راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

میزۆپۆتامیا.. وڵاتێكی‌ بێ‌ ئاو!

ئه‌لیس فۆردهام
به‌دشداشه‌یه‌كی‌ خاكیه‌وه‌، ئه‌سعه‌د عه‌باس‌و ئیسماعیل عه‌بدولئه‌میری‌ خه‌ڵكی‌ گوندی‌ شه‌فته‌ی‌ پارێزگای‌ دیاله‌، به‌تۆڕه‌یی‌‌و نیگه‌رانیه‌وه‌ قسه‌یان له‌باره‌ی‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ "نابه‌جێ"ی‌ گونده‌كه‌ی‌ ته‌نیشتیان…
16.06.2010  |  دياله‌

"هه‌موو رۆژێك كه‌ ده‌چمه‌ سه‌ر زه‌ویه‌كه‌م، ده‌بینم ئاو له‌چاو دوێنێ‌ كه‌متری‌ كردوه‌"، یه‌كێكیان به‌م شێوه‌یه‌ قسه‌ی‌ ده‌كرد‌و له‌پڕ ئه‌وی‌ تریان قسه‌كه‌ی‌ پێبڕی‌‌و وتی‌ "به‌نداوێكیان له‌سه‌ره‌وه‌ دروستكردوه‌‌و هه‌مو ئاوه‌كه‌ بۆ خۆیان ده‌بن‌و هیچ بۆ ئێمه‌ نامێنێته‌وه‌".

كێشه‌ی‌ ئه‌م دوو جوتیاره‌ی‌ گوندی‌ شه‌فته‌ له‌گه‌ڵ جوتیارانی‌ گوندی‌ دراوسێیان، وێنه‌یه‌كی‌ بچوككراوه‌ی‌ ململانێی‌ ناوخۆیی‌‌و ئیقلیمیه‌ له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو. له‌م ململانێیه‌دا كه‌ به‌ "قه‌یرانی‌ ئاو" ناسراوه‌ له‌نێوان توركیا‌و سوریا‌و ئێران‌و عێراق، ئه‌مه‌ی‌ دواییان گه‌وره‌ترین زه‌ره‌رمه‌ند بوه‌.

له‌رابردودا عێراق كه‌ به‌میزۆپۆتامیا ناوده‌برا (وڵاتی‌ نێوان دوو روبار)، خاوه‌نی‌ ئاوێكی‌ زۆر‌و خاكێكی‌ به‌پیت‌و پڕ سه‌وزایی‌ بو، به‌ڵام له‌مڕۆدا روبه‌روی‌ قه‌یرانێكی‌ مه‌ترسیداری‌ وشكایی‌‌و كه‌مئاویی‌ بوه‌ته‌وه‌‌و به‌رپرسان وڵاتانی‌ دراوسێ‌ به‌تۆمه‌تبار ده‌زانن له‌باره‌ی‌ ئه‌م بارودۆخه‌ نوێیه‌ی‌ وڵاتی‌ تێكه‌وتوه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ كارمه‌ندی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاوی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، محه‌ممه‌د ئه‌مین فارس، ده‌ڵێت "دانوستان به‌مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ ئاو له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ دراوسێدا كارێكی‌ زۆر قورسه‌، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ توركیا كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌ردوو روباره‌كه‌یه‌".

فارس ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ توركیا سه‌رقاڵی‌ پڕۆژه‌ی‌ "گاپ"ی‌ تایبه‌ت به‌ ئاوه‌. ئه‌م پرَۆژه‌یه‌ دروستكردنی‌ 40 به‌نداو‌و وێستگه‌یه‌كی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با له‌سه‌ر هه‌ردو روباری‌ دیجله‌‌و فورات له‌خۆده‌گرێت "له‌كاتێكدا عێراق به‌ده‌ست قه‌یرانی‌ كه‌می‌ ئاوی‌ روباره‌كانیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، توركیا خه‌ریكی‌ كۆكردنه‌وه‌‌و هێشتنه‌وه‌ی‌ ئاوه‌كه‌یه‌ له‌لای‌ خۆی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ ئاودێری‌‌و كشتوكاڵ به‌رهه‌مهێنانی‌ وزه‌ی‌ كاره‌با".

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ سه‌رچاوه‌ ئاویه‌كان، رێژه‌ی‌ ئاوی‌ روباری‌ فورات له‌ئێستادا كه‌متره‌ له‌نیوه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ر له‌ 10 ساڵ له‌و روباره‌دا هه‌بوه‌.

فرانشیسكا دی‌ شاتێل كه‌ نوسه‌ری‌ كتێبی‌ (شێخه‌كانی‌ ئاو‌و به‌نداو دروستكه‌ران: چیرۆكی‌ خه‌ڵك‌و ئاو له‌ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا)یه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات سوریاش به‌ده‌ست كه‌می‌ ئاوه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، به‌ڵام زه‌ره‌رمه‌ندی‌ گه‌وره‌ عێراقه‌.

له‌كاتێكدا په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان توركیا‌و سوریا باشبونی‌ به‌رده‌وام به‌خۆوه‌ ده‌بینێت‌و چه‌ندین رێككه‌وتنی‌ ئابوری‌‌و ئاویی‌ له‌نێوان خۆیاندا ئیمزا كردوه‌، هێشتا عێراق نه‌یتوانیوه‌ بچێته‌ نێو ئه‌و دانوستانانه‌‌و له‌ده‌روه‌ی‌ ئه‌و رێككه‌وتنانه‌دا ماوه‌ته‌وه‌. دی‌ شاتێل ده‌ڵێت "به‌هۆی‌ رێككه‌وتنه‌ ئاوییه‌ نوێكانی‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌، عێراق دوچاری‌ قه‌رانی‌ وشكبون‌و به‌رزبونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ خوێ‌ بوه‌ته‌وه‌ له‌خاكه‌كه‌یدا".

به‌ده‌ر له‌و كێشه‌ هه‌رێمیانه‌ش كه‌ له‌باره‌ی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو له‌نێوان عێراق‌و دراوسێكانیدا هه‌یه‌، ئه‌م ململانێیه‌ ره‌هه‌ندێكی‌ ناوخۆییشی‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌. هه‌رێمی‌ كوردستان به‌هۆی‌ بونی‌ دوو به‌نداوی‌ ئاو، توانیویه‌تی‌ تاڕاده‌یه‌كی‌ باش خۆی‌ له‌و قه‌یرانه‌ بپارێزێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ فارس ده‌ڵێت "به‌هۆی‌ بونی‌ هه‌ردو به‌نداوی‌ دوكان‌و ده‌ربه‌ندیخان، هه‌رێمی‌ كوردستان توانیویه‌تی‌ بڕێكی‌ باشی‌ ئاو بۆ خۆی‌ هه‌ڵبگرێت‌و ناوچه‌كه‌ به‌سه‌وزی‌ بمێنێته‌وه‌". له‌هه‌مان كاتدا ناوبراو ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كات "به‌هۆی‌ ئه‌و دوو به‌نداوه‌وه‌، هێنده‌ی‌ تر جوتیارانی‌ دیاله‌ی‌ باشوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تونیتر بون".

ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ی‌ گه‌وره‌تر كردوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردودا رێژه‌یه‌كی‌ كه‌م باران باریوه‌‌و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ سلبی‌ به‌سه‌ر سه‌رانسه‌ری‌ عێراق جێهێشتوه‌. له‌كاتێكدا كه‌رتی‌ كشتوكاڵ پله‌ی‌ دومی‌ هه‌بو له‌وڵاتدا له‌ڕوی‌ به‌رهه‌می‌ ناوخۆیی‌ له‌پاش كه‌رتی‌ نه‌وت، له‌مڕۆدا ئه‌م كه‌رته‌ ته‌واو روخاوه‌. به‌هۆی‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ وشكایی‌‌و به‌رزبونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ خوێ‌‌و چه‌ند هۆكارێكی‌ تر، زۆرێك له‌جوتیاران له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانیان جێهێشت.

به‌پێی‌ مه‌زه‌نده‌كانی‌ حكومه‌ت، نزیكه‌ی‌ یه‌ك له‌سه‌ر چواری‌ گه‌لی‌ عێراق ئاوی‌ خواردنه‌وه‌ی‌ پاكی‌ پێناگات. له‌ناوچه‌ی‌ ئه‌هواری‌ باشوری‌ وڵاتیشدا، له‌كاتێكدا له‌رابردو به‌ناوچه‌یه‌كی‌ پڕ ئاو ده‌ناسرا، له‌ئێستادا ته‌نانه‌ت ئاسته‌مه‌ وشه‌ی‌ ئه‌هوار به‌كاربهێندرێت به‌و پێیه‌ی‌ ته‌واو ناوچه‌كه‌ وشكی‌ كردوه‌. جگه‌ له‌كێشه‌ی‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ ئاوی‌ هه‌ردوو روباره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌‌و كه‌می‌ باران بارینیش، سه‌دام حسێن له‌ساڵی‌ 1994دا ده‌ستی‌ به‌پڕۆژه‌ی‌ روباری‌ سێهه‌م كرد‌و به‌مه‌ش رێڕه‌وی‌ دوو روباره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی‌ گۆڕی‌‌و ناوچه‌ی‌ ئه‌هواری‌ وشك كرد‌و له‌ئه‌نجامدا دیان هه‌زار دانیشتوی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ رویان كرده‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژاره‌كانی‌ به‌سره‌‌و به‌غدای‌ پایته‌خت.

ئه‌و ژماره‌ كه‌مه‌ی‌ له‌ناوچه‌ی‌ باب‌و بارپیرانیانیشدا ماونه‌ته‌وه‌، به‌نیگه‌رانیه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌زۆری‌ ئاوی‌ ئه‌هواره‌كان ده‌ده‌ن له‌رابردودا كه‌ چۆن ئێستا وشكیان كردوه‌‌و پیس بون. به‌وه‌ش ناچێت ئاوی‌ ژێر زه‌وی‌ له‌ئاوی‌ ئه‌هوار‌و دوو روباره‌كه‌ باشتربێت.

پرۆفیسۆر له‌بواری‌ زه‌وی‌‌و ئاو له‌زانكۆی‌ سه‌ڵاحه‌دین، تاریق كه‌ریم، ده‌ڵێت "به‌هۆی‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ سه‌ر زه‌وی‌‌و به‌كارهێنانی‌ ئاوی‌ ژێر زه‌وی‌، ئه‌مه‌ی‌ دوه‌میان زیاتر له‌ 10 مه‌تر كه‌میكردوه‌"، كه‌ریم هۆشداری‌ ئه‌وه‌ ده‌دات "زه‌وی‌ وشك زوو تێكده‌چێت‌و له‌داهاتودا كه‌ڵكی‌ به‌كارهێنانی‌ نامێنێت ته‌نانه‌ت گه‌ر بارانیش ببارێت‌و ئاستی‌ ئاو بگه‌ڕێته‌وه‌ ئاستی‌ جاران".

به‌رهه‌مهێنانی‌ ملیۆنه‌ها به‌رمیل نه‌وت له‌مانگێكدا، هێنده‌ی‌ تر كێشه‌ی‌ ئاوی‌ ئاڵۆزتر كردوه‌. پسپۆڕه‌ فیزیاییه‌كه‌ ده‌ڵێت "ده‌رهێنانی‌ هه‌مو به‌رمیلێك نه‌وت، پێویستی‌ به‌به‌رمیلێك ئاو هه‌یه‌".

به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ عێراقیه‌كان په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت ئاڕاسته‌ی‌ توركیا ده‌كه‌ن‌و به‌هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ دروستبونی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ی‌ ده‌زانن. هه‌ندێ‌ له‌چاودێران ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن كه‌ خراپ به‌ڕێوه‌بردنی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ خراپ بونی‌ په‌یوه‌ندیه‌كان. محه‌ممه‌د فارس، كارمه‌نده‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم رونیده‌كاته‌وه‌ "گه‌ر دانوستان نه‌بو، ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ململانێ‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات".

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، پسپۆڕی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ سیسته‌می‌ ئاو له‌زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌به‌یروت، پڕۆفیسۆر رامی‌ زریق، رای‌ جیاوازی‌ هه‌یه‌. ئه‌م پرۆفیسۆره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ زه‌حمه‌ته‌ ململانێ‌ به‌هۆی‌ ئاوه‌وه‌ دروست ببێت، چونكه‌ توركیا خاوه‌نی‌ قورساییه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا، بۆیه‌ "كاتێك توركیا به‌شی‌ شێر بۆ خۆی‌ ده‌بات، ده‌ڵێت ئه‌مه‌ خاكی‌ خۆمه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌هێزترن، بۆیه‌ ویستی‌ ئه‌وان ده‌چێته‌ سه‌ر".

زریق نمونه‌ی‌ میسر دێنێته‌وه‌ كه‌ چۆن توانی‌ ئه‌سیوبیا‌و سودان ناچار بكات ئاوی‌ زیاتری‌ بده‌نێ‌ له‌روباری‌ نیل، چونكه‌ له‌وان به‌هێزتره‌. له‌كۆتایی‌ لێدوانه‌كه‌شیدا ده‌ڵێت "من سورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ململانێ‌ له‌سه‌ر ئاو دروستنابێت‌و ئه‌سڵی‌ كێشه‌كان سیاسیه‌".

دی‌ شاتێلیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ عێراق به‌هۆی‌ ناجێگیری‌ سیاسیه‌وه‌، رێژه‌یه‌كی‌ زۆری‌ ئاوی‌ دۆڕاندوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا "ئاو هه‌رزانتره‌ له‌شه‌ڕ‌و پێویسته‌ له‌ڕێی‌ هاوكاری‌ یه‌كتره‌وه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكرێن".

هه‌رچیه‌ك بێت ئه‌سڵی‌ كێشه‌كان، عێراق ساڵ به‌ساڵ خاكه‌ به‌پیته‌كه‌ی‌ له‌ده‌ستده‌دات‌و گه‌ر له‌داهاتودا ئه‌م قه‌یرانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌رتی‌ كشتوكاڵ له‌بیر خۆی‌ به‌رێته‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌رابردودا خاونی‌ به‌پیتترین زه‌وی‌ كشتوكاڵی‌ بو.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌