راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ مۆبایل رۆژبه‌رۆژ به‌ره‌و خراپبون ده‌ڕۆن

حه‌یده‌ر نه‌جم
كێشه‌ی‌ نێوان كۆمپانیاكانی‌ مۆبایلی‌ عێراق (گروپی‌ زێن بۆ په‌یوه‌ندییه‌كان، كۆمپانیای‌ ئاسیا سێڵ، كۆمپانیای‌ كۆڕه‌ك تیلیكۆم) له‌لایه‌ك‌و حكومه‌تی‌ عێراقی‌ له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، زه‌ره‌رمه‌ندی‌ سه‌ره‌كی‌…
9.07.2009  |  به‌غدا

هه‌رله‌درێژه‌ی‌ ئه‌و كێشه‌ یاساییانه‌ی‌ له‌نێوان كۆمپانیاكان‌و حكومه‌تدا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ی‌ دواییان به‌هۆی‌ خراپی‌ ئاستی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، سزای‌ دارایی‌ خسته‌ سه‌ر كۆمپانیاكانی‌ مۆبایل‌و ئه‌مانیش هه‌ڵگرتنی‌ به‌رپرسیارێت ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

كۆمپانیاكان چه‌ندین به‌هانه‌ی‌ جۆراوجۆریان هه‌یه‌ بۆ خراپی‌ ئاستی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، سه‌ره‌كیترینیان ئه‌و پڕۆسه‌ ئه‌منیانه‌ بوون كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا‌و عێراقه‌وه‌ له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ عَراقدا ئه‌نجامدران‌و بوونه‌ مایه‌ی‌ تێكچوونی‌ تۆڕه‌كانین.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ جێبه‌جێكاری‌ كۆمپانیای‌ (زین) له‌عێراق عه‌لی‌ دهونی‌ به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "ئێمه‌ 100% دڵنیای‌ له‌وه‌ هۆكاری‌ خراپی‌ ئاستی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ته‌شویشه‌ی‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا‌و عێراقه‌وه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر تۆڕه‌كانمان".

ئاشكراشیكرد "چه‌ند لایه‌نێكی‌ ناوخۆییش له‌چه‌ندین گه‌ڕه‌كدا ئامێری‌ ته‌شویشكردنیان هه‌یه‌ كه‌ ئێستا زۆر به‌ربڵاوه‌‌و نرخی‌ دانه‌یه‌كیان له‌ 200 دۆلار زیاتر نییه‌".

دهۆنی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكه‌یاندا ده‌ریده‌خات كه‌ هێشتا ئه‌م حكومه‌ته‌ ئاماده‌ نییه‌ "پێشوازی‌ له‌وه‌به‌رهێنه‌ری‌ بیانی‌ بكات". دوپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ كۆمپانیاكه‌یان سه‌رجه‌م رێگه‌چاره‌ یاساییه‌كان ده‌گرێته‌ به‌ر له‌پێناو نه‌هێشتنی‌ ئه‌و سزا داراییانه‌ی‌ له‌لایه‌ن خراوه‌ته‌ سه‌ریان.

جێی‌ ئاماژه‌ پێدانه‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ له‌مانگی‌ ئایار‌ی‌ رابردوو له‌سه‌ر زاری‌ وته‌بێژی‌ فه‌رمی‌ عه‌لی‌ ده‌باغ سزای‌ دارایی‌ به‌بڕی‌ (18.6) ملیۆنی‌ دولاری‌ به‌سه‌ر گروپی‌ (زین)ی‌ گه‌وره‌ترین كۆمپانیای‌ مۆبایلی‌ عێراقدا سه‌پاند‌و به‌هه‌مان شێوه‌ش سزای‌ ئاسیاسێڵ‌و كۆڕه‌كیشی‌ دا به‌بڕی‌ جیاواز.

ئه‌حمه‌د روبه‌یعی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ دوكانێكی‌ فرۆشتنی‌ سیمكارته‌ له‌گه‌ڕه‌كی‌ ئه‌عزه‌میه‌ی‌ به‌غدای‌ پایته‌ختدا، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ ئاستی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ مۆبایل "به‌ره‌و خراپبون ده‌ڕوات، به‌شێوه‌یه‌ك به‌كارهێنه‌ران ناتوانن به‌ئاسانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن".

ناوبراو ئاشكراشیكرد كه‌ موشته‌رییه‌كانی‌ گله‌یی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن "روبه‌روی‌ دزینی‌ یه‌كه‌ ده‌بنه‌وه‌"، به‌وه‌ی‌ ته‌نانه‌ت له‌و په‌یوه‌ندیانه‌شدا كه‌ سه‌ركه‌وتو نه‌بووه‌، یه‌كه‌یان لێده‌ڕوات.

یه‌كێ‌ له‌به‌كارهێنه‌رانیش ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا "كۆمپانیاكان به‌ئه‌نقه‌ست واده‌كه‌ن تاكو ئه‌و سزا داراییه‌ی‌ به‌سه‌ریاندا سه‌پَندراوه‌ له‌ڕێی‌ ئێمه‌ی‌ به‌كارهێنه‌ره‌وه‌ قه‌ره‌بوبكه‌نه‌وه‌".

به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ به‌رده‌وام بونی‌ خراپی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌به‌غدای‌ پایته‌خت‌و شاره‌كانی‌ تری‌ عێراقدا وای‌ له‌ژماره‌یه‌ك له‌رۆژنامه‌ ناوخۆییه‌كان كردووه‌ داوا له‌حكومه‌ت بكه‌ن سزای‌ سه‌ر ئه‌و كۆمپانیایانه‌ زیاتر بكرێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ یه‌كێ‌ له‌نوسه‌رانی‌ رۆنامه‌ی‌ سه‌باحی‌ نیمچه‌ حكومی‌ داوایكردووه‌ سه‌رله‌نوێ‌ به‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كانی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ بچنه‌وه‌، چونكه‌ "كۆمپانیاكان هیچ له‌و به‌ندانه‌ی‌ نێو گرێبه‌سته‌كانیان جێبه‌جێنه‌كرد، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌به‌ره‌و خراپچونی‌ به‌رده‌وامی‌ ئاستی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانیان".

له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ هه‌ندێ‌ له‌رۆژنامه‌كانی‌ تر داوا له‌حكومه‌ت ده‌كه‌ن كۆمپانیایه‌كی‌ حكومی‌ وه‌ك كێبڕكێكه‌ری‌ كۆمپانیا ئه‌هلییه‌كان بێنێته‌ ئاراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌هه‌ڕه‌شه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ گرێبه‌سته‌كان گه‌ر هات‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان هه‌ر وا خراپ مانه‌وه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌رپرسی‌ لیژنه‌ی‌ كار‌و خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراقی‌ عه‌بدوڵڵا ساڵح، خراپی‌ ئاستی‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانی‌ گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ حكومه‌ت‌و كۆمپانیاكان به‌یه‌كه‌وه‌. ناوبراو جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ لیژنه‌كه‌یان گفتوگۆی‌ له‌باره‌ی‌ ئاستی‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی‌ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ حكومه‌ت‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ جێبه‌جێكاری‌ كۆمپانیای‌ ئاسیاسێلدا كردووه‌‌و چونێتی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كه‌یان باسكردووه‌.

ساڵح به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ خراپبوونی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و گرێبه‌سته‌ نایاساییانه‌ی‌ له‌نێوان كۆمپانیاكان‌و حكومه‌تی‌ عێراقیدا ئیمزا كراوه‌، چونكه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ یاسایه‌‌و ته‌نها مه‌به‌ست لێیان به‌په‌له‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ پاره‌یه‌ له‌سه‌ر حیسابی‌ هاوڵاتیان".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ روونیكرده‌وه‌ كه‌ ئیمزاكردنی‌ گرێبه‌سته‌كان‌و رێگه‌دان به‌كاركردنی‌ كۆمپانیاكان‌و سزادانیان له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ ده‌سته‌ی‌ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كاندایه‌، به‌ڵام "ده‌ستێوه‌ردانی‌ حكومه‌ت له‌كاروباری‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ ئیمزاكردنی‌ گرێبه‌ستی‌ نایاسایی‌".

له‌باره‌ی‌ بونی‌ ته‌شویشیش له‌سه‌ر تۆڕی‌ كۆمپانیاكان، لایه‌نی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ ئاماده‌نه‌بو هیچ رونكردنه‌وه‌یه‌ك بدات. له‌مباره‌یه‌وه‌ راوێژكاری‌ راگه‌یاندنی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا جبریل میقداد به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "ئه‌م تۆمه‌تانه‌ راست نین‌و پێویست به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ ناكات".

له‌كاتێكیشدا كه‌ گله‌یی‌‌و توڕه‌بونی‌ هاولاتیان رۆژ به‌رۆژ له‌زیادبوندایه‌ به‌رامبه‌ر به‌و كۆمپانیایانه‌، به‌كارهێنه‌ران هیچ به‌دیلێكی‌ تریان نییه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ هێڵه‌كانی‌ ئه‌رزیی‌ (نۆرماڵ) له‌شی‌ زۆری‌ ناوچه‌كاندا، له‌سه‌ره‌تای‌ داگیركردنی‌ عێراقه‌وه‌ له‌ساڵی‌ 2003، تێكچووه‌‌و ئیشناكات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌