راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كه‌س پشكه‌كانی‌ بۆرسه‌ی‌ عێراق ناكرێت!

مه‌یاده‌ داوود
جاسم عه‌رادی‌ به‌چاویلكه‌یه‌كی‌ پزیشكیه‌وه‌، به‌وردی‌ ته‌ماشای‌ مۆنیته‌ری‌ په‌خشی‌ نرخی‌ پشكه‌كانی‌ ده‌كرد كه‌ به‌دیواری‌ بۆرسه‌ی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت هه‌ڵواسرابو.
13.07.2010  |  به‌غدا

عه‌رادی‌ كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ په‌نجاكاندایه‌، یه‌كێكه‌ له‌و بازرگانه‌ عێراقیانه‌ی‌ له‌نێوان ئیمارات‌و به‌غدا كار ده‌كات‌و خاوه‌نی‌ چه‌ند پشكێكه‌ له‌كۆمپانیا تۆماركراوه‌كانی‌ بازاڕی‌ دراوی‌ عێراق (بۆرسه‌). ئه‌و ته‌نها له‌و كاتانه‌دا روده‌كاته‌ بۆرسه‌ی‌ به‌غدا كه‌ به‌سه‌فه‌ر له‌ئیماراته‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ عێراق، هه‌رچی‌ كاته‌كانی‌ تره‌، بریكاری‌ بۆ خۆی‌ له‌و بازاڕه‌ داناوه‌.

به‌ده‌م قسه‌كردنه‌وه‌، عه‌رادی‌ له‌قه‌راخی‌ كورسیه‌كه‌ی‌ خۆی‌ داده‌نیشت‌و به‌بازرگانه‌كه‌ی‌ ته‌نیشتی‌ خۆی‌ ده‌وت "كه‌س له‌م بۆرسه‌یه‌دا قازانجی‌ به‌رچاو ناكات". ئه‌وجا پاڵی‌ ده‌دایه‌وه‌‌و زیاتر قسه‌كانی‌ رونده‌كرده‌وه‌ "وه‌به‌رهێنان لێره‌دا سنورداره‌‌و ژماره‌یه‌كی‌ كه‌می‌ بازرگان‌و وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ له‌خۆگرتوه‌".

پێده‌چێت پشكه‌كانی‌ عه‌رادی‌ له‌م بۆرسه‌یه‌دا قازانجێكی‌ ئه‌وتۆ نه‌كه‌ن. كێشه‌ی‌ ئه‌م بۆرسه‌یه‌ ته‌نها له‌كه‌م قازانجكردن نییه‌، به‌ڵكو درێژده‌بێته‌وه‌ بۆ "نه‌بونی‌ متمانه‌ی‌ هاوڵاتی‌ عێراق به‌بۆرسه‌‌و هێشتنه‌وه‌ی‌ پاره‌كانیان له‌بانكه‌كاندا"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ "لاوازیی‌ رۆڵی‌ وه‌به‌رهێنه‌ری‌ بیانی‌ له‌بازاڕی‌ دراوی‌ عێراق‌و جێگیرنه‌بونی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌‌و سیاسی‌‌و نه‌بونی‌ یاسای‌ رێكخه‌ر له‌بازاڕه‌كه‌دا".

ده‌ستبه‌كاربونی‌ بازاڕی‌ دراوی‌ عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ره‌تای‌ نه‌وه‌ته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردو، له‌وكاته‌دا بۆرسه‌ی‌ به‌غدای‌ پێده‌وترا‌و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ عێراقی‌ ئه‌و كاته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا.

ئه‌م بازاڕه‌ له‌ساڵی‌ 2003دا له‌پاش داگیركردنی‌ عێراق داخرا، دواتر به‌بڕیاری‌ 74ی‌ ساڵی‌ 2004 سه‌رله‌نوێ‌ له‌ژێر ناوی‌ بازاڕی‌ عێراق بۆ دراو، به‌سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌سته‌ی‌ دراو‌و به‌بێ‌ به‌شداربونی‌ گه‌وره‌ كۆمپانیا حكومیه‌كانی‌ عێراق، دامه‌زرایه‌وه‌.

له‌باره‌ی‌ لاوازیی‌‌و سنورداربونی‌ ئه‌و بۆرسه‌یه‌وه‌، ئه‌ندامی‌ یه‌كێتی‌ بریكارانی‌ عێراق، محه‌ممه‌د ئیسماعیل، رونیكرده‌وه‌ "كۆمپانیا به‌شداربوه‌كانی‌ نێو بازاڕه‌كه‌ رۆڵێكی‌ لاواز دبینن"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ "كۆمپانیا گه‌وره‌كانی‌ وه‌ك فرۆكه‌وانی‌‌و په‌یوه‌ندیه‌كان نه‌هاتونه‌ته‌ نێو بازاڕه‌كه‌وه‌".

له‌قسه‌كانیدا بۆ نیقاش، ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ هه‌ندێ‌ له‌كۆمپانیاكانی‌ نێو بازاڕی‌ دراوی‌ عێراق هه‌وڵی‌ چالاككردنی‌ خۆیان ده‌ده‌ن له‌ناو بازاڕه‌كه‌دا "پاش ئه‌وه‌ی‌ دركیان به‌وه‌كرد داهاتویان له‌و بازاڕه‌دا به‌نده‌ به‌توانا‌و رۆڵیان تێیدا"، به‌تایبه‌ت كه‌ وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ئێستادا روده‌كه‌نه‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ "خاوه‌ن پشكی‌ به‌رهه‌مهێنن، نه‌ك ئه‌وانه‌ی‌ بێبه‌رهه‌من‌و فرۆشتنیان قورسه‌".

هه‌رچی‌ له‌باره‌ی‌ بوژاندنه‌وه‌‌و چالاككردنی‌ كۆی‌ بۆرسه‌كه‌شه‌وه‌یه‌، عه‌لی‌ ئیسماعیل وتی‌ "ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌پاڵپشتی‌ مه‌عنه‌وی‌‌و یاسایی‌ وه‌ك هه‌مواركردنی‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ بونه‌ته‌ ته‌گه‌ره‌ له‌به‌رده‌م وه‌به‌هێناندا"، بۆ نمونه‌ "یاسای‌ كۆمپانیاكان كه‌ پێویسته‌ هه‌ندێ‌ له‌بڕگه‌كانی‌ هه‌مواربكرێن. هه‌روه‌ها پێویسته‌ ده‌وڵه‌ت كه‌ل‌وپه‌لی‌ سه‌ره‌تایی‌ بۆ كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌كان دابینبكات، یان به‌رهه‌مه‌كانیان بكڕێت‌و یاسای‌ پاراستنی‌ به‌كارهێنه‌ر‌و یاسای‌ گومرگ جێبه‌جێبكرێت به‌مه‌به‌ستی‌ پاراستنی‌ به‌رهه‌می‌ ناوخۆیی‌".

له‌ئێستادا ژماره‌ی‌ كۆمپانیا تۆماركراوه‌كانی‌ نێو بازاڕی‌ دراوی‌ عێراق گه‌یشتوه‌ته‌ 91 كۆمپانیا كه‌ به‌سه‌ر حه‌وت كه‌رتدا دابه‌شبون: بانك، هۆتێل، پیشه‌سازی‌، خزمه‌تگوزاری‌، دڵنیایی‌، وه‌به‌رهێنانی‌ دارایی‌‌و كشتوكاڵ. تاكو نیسانی‌ 2009 ئه‌و بۆرسه‌یه‌ به‌ده‌ست مامه‌ڵه‌ی‌ تێدا ده‌كرا، به‌ڵام له‌دوای‌ ئه‌و به‌رواره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ ئه‌له‌كترۆنی‌ هاته‌ نێو بۆرسه‌كه‌‌و 85 كۆمپانیای‌ تێدا تۆماركرا.

زۆربه‌ی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ سه‌ر به‌كه‌رتی‌ تایبه‌تن، به‌ڵام 34 كۆمپانیای‌ كه‌رتی‌ هاوبه‌شیشی‌ تێدایه‌ له‌نێواندا 16 گه‌وره‌ كۆمپانیای‌ پیشه‌سازی‌ عێراق هه‌یه‌ وه‌ك پیشه‌سازی‌ سوك‌و هیلال‌و ئه‌لكترۆنی‌‌و كیمیا‌و بۆیاغ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌نۆ له‌گه‌وره‌ هۆتێله‌كانی‌ عێراق كه‌ زۆربه‌یان له‌به‌غدای‌ پایته‌ختدان وه‌ك بابل‌و فه‌له‌ستین‌و عه‌شتار‌و مه‌نسور، هه‌روه‌ها شه‌ش كۆمپانیای‌ خزمه‌تگوزاری‌ وه‌ك كۆمپانیای‌ گواستنه‌وه‌ی‌ عێراق‌و سێ‌ كۆمپانیای‌ كشتوكاڵی‌ نیمچه‌ له‌كاركه‌وتو.

راوێژكاری‌ ئابوری‌ سه‌رۆك وه‌زیران، عه‌بدولحسێن عه‌نبه‌كی‌، به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "له‌پلانی‌ حكومه‌تدایه‌ هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ داهاتودا كۆمپانیاكانی‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ بخرێنه‌ بۆرسه‌وه‌ تاكو وه‌به‌رهێنانیان تێدا بكرێت"، هه‌رچی‌ كۆمپانیاكانی‌ كه‌رتی‌ هاوبه‌شه‌ "به‌ته‌واوه‌تی‌ ده‌كرێنه‌ كۆمپانیای‌ تایبه‌ت".

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، سه‌رۆكی‌ نوسینگه‌ی‌ هه‌رێمیی‌ یه‌كێتی‌ پیشه‌سازیه‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئه‌ندازیاری‌، سابت به‌لداوی‌، بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌زمونی‌ بازاڕی‌ دراوی‌ عێراق "هێشتا نوێیه‌‌و بارودۆخی‌ ناله‌باری‌ ئابوری‌‌و ئه‌منی‌ وڵات كاریگه‌ری‌ خراپی‌ به‌سه‌ر ئه‌و بازاڕه‌ جێهێشتوه‌".

به‌لداوی‌ وتیشی‌ "ژماره‌یه‌كی‌ ئێجگار زۆری‌ بازرگان‌و وه‌به‌رهێنه‌ر به‌شداری‌ له‌بازاڕی‌ دراوی‌ جیهانی‌ ده‌كه‌ن‌و قازانجی‌ خێرایان لێده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام بازاڕی‌ عێراق وا نیه‌‌و له‌چاو ئه‌واندا په‌كی‌ كه‌وتوه‌".

ناوبراو رونیده‌كاته‌وه‌ "پێویسته‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ گه‌شه‌ به‌كاری‌ بۆرسه‌ بدرێت‌و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ په‌ره‌ به‌ڕۆشنبیری‌ ئابوری‌ هاوڵاتیان بدرێت تاكو مامه‌ڵه‌ به‌پشكی‌ نێو بازاڕه‌كه‌ بكه‌ن".

ژماره‌ی‌ ئه‌و بازرگان‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ عێراقی‌‌و بیانیانه‌ی‌ له‌پۆرسه‌ی‌ عێراقدا ناویان تۆماركراوه‌، له‌ 100 هه‌زار كه‌س تێناپه‌ڕن كه‌ ئه‌مه‌ ژماره‌یه‌كی‌ كه‌مه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رژمێری‌ عێراق (32 ملیۆن هاوڵاتی‌)، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌فعلی‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ زۆر كه‌متره‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ساڵانی‌ شه‌ڕی‌ تایفی‌ 2006 – 2008، عێراقیان جێهێشت‌و به‌ره‌و وڵاتانی‌ تر هه‌ڵاتن.

گه‌ر بۆرسه‌ی‌ عێراق به‌بۆرسه‌ی‌ وڵاتانی‌ دراوسێ‌ به‌راورد بكرێت، جیاوازیه‌كی‌ ئێجگار گه‌وره‌ به‌دی‌ ده‌كرێت. بۆ نمونه‌ له‌بۆرسه‌ی‌ ئوردندا 151 كۆمپانیا تۆماركراون‌و رۆژانه‌ 3 بۆ 5 هه‌زار گرێبه‌ست ئه‌نجامده‌درێت به‌نزیكه‌ی‌ 20 ملیۆن دۆلار، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌بۆرسه‌ی‌ عێراقدا رۆژانه‌ ته‌نها به‌بڕی‌ یه‌ك ملیۆن دۆلار مامه‌ڵه‌ ده‌كرێت‌و له‌نێوان 150 بۆ 400 گرێبه‌ست ئه‌نجامده‌درێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ بۆرسه‌ی‌ عێراق، ته‌ها ئه‌حمه‌د عه‌بدولسه‌لام، به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "قه‌باره‌ی‌ چالاكی‌ بازرگانیی‌‌و دارایی‌‌و وه‌به‌رهێنان له‌هه‌ر وڵاتێكدا به‌نده‌ به‌قه‌باره‌ی‌ ئابوری‌ وڵاته‌كه‌"، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ ئابوری‌ عێراق "له‌نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوه‌وه‌، به‌هۆی‌ ئابڵوقه‌ی‌ ئابوری‌، داڕما‌و له‌ساڵانی‌ رابردوشدا به‌هۆی‌ شه‌ڕ‌و تیرۆره‌وه‌ نه‌تواندرێت به‌پێی‌ پێویست گه‌شه‌ی‌ پێبدرێت".

ئه‌م بارودۆخه‌ی‌ عێراقی‌ تێكه‌وت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ عه‌بدولسه‌لام باسی‌ ده‌كات، ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژانه‌دا هه‌بوه‌ كه‌ "پشت به‌وزه‌‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ سه‌ره‌تایی‌ ده‌به‌ستێت، بۆیه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان گران بون‌و قازانجیان كه‌می‌ كرد‌و ئه‌مه‌ش وای‌ كرد مامه‌ڵه‌ به‌پشكه‌كانیان كه‌م ببێته‌وه‌".

به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی‌ بۆرسه‌ ئاشكرایده‌كات كه‌ له‌ئێستادا هیچ كام له‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ له‌بازاڕه‌كه‌یاندا تۆماركراون، به‌ته‌واوی‌ توانایان كار ناكه‌ن‌و ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ "پشكه‌كانیان قازانجی‌ ئه‌وتۆی‌ نه‌بێت‌و وه‌به‌رهێنه‌ران ویستی‌ كڕینیانیان نه‌بێت".

ناوبراو ئه‌وه‌ش رونده‌كاته‌وه‌ كه‌ گرانی‌ تێچونی‌ به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان به‌هۆی‌ كه‌می‌ كاره‌با‌و سوته‌مه‌نی‌ پێویست‌و نه‌بونی‌ ده‌ستی‌ كاری‌ لێهاتو، ناتوانن كێبڕكێی‌ به‌رهه‌مه‌ هاورده‌كان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش هێنده‌ی‌ تر ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ سلبی‌ هه‌بوه‌ به‌سه‌ر نرخی‌ پشكه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌ك نرخی‌ یه‌ك پشكی‌ كۆمپانیاكان له‌نێوان یه‌ك دینار بۆ چوار دینار تێپه‌ڕناكات.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و یاسا نوێیانه‌ش كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی‌ عێراقه‌وه‌ ئیقرار كران كه‌ رێیان به‌وه‌به‌رهێنه‌ری‌ بیانی‌ دا به‌ئازادی‌ كڕین‌و فرۆش له‌پشكه‌كانی‌ بۆرسه‌ی‌ عێراقدا ئه‌نجامبده‌ن، له‌كاتێكدا پێشتر بۆیان هه‌بو ته‌نها 49%ی‌ پشكی‌ كۆمپانیاكانیان هه‌بوایه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌و یاسایانه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ راكێشانی‌ وه‌به‌رهێنه‌ری‌ بیانی‌ بۆ نێو بۆرسه‌ی‌ عێراق ده‌ركران "شكستیان هێنا‌و تاكو ئێستاش نه‌تواندراوه‌ هیچ گه‌وره‌ وه‌به‌رهێنه‌رێكی‌ بیانی‌ بهێندرێته‌ بازاڕی‌ دراوی‌ عێراقه‌وه‌".

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی‌ بۆرسه‌ ده‌ڵێت "بازاڕی‌ دراوی‌ عێراق هه‌لێكی‌ زۆر باشه‌ بۆ وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانیه‌كان، به‌ڵام كێشه‌ی‌ ئه‌وان له‌گه‌ره‌نتیكردنی‌ وه‌به‌رهێنانه‌كانیانه‌‌و به‌دوای‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسایی‌‌و دامه‌زراوه‌یی‌ ده‌گه‌ڕێن تاكو سه‌رمایه‌كانیان رێكبخات".

ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ گواستنه‌وه‌ی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌بۆرسه‌كه‌دا بۆ شێوازی‌ ئه‌لكترۆنی‌، به‌ڵام "هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ئاستی‌ ئه‌وه‌ی‌ ببینه‌ خاوه‌ن یه‌كێ‌ له‌گرنگترین دامه‌زراوه‌كان به‌لای‌ وه‌به‌رهێنه‌ری‌ بینانی‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ (بانكی‌ گه‌ره‌نتی‌)‌و هه‌ڵده‌ستێت به‌ڕێكخستنی‌ كڕینی‌‌و فرۆشتنی‌ پشكه‌كان".

له‌كۆتایی‌ لێدوانه‌كه‌یدا، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ بۆرسه‌ی‌ عێراق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا گه‌ر هات‌و ئه‌و یاسا‌و دامه‌زراوانه‌ بێنه‌ ئاراوه‌، ده‌كرێت له‌داهاتودا "بازاڕه‌كه‌مان ببێته‌ بازاڕی‌ گه‌رمی‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ بیانی‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌