راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

موڵك‌و ماڵی‌ عێراق رووی‌ له‌جۆرجیا كردووه‌

ئەحمەد روبێعی
له‌كاتێكدا حكومه‌تی‌ عێراقی‌ له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دایه‌ هانی‌ وه‌به‌رهێنه‌ بیانییه‌كان بدات بێنه‌ عێراقه‌وه‌، كه‌چی‌…
31.10.2013  |  به‌غدا
\\\
\\\"Pearl of the Caucasus\\\": a view of the Georgian capital, Tbilisi.

تائێستا عێراق خاوه‌نی‌ چه‌ند یاسایه‌كه‌ له‌باره‌ی‌ وه‌به‌رهێنان‌و بازرگانییه‌وه‌ كه‌ دیارترینیان یاسای‌ ژماره‌ی‌ 13ی‌ ساڵی‌ 2006و دواتر هه‌مواركرایه‌وه‌ به‌یاسای‌ ژماره‌ (2)ی‌ ساڵی‌ 2010، له‌ناوه‌ڕۆكدا كاری‌ ئه‌م یاسایانه‌ ئه‌وه‌یه‌ هانی‌ وه‌به‌رهێنان بدات له‌وڵاتدا، به‌ڵام پێده‌چێت باره‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بووبێته‌وه‌.

مدیان كازمی‌ یه‌كێكه‌ له‌وه‌به‌رهێًنه‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ به‌غدا، به‌م دواییه‌ ئه‌ویش بارگه‌و بنه‌ی‌ پێچایه‌وه‌و رووی‌ له‌بازاڕی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ جۆرجیا كرد.

كازمی‌ له‌یه‌كێك له‌كۆنگره‌ ئابورییه‌كانی‌ به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند له‌جۆرجیا ئاسانكاری‌ زۆری‌ بۆ كراوه‌ دوور له‌و بیرۆكراتییه‌ته‌ی‌ له‌عێراقی‌ تووشی‌ هاتووه‌، بۆیه‌ روویكردووه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌.

كازمی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ روو له‌پرۆژه‌كانی‌ عێراقدا تووشی‌ سه‌رئێشه‌ی‌ زۆر بووه‌ "به‌هۆی‌ نه‌شاره‌زایی‌ به‌رپرسانی‌ بواری‌ وه‌به‌رهێنان، ئه‌مه‌ش كاره‌كه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ ئاڵۆز كردووه‌".

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ عیماد نازمیش ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات "تاپۆكردنی‌ زه‌وییه‌كه‌و پێدانی‌ مافی‌ مانه‌وه‌و نه‌بوونی‌ باج‌و كه‌شی‌ گونجاو بۆ وه‌به‌رهێنان" هانی‌ داون روو له‌و وڵاته‌ بكه‌ن.

نازم كه‌ له‌كه‌رتی‌ كشتوكاڵ‌‌و سامانی‌ ئاژه‌ڵی‌ كارده‌كات ده‌ڵێت "به‌هۆی‌ یاسا تونده‌كانی‌ عێراق له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا زیانی‌ گه‌وره‌م پێگه‌یشت". ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ روو كه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌جۆرجیا كارئاسانی‌ زۆری‌ بۆ كراوه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌و بواره‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌كه‌رتی‌ كشتوكاڵ‌‌و سامانی‌ ئاژه‌ڵییه‌وه‌ هه‌یه‌.

ده‌سته‌ی‌ نیشتیمانی‌ وه‌به‌رهێنان به‌رپرسی‌ یه‌كه‌م‌و كۆتایی‌ ئه‌و بواره‌یه‌ له‌عێراقداو ئه‌ركی‌ خولقاندنی‌ كه‌شی‌ گونجاو بۆ وه‌به‌رهێنان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌و ده‌سته‌یه‌ به‌پێی‌ یاسای‌ ژماره‌ 13 پێكهاتووه‌‌و كۆی‌ پلانی‌ ئه‌و كه‌رته‌ گرنگه‌ ده‌كه‌وێته‌ لای‌ ئه‌و.

سامر عه‌زاوی‌ هه‌مان بۆچوونی‌ مدیان‌و عیمادی‌ هه‌یه‌و ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ روو كه‌ له‌جۆرجیا كارئاسانی‌ زۆر بۆ وه‌به‌رهێنه‌ عێراقییه‌كان ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و له‌به‌ر "شێوانی‌ باری‌ ئه‌منی‌ نه‌ك قازانجی‌ مادی‌" سامانه‌كه‌ی‌ بردووه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌.

عه‌زراوی‌ بۆ "نیقاش"ی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و خاوه‌نی‌ كارگه‌یه‌كی‌ بچووكی‌ ئاسن‌و پۆڵا بووه‌‌و له‌عێراق دوو ئه‌وه‌نده‌ی‌ جۆرجیای‌ ده‌ست كه‌وتووه‌، به‌ڵام كاتێك منداڵه‌كه‌ی‌ رفێندراوه‌و ناچاركراوه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆر بدات بۆ ئازادكردنی‌، ئیتر عێراقی‌ جێهێشتووه‌.

له‌پاش شێوانی‌ باری‌ ئه‌منی‌ ده‌یان وه‌به‌رهێنه‌ر‌و بازرگان رووبه‌رووی‌ كوشتن‌و رفاندن هه‌ڕه‌شه‌لێكردن‌و لێسه‌ندنی‌ سه‌رانه‌ بوونه‌وه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ به‌شێكی‌ به‌رچاویان عێراقیان جێهێشت.

فورات شه‌رع په‌رله‌مانتاری‌ كوتله‌ی‌ مواتین هۆشیاری‌ ئه‌وه‌یدا كه‌ كۆچكردنی‌ وه‌به‌رهێنه‌كان چه‌نده‌ له‌سه‌ر ئابوری‌ عێراق مه‌ترسیداره‌‌و داوایكرد وه‌به‌رهێنه‌ خۆماڵییه‌كان رۆڵیان هه‌بێت له‌بوژاندنه‌وه‌ی‌ ئابوری‌‌و به‌شداریكردن له‌چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ نیشته‌جێبوون‌و كارابوونی‌ بواری‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و داوای‌ له‌حكومه‌تیش كرد "رێوشوێنی‌ توند دابنرێت بۆ نه‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سه‌رمایه‌و خولقاندنی‌ كه‌شێكی‌ له‌بار بۆ وه‌به‌رهێنان".

به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ خالید ته‌میمی‌ پسپۆڕی‌ یاسایی‌ ئه‌و رێشوێنه‌ی‌ فورات شه‌رع باسی‌ ده‌كات سه‌رگرتنی‌ زه‌حمه‌ته‌.

ته‌میمی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند هیچ ماده‌یه‌ك له‌یاسای‌ مه‌ده‌نی‌ عێراقیدا نییه‌ رێگه‌بدات به‌رۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بازرگانه‌كان‌و وه‌به‌رهێنان له‌ده‌ره‌وه‌، ته‌نها پاره‌ی‌ ئه‌و سیاسییانه‌ رێی‌ لێده‌گیرێت كه‌ له‌لێكۆڵینه‌وه‌دا ده‌بن.

ته‌میمی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌روو زۆربه‌ی‌ حه‌واڵه‌و بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پاره‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ "سپیكردنه‌وه‌ی‌ پاره‌"دایه‌ كه‌ ده‌بێت بانكی‌ ناوه‌ند به‌وردی‌ چاودێری‌ بكات.

به‌پێی‌ راپۆرتی‌ ناوه‌نده‌ ئابورییه‌كانی‌ عێراق ئه‌م كۆچكردنه‌ ته‌نها سه‌رمایه‌دارانی‌ نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو گه‌یشتووه‌ به‌هاوڵاتیانی‌ ئاساییش، به‌وه‌ی‌ موڵك‌و ماڵه‌كانیان فرۆشتووه‌و رویان كردووته‌ كڕینی‌ خانوو له‌جۆرجیا به‌و پێیه‌ی‌ له‌وێ‌ هه‌رزانتره‌و له‌كاتی‌ وه‌رزی‌ گه‌شتیاری‌ ده‌یده‌نه‌ كرێ‌.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ ماجید سوه‌ری‌ توێژه‌ری‌ ئابوری‌ هۆكاری‌ هه‌ڵاتنی‌ سه‌رمایه‌دارانی‌ گێڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێ‌ لایه‌نی‌ سیاسی‌ ده‌ست رۆیشتوو ده‌یانه‌وێت وه‌به‌رهێنه‌كان راوبنێن‌و "ته‌نها قازانج بۆ خۆیان بێت".

سوه‌ری‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ هه‌ندێ‌ لایه‌نی‌ سیاسی‌ كرد كه‌ ناوی‌ نه‌هێنان به‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیای‌ بازرگانی‌ وڵاتانی‌ تردا ده‌ستیان تێكه‌ڵ‌ كردووه‌‌و نایانه‌وێت وه‌به‌رهێنان له‌بواری‌ كه‌رته‌كانی‌ پیشه‌سازی‌‌و كشتوكاڵدا بگه‌شێته‌وه‌.

له‌جۆرجیا بواری‌ وه‌به‌رهێنانی‌ خانوبه‌ره‌‌و ئاسن‌و پۆڵا له‌گه‌شه‌ی‌ به‌رده‌وامدا‌و كه‌شو هه‌وا گونجاوه‌كه‌ی‌ وایكردووه‌ به‌ئاسانی‌ به‌روبومی‌ كشتوكاڵی‌ تیا پێبگات به‌تایبه‌تی‌ چا، به‌جۆرێك كه‌رتی‌ كشتوكاڵی‌ نزیكه‌ی‌ 32%ی‌ به‌رهه‌می‌ نیشتیمانی‌ پێكده‌هێنێت‌و پیشه‌سازیش به‌رێژه‌ی‌ 23% به‌شداریكردووه‌.

جیهاد روبێعی‌ رۆژنامه‌نووسی‌ ئابوری‌ پێی‌ وایه‌ یاسای‌ وه‌به‌رهێنان "ناڕه‌وایه‌" هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكاری‌ كۆچكردنی‌ سه‌رمایه‌داران بووه‌.

روبێعی‌ ده‌ڵێت "وه‌به‌رهێنه‌ خۆماڵییه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ده‌رفه‌تێك كۆچ ده‌كه‌ن هه‌تا له‌ده‌ست یاسا ناڕاسته‌كان هه‌ڵبێن".

ره‌خنه‌ی‌ له‌به‌شێك له‌ماده‌كانی‌ یاسای‌ وه‌به‌رهێنانیش گرت به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌سه‌پاندنی‌ باجه‌وه‌ هه‌یه‌‌و به‌و هۆیه‌وه‌ وه‌به‌رهێنه‌كان بێزار بوون.

جه‌میل ئه‌نتوانی‌ پسپۆڕی‌ ئابوری‌ هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ‌ بۆچوونه‌كه‌ی‌ روبێعیدا‌و رونیده‌كاته‌وه‌ لاوازی‌ یاسای‌ وه‌به‌رهێنان ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ خولقاندووه‌.

ئه‌نتوان بۆ "نیقاش"ی‌ باسكرد كه‌ ئه‌و یاسایه‌، یاسایه‌كی‌ دینامیكییه‌‌و ده‌كرێت به‌پێی‌ بارودۆخ هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ هه‌موار بكرێنه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌بواری‌ وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ هه‌یه‌، هاوشێوه‌ی‌ یاسای‌ تۆماری‌ كۆمپانیاكان‌و یاسای‌ كارو چاودێری‌ دارایی‌.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ بیرۆكراتیه‌ت‌و رۆتین وایكردووه‌ وه‌به‌رهێنه‌كان كۆچ بكه‌ن‌و ده‌ڵێت "نا ماقوڵه‌ وه‌رگرتنی‌ مۆڵه‌تی‌ وه‌به‌رهێنان ساڵێك یان دوو ساڵی‌ پێبچێت".

له‌كۆتایی‌ ساڵی‌ 2011 حكومه‌تی‌ جۆرجیا رایگه‌یاند كه‌ رێگه‌ ده‌دات به‌عێراقییه‌كان بچنه‌ خاكه‌كه‌یه‌وه‌و به‌بێ‌ فیزا 360 رۆژ بمێننه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌پێی‌ یاسای‌ جۆرجی‌ مافی‌ مانه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وامیان پێده‌درێت.

به‌پێی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ به‌سه‌ر بازاڕی‌ لۆكاڵی‌‌و عه‌ره‌بیشدا هاتووه‌، ئیتر وه‌به‌رهێنه‌ عێراقییه‌كان رویانكرده‌ وڵاتانی‌ جۆرجیاو مالیزیاو سه‌رایڤۆو بۆسنه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌بواری‌ وه‌به‌رهێنان، له‌كاتێكدا پێشتر ئه‌و پارانه‌یان له‌وڵاتانی‌ كه‌نداو ساغ ده‌كرده‌وه‌.

بارودۆخی‌ جۆرجیا ئێجگار له‌عێراق باشتر نییه‌، له‌كاتێكدا پێشتر لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌ریخستووه‌ كه‌ چه‌ند وه‌به‌رهێنێكی‌ عێراقی‌ له‌و وڵاته‌ رفێنراون، به‌ڵام سه‌رمایه‌داره‌ عێراقییه‌كان ده‌ستیان له‌وێ‌ نابێته‌وه‌.