راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

واشنتۆن كۆنگره‌یه‌ك بۆ وه‌به‌رهێنان له‌عێراقدا له‌خۆده‌گرێت

دانیاڵ گرایبه‌ر
به‌ئاماده‌بونی‌ هیلاری‌ كلینتۆن وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا‌و نوری‌ مالكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق‌و ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسانی‌ هه‌ردوو وڵات، رۆژی‌ سێشه‌ممه‌، كۆنگره‌ی‌ وه‌به‌رهێنان له‌عێراقدا، له‌واشنتۆنی‌…
19.10.2009  |  واشنتۆن

به‌مه‌به‌ستی‌ له‌نزیكه‌وه‌ به‌ئاگابون له‌و كۆنگره‌یه‌، نیقاش چاوپێكه‌وتنێكی‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری‌ كۆمپانیای‌ كه‌نداوی‌ باكوری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ (زاب سیسنا) ئه‌نجامدا‌و چه‌ندین پرسیاری‌ ئاراسته‌ كرد. ئه‌مه‌ی‌ خواره‌وه‌ ده‌قی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یه‌.

نیقاش: هه‌لێكی‌ گه‌وره‌ هه‌یه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ قازانج‌و پاره‌ی‌ زۆر له‌عێراق، تاچه‌ند گرنگیتان به‌مه‌ داوه‌؟

سیسنا: چ له‌ناو ئه‌مه‌ریكا‌و چ له‌جیهاندا به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌، گرنگیه‌كی‌ زۆر به‌عێراق ده‌درێت. ماوه‌یه‌كی‌ دور‌و درێژه‌ چاودێریی‌ روداوه‌كانی‌ عێراق ده‌كه‌ین‌و ئێستا بۆمان ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ عێراق باشترین چانسی‌ كاركردنی‌ تێدایه‌. ئه‌م وڵاته‌ سه‌روه‌تی‌ گه‌وره‌ی‌ ئاو‌و خاك‌و نه‌وت‌و سه‌رچاوه‌ی‌ مرۆیی‌ له‌خۆده‌گرێت، به‌تایبه‌ت كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ گه‌وره‌ترین یه‌ده‌كی‌ نه‌وتی‌ هه‌یه‌‌و ته‌نها وڵاته‌ ده‌توانێت به‌رهه‌می‌ نه‌وت بۆ دوو هێنده‌ به‌رزبكاته‌وه‌.

به‌ر له‌زیاتر له‌هه‌فته‌یه‌ك له‌وه‌ ئاگاداربوین كه‌ كۆنگره‌كه‌ ناتوانێت خه‌ڵكی‌ تر له‌خۆ بگرێت‌و پڕ بوه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گرنگیه‌كی‌ گه‌وره‌ به‌م باسه‌ ده‌درێت.

نیقاش: ده‌توانیت وێنه‌یه‌كمان له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ بده‌یتێ‌ كه‌ بۆ كۆمپانیا بیانیه‌كان ره‌خساوه‌ له‌باره‌ی‌ كاری‌ وه‌به‌رهێنان له‌عێراقدا؟ گرنگترین ئه‌و روبه‌روبونه‌وانه‌ چین كه‌ له‌به‌رده‌م وه‌به‌رهێنه‌ری‌ ئه‌مه‌ریكیدان؟

سیسنا: عێراقیه‌كان له‌وه‌ تێگه‌یشتون كه‌ پێویستیان به‌سه‌رمایه‌‌و پسپۆڕێتی‌ بیانی‌ هه‌یه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ئامانجه‌كانیان له‌گه‌شه‌كردن، بۆیه‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی‌ زۆر نایابی‌ به‌ڕوی‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ناوه‌ وه‌ك هێنانه‌ ئارای‌ كه‌ش‌و هه‌وایه‌كی‌ گونجاو بۆ كاركردنی‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ بیانی‌. یاسای‌ وه‌به‌رهێنانی‌ نیشتمانی‌ چه‌ندین خاڵی‌ گرنگی‌ له‌خۆ گرتوه‌ له‌باره‌ی‌ زه‌ریبه‌‌و چه‌ندین بواری‌ تر، له‌دوا گۆڕانكاریشدا هاتوه‌ كه‌ وه‌به‌رهێن زه‌وییه‌كانی‌ به‌ناو موڵك ده‌كرێت. له‌سه‌رو هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌، دیاره‌ كه‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ به‌غدا به‌ره‌و ئارامبونه‌وه‌ ده‌چێت‌و له‌ئێستادا ئێمه‌ نوسینگه‌یه‌كمان له‌و پایته‌خته‌دا هه‌یه‌‌و ده‌توانین كاره‌كانمان بكه‌م.

عێراق روبه‌روبونه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانیه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكیه‌كان، چونكه‌ له‌پێشتردا عێراق كراوه‌ نه‌بو به‌روی‌ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكیه‌كاندا، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان زانیاریه‌كی‌ ئه‌وتۆیان نیه‌ له‌باره‌ی‌ عێراقه‌وه‌‌و زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ نازانن‌و زۆربه‌شیان په‌یوه‌ندی‌ بازرگانیان نییه‌ له‌گه‌ڵ ناوچه‌كه‌ كه‌ یارمه‌تیده‌ری‌ سه‌وركه‌وتنیان بێت. سه‌ره‌ڕای‌ باشبونی‌ كه‌رتی‌ بانكیش له‌و وڵاته‌دا، به‌ڵام هێشتا كاری‌ زۆری‌ ده‌وێت تاكو بتوانێت به‌رگه‌ی‌ ئه‌و پاره‌ زۆره‌ بگرێت كه‌ له‌داهاتودا دێته‌ وڵاته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌عێراقدا به‌دی‌ ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌كاندا بواری‌ كاركردن‌و وه‌به‌رهێنان هه‌یه‌، چونكه‌ عێراق پێویستی‌ به‌هه‌موو جۆره‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان هه‌یه‌. كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكیه‌كان ناتوانن سود له‌و هه‌موو هه‌له‌ ببینن به‌هۆی‌ قورسی‌‌و ئاڵۆزی‌ نه‌خشه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان‌و كاری‌ بازرگانی‌ له‌عێراقدا. ئه‌م وڵاته‌ به‌ده‌ست شه‌ڕی‌ درێژ خایه‌ن‌و خراپ به‌كارهێنانی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ ناڵاندویه‌تی‌، ئێستاش سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و به‌ره‌وپێشچونه‌ له‌دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ نوێ‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینیویه‌تی‌، به‌ڵام هێشتا ژینگه‌ی‌ یاسایی‌‌و رێكخراوه‌یی‌‌و بیرۆكراتیه‌ت كاری‌ زۆری‌ ده‌وێت.

نیقاش: عێراق له‌چاوه‌ڕوانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانیدایه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ ئاینده‌، ئایا هیچ مه‌ترسیه‌كتان نییه‌ له‌وه‌ی‌ ناڕونی‌ باڵی‌ پۆشیوه‌ به‌سه‌ر داهاتوی‌ سیاسی‌ ئه‌و وڵاته‌؟

سیسنا: گه‌ر مه‌به‌ستت له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقیه‌وه‌یه‌، وه‌ڵامه‌كه‌ به‌ڵێ‌‌و نه‌خێره‌ له‌هه‌مانكاتدا. من پێم وایه‌ هه‌ندێ‌ لایه‌ن به‌هه‌ستیاری‌ ده‌مێننه‌وه‌ وه‌ك كه‌رتی‌ نه‌وت‌و هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو زۆر شت رونده‌كاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ حكومه‌ت قۆناغی‌ دوه‌می‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كانی‌ دواخستوه‌. له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن وه‌ك فشارێكی‌ ده‌نگده‌ری‌ عێراقی‌ دێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ خزمه‌تگوزاری‌ زیاتر‌و باشتر.

به‌ڵام گه‌ر مه‌به‌ستت له‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ عێراقه‌وه‌ بڕیاری‌ كشانه‌وه‌ بده‌ن، وه‌ڵامه‌كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌خێره‌. عێراق له‌روبه‌روبونه‌وه‌ی‌ قورس‌و به‌هێزدایه‌، ره‌نگه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو كه‌ ئێستا هه‌موان پێوه‌ی‌ مه‌شغولن، ئه‌نجامدانی‌ زۆرێك له‌پڕۆژه‌كان دوابخات، به‌تایبه‌ت پڕۆژه‌ گه‌وره‌كان، به‌ڵام به‌گشتی‌ ئه‌مه‌ نابێته‌ مایه‌ی‌ ته‌گه‌ره‌ دروستكردن، به‌ڵكو یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ كاره‌كان له‌داهاتودا. به‌گشتی‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ به‌دوای‌ قازانجی‌ خێرا ده‌گه‌ڕێت له‌عێراقدا، ئه‌وه‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌ودا نییه‌، چونكه‌ عێراق هێشتا سه‌قامگیر نییه‌. بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاماده‌ن ئامانجی‌ درێژخایه‌نیان هه‌بێت، سه‌ركه‌وتن له‌عێراقدا به‌ده‌ستده‌هێنن.

نیقاش: به‌ده‌ر له‌كه‌رتی‌ نه‌وت، كامانه‌ن ئه‌و كه‌رتانه‌ی‌ ده‌كرێت وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان كاری‌ تێدا بكه‌ن‌و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن؟

سیسنا: ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ كۆمپانیا بیانیه‌كان سه‌رمایه‌یان له‌كه‌رتی‌ جیاجیا داناوه‌‌و كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. نزیكه‌ی‌ 2 ملیار دۆلار له‌كه‌رتی‌ په‌یوه‌ندیه‌كان سه‌رف كراوه‌‌و نزیكه‌ی‌ 3 ملیار له‌نه‌وت‌و گاز‌و یه‌ك ملیار له‌چیمه‌نتۆ. هه‌ندێ‌ كۆمیانیای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ ئیماراتیش كار له‌كه‌رتی‌ نیشته‌جێبون ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌م دواییانه‌دا ئیمزای‌ گرێبه‌ستێك به‌سه‌رمایه‌یه‌كی‌ زه‌به‌لاح كراوه‌ بۆ دروستكردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ وه‌رزشی‌ له‌به‌سره‌. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ده‌بێت كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌‌و نیشته‌جێبونیش گرنگی‌ پێبدرێت. به‌ڵام بۆ جارێكی‌ تر دوپاتیده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌و كه‌رته‌وه‌ نییه‌ كه‌ وه‌به‌رهێنانی‌ تێدا ده‌كه‌یت، به‌ڵكو چۆنێتی‌ رێكخستن‌و پلاندانان‌و دانانی‌ تیمی‌ ئیداری‌ باش بۆ سه‌ركه‌وتنی‌ كاره‌كان. ئێمه‌ جه‌ختمان كردوه‌ته‌ سه‌ر عێراق‌و ده‌بێت بونی‌ فعلیمان تێدا هه‌بێت.

به‌نیسبه‌ت وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كانیشه‌وه‌، هه‌لی‌ كاركردنیان له‌بازاڕی‌ داراییدا هه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ خێراییه‌ی‌ به‌خۆوه‌ بینیویه‌تی‌، به‌ڵام هێشتا بچكۆله‌یه‌.

نیقاش: پاشماوه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و مه‌حسوبیه‌ت له‌عێراقدا هه‌یه‌، وه‌به‌رهێنه‌ری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ چۆن ده‌توانێت له‌م ژینگه‌ نوێیه‌دا كاربكات؟

سیسنا: به‌ر له‌هه‌موو شتێك پێم وایه‌ هه‌ڵه‌یه‌ گه‌ر ته‌ماشای‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ بكه‌ین وه‌ك كێشه‌یه‌كی‌ ته‌نها عێراقی‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌ی‌ زۆرێك له‌وڵاتانی‌ تازه‌ پێگه‌یشتوه‌. وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان به‌سه‌ركه‌وتویی‌ كاره‌كانیان له‌ وڵاتان وه‌كو میسر‌و چین‌و روسیا ئه‌نجامداوه‌، پێم وانییه‌ عێراق زۆر جیاوازبێت له‌و وڵاتانه‌. نابێت ته‌نها ته‌ماشا پاشماوه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ بكه‌ین له‌عێراقدا، چونكه‌ له‌هه‌مان كاتدا له‌عێراق زیندوبونێكی‌ بازرگانی‌ گه‌وره‌ ده‌بیندرێت.

به‌ڵام به‌گشتی‌، من دان به‌وه‌دا ده‌نێم كه‌ عێراق ولاتێكی‌ شه‌فاف نییه‌‌و ئه‌مه‌ش وامان لێده‌كات زۆر به‌وریاییه‌وه‌ كار بكه‌ین. ئێمه‌ رێوشوێن‌و رێنمایی‌ توندمان له‌گه‌ڵ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی‌ نه‌گونجاودا هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دان به‌وه‌ش ده‌نێم كه‌ به‌رپرسه‌ عێراقیه‌كان جه‌خت له‌شه‌فافیه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌پێناو راكێشانی‌ سه‌رمایه‌ی‌ بیانی‌ بۆ وڵاته‌كه‌یان‌و له‌ماوه‌ی‌ رابردوشدا لێكوڵینه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ كراوه‌ له‌باره‌ی‌ بونی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌هه‌ندێ‌ شوێنی‌ ره‌سمیدا، به‌ڵام هێشتا رێگاكه‌مان دور‌و درێژه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌