راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كوردستان ئارامی‌‌و هه‌ڵكشانی‌ ئابوری‌ به‌رده‌وام

حه‌یده‌ر نه‌جم
كاتێك كه‌ گوێت له‌ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌ نه‌بوو، هه‌موو شه‌قامه‌كان به‌خاڵی‌ پشكنین نه‌ته‌نرابوو، كه‌ ئارامی‌ به‌رپابوو…
15.08.2013  |  هه‌ولێر

پێت سه‌یر نه‌بێت كه‌ لێره‌ سه‌ربازه‌كان مۆڕه‌ له‌خه‌ڵكی‌ نه‌كه‌ن‌و په‌نجه‌یان له‌سه‌ر په‌له‌پیتكه‌ی‌ تفه‌نگه‌كه‌یان نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌م چه‌ند شاره‌ی‌ هه‌رێم ته‌واو جیاوازن له‌تێكڕای‌ شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق، ئه‌وانه‌ی‌ گیرۆده‌ی‌ باری‌ نائارامی‌ ئه‌منی‌ بوون.

ئاسمانی‌ ئه‌م شارانه‌ پڕی‌ نییه‌ له‌فرۆكه‌ی‌ هێلیكۆپته‌ری‌ سه‌ربازی‌، له‌كاتێكدا هه‌موو رۆژێك ئه‌م دیمه‌نه‌ له‌سه‌ر به‌غداو شاره‌كانی‌ تری‌ ناوه‌ڕاست‌و خواروو دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌.

زۆربه‌ی‌ پیاوانی‌ ئاسایش له‌م سێ‌ شاره‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ "پیشه‌یی‌"‌و "رێكوپێك" له‌گه‌ڵ‌ هاوڵاتیان‌و سه‌ردانكه‌ران هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن‌و زۆر جیاوازن له‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ی‌ له‌سه‌ر خاڵه‌كانی‌ پشكنینی‌ شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق راوه‌ستاون.

له‌رابردوودا زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌رێی‌ وشكانییه‌وه‌ سه‌ردانی‌ هه‌رێمیان ده‌كرد، ره‌خنه‌ی‌ زۆریان هه‌بوو له‌مامه‌ڵه‌ی‌ "توند"ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، به‌ڵام وه‌ك مولازمێك له‌خاڵی‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌ی‌ هه‌ولێر وتی‌ "ئێستا وه‌ك جاران نه‌ماوه‌و ئه‌وه‌ بووه‌ به‌به‌شێك له‌رابردوو"، مولازمه‌كه‌ له‌و كاته‌دا ئه‌و قسانه‌ی‌ ده‌كرد كه‌ ته‌ماشای‌ لیستی‌ هاتوانی‌ به‌غدای‌ ده‌كرد له‌پشووی‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زاندا.

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ كه‌ به‌عه‌ره‌بییه‌كی‌ باش قسه‌ی‌ ده‌كرد خه‌تای‌ حاڵه‌ته‌كه‌ی‌ ده‌خسته‌ ئه‌ستۆی‌ "ره‌فتاری‌ تاكه‌ كه‌سی‌ به‌شێك له‌و كارمه‌ندانه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ باش نازانن، به‌ڵام پاش رێنماییه‌ نوێیه‌كان هیچ حاڵه‌تێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ نه‌ماوه‌".

ئه‌و رێنماییه‌ نوێیانه‌ بریتین له‌دامه‌زراندنی‌ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ باش ده‌زانن له‌خاڵه‌كانی‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌و كارئاسانی‌ بۆ سه‌ردانكه‌ران‌و دوانه‌خستنیان.

هه‌ر كه‌ رێوشوێنه‌كانی‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌ ته‌واو ده‌بن‌و به‌پاسێك به‌ره‌و ناوجه‌رگه‌ی‌ هه‌ولێر به‌رێده‌كه‌ویت، یه‌كسه‌ر ئه‌و وێنه‌یه‌ت له‌لا ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ كه‌ له‌به‌شه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی‌ عێراق له‌لای‌ خۆت دروستت كردووه‌.

له‌بری‌ دیمه‌نی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌‌و ماڵوێرانی‌، ئاوه‌دانی‌‌و یاسا باڵی‌ كێشاوه‌ به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌ی‌ خۆی‌ ئاماده‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ پایته‌ختی‌ گه‌شتیاری‌ عه‌ره‌ب.

له‌هه‌ولێر هه‌ر رۆژه‌و بینایه‌ك به‌ئاسماندا ده‌چێت، رێوبانه‌كان پڕبوون له‌باخچه‌ی‌ جۆراوجۆرو چه‌ندین شوێنی‌ یاری‌‌و گازینۆی‌ خۆرئاوایی‌ لێكراوه‌ته‌وه‌.

به‌رپرسانی‌ ئه‌م شاره‌ له‌بیری‌ ئه‌وه‌دان هه‌ولێر بكه‌نه‌ شارێكی‌ هاوشێوه‌ی‌ دوبه‌ی‌ له‌رووی‌ گه‌شتیاری‌‌و ئابوری‌‌و ئاوه‌دانییه‌، ئه‌م قسه‌یه‌ش زۆر به‌روونی‌ له‌زاری‌ نه‌وزاد هادی‌ پارێزگاره‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌.

نه‌وزاد هادی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "هه‌ولێر له‌گه‌شه‌ی‌ به‌رده‌وامدایه‌، ده‌مانه‌وێت سوود له‌ئه‌زموونی‌ شاره‌ پێگه‌یشتووه‌كانی‌ دونیا ببینین‌و به‌رده‌وام هه‌نگاوی‌ زیاتر هه‌ڵبهێنین".

نه‌وزاد هادی‌ ده‌ڵێت "حكومه‌تی‌ هه‌رێم گرنگی‌ تایبه‌ت به‌كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ ده‌دات‌و بودجه‌یه‌كی‌ زۆر بۆ ئه‌و بواره‌ ته‌رخانكراوه‌، تا هه‌ولێر له‌ئاست ناوبانگی‌ پایته‌ختی‌ گه‌شتیاری‌ عه‌ره‌بیدا بێت".

وه‌ك هێمایه‌كیش بۆ ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌، ئێستا هه‌ولێر پڕبووه‌ له‌وه‌به‌رهێنی‌ لوبنانی‌‌و بزنسه‌كه‌یان له‌و شاره‌ كوردییه‌ خستووه‌ته‌ گه‌ڕ.

رۆژێك به‌ڕێناكه‌یت ئه‌گه‌ر گه‌نجێكی‌ لوبنانی‌ له‌هۆتێلێك یان ناوه‌ندێكی‌ جوانكاری‌‌و ته‌ندروستی‌ نه‌بینیت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌چێشتخانه‌و مۆڵه‌كان، له‌پاڵ‌ ئه‌مانه‌شدا چه‌ندین ناوه‌ندی‌ هونه‌ری‌ لوبنانی‌ له‌كوردستان كراونه‌ته‌وه‌و چالاكی‌ به‌رده‌وامیان هه‌یه‌.

ئێستا لوبنانیه‌كان له‌هه‌ولێر له‌كێبڕكێدان له‌گه‌ڵ‌ توركه‌كان، كه‌ ئه‌وانیش زۆر به‌توندی‌ رۆچوونه‌ته‌ كه‌رته‌ جیاوازه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌وه‌، هه‌ر له‌بواری‌ جل‌و به‌رگ‌و خۆراك تا ده‌گاته‌ ئاستی‌ بیناسازی‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و گرێبه‌ستانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌یانه‌ له‌بواری‌ ژێرخانی‌ نیشته‌جێبوون‌و ته‌ندروستی‌‌و كاره‌باو نه‌وت.

به‌پێی‌ ئاماره‌كان ئاستی‌ وه‌به‌هێنان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ (29) ملیار دۆلار كه‌ به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م توركی‌‌و ئینجا لوبنانی‌ دێت.

له‌باره‌ی‌ هه‌ڵكشانی‌ ئاستی‌ گه‌شتیارییه‌وه‌ شه‌ماڵ‌ محه‌مه‌د یه‌كێك له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ میوانخانه‌كانی‌ هه‌رێم جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌‌و وه‌به‌رهێنان له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا زۆر به‌باشی‌ گه‌شه‌یان كردووه‌".

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ هه‌ولێر بۆ پایته‌ختی‌ گه‌شتیاری‌ عه‌ره‌بی‌ 2014، چه‌ندین پێشانگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و چالاكی‌ فۆلكلۆری‌ جۆراوجۆر له‌و شاره‌ كوردییه‌ به‌ڕیوه‌ده‌چن.

ئه‌م هه‌موو چالاكی‌‌و جموجۆڵه‌ له‌پاڵ‌ ئاوه‌دانی‌‌و جێگیری‌ باری‌ ئه‌منی‌ وایكردووه‌ كوردستان ببێته‌ جێگه‌یه‌ك بۆ حه‌وانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ به‌شه‌كانی‌ تری‌ عێراق، جا ئه‌گه‌ر بۆ سه‌یرانكردن بێت یان بۆ چاره‌سه‌رو گه‌ڕان.

به‌پێی‌ ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی‌ ده‌زگای‌ گه‌شتوگوزار له‌هاوینی‌ رابردوودا زیاتر له‌دوو ملیۆن گه‌شتیار روویان له‌هه‌رێم كردووه‌و زۆرینه‌یان عێراقی‌ بوون، پێشبینی‌ ده‌كرێت تا كۆتایی‌ هاوینی‌ ئه‌مساڵ‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ به‌رزتر ببێته‌وه‌.

هه‌ر به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ئێستا ژماره‌ی‌ هۆتێل‌و میوانخانه‌كانی‌ هه‌ولێر گه‌یشتووه‌ته‌ (570) دانه‌، كه‌ به‌شێكیان له‌ماركه‌ی‌ جیهانین‌و بڕیاره‌ تا كۆتایی‌ ئه‌مساڵ‌ بگاته‌ (600) دانه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌(45) گوندی‌ گه‌شتیاری‌.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌م كارئاسانییه‌ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی‌ گه‌شتیاری‌ له‌ناوه‌ڕاست‌و خواری‌‌و عێراقه‌وه‌ كاروانی‌ گه‌شتیاری‌ بۆ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ هه‌رێم رێكده‌خه‌ن، ئێستا له‌بری‌ سوریاو میسر هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌شتیارییه‌ی‌ پڕكردووه‌ته‌وه‌.

له‌م رۆژانه‌ی‌ هاویندا به‌ته‌نها هه‌ولێر به‌هه‌زاران گه‌شتیار رووی‌ تێكردووه‌، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ده‌ڵێن ئێستا هه‌ولێر به‌ته‌نها شاری‌ هه‌ولێرییه‌كان نه‌ماوه‌، به‌ڵكو پڕبووه‌ له‌خه‌ڵكی‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و ئاوارانه‌ی‌ له‌وڵاتانی‌ ده‌ورووبه‌ره‌وه‌ له‌ترسی‌ ئاسن‌و ئاگر هه‌ڵهاتوون.

ئه‌م ئارامی‌‌و ئاوه‌دانییه‌ به‌ته‌نها هه‌ولێری‌ نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ردوو شاری‌ سلێمانی‌‌و دهۆكیش له‌گه‌شه‌ی‌ به‌رده‌وامدان.

له‌پاڵ‌ هه‌موو ئه‌مانه‌دا هێشتا به‌شێكی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و گه‌شتیارانیش داد‌و بێدادیانه‌ به‌ده‌ست هه‌ڵكشانی‌ به‌رده‌وامی‌ نرخه‌كانه‌وه‌و داوا ده‌كه‌ن حكومه‌ت چاودێری‌ بۆ بازاڕه‌كان هه‌بێت، ته‌نانه‌ت كارگه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق له‌به‌ر گرانی‌ له‌بری‌ هه‌رێم بیر له‌ئێران‌و توركیا بكه‌نه‌وه‌.

ئه‌گه‌رچی‌ هه‌ولێرو شاره‌كانی‌ تری‌ هه‌رێم له‌چاوی‌ گه‌شتیارانه‌وه‌ گه‌شه‌ی‌ به‌رده‌وام به‌خۆوه‌ ده‌بینێ‌‌و چه‌ند هه‌نگاوێكی‌ گه‌وره‌ پێش شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق كه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ره‌خنه‌ی‌ زۆریان هه‌یه‌و پێیان وایه‌ پێشكه‌وتنی‌ شاره‌كانی‌ هه‌رێم له‌سه‌ر حیسابی‌ ئازادی‌ راده‌ربڕین بووه‌ له‌و شارانه‌دا.

ئه‌وان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زه‌حمه‌ته‌ كه‌سێك بتوانێت له‌جێیه‌كی‌ وه‌ك هه‌ولێری‌ پایته‌خت دژی‌ حكومه‌ت‌و حیزبی‌ فه‌رمانڕه‌وی‌ ئه‌و شاره‌ ناڕه‌زایی‌ ده‌رببڕێت، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ندین نموونه‌ ده‌هێننه‌وه‌، ره‌نگه‌ راپۆرته‌كانی‌ رێكخراوێكی‌ وه‌ك هیومان رایس وۆچ باشترین به‌ڵگه‌ بێت بۆ قسه‌ی‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌.

ئه‌م راپۆرته‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسێكی‌ عه‌ره‌به‌وه‌ نوسراوه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێك له‌هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌شتی‌ كردووه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌