راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كه‌ركوك ده‌رگای‌ فره‌ژنی‌ به‌رووی‌ هه‌رێمدا ده‌كاته‌وه‌

شاڵاو محەمەد
یاساكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌رگایان به‌رووی‌ پیاواندا داخستووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیر له‌هێنانی‌ ژنی‌ دووه‌م بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام…
20.02.2014  |  که‌رکووک

به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ یاسا كارپێكراوه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رێگه‌ناده‌ن پیاو ژنی‌ دووه‌م بهێنێت، بۆیه‌ ئێستا به‌شێك له‌پیاوانی‌ نیشته‌جێی‌ هه‌رێم له‌پشتی‌ ئه‌م یاسایه‌وه‌ سوود له‌و یاسا كۆنه‌ ده‌بینن كه‌ له‌عێراقدا كاری‌ پێده‌كرێت‌و ده‌چن له‌دادگای‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ژنی‌ دووه‌م ماره‌ ده‌كه‌ن.

ئاینی‌ ئیسلام رێگه‌ی‌ به‌پیاوان داوه‌ له‌یه‌ك كاتدا چوار ژنیان هه‌بێت "به‌و مه‌رجه‌ی‌ داده‌په‌روه‌ری‌ له‌نێوانیاندا به‌رهه‌م بهێنێت"، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ یاسای‌ باری‌ كه‌سێتی‌ عێراقیش له‌ژێر رۆشنایی‌ ئاینی‌ ئیسلامدا داڕێژراوه‌، بۆیه‌ یاساكه‌ش رێی‌ به‌هه‌مان حاڵه‌ت داوه‌.

ساڵی‌ 2008 په‌رله‌مانی‌ كوردستان یاسای‌ باری‌ كه‌سێتی‌ عێراقی‌ هه‌مواركرده‌وه‌و به‌رای‌ چالاكوانانی‌ بواری‌ بزوتنه‌وه‌كانی‌ ژنان، گرنگترین خاڵی‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و یاسایه‌، مه‌سه‌له‌ی‌ سنورداركردنی‌ فره‌ژنی‌ بوو.

به‌پێی‌ یاسا هه‌مواركراوه‌كانی‌ هه‌رێم هیچ پیاوێك بۆی‌ نییه‌ ژنی‌ دووه‌م بهێنێت، مه‌گه‌ر له‌حاڵه‌تی‌ ده‌گمه‌ندا نه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ژنی‌ یه‌كه‌م نه‌زۆك بێت‌و خۆیشی‌ له‌سه‌ر هێنانی‌ ژنی‌ دووه‌م رازی‌ بێت، هه‌روه‌ها پیاوه‌كه‌ توانای‌ دارایی‌ باش بێت‌و بتوانێت دادپه‌روه‌ری‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

هه‌ر به‌پێی‌ ئه‌م هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌ هه‌ر پیاوێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌م یاسایه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكات، سزا ده‌درێت به‌ساڵێك زیندانی‌‌و بڕی‌ 10 ملیۆن دیناریش غه‌رامه‌ ده‌كرێت.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵسوڕاوانی‌ بزوتنه‌وه‌كانی‌ ژنان پێیان وایه‌ ئه‌م یاسایه‌ رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بووه‌ له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ دیارده‌ی‌ فره‌ژنی‌ له‌سێ‌ شاره‌كه‌ی‌ هه‌رێم (هه‌ولێر، سلێمانی‌، دهۆك)، به‌ڵام جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم رێوشوێنی‌ توندوتۆڵتر بگرنه‌ به‌ر بۆ داخستنی‌ ئه‌و ده‌رگایانه‌ی‌ بواری‌ فێڵی‌ بۆ پیاوان هێشتووه‌ته‌وه‌.

به‌پێی‌ زانیاری‌ چاودێران، ئێستا به‌شێكی‌ به‌رچاوی‌ ئه‌و پیاوانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت ژنی‌ دووه‌م بهێنن، روو ده‌كه‌نه‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق‌و به‌فه‌رمی‌ له‌لای‌ دادگا ژنه‌كه‌ ماره‌ ده‌كه‌ن، به‌و پێیه‌ی‌ هێشتا له‌ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق كار به‌یاسا كۆنه‌كه‌ ده‌كرێت.

كه‌ركوك له‌گه‌ڵ‌ قه‌زای‌ مه‌خموری‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ موسڵ‌‌و خانه‌قینی‌ سه‌ر به‌دیاله‌ دیارترین ئه‌و سێ‌ جێگه‌یه‌ن كه‌ پیاوانی‌ هه‌رێم بۆ هێنانی‌ ژنی‌ دووه‌م رووی‌ تێده‌كه‌ن.

به‌پێی‌ ئاماره‌كان ساڵی‌ رابردوو له‌كه‌ركوك 450 پیاو له‌دانیشتوانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ژنی‌ دووه‌میان ماره‌ كردووه‌، ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌قه‌زای‌ مه‌خمور بریتییه‌ له‌ 150 پیاو.

چالاكوانانی‌ ژنان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌هه‌نگاوێكی‌ ئه‌رێنی‌ ده‌زانن بۆ به‌رگرتن له‌دیارده‌ی‌ فره‌ژنی‌، به‌ڵام نیگه‌رانی‌ خۆیشیان ناشارنه‌وه‌ی‌ له‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بێباكه‌ له‌ئاست ئه‌و پیاوانه‌ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ژنی‌ دووه‌م ده‌هێنن، ئه‌وان پێیان وایه‌ گه‌ر ئه‌م شه‌پۆله‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا یاساكه‌ی‌ هه‌رێم نرخ‌و به‌های‌ خۆی‌ له‌ده‌ست ده‌دات.

خدر عه‌لی‌ كه‌ ناوی‌ خوازراوی‌ پیاوێكی‌ نیشته‌جێی‌ شاری‌ هه‌ولێره‌و له‌كۆتایی‌ مانگی‌ ئابی‌ رابردوو له‌شاری‌ كه‌ركوك ژنی‌ دووه‌می‌ هێناوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر پیاوانی‌ هه‌رێم مه‌به‌ستیان له‌هێنانی‌ ژنی‌ دووهه‌م بێت، ئه‌وا یاسا ناتوانێت رێیان لێبگرێت.

ئه‌و ئه‌زموونی‌ خۆی‌ به‌نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌، به‌وه‌ی‌ چه‌ند جارێك هه‌وڵی‌ داوه‌ بڕوا به‌ژنی‌ یه‌كه‌می‌ بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێی‌ پێبدات ژنێكی‌ تر بهێنێت، به‌ڵام ئه‌و رازی‌ نه‌بووه‌، بۆیه‌ په‌نای‌ بردووه‌ته‌ به‌ر دادگای‌ كه‌ركوك، ئێستاش به‌هۆی‌ پێكهاته‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ژنی‌ یه‌كه‌می‌ ناوێرێت له‌دادگاكانی‌ هه‌رێم شكاتی‌ لێبكات.

سوره‌ییای‌ ته‌مه‌ن (34) ساڵ كه‌ ژنێكی‌ توركمانی‌ دانیشتووی‌ كه‌ركوكه‌، ماوه‌ی‌ دوو مانگه‌ ژیانی‌ هاوسه‌رگیری‌ له‌گه‌ڵ مه‌ولود عه‌باس (41) ساڵ كه‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ سلێمانیه‌ پێكهێناوه‌، سوره‌ییا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ خوێندنی‌ كۆلێژی‌ ئه‌هلی‌، مه‌ولود رووی‌ له‌كه‌ركوك كردووه‌و یه‌كتریان ناسیوه‌، دواتر بڕیاریانداوه‌ ژیانی‌ هاوسه‌رگیری‌ پێك بهێنین.

سوره‌ییا به‌"نیقاش"ی‌ وت "ویستی‌ له‌دادگای‌ سلێمانی‌ ماره‌م بكات، به‌ڵام دادگا داوای‌ ره‌زامه‌ندی‌ ژنی‌ یه‌كه‌می‌ ده‌كرد ئه‌مه‌ش بووه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌می‌ ئێمه‌دا له‌به‌ر ئه‌وه‌ په‌نامان بۆ دادگای‌ كه‌ركوك برد و له‌وێ‌ به‌ڵێنامه‌ی‌ هاوسه‌رگیرمان ئه‌نجامدا".

سوره‌ییا ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ ژنی‌ یه‌كه‌می‌ مه‌ولود به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م كردووه‌، بۆیه‌ داوای‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ كردووه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ تۆماركردنی‌ داوای‌ یاسایی‌ له‌سوره‌ییا كردووه‌، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "به‌ڵام دادگا ئه‌گه‌ر گرێبه‌ستی‌ هاوسه‌رگیرم هه‌بێت ناتوانێت هیچم به‌رامبه‌ر بكات".

به‌گوێره‌ی‌ ئامارێكی‌ نافه‌رمی‌ كه‌ له‌دادگای‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، له‌ماوه‌ی‌ دووساڵی‌ ڕابردوودا ژماره‌ی‌ ئه‌و پیاوانه‌ی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ هێنانی ژنی دووه‌م چوونه‌ته‌ دادگای‌ كه‌ركوك‌و گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریان ئه‌نجام داوه‌ 1150 پیاو بووه‌، 450 گرێبه‌ستیان ساڵی‌ پار ئه‌نجام دراون.

هه‌ژار كاكه‌یی‌ پارێزه‌ر له‌دادگای گشتی‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌ی‌ بۆ "نیقاش" رونكرده‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ فشاری‌ زۆری‌ پارێزه‌ران‌و چالاكوانانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌پیاوانی‌ هه‌رێم، به‌ڵام پرۆسه‌ی‌ ماره‌كردنی‌ ژنی‌ دووه‌م له‌دادگای‌ كه‌ركوك به‌رده‌وامه‌، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "زۆرن ئه‌و پیاوانه‌ی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ هێنانی ژنی دووه‌م دێنه‌ كه‌ركوك، یاسا كارپێكراوه‌كه‌ی‌ ئێره‌ كارئاسانی‌ ته‌واوی‌ بۆ پیاوان كردووه‌، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت به‌ر به‌مه‌ بگرین".

چالاكوانانی‌ ژنان له‌كه‌ركوك هه‌موو هه‌وڵ‌و كۆششیان بۆ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر خۆشیان نه‌توانن یاساكانی‌ كه‌ركوك‌و شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق وه‌ك یاساكه‌ی‌ هه‌رێم لێبكه‌ن، هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ڵكو بتوانن فشار بخه‌نه‌ سه‌ر دادگای‌ كه‌ركوك تا ژنی‌ دووه‌م بۆ پیاوانی‌ نیشته‌جێی‌ هه‌رێم ماره‌ نه‌كات‌و به‌هایه‌ك بۆ یاساكه‌ی‌ هه‌رێم بمێنێته‌وه‌.

سرود محه‌مه‌د سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی‌ كه‌ركوكی رێكخراوی هیوای عێراقی بۆ پاراستنی‌ مافه‌كانی مرۆڤ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ ئه‌وان له‌ڕێگای‌ نوێنه‌رانی‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌به‌غداد كار ده‌كه‌ن بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسای باری‌ كه‌سێتی‌ له‌عێراق "تاوه‌كو چیتر ژنان نه‌بنه‌ قوربانی‌".

سرودو چالاكوانانی‌ تر هه‌وڵی‌ بۆ ده‌ده‌ن ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ده‌رگایه‌ دابخه‌ن كه‌ ره‌شه‌باكه‌ی‌ لێ‌ دێته‌ ژووره‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ش ئه‌و رێگه‌یه‌ بمێنێت، یاساكه‌ی‌ هه‌رێم ناتوانێت شوێنی‌ خۆی‌ بگرێت.

زیاد له‌جارێك "نیقاش" هه‌وڵیدا سه‌رۆكی‌ دادگای‌ گشتی‌ كه‌ركوك له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بدوێنێت، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێئه‌نجام بوون.