راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نه‌ینه‌وا له‌ژێر عه‌باكه‌ی‌ به‌غدا دێته‌ ده‌ره‌وه‌و پاڵاوگه‌ی‌ ده‌وێت

عه‌بدوڵڵا سالم
پارێزگاری‌ نه‌ینه‌وا گوێی‌ به‌ناڕه‌زاییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت نه‌داو داوای‌ له‌كۆمپانیا لۆكاڵی‌‌و جیهانییه‌كان كرد…
21.11.2013  |  موسڵ
The Iraqi flag flys at an oil refinery near Baghdad.
The Iraqi flag flys at an oil refinery near Baghdad.

بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ پارێزگار پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌راسپارده‌و پشتیوانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا كه‌ رۆژی‌ 21ی‌ ئه‌یلول ده‌سه‌ڵاتیان پێدا بۆ ئه‌وه‌ی‌ كار بكات بۆ ده‌رهێنان‌و پاڵاوتنی‌ نه‌وت له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێم، به‌ڵام به‌گرێبه‌ستی‌ دیاریكراوو مه‌رجدار تا پارێزگاكه‌ سوودی‌ لێ ببینێت.

ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگاری‌ نه‌ینه‌وا كه‌ له‌هه‌موان زیاتر بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ وه‌به‌رهێنان گه‌رموگوڕتره‌، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ دروستكردنی‌ ئه‌و پاڵاوگه‌یه‌ قه‌یرانی‌ سوته‌مه‌نی‌ پارێزگاكه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات، له‌كاتێكدا ئێستا ده‌بێت چاوه‌ڕێی‌ ده‌ستی‌ پاڵاوگه‌ی‌ بێجی‌ بن تا له‌دووری‌ 200 كیلۆمه‌تره‌وه‌ سوته‌مه‌نی‌ پاڵێوراویان بۆ بنێرێت.

هه‌روه‌ك پێی‌ وایه‌ ئه‌م پاڵاوگه‌یه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ به‌گه‌ڕخستنی‌ هه‌زاران ده‌ستی‌ كارو به‌رهه‌مهێنانی‌ 100 میگا وات كاره‌با، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌رگا به‌رووی‌ پرۆژه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ گه‌وره‌تردا ده‌كاته‌وه‌.

نوجێفی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ په‌راوێزخستنیان له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ ناوه‌ندییه‌وه‌ وایكردووه‌ ئاستی‌ هه‌ژاری‌ له‌پارێزگاكه‌ به‌ره‌و هه‌ڵكشان بچێت به‌تایبه‌تی‌ كه‌ "ته‌نها له‌سه‌دا یه‌كی‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ عێراق بۆ نه‌ینه‌وایه‌، له‌راستیدا ده‌بوو رێژه‌ی‌ 11%ی‌ پێبدرێت، ئه‌مه‌ش به‌پشت به‌ستن به‌ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌".

داواكه‌ی‌ پارێزگار بۆ كۆمپانیاكانی‌ وه‌به‌رهێنان مه‌رجی‌ قورسی‌ له‌خۆگرتووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كۆمپانیاكه‌ توانای‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و جۆره‌ پرۆژانه‌ی‌ هه‌بێت‌و پسپۆڕ بێت له‌بواری‌ نه‌وت‌و وزه‌، هه‌روه‌ك ئه‌زموونی‌ پێشوتری‌ هه‌بوبێت‌و له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه‌ كادیری‌ شاره‌زای‌ هه‌بێت، تا پاڵاوگه‌و وێستگه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با دروست بكه‌ن.

وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ زۆری‌ نه‌خایاند كاتێك رایگه‌یاند هه‌ر رێكه‌وتنێكی‌ كۆمپانیاكانی‌ نه‌وت له‌گه‌ڵ‌ پارێزگاكان ده‌بێت له‌رێی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وته‌وه‌ بێت‌و پارێزگار ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ ئه‌و جۆره‌ گرێبه‌ستانه‌ مۆر بكات.

عاسم جیهاد وته‌بێژی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ به‌هۆی‌ باری‌ ئه‌منییه‌وه‌ وه‌ك پێویست نه‌یانتوانیوه‌ پرۆژه‌كان له‌نه‌ینه‌وا ببه‌نه‌ پێشه‌وه‌‌و وتی‌ "ده‌بێت ژینگه‌یه‌كی‌ گونجاو بۆ ئه‌و كاره‌ هه‌بێت، ئه‌وكات وه‌زاره‌تیش هاوكار ده‌بێت له‌دروستكردنی‌ پاڵاوگه‌كه‌".

له‌باره‌ی‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وته‌وه‌ حه‌مادی‌ سوڵتان سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ وه‌زاره‌ت پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌یاسای‌ ژماره‌ 48ی‌ ساڵانی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو، به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌و یاسایه‌ رێده‌گرێت له‌ده‌رهێنانی‌ به‌رهه‌مه‌ هایدرۆ كاربۆنییه‌كان‌و وتی‌ "ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا ده‌سه‌ڵاتی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وتی‌ نه‌داوه‌ته‌ پارێزگار، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ بواری‌ نه‌وتی‌ پێداوه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێی‌ یاسا رێكخراوه‌".

حه‌مادی‌ سوڵتان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ماوه‌ی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سێ‌ ساڵ‌ ده‌خایه‌نێت‌و ده‌بێت له‌هه‌موو قۆناغه‌كاندا پارێزگار ورده‌كاری‌ گفتوگۆكان بگه‌ێنێته‌وه‌ به‌ئه‌نجوومه‌ن‌و به‌وردی‌ چاودێری‌ بكرێت، هه‌روه‌ها وتی‌ "ته‌نها په‌رله‌مان بۆی‌ هه‌یه‌ تانه‌ له‌بڕیاره‌كانی‌ ئێمه‌ بدات‌و ئه‌وه‌ش دادگای‌ فیدراڵی‌ یه‌كلایی‌ ده‌كاته‌وه‌".

مه‌سه‌له‌ی‌ دروستكردنی‌ پاڵاوگه‌ له‌خولی‌ پێشووی‌ ئه‌نجومه‌ندا ناكۆكییه‌كی‌ قوڵی‌ له‌نێوان ئه‌نجومه‌ن‌و پارێزگاردا دروست كرد، چونكه‌ ئه‌وكات نه‌یاره‌كانی‌ پارێزگار رایانگه‌یاند جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای‌ كارا گروپی‌ كوردییه‌وه‌و له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ به‌هه‌ده‌ردانی‌ سامانی‌ ناوچه‌كه‌، هاوكات رۆڵی‌ كورد له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ به‌هێزتر ده‌كات.

له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ دووجاری‌ تر ئه‌نجومه‌ن رازی‌ نه‌بووه‌ ده‌نگ به‌پرۆژه‌كه‌ بدات، به‌ڵام ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ به‌پشت به‌ستن به‌و بیرۆكه‌یه‌ی‌ پرۆژه‌كه‌ پلانێكی‌ ستراتیژی‌ سودبه‌خشه‌ ده‌نگی‌ پێداو سێ‌ بڕیاری‌ له‌باره‌وه‌ ده‌كرد، به‌ڵام شوێنی‌ دروستكردنی‌ پاڵاوگه‌كه‌ دیاری‌ نه‌كرا تا كێشه‌ی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان سه‌ر هه‌ڵنه‌داته‌وه‌.

بڕیاری‌ دیاریكردنی‌ شوێنی‌ پاڵاوگه‌كه‌ به‌جێهێڵدراوه‌ بۆ لایه‌نی‌ وه‌به‌رهێن هه‌تا باشترین جێگا بۆ كاره‌كه‌ی‌ خۆی‌ دیاری‌ بكات.

پێشتریش له‌ساڵی‌ 2012 چه‌ند گرێبه‌ستێكی‌ دروستكردنی‌ پاڵاوگه‌ خۆانه‌ روو، به‌ڵام ئه‌وكات هه‌موو هه‌وڵه‌كان ره‌تكرانه‌وه‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پارێزگاریش ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات هۆكاره‌كانی‌ سیاسی‌ بوون.

گرێبه‌ستی‌ یه‌كه‌م له‌لایه‌ن كۆمپانیای‌ كارا گروپ خرایه‌ روو كه‌ باره‌گه‌كای‌ له‌هه‌ولێره‌و پێشنیاری‌ كردبوو له‌ناوچه‌ی‌ مه‌خمور پاڵاوگه‌یه‌ك دروست بكات، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا ره‌تیكرده‌وه‌، هه‌مان كۆمپانیا گرێبه‌ستێكی‌ تری‌ خسته‌روو بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌خۆرئاوای‌ موسڵ‌ ئه‌و كاره‌ بكات، به‌ڵام دیسان ره‌تكرایه‌وه‌.

له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردووی‌ ئه‌مساڵدا نه‌ینه‌وای‌ رووبه‌رووی‌ قه‌یرانێكی‌ قوڵی‌ سوته‌مه‌نی‌ بووه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ زیاتر له‌جاران باس‌و خواسی‌ دروستكردنی‌ ئه‌و پاڵاوگه‌یه‌ هاته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام جگه‌ له‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند ناڕازییه‌، هاوكات ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسی‌ ئه‌منیدایه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ماوه‌ی‌ رابردوو ته‌قینه‌وه‌ له‌هه‌ردوو كێڵگه‌ی‌ نه‌جمه‌و قیاره‌ روویانداو ئاگرێكی‌ گه‌وره‌یان تیا كه‌وته‌وه‌‌و پرسیاری‌ ئه‌وه‌ هاته‌ ئاراوه‌ چه‌نده‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌توانن پرۆژه‌كانی‌ نه‌وت بپارێزن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌