راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گومانیان له‌هۆشیار زێبارییه‌
ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ به‌سره‌: له‌به‌ر كوردستان پیلانی‌ وێرانكاری‌ به‌سره‌ داڕێژراوه‌

عه‌لی عه‌گیلی‌
ده‌سه‌ڵاتداران پارێزگای‌ به‌سره‌ گومانیان له‌هۆشیار زێباری‌ هه‌یه‌و پێیان وایه‌ كار ده‌كات بۆ گورز وه‌شاندن له‌پارێزگاكه‌ی‌ ئه‌وان‌و به‌هێزكردنی‌ ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
7.10.2015  |  به‌سره
ژماره‌یه‌ك له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی‌ بۆ عێراق هاورده‌كراون
ژماره‌یه‌ك له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی‌ بۆ عێراق هاورده‌كراون

به‌هۆی‌ بڕیارێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارییه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ گومرگه‌وه‌، هه‌ردوو به‌ری‌ خاڵی‌ سنوری‌ سه‌فوان له‌نێوان عێراق‌و كوه‌یتدا پڕ بووه‌ له‌ئۆتۆمبێلی‌ به‌كارهاتوو، چونكه‌ بازرگانه‌كان ئاماده‌ نین وه‌ریبگرن.

 

ئه‌حمه‌د جه‌بار ده‌راجی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌بازرگانه‌كانی‌ به‌سره‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌ده‌یان بازرگان زه‌ره‌رمه‌ندبوون له‌یاسای‌ گومرگی‌ نوێ‌، چونكه‌ به‌ڕێژه‌ی‌ له‌سه‌دا 15 له‌نرخی‌ خه‌مڵێندراو باج به‌سه‌ر كه‌لوپه‌لی‌ هاورده‌و له‌نێو ئه‌وانه‌شدا ئۆتۆمبێل ده‌سه‌پێنرێت، له‌كاتێكدا جاران ئه‌و بڕه‌ بریتی‌ بوو له‌سه‌دا سێ‌".

 

له‌مانگی‌ ئازاری‌ ئه‌مساڵ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ بڕیاریدا به‌سه‌پاندنی‌ یاسای‌ گومرگی‌ نوێ‌ له‌مانگی‌ حوزه‌یرانه‌وه‌، ساڵی‌ 2014 هه‌مان حاڵه‌ت روویدایه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ لۆكاڵی‌ به‌سره‌ ره‌تیانكرده‌وه‌، بۆیه‌ حكومه‌ت پاشگه‌زبووه‌وه‌ له‌بڕیاره‌كه‌ی‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌م بڕیاره‌ دژی‌ یاسا كۆنه‌كه‌ی‌ پۆل برێمه‌ری‌ حاكمی‌ مه‌ده‌نی‌ ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌عێراق له‌ساڵی‌ 2003 كه‌ تیایدا هاتووه‌ نابێت بڕی‌ باج له‌سه‌دا پێنج زیاتر بێت بۆ كاڵای‌ هاورده‌كراو.

 

ئه‌م یاسا نوێیه‌ مقۆمقۆو ناڕه‌زاییه‌كی‌ زۆری‌ له‌نێوان بازرگاناندا دروستكردووه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ساڵح شه‌ریفی‌ بازرگان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ زیاتر له‌(1200) ئۆتۆمبێل له‌به‌ری‌ كوه‌یت‌و به‌نده‌ری‌ ئوم قه‌سر گیریان خواردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ بازرگانه‌كان ئاماده‌نین وه‌ریان بگرن، چونكه‌ به‌پێی‌ یاسا نوێیه‌كه‌ زیانێكی‌ زۆر ده‌كه‌ن.

 

ساڵح به‌"نیقاش"ی‌ وت "زیانێكی‌ زۆرمان كردووه‌ به‌هۆی‌ مانه‌وه‌ی‌ كاڵاكانمان له‌بازگه‌ی‌ عه‌بده‌لی‌ كوه‌یت، پاره‌یه‌كی‌ زۆری‌ دواكه‌وتن‌و گواستنه‌وه‌و راوه‌ستانی‌ هاتووه‌ته‌ سه‌ر".

 

ده‌شڵێت "ئه‌م یاسا نوێیه‌ ته‌نها خاڵ سنورییه‌كانی‌ به‌سره‌ی‌ گرتووه‌ته‌وه‌و له‌كوردستان جێبه‌جێ‌ ناكرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ ته‌نها ده‌ستی‌ به‌سه‌ر به‌سره‌دا بڕوات".

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ تاڵب خه‌لیل به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ سه‌فوان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌هۆی‌ مانه‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئۆتۆمبێل‌و خاوبوونه‌وه‌ی‌ جموجۆڵی‌ بازرگانی‌، ناچاربوون داوا له‌به‌رپرسانی‌ خاڵی‌ سنوری‌ عه‌بده‌لی‌ كوه‌یت بكه‌ن كه‌ ئیتر ئۆتۆمبێلیان بۆ نه‌نێرن، چونكه‌ شوێنی‌ راگرتنیان نه‌ماوه‌.

 

سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌خاڵی‌ سنوری‌ سه‌فوانه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ داهاتی‌ ئه‌و خاڵه‌ سنورییه‌ بۆ نیوه‌ دابه‌زیوه‌، چونكه‌ بازرگانه‌كان ئاماده‌نین بڕی‌ باجی‌ دیاریكراو بده‌ن‌و كاڵاكه‌ وه‌ربگرن.

 

له‌وه‌ته‌ی‌ داعش ده‌ستی‌ گرتووه‌ به‌سه‌ر خۆرئاوای‌ عێراقداو خاڵی‌ سنوری‌ تریبل له‌گه‌ڵ ئه‌رده‌ن داخراوه‌، به‌شی‌ زۆری‌ قورسایی‌ كه‌لوپه‌لی‌ هاورده‌كراوی‌ عێراق كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر خاڵی‌ سنوری‌ سه‌فوان‌و وایكردووه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێویستی‌ به‌پاڵپشتی‌ زیاتری‌ هونه‌ریی‌‌و بیناسازی‌‌و گه‌وره‌كردن بێت.

 

هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ زۆره‌وه‌ ئێستا به‌نده‌ری‌ ئوم قه‌سر ناتوانێت پێشوازی‌ له‌كه‌شتییه‌كان بكات، هاشم عه‌دنان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌نده‌ره‌كه‌ ده‌ڵێت "گۆڕه‌پانی‌ به‌نده‌ره‌كه‌ پڕبووه‌ له‌ئۆتۆمبێلی‌ هاورده‌كراو".

 

پێشتریش سه‌باح به‌زونی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ رایگه‌یاندبوو كه‌ حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ به‌سره‌ ئاماده‌نییه‌ بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ جێبه‌جێ‌ بكات‌و وتی‌ "بڕیاره‌كه‌ گورزێكه‌ بۆ ئابوری‌ به‌سره‌، تا له‌رێیه‌وه‌ ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌هێز بكرێت".

 

به‌و پێیه‌ی‌ هۆشیار زێباری‌ كه‌ كورده‌و وه‌زیری‌ داراییه‌، بۆیه‌ به‌زونی‌ پێی‌ وایه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ ده‌یه‌وێت ئابوری‌ كوردستان له‌سه‌ر حیسابی‌ ئابوری‌ به‌سره‌ به‌هێز بكات، راشیگه‌یاندبوو كه‌ به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئه‌وان مه‌به‌ست له‌بڕیاره‌كه‌ زیان گه‌یاندنه‌ به‌به‌سره‌و وێرانكردنیه‌تی‌.

 

به‌هۆی‌ ئه‌م بڕیاره‌ نوێیه‌وه‌ ئێستا كه‌متر خه‌ڵكی‌ له‌بازاڕه‌كانی‌ به‌سره‌و خوارووی‌ عێراق ئۆتۆمبێل ده‌كڕن‌و له‌بری‌ ئه‌وه‌ په‌نا بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بن، ئه‌حمه‌د خالیدی‌ كه‌ بازرگانێكی‌ ئۆتۆمبێله‌ ده‌ڵێت "نرخی‌ ئۆتۆمبێل له‌كوردستان چوار بۆ پێنج هه‌زار دۆلار كه‌متره‌ له‌به‌سره‌، چونكه‌ له‌كوردستان ئه‌و یاسایه‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌، ئێستا زۆربه‌ی‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی‌ دێنه‌ به‌سره‌، ژماره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان پێوه‌یه‌".

 

ئه‌م بڕیاره‌ ته‌نها كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ئۆتۆمبێل نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌هۆیه‌وه‌ نرخی‌ زۆربه‌ی‌ كه‌لوپه‌له‌كان له‌بازاڕه‌كانی‌ به‌سره‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

 

عه‌بدولره‌حمان سه‌عیدی‌ پسپۆڕی‌ ئابوری‌ ره‌خنه‌ له‌بڕیاری‌ زیادكردنی‌ باج‌و گومرگ ده‌گرێت‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌بێت زیادكردنی‌ باج هه‌نگاو به‌هه‌نگاو بێت نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی‌ كتوپڕ، هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌سه‌رانسه‌ری‌ وڵاتدا جێبه‌جێ‌ بكرێت".

 

بازرگانانی‌ ئۆتۆمبێل وانه‌بێت ته‌نها به‌دواكه‌وتن‌و مانه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌كان زیانیان كردبێت، له‌م چه‌ند رۆژه‌ی‌ رابردوودا ئاگرێك له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ شه‌ست ئۆتۆمبێلی‌ له‌گۆڕه‌پانی‌ خاڵی‌ سنوری‌ سه‌فوان سوتاندو هۆكاره‌كه‌شی‌ نه‌زانرا، بازرگانه‌كانیش له‌وه‌ ده‌ترسن ئه‌م كێشمه‌ كێشمه‌ مایه‌پوچبوونی‌ ئه‌وانی‌ لێ بكه‌وێته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌