راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌سره‌ چاوی‌ له‌سه‌ر ناوچه‌ی‌ ئازاده‌و به‌غدا رێگره‌

مورته‌زا تاڵب
پاش چه‌ند ساڵێك له‌په‌ككه‌وتن، ئێستا ناوچه‌ی‌ ئازادی‌ بازرگانی‌ زوبێر له‌نزیك به‌سره‌ گه‌رموگوڕی‌ به‌خۆوه‌ ده‌بینێ‌‌و…
1.08.2013  |  به‌سرا
Basra\\\'s busy ports attract investors to the economic free zone.
Basra\\\'s busy ports attract investors to the economic free zone.

ناوچه‌ی‌ ئازادی‌ بازرگانی‌ خور زوبێر (80 كم له‌دووری‌ به‌سره‌) ساڵی‌ 1999 به‌مه‌به‌ستی‌ راكێشانی‌ وه‌به‌رهێنه‌ عه‌ره‌ب‌و بیانییه‌كان دروستكراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ ئه‌و سه‌رده‌م‌و ئابڵوقه‌ی‌ ئابورییه‌وه‌، نه‌یتوانی‌ ئه‌و رۆڵه‌ بگێڕێت كه‌ چاوه‌ڕێی‌ لێده‌كرا.

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ عه‌لا محه‌مه‌د به‌رێوه‌به‌ری‌ ناوچه‌ی‌ ئازاد (فری‌ زۆنی‌)ی‌ زوبێر ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ر له‌ساڵی‌ 2003 به‌چه‌ندین قۆناغدا تێپه‌ڕیوه‌، سه‌ره‌تا جێگه‌یه‌ك بووه‌ بۆ وه‌به‌رهێنه‌ ساده‌ لۆكاڵییه‌كان، له‌وه‌ به‌دواوه‌و به‌تایبه‌تی‌ له‌نێوان ساڵانی‌ 2003 بۆ 2008 به‌هۆی‌ باری‌ خراپی‌ ئه‌منییه‌وه‌ بواری‌ وه‌به‌رهێنان له‌و ناوچه‌یه‌ پاشه‌كشه‌ی‌ كردووه‌، به‌ڵام له‌پاش ساڵی‌ 2009 جارێكی‌ تر به‌هۆی‌ باشبوونی‌ باری‌ ئه‌منی‌ به‌سره‌وه‌ گه‌شه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌.

عه‌لا ده‌ڵێت "به‌تایبه‌تی‌ له‌پاش مۆڵه‌تدان به‌كۆمپانیاكانی‌ بواری‌ نه‌وت ناوچه‌ی‌ ئازاد گه‌شه‌ی‌ زۆری‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان روویان تێكردووه‌"، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئێستا په‌نجا وه‌به‌رهێنی‌ گه‌وره‌ له‌و ناوچه‌یه‌ كارده‌كه‌ن كه‌ نیوه‌یان عه‌ره‌ب‌و بیانی‌‌و ئه‌وانه‌ی‌ تر عێراقین.

له‌باره‌ی‌ ئه‌و كارئاسانیانه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ ئازاد بۆ وه‌به‌رهێنه‌كانی‌ ده‌كات، ده‌ڵێت "ئه‌و وه‌به‌رهێنانه‌ له‌باج ده‌بورێن‌و كارئاسانی‌ ته‌واو له‌بواره‌كانی‌ گواستنه‌وه‌و رێگاوبان‌و خزمه‌تگوزاری‌ ده‌خرێته‌ به‌ر ده‌ستیان".

هه‌ندێ‌ له‌وانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كه‌ كارده‌كه‌ن گه‌شبینن به‌گه‌شه‌ی‌ به‌رفراوانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌و گرنگی‌ له‌پاڵپشتی‌ ئابوری‌ عێراق، ئه‌وه‌تا ئه‌ندازیار موسته‌فا حسێن جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چه‌ندین پرۆژه‌ی‌ گه‌وره‌ له‌ناوچه‌كه‌دا به‌رێوه‌یه‌، له‌وانه‌ی‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌عێراقدا به‌دی‌ ده‌كرێن.

له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "یه‌كێ‌ له‌پرۆژه‌كان كۆمپانیای‌ سكای‌ ئیتالی‌ كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كات كه‌ پێكهاتووه‌ له‌چوار عه‌مباری‌ گه‌وره‌ی‌ نه‌وت، هه‌ریه‌كه‌یان پێنج هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه‌ ده‌گرن‌و سیسته‌می‌ رێكخستن‌و باركردنیشیان تێدایه‌"، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ یه‌كه‌مین پرۆژه‌ی‌ له‌و چه‌شنه‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت ئه‌نجام بدرێت.

یه‌كێك له‌گرنگترین ئه‌و كه‌رتانه‌ی‌ ناوچه‌ ئازاد كه‌ گرنگی‌ پێده‌دات كه‌رتی‌ نه‌وته‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و به‌شه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌چاككردنه‌وه‌ی‌ بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كانه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی‌ تائێستا بۆ چاره‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كانی‌ نه‌وت ده‌نێردرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق.

له‌رووی‌ كرده‌ییشه‌وه‌ ئێستا هه‌وڵدراوه‌ شوێنگره‌وه‌ی‌ لۆجستی‌ بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ دابین بكرێت، له‌مڕووه‌وه‌ عومه‌ر لوتفی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ یه‌كێك له‌پرۆژه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ڵێت "له‌هه‌مووكات زیاتر پێویستمان به‌دروستكردنی‌ كۆمپانیای‌ پاڵپشتی‌ نه‌وته‌، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی‌ كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت ده‌سته‌ خوشكی‌ جه‌به‌ل عه‌لی‌ ئیماره‌ته‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ بۆری‌ بیریه‌ نه‌وته‌كان، له‌هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌مدا پێنج ملیۆن دۆلاری‌ ده‌وێت‌و به‌ره‌و زیاتریش ده‌ڕوات".

هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ عێراق له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا چه‌ند گرێبه‌ستێكی‌ له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای‌ بواری‌ نه‌وت ئیمزاكرد به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان.

به‌سره‌ چه‌ند كێڵگه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ نه‌وتی‌ تێدایه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ خۆرئاوای‌ قه‌رنه‌و مه‌جنون‌و رومێله‌، پسپۆڕان پێیان وایه‌ هه‌ر له‌به‌سره‌دا له‌سه‌دا 60ی‌ نه‌وتی‌ عێراق كۆبووه‌ته‌وه‌‌و ئێستاش رۆژانه‌ دوو ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ره‌وانه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كات.

به‌پێی‌ پێشبینییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌بێت هه‌تا ساڵی‌ 2017 عێراق رۆژانه‌ 12 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ره‌وانه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ بكات، به‌ڵام ئه‌و پسپۆڕانه‌ی‌ بارودۆخی‌ نائارامی‌ سیاسی‌‌و ئه‌منی‌ له‌به‌رچاو ده‌گرن، پێیان وایه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ هه‌شت ملیۆن به‌رمیل تێپه‌ڕ ناكات.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ خواستی‌ زۆر له‌سه‌ر ناوچه‌ی‌ ئازاد هه‌ڵچنراوه‌، به‌ڵام هێشتا له‌عێراقدا وه‌به‌رهێن‌و پسپۆڕه‌كان رووبه‌رووی‌ چه‌ندین كێشه‌ ده‌بنه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بائاسانی‌ ناتوانن مۆڵه‌تی‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌و مانه‌وه‌ وه‌ربگرن.

زه‌هره‌ بجاری‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ ئاماژه‌ به‌زه‌حمه‌تی‌ پێدانی‌ ڤیزا ده‌كات، پێی‌ وایه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ وه‌به‌رهێنه‌كان بێهیوا ده‌بن، بۆ ئه‌مه‌ ده‌ڵێت "جاران ته‌نها له‌رێی‌ نوسراوێكه‌وه‌ بۆ ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنان یان ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاو دیوانی‌ پارێزگار مافی‌ مانه‌وه‌ به‌و كه‌سه‌ ده‌درا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ته‌نها به‌ره‌زامه‌ندی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران ده‌بێت، ئه‌مه‌ش بۆ زه‌حمه‌تكردنی‌ كاره‌كه‌یه‌و رێ‌ له‌وه‌به‌رهێنه‌كان ده‌گرێت".

چاودێران پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت كارئاسانی‌ بۆ وه‌به‌رهێنه‌كان بكات، ئه‌وا پاڵنه‌رێكی‌ به‌هێز ده‌بێت بۆ گه‌شه‌دان به‌پیشه‌سازی‌ نه‌وت.

فه‌لاح حه‌سه‌ن پسپۆڕی‌ ئابوری‌ ده‌ڵێت "كارئاسانی‌ بۆ وه‌به‌رهێنه‌ بیانییه‌كان گرنگه‌، چونكه‌ هێشتا ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ مۆڵه‌تی‌ كاركردنیان وه‌رگرتووه‌ له‌بواری‌ نه‌وتدا، به‌ده‌ست رێگرییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن".

له‌لای‌ خۆیانه‌وه‌ به‌رپرسانی‌ ئیداری‌ له‌به‌سره‌ داوا ده‌كه‌ن حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی‌ پێدانی‌ مانه‌وه‌ی‌ كه‌سانی‌ بیانی‌ به‌وان بدات، به‌و پێیه‌ی‌ پارێزگاكه‌ كۆمپانیای‌ گه‌وره‌ی‌ نه‌وتی‌ تێدایه‌‌و پێیان وایه‌ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌ده‌ست به‌غدا، ده‌بێته‌ هۆی‌ هه‌ڵاتنی‌ وه‌به‌رهێنه‌كان له‌به‌سره‌.

ئه‌م راپۆرته‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ پرۆگرامی‌ Mentorship ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ راهێنانی‌ رۆژنامه‌نووسه‌ گه‌نجه‌كانه‌ له‌ئه‌كادیمیای‌ راگه‌یاندن – عێراق به‌هاوكاری‌ په‌یامنێرانی‌ نیقاش له‌شاره‌ جیاوازه‌كانی‌ عێراق.

راهێنه‌ر: وه‌حید غانم

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌