راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌دیمه‌شقه‌وه‌ بۆ كه‌ربه‌لا، خێزانه‌ ئه‌فغانیه‌كان به‌شوێن په‌ناگه‌دا ده‌گه‌ڕێن

محه‌ممه‌د حه‌مید سه‌واف
"له‌سه‌ر سنور گیرمان خواردبوو، ئاگری‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌پشتمانه‌وه‌ بوو، عێراقیش ده‌رگاكانی‌ به‌رووماندا داخستبوو" به‌م شێوه‌یه‌…
25.10.2012  |  كه‌ربه‌لا

سادق بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌ شه‌و له‌گه‌ڵ‌ ژنه‌كه‌یی‌‌و دوو منداڵه‌كه‌ی‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌و بیابانه‌ له‌نزیك خاڵی‌ سنوری‌ ره‌بیعه‌ ماونه‌ته‌وه‌و به‌ڕۆژیش تیشكی‌ سوتێنه‌ری‌ خۆر له‌سه‌ر سه‌ریان بووه‌ كه‌ ئێستا به‌روونی‌ شوێنه‌واره‌كه‌ی‌ به‌روخساری‌ سادقه‌وه‌ دیاره‌.

به‌هۆی‌ ئه‌و رووداوانه‌ی‌ به‌سه‌ریدا هاتووه‌ ئه‌و پێی‌ وایه‌ زۆر نزیك بووه‌ته‌وه‌ له‌مردن، تا دواجار چه‌ند پاسێك چووه‌ به‌هانایانه‌وه‌و به‌ره‌و عێراق گوێزاونیه‌وه‌، له‌مڕووه‌وه‌ سادق ده‌ڵێت "له‌و شوێنه‌ی‌ لێی‌ بووین هێرشی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان زیادی‌ كردوو هه‌ندێكیان پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌ربه‌ستی‌ سوپای‌ سوریا نه‌ما هاتنه‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌كانه‌وه‌، ئێمه‌ش رامانكرده‌ ناو مه‌زاری‌ سه‌یده‌ زه‌ینه‌ب، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ جله‌كانمان ببه‌ین له‌گه‌ڵ‌ خۆماندا، چاوه‌ڕێ بووین هه‌تا پاس بێت به‌شوێنماندا".

جارجاره‌ سادق به‌دڵێكی‌ پڕ له‌خه‌مه‌وه‌ ته‌ماشای‌ كچه‌ چوار ساڵه‌كه‌ی‌ ده‌كرد كه‌ قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ بووكه‌ڵه‌كه‌یدا ده‌كردو ده‌یوت "خه‌مت نه‌بێت، كه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ جله‌ پیسه‌كانت بۆ ئه‌گۆڕم".

له‌نێوان حه‌زی‌ كچه‌كه‌ی‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ له‌و كاته‌ی‌ له‌ناوچه‌ی‌ حوجێره‌ی‌ ریفی‌ دیمه‌شق بوون، له‌گه‌ڵ‌ درك پێكردنی‌ سادق به‌ناله‌باری‌ بارودۆخه‌كه‌و زه‌حمه‌تی‌ ده‌ربازبوونی‌ ئه‌و خێزانه‌ ئه‌فغانییه‌، كاتێكیان زانی‌ ناچار بوون بگه‌نه‌ ژووری‌ هۆتێلێكی‌ كه‌ربه‌لای‌ ناوه‌ڕاستی‌ عێراق.

حاڵی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ سادق جیاواز نییه‌ له‌و ده‌یان خێزانه‌ په‌نابه‌ره‌ ئه‌فغانیه‌ی‌ له‌ترسی‌ شه‌ڕ له‌سوریاوه‌ روویان له‌كه‌ربه‌لا كردووه‌، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌نۆ مانگه‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ چه‌كداری‌ له‌و وڵاته‌دا سه‌ریهه‌ڵداوه‌.

باقر جه‌عفه‌ر كه‌ یه‌كێكی‌ تره‌ له‌و په‌نابه‌رانه‌ ده‌ڵێت "ته‌نانه‌ت ئه‌و پاسانه‌ی‌ كه‌ پێێ‌ هاتین بۆ عێراق رووبه‌رووی‌ په‌لاماردان بوونه‌وه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ یه‌كێك له‌ئێمه‌ چه‌كی‌ پێنه‌بوو".

جه‌عفه‌ر ئه‌و كاته‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ دایكه‌ پیره‌كه‌ی‌‌و تاقه‌ خوشكه‌كه‌یدا بوو وتی‌ "له‌و كاته‌ی‌ له‌سه‌ر سنور بووین دراینه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی‌ گولله‌، ئه‌گه‌ر سوپای‌ سوریا فریامان نه‌كه‌وتایه‌، ئێستا له‌ناوچووبوین".

له‌و كاته‌وه‌ی‌ له‌نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو ده‌یان خێزانی‌ ئه‌فغانی‌ له‌ده‌ست حوكمی‌ تاڵیبان هه‌ڵهاتن، روویان كرده‌ سوریاو له‌نزیك مه‌زارگه‌ی‌ سه‌یده‌ زه‌ینه‌ب له‌ریفی‌ دیمه‌شق نیشته‌جێ‌ بوون.

ئه‌و په‌نابه‌ره‌ ئه‌فغانیانه‌ی‌ روویان له‌عێراق كردووه‌ یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین ئه‌و كێشانه‌ی‌ هاتووه‌ته‌ پێشیان ئه‌وه‌یه‌ ناتوانن گوزه‌رانیان له‌گه‌ڵ‌ گرانی‌ شارێكی‌ وه‌ك كه‌ربه‌لا بگونجێنن، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئه‌و شاره‌ به‌رده‌وام له‌وه‌رزی‌ گه‌شتیاری‌ ئاینیدایه‌و له‌رووی‌ نرخه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌و بارودۆخه‌ی‌ له‌دیمه‌شق تیایدا ده‌ژیان.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ شتێك نییه‌ رێگری‌ له‌و خێزانه‌ ئه‌فغانیانه‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا، به‌ڵام ئه‌وان خۆیان ترسیان هه‌یه‌ له‌و جموجۆڵه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هیچ رێگه‌پێدانێكی‌ ئه‌منیان بۆ نه‌كراوه‌ كه‌ رێی‌ هاتوچۆیان پێبدات له‌وڵاتێكی‌ پڕ رێوشوێنی‌ ئه‌منی‌ وه‌ك عێراق.

حه‌سه‌ن ئاخاوه‌ندو براكانی‌ ناتوانن جێگه‌یه‌ك بۆ مانه‌وه‌ی‌ خێزانه‌ حه‌وت كه‌سییه‌كه‌یان دابین بكه‌ن، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كارێكیشیان ده‌ست كه‌وتووه‌، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "كرێی‌ خانوو لێره‌ زۆر گرانه‌، بچوكترین خانوو مانگی‌ به‌ 300 هه‌زار دیناره‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ خواردن‌و خواردنه‌وه‌و پێداویستییه‌كانی‌ تر دوو ئه‌وه‌نده‌یان ده‌وێت".

ئاخاوند ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ خۆی‌‌و خێزانه‌كه‌ی‌ ناتوانن ئه‌و ژووره‌ی‌ هۆتێله‌ خۆڕاییه‌كه‌ به‌جێبهێڵن سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆر بچوكه‌و جێگایان نابێته‌وه‌.

زۆربه‌ی‌ ئه‌فغانییه‌كان له‌كه‌ربه‌لا ئه‌وه‌ ناشارنه‌وه‌ كه‌ حه‌ز ده‌كه‌ن جارێكی‌ تر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سوریا، وه‌ك ئاخاوه‌ند ده‌ڵێت "بیر له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دیمه‌شق، هه‌رچه‌نده‌ ده‌زانین بارودۆخه‌كه‌ چه‌ند خراپه‌".

ساڵی‌ 1975 حه‌سه‌ن شیرازی‌ برا گه‌وره‌ی‌ مه‌رجه‌عی‌ شیرازی‌ ئێستا پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌عێراق هه‌ڵهات به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ سزای‌ له‌سێداره‌دانی‌ بۆ ده‌رچووبوو، چووه‌ سوریاو له‌ناوچه‌ی‌ سه‌یده‌ زه‌ینه‌ب حه‌وزه‌یه‌كی‌ شیعه‌ی‌ له‌دیمه‌شق دروستكرد.

ئه‌و حه‌وزه‌یه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌یان خێزانی‌ ئه‌فغانی‌‌و عێراقی‌ كه‌ له‌وڵاتی‌ خۆیان هه‌ڵهاتبوون‌و وه‌ك "خزمه‌تكار" له‌مه‌زارگه‌ی‌ سه‌یده‌ زه‌ینه‌ب كاریان ده‌كرد.

به‌م دواییه‌ كاروانێكی‌ هاوڵاتیانی‌ ئه‌فغانی‌ كه‌ ژماره‌یان 120 كه‌س بوو رویان كرده‌ كه‌ربه‌لا كه‌ زۆرینه‌یان ژن‌و منداڵن، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند لایه‌نێكی‌ ئاینی‌ كارئاسانیان بۆ كردن بۆ گه‌یشتنه‌ ناو عێراق‌و دابینكردنی‌ شوێنی‌ مانه‌وه‌ بۆیان.

خێزانییه‌ ئه‌فغانییه‌كان پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌رێی‌ كارئاسانی‌ حكومیه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ناو عێراق‌و داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتییان كرد، به‌پێی‌ ئه‌و ئامارانه‌ی‌ له‌حه‌وزه‌ ئاینییه‌كانه‌وه‌ ده‌ست كه‌وتوون، له‌ماوه‌ی‌ چوار مانگی‌ رابردوودا 500 خێزانی‌ ئه‌فغانی‌ روویان له‌عێراق كردووه‌، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا ئاماده‌ نه‌بوو هیچ ئامارێكی‌ ره‌سمی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و ژماره‌یه‌وه‌ ئاشكرا بكات.

كاروانی‌ خێزانه‌ ئه‌فغانییه‌كان به‌ماوه‌ی‌ شه‌ش رۆژ گه‌یشته‌ كه‌ربه‌لا، پاش ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراق رێگه‌یان نه‌دا بێنه‌ ناوه‌وه‌، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی‌ مه‌رجه‌عی ئاینی‌ كه‌ربه‌لا داوای‌ له‌نوسینگه‌ی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران كرد به‌بێ‌ فیزا بێنه‌ ناو عێراقه‌وه‌.

نوسینگه‌ی‌ مه‌رجه‌عی‌ ئاینی‌ سه‌ید سادق حسێن شیرازی‌ ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌ت دروستكرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌فغانییه‌كان رێگه‌یان پێبدرێت بێنه‌ ناو عێراقه‌وه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ سه‌ید عارف نه‌سروڵا به‌رێوه‌به‌ری‌ نوسینگه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان له‌نوسینگه‌ی‌ شیرازی‌ وتی‌ "مه‌رجه‌عی‌ شیرازی‌ داوای‌ كردووه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌ناوچه‌ی‌ سه‌یده‌ زه‌ینه‌به‌وه‌ بگوێزرێنه‌وه‌ بۆ كه‌ربه‌لای‌ پیرۆز".

هه‌روه‌ها وتی‌ "كاره‌كه‌ ئاسان نه‌بوو، به‌تایبه‌تی‌ به‌هۆی‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منیانه‌ی‌ له‌سه‌ر كاروانی‌ ئه‌فغانییه‌كان بوو له‌سوریا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراق ئاماده‌ نه‌بوو رێیان پێبدات بچنه‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌".

نه‌سروڵا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌فغانییه‌كان ئه‌وه‌ بووه‌ زۆربه‌یان هیچ به‌ڵگه‌نامه‌و پاسپۆرتێكیان پێ نییه‌و مه‌رجه‌عیه‌ی‌ شیرازی‌ به‌رپرسیارێتی‌ هاتنه‌ ناو عێراقی‌ هه‌ڵگرتوون‌و له‌ناو كه‌ربه‌لا هێڵدراونه‌ته‌وه‌ به‌و پێیه‌ی‌ زۆربه‌یان شوێنكه‌وته‌ی‌ شیرازین.

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ مه‌رجه‌عیه‌ته‌كه‌ به‌هاوكاری‌ هه‌ندێ‌ ناوه‌ندی‌ ئاینی‌‌و دامه‌زراوه‌ی‌ ئه‌هلی‌ شوێنی‌ مانه‌وه‌و خواردنی‌ بۆ په‌نابه‌ره‌كان دابین كردووه‌و كاری‌ بۆ پیاوه‌كان دۆزیوه‌ته‌وه‌.