راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عێراق له‌نێوان لیستی‌ هه‌ژارو ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندا

ئەحمەد روبێعی
تۆماركردنی‌ ناوی‌ "موسعه‌ب‌و عه‌ممارو محه‌مه‌د" له‌ناو لیستی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌خوار هێڵی‌ هه‌ژارییه‌وه‌ن هاوكات بوو…
26.09.2013  |  به‌غدا
While wealthy Iraqis live in luxury, those living below the poverty line live in shacks.
While wealthy Iraqis live in luxury, those living below the poverty line live in shacks.

له‌ناو لیستی‌ (ولس - ئێكس) بۆ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، ناوی‌ عێراق له‌پله‌ی‌ شه‌شه‌می‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا هاتووه‌، به‌جۆرێك سه‌رمایه‌ی‌ هه‌ر یه‌كێك له‌وانه‌ی‌ له‌لیسته‌كه‌دا هه‌ن له‌سه‌روو (30) ملیۆن دۆلاره‌وه‌یه‌.

هه‌رچی‌ ئه‌و روپێوییه‌شه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان له‌ساڵی‌ 2012 بۆ خوار هێڵی‌ هه‌ژاری‌ ئاماده‌ی‌ كردووه‌، ده‌ریخستووه‌ كه‌ له‌سه‌دا 19ی‌ دانیشتوانی‌ عێراق له‌خوار هێڵی‌ هه‌ژارییه‌وه‌ن، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ بێوه‌ژن‌و بێباوك‌و بێكاران.

موسعه‌ب حه‌مید كه‌ ناوی‌ له‌نێو لیستی‌ هه‌ژاره‌كاندا هاتووه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ له‌كارێكی‌ زۆر گران ده‌ستمان ده‌كه‌وێت، به‌زه‌حمه‌ت به‌شی‌ خێزانه‌ هه‌شت كه‌سییه‌كه‌مان ده‌كات".

هه‌روه‌ها باس له‌ژیانی‌ هه‌ژاران ده‌كات‌و ده‌ڵێت "زۆربه‌ی‌ خێزانه‌كانمان ئاو ده‌كوڵێنین‌و بڕێك ئاردی‌ تێده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیده‌ین به‌منداڵه‌كانمان، حكومه‌تیش هیچ پاڵپشتییه‌كمان ناكات".

زیادبوونی‌ موڵك‌و ماڵی‌ سیاسه‌تمه‌دارو خێزانه‌كانیان له‌ناو بانكه‌ جیهانییه‌كان وایكردووه‌ ببنه‌ ركابه‌ری‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی‌ جیهان له‌رووی‌ پرۆژه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان‌و خانوبه‌ره‌ له‌وڵاتانی‌ كه‌نداوو ئه‌وروپا.

عه‌مار حه‌سه‌ن كه‌ ئه‌ویش له‌تۆماره‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلانداناندا ناوی‌ هه‌یه‌ بۆ هاوڵاتیانی‌ هه‌ژار، ئێستا چووته‌ ناو لیستی‌ ستراتیژی‌ وه‌زاره‌ت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ژاری‌، كه‌چی‌ بارودۆخی‌ وه‌ك خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌.

عه‌مار ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئاسووده‌ بووه‌ به‌وه‌ی‌ زانیوێـی‌ پلانی‌ نه‌هێشتنی‌ هه‌ژاری‌ گرتوێتییه‌وه‌و ده‌ڵێت "من‌و زۆرێكی‌ هاوشێوه‌ی‌ من هیچ ده‌رفه‌تێكی‌ گوزه‌رانی‌ باشمان نییه‌".

محه‌مه‌د هادی‌ هاوشێوه‌ی‌ ئه‌و ناوی‌ له‌لیسته‌كه‌دا هاتووه‌و ده‌ڵێت "هه‌موو عێراقییه‌كان ده‌زانن له‌م رۆژه‌دا كێ‌ ده‌توانێت پاره‌یه‌كی‌ زۆر كۆبكاته‌وه‌، چونكه‌ كه‌سانێك پێگه‌ی‌ سیاسی‌ خۆیان به‌كارده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌دان پرۆژه‌ی‌ حكومی‌ بگرنه‌ ده‌ست‌و موڵك‌و ماڵێكی‌ زۆر به‌ده‌ست بهێنن".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ده‌بێت پلانێك هه‌بێت بۆ هاوسه‌نگی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، ناكرێت هه‌موو سه‌روه‌تی‌ وڵات بچێت بۆ كه‌سانێك‌و زۆربه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ تر لێی‌ بێبه‌ش بن".

وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان ئاماده‌ نییه‌ هیچ لێدوانێك له‌باره‌ی‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ (ولس - ئێكس)ی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاته‌وه‌ بدات، له‌مڕووه‌وه‌ عه‌بدولزه‌هره‌ هینداوی‌ وته‌بێژی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ وتی‌ ناتوانێت هیچ شتێك له‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌ بڵێت چونكه‌ "ره‌نگه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ هه‌بێت‌و نامانه‌وێت بچینه‌ ناو ئه‌و باسه‌وه‌".

به‌ڵام هینداوی‌ له‌باره‌ی‌ پلانی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ژاری‌ بۆ "نیقاش" قسه‌ی‌ كردوو وتی‌ "پلانی‌ دارایی‌ ته‌واو بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌، چونكه‌ بۆ ساڵی‌ 2013 ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ 476 ملیار دینار تێپه‌ڕی‌ نه‌كردووه‌".

هه‌روه‌ها وتی‌ "پرۆسه‌ی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ژاری‌ هه‌وڵی‌ چڕوپڕی‌ حكومه‌تی‌ ده‌وێت كه‌ ده‌بێت هه‌موو كه‌رته‌كانی‌ ته‌ندروستی‌‌و خوێندن‌و پیشه‌سازی‌‌و كارو ته‌نانه‌ت كه‌رتی‌ تایبه‌یش تیایدا هاوبه‌ش بن"، ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سوودی‌ له‌ته‌واوی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بینیوه‌ كه‌ بۆی‌ ته‌رخان كراوه‌.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ د. مه‌یسه‌م لعێبی‌ مامۆستای‌ ئابوری‌ زانكۆی‌ موسته‌نسرییه‌ هۆكاری‌ هه‌ڵكشانی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی‌ عێراقی‌ گێڕایه‌وه‌ بۆ دروستبوونی‌ دیارده‌یه‌ك له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دواییدا كه‌ ئه‌و ناوینا "هاوسه‌رگیری‌ نێوان بازرگان‌و سیاسه‌ت".

لوعێبی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "جیاوازییه‌كی‌ زۆر له‌دابه‌شكردنی‌ ساماندا هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئابوری‌ عێراق له‌سه‌ر نه‌وته‌و زۆربه‌ی‌ داهاته‌كه‌شی‌ بۆ سیاسه‌تمه‌داره‌كانه‌ له‌رێی‌ ناشارعییه‌وه‌".

داوایشیكرد حكومه‌ت باجی‌ سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان زیاد بكات "بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌روه‌ت‌و سامان ته‌نها له‌ده‌ست چه‌ند كه‌سێكدا نه‌مێنێته‌وه‌".

له‌مڕووه‌وه‌ فه‌رهاد ئه‌تروشی‌ په‌رله‌مانتاری‌ كورد ئه‌وه‌ی‌ به‌دوور نه‌زانی‌ كه‌ هه‌ندێ‌ لایه‌نی‌ سیاسی‌ پێگه‌ی‌ خۆیان بۆ ده‌ستكه‌وتنی‌ سامان به‌كاربهێنن له‌رێی‌ ئه‌نجامدانی‌ كاری‌ به‌ڵێنده‌رایه‌تییه‌وه‌.

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بودجه‌ی‌ عێراق بودجه‌یه‌كی‌ هه‌ڵاوساوه‌و له‌رێی‌ كه‌ناڵه‌كانی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ سوودی‌ لێ‌ ده‌بینرێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا كێشه‌ی‌ هاوڵاتیان له‌گه‌ڵ‌ خزمه‌تگوزاری‌ رووی‌ له‌زیادبوونه‌.

نیقاش هه‌وڵیدا ناوی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی‌ ده‌ست بكه‌وێت كه‌ له‌لیسته‌كه‌ی‌ (ولس - ئێكس)دا تۆماركراوه‌، به‌ڵام ناوی‌ هیچیان نه‌هاتبوو، ره‌نگه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ش په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ ئه‌نجامده‌رانی‌ تۆماره‌كه‌ له‌باری‌ ئه‌منی‌‌و كێشه‌كانی‌ عێراق تێگه‌یشتبن بۆیه‌ به‌شاراوه‌یی‌ هێشتیانه‌وه‌.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ عامر فایز ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ ئابوری‌ وه‌به‌رهێنانی‌ په‌رله‌مان داوای‌ له‌حكومه‌ت كرد پلانێكی‌ ئابوری‌ تۆكمه‌تر دابڕێژرێت‌و هه‌وڵه‌كانی‌ له‌بواری‌ به‌رهه‌م چڕتر بكاته‌وه‌ "به‌ئامانجی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ داهاتی‌ زیاتر بۆ چینی‌ مامناوه‌ندو كاركه‌ر".

فایز جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كرانه‌وه‌ی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌ عێراق له‌پاش 2003وه‌ رۆڵی‌ هه‌بووه‌ له‌چالاككردنی‌ بواری‌ بازرگانی‌‌و ئابوری‌، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی‌ داوه‌ به‌چه‌ندین كه‌سی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌ تا په‌ره‌ به‌سامانه‌كه‌یان بده‌ن.