راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ساڵ تێپه‌ڕی‌و سولفه‌ی‌ خانوبه‌ره‌ هه‌ر نه‌بوو

سه‌نگه‌ر جه‌مال
ئالان كه‌ریم ساڵێك له‌مه‌وبه‌رو به‌ئومێدی‌ وه‌رگرتنی‌ پێشینه‌ی‌ خانوبه‌ره‌ ده‌ستیكرد به‌دروستكردنی‌ خانو له‌سه‌ر ئه‌و…
23.01.2014  |  سلێمانی

له‌بودجه‌ی‌ ساڵی (2013)ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا بڕی (600) ملیار دینار بۆ سه‌رجه‌م پێشینه‌كان ته‌رخانكرابوو، پشكی شێری ئه‌و بڕه‌ به‌ر پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌ كه‌وت‌و بڕی (500) ملیار دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراو (50) ملیار دینار بۆ كشتوكاڵ‌و (30) ملیار دینار بۆ پیشه‌سازی‌و (20) ملیار دیناریشی‌ بۆ گشت‌و گوزار.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ نیگه‌رانی‌ هاوڵاتیان‌و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ له‌رۆژگار له‌چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌و هاوكاریه‌دا به‌ڕێده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ساڵی‌ (2013) كۆتایی‌ هات بێئه‌وه‌ی‌ پێشینه‌ی خانوبه‌ره‌ بدرێته‌ هیچ هاوڵاتیه‌ك كه‌ له‌ساڵی (2013)دا مۆڵه‌تی وه‌رگرتبێت بۆ دروستكردنی‌ خانوه‌كه‌ی‌، به‌شێوه‌یه‌ك دوای‌ چه‌ند خۆپیشاندانێك‌و له‌مانگی (10)دا وه‌رگرتنی مامه‌ڵه‌ی (2013) بۆ پێدانی‌ پێشینه‌ی خانوبه‌ره‌ ده‌ستی پێكردو له‌و ماوه‌یه‌شدا ته‌نها چه‌ند هه‌زار مامه‌ڵه‌یه‌كی 2013 كه‌شفیان بۆ كراوه‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ پێشینه‌كه‌یان بدرێتێ‌.

ئالان كه‌ریم (30ساڵ)، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌مانگی شوباتی‌ (2013)وه‌ چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنی مامه‌ڵه‌كه‌ی ده‌كات له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانوبه‌ره‌ی سلێمانی، به‌ڵام دوای هه‌شت مانگ چاوه‌ڕوانی له‌مانگی تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌و ساڵه‌دا ماڵه‌كه‌ی لێ وه‌رگیراوه‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ هیچ گۆڕانكاریه‌ك له‌خانوه‌كه‌یدا روبدات، چونكه‌ له‌كۆتا مانگی‌ ساڵ‌و جارێكی دیكه‌ پێشینه‌ی خانوبه‌ره‌ راگیرا‌و نه‌درایه‌ مامه‌ڵه‌كانی ئه‌و ساڵه‌.

ئالان به‌"نیقاش"ی‌ وت: "جاران ده‌یانوت دروستكردنی‌ خانو پیرت ده‌كات، به‌ڵام من ده‌ترسم له‌چاوه‌ڕوانیدا سه‌ریش بنێمه‌وه‌و بۆم ته‌واو نه‌كرێت، چونكه‌ جگه‌ له‌گرانی‌‌و سه‌رئێشه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ خانوو دروستكردن من قه‌رزار بوم‌و هه‌ر چاوه‌ڕوانی‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پێشینه‌یه‌م، ئه‌گه‌ر له‌بودجه‌ی ئه‌مساڵدا پاره‌ بۆ پێشینه‌ی خانوبه‌ره‌ ته‌رخان نه‌كرایه‌، من نه‌ده‌چووم خۆم قه‌رزار بكه‌م‌و زه‌وی بكڕم تا ببمه‌ خاوه‌نی خانوو".

پێشینه‌ی خانوبه‌ره‌ له‌ناو شاره‌كاندا 20 ملیۆن دیناره‌‌و له‌ لادێكانیشدا 25 ملیۆن دیناره‌‌و به‌دووجار ده‌درێت، دوای دروستكردنی هه‌یكه‌لی خانوو نیوه‌ی ده‌درێت‌و دوای ته‌واوبونی خانوو نیوه‌كه‌ی دیكه‌شی‌ ده‌درێت، دواتر به‌شێوه‌ی‌ قیستی‌ مانگانه‌ له‌هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێته‌وه‌، هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كیش نادرێت به‌هاوڵاتیان تا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانوه‌به‌ره‌ كه‌شفی خانوه‌كه‌ نه‌كات، به‌پێی‌ یاسای‌ بودجه‌ ده‌بێت پێدانی‌ پێشینه‌ی‌ خانوبه‌ره‌ به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام له‌كۆتایی‌ ساڵی‌ دارایدا ئه‌و پێشینه‌یه‌ راده‌گیرێت.

دلێر تاریق وته‌بێژی وه‌زاره‌تی‌و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێدانی‌ ئه‌و پێشینه‌یه‌ راگیراوه‌و له‌لێدوانێكدا بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت "هه‌موو ساڵێك له‌كۆتایی‌ ساڵی‌ دارایی‌‌و به‌هۆی‌ ته‌سفیه‌ی‌ ژمێره‌ی‌ داراییه‌وه‌ خه‌رجی‌‌و پێدانی‌ پێشینه‌ ده‌وه‌ستێنرێت تا پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی هه‌رێم بۆ ساڵی 2014 له‌پارله‌مانی كوردستان په‌سه‌ند نه‌كرێت پێدانی پێشنه‌ی خانووبه‌ره‌ ده‌ست پێناكاته‌وه‌".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ راگرتنی‌ ئه‌و پێشینانه‌ نایاسایی‌ نیه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت رێنمایی‌و میكانیزمی‌ تازه‌ بۆ خه‌رجكردنی‌ ئه‌و پێشینانه‌ ده‌ربچێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌گفتوگۆی‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر بودجه‌ و ده‌ڵێت "بڕیاری‌ كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌رده‌چێت"

.

له‌گه‌ڵ لێدوانه‌كه‌ی‌ وته‌بێژه‌كه‌ی‌ داراییدا، هه‌ندێك له‌چاودێرانی‌ ئابوری‌ هۆكاری‌ راگرتنی‌ ئه‌و پێشینانه‌ بۆ گرفتی‌ دارایی‌‌و نه‌بونی پاره‌ له‌بانكه‌كاندا ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.

به‌شێوه‌یه‌ك ژوری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئابوری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ له‌خولی‌ پێشودا ئۆپۆزسیۆن بون (ئێستا كابینه‌ی‌ نوێ پێكنه‌هێنراوه‌)، له‌راگه‌یه‌نراوێكدا راگرتنی‌ ئه‌و پێشینانه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ به‌كارێكی‌ نایاسایی‌ له‌قه‌ڵه‌مداو ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕو كه‌ راگرتنی‌ ئه‌و پێشینانه‌ زیانێكی زۆر ده‌گه‌یه‌نێت به‌و هاوڵاتیانه‌ی چاوه‌ڕێی پێشنه‌و قه‌رزه‌كانن.

جه‌ختی‌ له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌پێی‌ "مادده‌ی(39) له‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2012دا، له‌ ئه‌گه‌ری دواكه‌وتنی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌دا، نابێت ئه‌م پێشینانه‌ رابگیرێت‌و وه‌زاره‌تی دارایی‌و ئابووری به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌رفكردنی سلفه‌‌و به‌خشینی هاوسه‌رگیری، قه‌رزه‌كانی بانكی عه‌قار‌و كشتوكاڵ‌و پیشه‌سازی‌و پڕۆژه‌ بچوكه‌كان، تا ئه‌و كاته‌ی بودجه‌ی ساڵی داهاتو بڕیاری لێده‌درێت".

لای‌ خۆشیه‌وه‌، د. عیزه‌ت سابیر، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، راگرتنی‌ ئه‌و پێشینانه‌ به‌نایاسایی‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات‌و پێیوایه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ (2013)دا بودجه‌ی‌ پێشینه‌كان كه‌مكرانه‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ریدا بڕی‌ پێشینه‌ی‌ خانوبه‌ره‌ زیادكرا، به‌وه‌ش خواست له‌سه‌ری‌ زیادبوو به‌هۆی‌ كه‌می‌ بڕه‌كه‌شیه‌وه‌ ته‌نها توانراوه‌ پێشینه‌كه‌ به‌مامه‌ڵه‌ كۆنه‌كان بدرێت.

وتیشی‌" ئه‌وه‌ش جێی‌ گله‌یی‌‌و نیگه‌رانیه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ شێوازی‌ دابه‌شكردن‌و رێنماییه‌كانی‌‌و بڕه‌كه‌شی‌ كه‌موكورتی‌ تێدایه‌‌و پێویستی‌ به‌پێداچونه‌وه‌یه‌ بۆیه‌ له‌كاتی‌ گفتوگۆی‌ پڕۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ (2014) له‌په‌رله‌مان، هه‌وڵده‌ده‌ین پێداچونه‌وه‌ی‌ تێدابكه‌ین‌و ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین".

له‌ئێستاشدا ئاماژه‌ به‌پێویستی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌و پرۆسه‌یه‌و جێبه‌جێكردنی‌ بدرێته‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و له‌ده‌ستی‌ حكومه‌ت ده‌ربكرێت بۆئه‌وه‌ی‌ هێنده‌ ئاسته‌نگ‌و كه‌موكوڕی‌ تێدا نه‌مێنێت.

د. عیزه‌ت كه‌ خۆشی‌ پسپۆڕی‌ ئابوریه‌و پاڵپشتی‌ ئه‌و بۆچونه‌ش ده‌كات كه‌ پرۆسه‌كه‌ بدرێته‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و له‌لێدوانه‌كه‌یدا بۆ (نیقاش) وتی‌ "پڕۆژه‌یه‌كه‌م ئاماده‌كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام بدات واته‌ پێشینه‌كان له‌بانكه‌ ئه‌هلی‌‌و تایبه‌ته‌كانه‌وه‌ بدرێت‌و حكومه‌ت ته‌نها سوده‌كه‌ی‌ بدات، به‌وه‌ش كێشه‌ی‌ راگرتنی‌ پێشینه‌ نامێنێت‌و ئه‌ركه‌كه‌ش ناكه‌وێته‌ سه‌ر حكومه‌ت‌و رێژه‌یه‌كی‌ زیاتری‌ خه‌ڵكیش لێی‌ سودمه‌ند ده‌بن".

لای‌ خۆشیه‌وه‌ وته‌بێژه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌، پڕۆژه‌یه‌كی‌ له‌وشێوه‌یه‌و پێدانی‌ پێشینه‌ له‌لایه‌ن كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و بانكه‌ ئه‌هلیه‌كانه‌وه‌ به‌په‌سه‌ندو باش ده‌زانێت، ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر بكرێت‌و لیژنه‌ی‌ بۆ پێكبهێنرێت".

هه‌رچه‌نده‌ پێدانی‌ پێشینه‌ی‌ خانووبه‌ره‌ وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی‌ گرنگ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ ناوده‌برێت بۆ هاوكاری‌ له‌چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانی‌ نیشته‌جێبون‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ گونده‌كانداو له‌رابردودا خه‌ڵكانێكیش لێی‌ سودمه‌ند بون، به‌ڵام به‌رده‌وام رێگری‌‌و ئاسته‌نگ بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ دروستكراوه‌و ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی‌ هاوڵاتیانی‌ لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌.

هاوكات له‌گه‌ڵ پێدانی‌ پێشینه‌ هه‌وڵه‌كان خراونه‌ته‌ گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ی‌ له‌رێی‌ دابه‌شكردنی‌ شوقه‌و خانوه‌وه‌ قه‌یرانی‌ نیشته‌جێبون كه‌مبكرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ش كه‌ ئومێدیان به‌و هه‌وڵانه‌دا هه‌ڵواسیوه‌ وه‌ك خاوه‌ن هه‌یكه‌له‌كان له‌هه‌مان دۆخی‌ چاوه‌ڕوانیدان به‌وپێیه‌ی‌ زیاتر له‌(26) هه‌زار كرێنشین فۆرمیان پر كردوه‌ته‌وه‌ بۆ كێبڕكێی‌ خاڵبه‌ندی‌ له‌سه‌ر (560) شوقه‌ كه‌ بۆ كه‌مده‌رامه‌تان دروست كراوه‌ هیشتا یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه‌ ئه‌و شوقانه‌ ده‌درێنه‌كێ.

له‌باره‌ی‌ ئه‌و یه‌كانه‌شه‌وه‌ مه‌حمود عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ئاماری‌ سلێمانی‌ كه‌ كاره‌كانی‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌دات، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كاری‌ زۆره‌و ورده‌كاری‌ زۆری‌ تێدایه‌، فۆرم دابه‌شكراو گه‌ڕایه‌وه‌ وردبینی‌ كراوه‌".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا واده‌یه‌كی‌ دیاریكراوی‌ نه‌خسته‌ڕو له‌باره‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ ئه‌و یه‌كانه‌و وتی‌ "سه‌قفێكی‌ زه‌مه‌نی‌ دانانێین بۆ ته‌واو بونی‌ پرۆسه‌كه‌و دابه‌شكردنی‌ یه‌كه‌كان، چونكه‌ ئیشه‌كه‌ ورده‌كاری‌ زۆری‌ ده‌وێت، هه‌ركاتێك ته‌واوبوین رایده‌گه‌یه‌نین، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به‌رده‌وامی‌ ده‌بێت".

ئێستاش به‌شێكی‌ به‌رچاوی‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ له‌چاوه‌ڕوانی‌ هاوكاری‌ حكومه‌تن، هیوادارن نزیكبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان ده‌رفه‌تێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ مامه‌ڵه‌كانیان رایی‌ ببێت، چونكه‌ ئه‌وان ئه‌زموونیان هه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، ئه‌گه‌ر بۆ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنیش بێت، پاڵێك به‌و مامه‌ڵانه‌وه‌ ده‌نێن.