ له‌چیدا سه‌رفیكردووه‌".

 

قه‌رزداری‌ حكومه‌ت ئاستی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ تێپه‌ڕاندووه‌و پاره‌ی‌ به‌شێك له‌وه‌به‌رهێنه‌رانیش قه‌رزداره‌ كه‌ پێشتر پڕۆژه‌ی‌ جیاوازیان ئه‌نجامداوه‌و پاره‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌‌و به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێكیش له‌پڕۆژه‌كان راگیراون.

 

له‌به‌رامبه‌ردا به‌شێك له‌كۆمپانیاكانیش قه‌رزداری‌ حكومه‌تن، تائێستا به‌شێكی‌ كه‌م له‌پاره‌كه‌یان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم رێوشوێنی‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان داناوه‌.

 

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ڵێت "پێش دروستبوونی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ هه‌رێم، حكومه‌تی هه‌رێم  بڕی‌ 800 ملیار دیناری‌ دابوو به‌وه‌به‌رهێنه‌ران له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له‌ 130 ملیار دیناریان  بۆحكومه‌تی‌ هه‌رێم گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا حكومه‌ت ئه‌و قه‌رزانه‌ی‌ خۆی‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ربه‌رهێنه‌ران".

 

له‌مانگی‌ شوباتی‌ ساڵی‌ 2016 حكومه‌ت داوای‌ له‌وه‌به‌رهێنه‌ران كرد له‌ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگدا قه‌رزه‌كانیانی‌ بۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌، به‌ڵام دانه‌وه‌ی‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ له‌سه‌ر داواكاری‌‌و فشاری‌ وه‌به‌رهێنه‌ران‌و بازرگانان راگیرا .

 

یاسین مه‌حمود وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێشتر به‌شێكی‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ران‌و حكومه‌ته‌وه‌ دراونه‌ته‌وه‌، له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا نزیكه‌ی‌ له‌30% كێشه‌ی‌ قه‌رزه‌كان له‌نێوان هه‌ردوولادا چاره‌سه‌ر بووه‌، به‌ڵام هێشتا حكومه‌ت‌و وه‌به‌رهێنه‌ران قه‌رزیان لای یه‌كتره‌".

 

 یاسین مه‌حمود ده‌شڵێت "هه‌وڵێكی‌ نوێ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم‌و وه‌زاره‌تی‌ دارایی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوولا قه‌رزی‌ یه‌كتر بده‌نه‌وه‌، بڕیاره‌ له‌ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا رێنمایی‌ بۆ ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ربچێت" بێئه‌وه‌ی‌ ورده‌كارییه‌كه‌ی‌ ئاشكرا بكات.

 

به‌ته‌نیا حكومه‌ت هه‌رێمی‌ كوردستان قه‌رزار نییه‌، به‌ڵكو هاوڵاتیانیش به‌شێك پاره‌ی‌ حكومه‌ت قه‌رزارن، به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی به‌سێ ملیار دینار ده‌خه‌مڵێنرێت كه‌ بریتین له‌ پاره‌ی‌  كاره‌باو  ئاوو قه‌رزی‌ پێشینه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌.

 

له‌مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ رابردوودا حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌به‌شێك له‌قه‌رزه‌كانی‌ سه‌ر هاوڵاتیانی‌ خۆش بوو، به‌وه‌ی‌ بڕیاریدا سه‌رجه‌م ئه‌و قه‌رزانه‌ی‌ وه‌ك قه‌رزی‌ (هاوسه‌رگیری، خانووبه‌ره‌، سندوقی نیشته‌جێبوون)  له‌چه‌ندین ساڵی‌ رابردوودا له‌حكومه‌ت وه‌ریانگرتووه‌، لای‌ قوربانیانی‌ شه‌ڕی‌ دژ به‌داعش هه‌یه‌تی‌ وه‌رنه‌گرێته‌وه‌و لێیان خۆش بێت،  به‌ڵام ئه‌و لێبورده‌ییه‌ی‌ حكومه‌ت به‌شێكی‌ كه‌م له‌قه‌رزه‌كانی‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌لای‌ هاوڵاتیانه‌.

 

سه‌فین دزه‌یی‌ وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "ئه‌و قه‌رزانه‌ی‌ لای‌ خه‌ڵكن مانگانه‌ ده‌درێنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی‌ لای‌ كۆمپانیاكانیشن هه‌ندێكیان دراونه‌ته‌وه‌و هه‌ندێكیان ماون‌و مانگانه‌ گۆڕانكاری‌ له‌ژماره‌ی‌ قه‌رزه‌كاندا روو ده‌دات".

 

دانه‌وه‌ی‌ قه‌رزی‌ هاوڵاتیانیش له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ چاوه‌ڕوانی‌ داهاته‌ كه‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2014 ه‌وه‌ به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ چووه‌ به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌و بڕینی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌به‌غداوه‌.

 

سه‌فین دزه‌یی‌ ده‌ڵێت"هه‌ر كاتێك داهاتی‌ حكومه‌ت زیاد بوو ئه‌و قه‌رزانه‌ ده‌درێنه‌وه‌".

 

 سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئازار په‌رله‌مانی‌ عێراق پڕۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2018ی‌ په‌سه‌ند كرد سه‌ره‌ڕای‌ ناڕه‌زایی نوێنه‌رانی‌ كورد له‌و په‌رله‌مانه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌دوای‌ ساڵی‌  2003 پشكی‌ هه‌رێم له‌و بودجه‌یه‌ له‌ 17% ه‌وه‌ كه‌مكرایه‌وه‌ بۆ 12%، هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌ككۆمار یاساكه‌ی‌ قبوڵ نه‌كردو گێڕایه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان.

 

 له‌ئێستادا هاوڵاتیان‌و حكومه‌تیش چاویان له‌و پاره‌یه‌ كه‌ له‌به‌غداوه‌ بێت بۆ هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی‌ قه‌رزی‌ یه‌كتری‌ لێبده‌نه‌وه‌، به‌ڵام كه‌م بوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌كه‌ی‌ پێناچێت ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات له‌نێوانیاندا به‌وپێیه‌ی‌ پێشتر چه‌ند جارێك به‌رپرسانی‌ هه‌رێم هۆشداری‌ ئه‌وه‌یان داوه‌ كه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ 14% به‌شیان ناكات.

 

خالید حه‌یده‌ر مامۆستا له‌كۆلێژی‌ ئابوری‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌و پێیه‌ی‌ حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنه‌و ده‌توانێت یاساو رێنمایی ده‌ربكات ده‌شتوانێت قه‌رزه‌كانی‌ له‌خه‌ڵك وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ دانه‌وه‌ی‌ قه‌رزه‌كانی‌ هاوڵاتیان حكومه‌تیش ناچاره‌ قه‌رزه‌كانی‌ بداته‌وه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت پاره‌كانی‌ نه‌داوه‌ته‌ به‌ هاوڵاتیان ئه‌وا بێمتمانه‌یی‌ دروست ده‌بێت‌و مه‌ترسی‌ بۆسه‌ر داهاتووی‌ ئابوری‌ هه‌رێمیش دروست ده‌بێت".

 

خالید حه‌یده‌ر ده‌شڵێت "حكومه‌تی‌ هه‌رێم چاوه‌ڕێی‌ ناردنی‌ بودجه‌ ده‌كات له‌به‌غداوه‌ بۆ پێدانی‌ مووچه‌ی‌ هاوڵاتیان نه‌ك دانه‌وه‌ی‌ قه‌رزه‌كان".‌

 

 له‌ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ رابردوودا هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ سوڵحی‌ كێشه‌ی قه‌رزی‌ نێوان حكومه‌ت‌و هاوڵاتیان بێ ئه‌نجامبوون كه‌ دیارترینیان پێشنیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان بوو له‌مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ رابردوودا بۆ دانه‌وه‌ی‌ قه‌رزه‌كانی‌ حكومه‌ت له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ له‌پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌، له‌وانه‌ پاره‌ی‌ ئاوو كاره‌باو سزای‌ هاتوچۆو چه‌ند قه‌رزێكی‌ تر.

 

خانزاد یونس ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر به‌"نیقاش"ی‌ وت"ئێمه‌ دووجار ئه‌و پڕۆژه‌یه‌مان پێشكه‌شی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران كرد، به‌ڵام ره‌تیكرده‌وه‌ به‌بیانوی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌م دۆخه‌ی‌ ئێستای‌ هه‌رێمدا ناتوانرێت پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێ بكرێت، له‌پڕۆژه‌كه‌دا هه‌موو رێوشێونێكمان دانابوو كه‌ حكومه‌ت‌و هاوڵاتیان ده‌یانتوانی‌ قه‌رزی‌ یه‌كتر بده‌نه‌وه‌".

 

به‌وته‌ی‌ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر پاساوی‌ حكومه‌ت بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ پڕۆژه‌كه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ جێبه‌جێكردنی‌ پێویستی‌ به‌ورده‌كاری‌‌و كاتی‌  زۆر هه‌یه‌و ده‌بێت سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانیش ژماره‌ی‌ بانكیان هه‌بێت‌و حكومه‌تیش به‌شی‌ قه‌رزه‌كانی‌ داهاتی‌ نییه‌، ده‌توانێت ته‌نیا مووچه‌ بدات.

 

 تائێستا پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم له‌هیچ هه‌ژمارێكی‌ بانكیدا نییه‌و دۆسیه‌كانی‌ له‌لای‌ وه‌زاره‌تی‌ داراییه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر پێشنیاركرا پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ بخرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری‌ بانكی‌ فه‌رمانبه‌ران ئه‌گه‌رچی‌ ره‌مزیش بێت. 

 

ساڵی رابردوو حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕیاریدا به‌دروستكردنی‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی‌ نوێ به‌ناوی‌ "فه‌رمانگه‌ی‌ قه‌رزكانی‌ حكومه‌ت" بۆ رێكخستن‌و تۆماركردنی ئه‌و قه‌رزانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ كردویه‌تی‌، له‌گه‌ڵ پاشه‌كه‌وتی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران وه‌كو قه‌رز مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌ڵام ناشزانرێت كه‌ دروستكردنی‌ ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ گه‌ره‌نتی‌ ئاڵوگۆری‌ قه‌رزی‌ نێوان حكومه‌ت‌و هاوڵاتیان ده‌كات.

 

هاوار شێخ ره‌ئوف پسپۆری بواری‌ بانكی‌، سیسته‌می‌ بانكی‌ به‌ "گونجاوترین" رێگه‌ ده‌زانێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت قه‌رزه‌كانی‌ وه‌ربگرێته‌وه‌و بیداته‌وه‌و بۆ "نیقاش" وتی‌ "گرێبه‌سته‌كانی‌ حكومه‌ت بۆ ئه‌و قه‌رزانه‌ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ كردویه‌تی روون نییه‌و نازانرێت چۆن قه‌رزه‌كانی‌ كردوه‌و چۆن ده‌یداته‌وه‌، به‌ڵام قه‌رزه‌كانی‌ ناوخۆ به‌شێكی‌ له‌رێی‌ بانكه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ له‌هاوڵاتیان وه‌ك پێشینه‌ی‌ خانووبه‌ره‌و هاوسه‌رگیری‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌