ئازاد مسته‌فای كوڕی باس له‌وه ده‌كات كه باوكی سێ ساڵ له‌و باڵه‌خانه به‌رزه‌ی ناوجه‌رگه‌ی شاردا كاری كردوه تا كۆتا رۆژی ژیانی كه داوای لێكراوه له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی دیكه‌دا بۆردێكی كاره‌با بگوازنه‌وه كه كێشه‌كه‌ی له‌یه‌ك ته‌ن زیاتربووه، به‌هۆی قورسی‌و ته‌مه‌نه‌كه‌یه‌وه كه‌وت به‌سه‌ریداو گیانی له‌ده‌ستدا، له‌باره‌ی دۆخی خێزانه‌كه‌ی دوای مه‌رگی باوكی، ئازاد ده‌ڵێت "كۆستێكی گه‌وره‌بوو جێی به‌تاڵ بوو لهماڵهكهداو كاریگه‌ری له‌سه‌رمان به‌جێهێشت، دوای ئه‌وه من نه‌متوانی خوێندن ته‌واو بكه‌م".
هێشتا ساڵ كۆتایی نه‌هاتوه، به‌ڵام ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدانی كرێكاران له‌شوێنی كاره‌كانیان به‌پێی ئاماره‌كان گه‌یشته (62) كهسو ئه‌و ژماره‌یه‌ش دوو هێنده له‌و ژماره‌یه زیاتره كه ساڵی (2012) تۆمار كراوه جگه له‌وه‌ی سه‌دانی دیكه‌ش بریندار بون یان به‌شێك له‌جه‌سته‌یان له‌ده‌ستداوه‌و ئێستا پێویستیان به‌وه‌یه خزمه‌تیان بكرێت.
عوسمان زیندانی، سه‌رۆكی سه‌ندیكای كرێكارانی بیناسازی ئاماژه به‌هه‌ڵكشانی له‌راده‌به‌ده‌ری حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدانی كرێكار ده‌كات له‌شوێنی كاره‌كانیان به‌راورد به‌ساڵی رابردوو، ئه‌وه‌ش بهمهترسیو جێی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردن ده‌زانێت.
ئه‌و له‌و كاته‌ی بۆ "نیقاش" ده‌دوا له‌په‌یمانگای پزیشكی دادوه‌ری سلێمانی بوو بۆ تۆماركردنی حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدانی سێ كرێكار‌و له‌و كاته‌شدا هه‌واڵی گیانله‌ده‌ستدانی چواره‌م كرێكاریشی پێدرا له‌و رۆژه‌دا كه ئه‌وه ژماره‌ی قوربانیه‌كانی گه‌یانده (62)، به سه‌رسوڕمانه‌وه وتی "جێی تێڕامانه ساڵانه ده‌یان كرێكار له‌شوێنی كار‌و له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی بژێویدا له‌كارێكی قورس‌دا گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، به‌ڵام حكومه‌ت مچوڕكهیهكی پێدا نایهتو رێكاری پێویست ناگرێته‌به‌ر یان داواكاری گشتی نایه‌ته سه‌رخه‌ت له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا كه په‌یوه‌سته به‌ژیانی هه‌زاران كه‌سه‌وه".
ئه‌و گۆڕانكاریه‌ی بیناسازی‌و جوڵه ئابوریه‌ی هه‌رێمی گرتوه‌ته‌وه ته‌نها سهرمایهدارانو حكومه‌تی دڵخۆش نه‌كردوه به‌وه‌ی شانازی بهكارهكانیانهوه بكهنو قازانجی مادی‌و مه‌عنه‌وه‌ی زیاتر بكه‌ن، به‌ڵكو بوه‌ته هۆی دڵخۆشی كرێكارهكانو هاتنه ناوه‌وه‌ی كه‌سانێكیش له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوری سێ پارێزگاكه بۆئه‌وه‌ی كار‌و داهاتیان ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵام هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ژماره‌ی قوربانیه‌كان ههڵدهكشێتو مه‌رگی له‌ناكاوی هاوپیشه‌یه‌ك كرێكاره‌كانی دیكه ده‌تاسێنێت.
سه‌ردار نامیق (46ساڵ)، خۆشحاڵه به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوه‌ڵێكیدا ئیشێكی ده‌ست كه‌وتوه ماوه‌یه‌كی درێژ ده‌خایه‌نێت له‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی ماوه‌یه‌كی دیكه هاوشانی ده‌سته خوشكه‌كانی باڵای به‌رز ده‌بێت، ئیتر سه‌ردار پێویستی به‌وه نیه رۆژانه بچێته مه‌یدانی كرێكاران بۆ ده‌ستكه‌وتنی كار، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ڵهاتنی خۆردا ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌نیشێت له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی شتێكی به‌سه‌ر بێت‌و منداڵه‌كانی سه‌رباری خراپی دۆخی ئابوریان بێ سه‌رپه‌رشت بمێننه‌وه یان باوكیان كه‌م ئه‌ندامبێت.
ئه‌و ده‌ڵێت: "رۆژانه هه‌واڵی گیانلهدهستدانو كهمئهندامبونی به‌شێك لههاوپیشهكانمان ده‌بیستین كه هه‌مان كاری ئێمه ده‌كه‌ن، بۆیه ئێمه‌ش دڵنیانین له‌وه‌ی هه‌مان شتمان به‌سه‌ر نایه‌ت".
هه‌رچه‌نده حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدانی كرێكاران جیاوازن، هه‌ر له‌كه‌وتنه خواره‌وه‌ی سه‌ر باڵهخانهكانو كاره‌با لێدان‌و كه‌وتن به‌ژێر دار‌و په‌ردو چه‌ند روداوێكی دیكه‌ی تێدایه، به‌ڵام زۆربه‌ی رێكخراو‌و سه‌ندیكاكان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌بونی مه‌رجی سه‌لامه‌تیه له‌شوێنی كاردا، بۆئه‌وه‌ش لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانن.
ره‌هێل فه‌ره‌یدون، سه‌رۆكی رێكخراوی تهندروستیو سه‌لامه‌تی له‌شوێنی كار كه ئه‌مساڵ راگه‌یه‌نرا، زیادبونی ئه‌و حاڵه‌تانه بۆ په‌یڕه‌ونه‌كردنی مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌و له‌لێدوانێكدا به"نیقاش"ی وت "زیادبونی ئه‌و حاڵه‌تانه له‌سێ هۆكار به‌ده‌ر نیه كه جێبه‌جێنه‌كردنی مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تیه له‌لایه‌ن خاوه‌نكارو وه‌ك پێویست نه‌بونی چاودێری‌و لێپێچینه‌وه‌ی حكومه‌ته، به‌شێكی تریشی ئه‌وه‌یه كرێكاران خۆشیان تاراده‌یه‌ك په‌یوه‌ست نابن بهمهرجهكانو پێداویستی خۆپاراستنه‌وه".
ئه‌و پێیوایه؛ كاره‌كانی حكومه‌ت له‌و روه‌وه كهموكوكوڕیو كه‌مته‌رخه‌می تێدایه ئه‌وه‌ش وایكردوه رێكخراوه‌كه‌ی پێشنیار ئاماده بكات بۆئه‌وه‌ی بكرێته سیستم‌و كاری پێبكرێت له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانیه‌كاندا.
به‌ڵام حكومه‌ت به‌چاوێكی دیكه دۆخه‌كه دهبینێتو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن حاڵه‌ته تۆماره ره‌سمیه‌كان كه‌مترن له‌وه‌ی سهندیكاو رێكخراوه‌كان ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن.
عارف حیتۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كار‌و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌رچه‌نده نكۆڵی له‌زیادبونی حاڵه‌ته‌كان ناكات، به‌ڵام باس له‌وه ده‌كات ئه‌وه‌ی له‌مساڵدا لای ئه‌وان تۆمار كراوه‌و ئه‌وانه‌ن كه ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی (بیمه)یان هه‌یه ژماره‌یان (19) كرێكاره‌و به‌پێی یاسا‌و رێنماییه‌كانیش موچه‌ی خانه‌نشینیان بۆ ده‌بڕدرێته‌وه.
له‌و لێدوانه‌یدا بۆ "نیقاش" عارف حیتۆ داكۆكی له‌كاری وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كرد‌و له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كردن به‌وه‌ی له‌هه‌موو دنیادا كرێكار له‌كاتی كاردا گیانله‌ده‌ستده‌ده‌ن، باس له‌وه ده‌كات كه یاسای تایبه‌تمه‌ندیان له به‌رژه‌وه‌ندی كرێكاران هه‌موار كردوه‌ته‌وه كه به‌مه‌رجێك خۆیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن ئه‌وا له‌كاتی برینداربون‌و گیانله‌ده‌ستدانیان هاوكاری و خانه‌نشین ده‌كرێن.
وتیشی "ئێمه له‌سه‌ر دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی كار ده‌كه‌ین كه تهندروستیو سه‌لامه‌تی پیشهییو مافی كرێكاره له‌گه‌ڵ بهدواداچونو چاودێری پڕۆژه‌و شوێنكاره‌كان له‌لایه‌ن لیژنه‌كانمانه‌وه، هه‌ر كۆمپانیا‌و خاوهنكارێكیش پابه‌ندی یاسا و رێنمایه‌كان نه‌بێت سزای دهدهینو روبه‌ڕوی دادگایان ده‌كه‌ینه‌وه".
پێشتریش ئاسۆس نه‌جیب وه‌زیری كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی رایگه‌یاند كه به‌هۆی پابه‌ند نه‌بونه‌وه به‌مه‌رجی سه‌لامه‌تی كرێكاران چه‌ند كۆمپانیایه‌كیان داوه‌ته دادگا.
به‌ڵام چاودێران‌و په‌رله‌مانتاران دوپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌ركی ئه‌و وه‌زاره‌ته به‌رامبه‌ر ژیانی كرێكاران له‌و كارانه زیاتره كه كردویانه.
عوسمان زیندانی له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "حكومه‌ت به‌رپرسه له‌ژیانی ئه‌و كرێكارانه، به‌ڵام ژماره‌ی پشكنه‌رانی وه‌زاره‌تی كار كه‌من‌و یاسا‌و رێنماییه‌كانیش وه‌ك پێویست جێبه‌جێ ناكرێن‌و ئه‌و ژماره كۆمپانیایه‌ی به‌هۆی كهمتهرخهمیشیانهوه دراونه‌ته دادگا زۆر له‌حاڵه‌ته‌كان كه‌مترن".
لای خۆشیه‌وه د. شێركۆ حه‌مه ئه‌مین، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن به‌به‌رپرس دهزانێتو پێیوایه ئه‌و یاسایانه‌ی له‌كوردستان ههنو جێبه‌جێ ده‌كرێن زیاتر له‌خزمه‌ت خاوه‌ن كاردان نه‌ك كرێكار، له‌مڕووه‌وه به"نیقاش"ی راگه‌یاند شتێكی واگهورهیان نه‌مبینیوه حكومهتو ئه‌و وه‌زاره‌ته كردبێتیانو ده‌پرسێت "كوان ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی به‌هۆی گیانله‌ده‌ستدانی كرێكارهكارهوه كاریان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه یان خراونه‌ته لیستی ره‌شه‌وه، ئه‌گه‌ر لێپێچینه‌وه‌ش كرابێت شتێكی ساده‌و سه‌رپێی بووه كه له‌بری سزا‌و رێگری ره‌نگه هانده‌ر بوبێت بۆ دوباره‌بونه‌وه‌ی".
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌خنانه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كار نكۆڵی ناكات له‌وه‌ی ژماره‌و ئاستی پسپۆڕی لیژنه چاودێره‌كانیان هاوتهریبو هاوسه‌نگ نیه له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوری‌و ژماره‌ی پرۆژه‌كان له‌كوردستان‌و پلانی سه‌ره‌كیان بۆ ساڵی نوێ زیادكردنی ژماره‌ی لیژنهكانو كردنه‌وه‌ی خولی راهێنانه بۆیان له‌گه‌ڵ هێنانی بیرۆكه‌و كه‌سانی پسپۆڕ بۆ رێنمایی كردنیان‌و سه‌پاندنی په‌یڕه‌وكردنی مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تی پیشه‌یی له‌هه‌مو وهزارهتو داموده‌زگاكاندا.
دانانی یاسا‌و رێنمایی ره‌نگه بۆ كه‌سێكی وه‌ك ئازاد گرنگی خۆی هه‌بێت، چونكه هه‌رچه‌نده ئه‌و یاسایانه به‌كه‌ڵكی باوكی نه‌هاتن، به‌ڵام ئێستا كه خۆی كاری كرێكاری ده‌كات ده‌ترسێت هه‌مان چاره‌نووس رووبه‌رووی ببێته‌وه.
ئازاد مسته‌فا، ئاماژه به‌وه ده‌كات دوای كۆچی باوكی له‌بری یاسا كۆمپانیای خاوه‌نكار هه‌وڵی داوه له‌رێی سوڵحی عه‌شایه‌ریه‌وه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكات.
ئێستاش كه هه‌مان رێگه‌ی باوكی‌و كرێكاری گرتوه‌ته به‌ر، ترسی له‌و هه‌یه وه‌ك ئه‌ویش كۆتایی به‌ژیانی بێت‌و ده‌ڵێت "نه‌ك من، هه‌موو هه‌ژارێك ترسی لا دروست بوه‌و چاوه‌ڕێی هه‌موو شتێك ده‌كه‌ین، ترسم هه‌یه وه‌ك باوكم بڕۆم‌و كۆمپانیاش به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بكات".