راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سوریا له‌هه‌وڵی‌ پته‌وكردنی‌ په‌یوه‌ندی

له‌كاتێكدا سوریا گیرۆده‌ی‌ كێشه‌…
4.06.2009

له‌مباره‌یه‌وه‌، له‌دوا سه‌ردانیدا بۆ عێراق، وه‌زیری‌ ئابوری‌‌و بازرگانی‌ سوریا عامر حوسنی‌ لوتفی‌ ئاشكرایكرد "بڕی‌ بازرگانی‌ دووقۆڵی‌ نێوان عێراق‌و سوریا گه‌یشتۆته‌ 800 ملیۆن دۆلار"، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ پێده‌چێت، له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ دووهاتوودا، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌ قراوانتربێت‌و بگاته‌ "بڕی‌ 3 ملیار دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌".

به‌گشتیش به‌رپرسانی‌ هه‌ردوو وڵات ده‌ڵێن سوریا له‌توانایدایه‌، له‌داهاتوویه‌كی‌ نزیكدا، ببێته‌ هاوبه‌شێكی‌ بازرگانی‌‌و ئابوری‌ گرنگ‌و سه‌ره‌كی‌ عێراق.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌، پاشكۆی‌ بازرگانی‌ سه‌فاره‌تی‌ عێراق له‌دیمه‌شق عه‌دنان ئه‌لشه‌ریفی‌ پێیوایه‌ وڵاتی‌ سوریا ده‌توانێت زیاترین سود له‌بازاڕی‌ عێراق ببینێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ شه‌ریفی‌ رایگه‌یاند "پێشبینی‌ ده‌كه‌م قه‌باره‌ی‌ بازرگانی‌ نێوان عێراق‌و سوریا، له‌دوو ساڵی‌ داهاتوودا، گه‌وره‌تر‌و زیاتر بێت له‌قه‌باره‌ی‌ بازرگانی‌ سه‌رجه‌م وڵاتانی‌ دراوسێ‌‌و هیوادارین ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌ی‌ نێوانمان بگاته‌ 10 ملیار دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌".

جێی‌ ئاماژه‌پێدانه‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان هه‌ردوو وڵات، له‌سه‌ره‌تای‌ داگیركردنی‌ عێراقه‌وه‌ له‌ساڵی‌ 2003، به‌ره‌وپاشچوونێكی‌ زۆری‌ به‌خۆوه‌ بینی‌، به‌تایبه‌ت كه‌ سوریا دژایه‌تیكردنی‌ خۆی‌ بۆ داگیركردنی‌ عێراق راگه‌یاند‌و ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوه‌تی‌ په‌وه‌ندییه‌ سیاسی‌‌و ئابورییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتی‌ داڕماند‌و هه‌نارده‌ی‌ سوریا بۆ عێراق به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو دابه‌زی‌، تا له‌ساڵی‌ 2007دا گه‌یشته‌ 641 ملیۆن دۆلار، له‌كاتێكدا به‌ر له‌دادگیركردنی‌ عێراق، دوو ملیار دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ بوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ وڵاتی‌ سوریا، له‌نه‌وه‌ته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا‌و له‌كاتی‌ سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و ئابڵوقه‌ی‌ ئابوری‌ سه‌ر عێراق، ده‌روازه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ بازرگانی‌ یاسایی‌‌و نایاسایی‌ بوو بۆ عێراق.

له‌دوو ساڵی‌ رباردوودا ورده‌ ورده‌ هه‌نگاوه‌ ئابوریی‌‌و بازرگانییه‌كانی‌ نێوان عێراق‌و سوریا جوڵه‌ی‌ تێكه‌وته‌وه‌، له‌مانگی‌ نیسانی‌ ئه‌مساڵیشدا، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ سوریا یه‌كه‌مین سه‌ردانی‌ خۆی‌ بۆ عێراق، له‌قۆناغی‌ دوای‌ سه‌دام حسێن، ئه‌نجامدا. یه‌كێ‌ له‌مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ش بریتی‌ بوو له‌پیشاندانی‌ نییه‌تپاكی‌ بۆ باشكردنه‌وه‌ی‌ په‌وه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوولا. هه‌ر له‌میانه‌ی‌ ئه‌و سه‌ردانه‌دا، چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی‌ گرنگ به‌ڕێوه‌چوون كه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری‌ ئیمزاكردنی‌ نزیكه‌ی‌ 20 گرێبه‌ستی‌ بازرگانی‌ كرا.

هه‌نگاوه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كان له‌پێناو باشكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو وڵات، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سوریا پێویستییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌فراوانكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانی‌ هه‌یه‌ له‌م كاته‌دا، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ده‌ست فشارێكی‌ ئابوری‌ گه‌وره‌، به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ ئابوری‌ جیهانییه‌وه‌، ده‌ناڵێنێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ یه‌ده‌ك‌و ئه‌و سزا ئابورییانه‌ی‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ سه‌پێندراوه‌ته‌ سه‌ری‌‌و دواخاڵیش ئه‌و وشكه‌ ساڵییه‌ به‌رده‌وامه‌یه‌ كه‌ سوریا پێیدا تێده‌په‌ڕێت، بۆیه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ خۆڕزگاركردن له‌و هه‌لومه‌رجه‌ ئابورییه‌ قورسه‌، له‌ئێستادا سوریا جه‌ختی‌ زۆری‌ كردۆته‌ سه‌ر ئابوریی‌ عێراق.

ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بووه‌ته‌ خاڵێكی‌ ئیجابی‌ بۆ سوریا له‌په‌ره‌سه‌ندنی‌ په‌وه‌ندییه‌ ئابوری‌‌و بازرگانییه‌كانیدا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ عێراق له‌لایه‌ك‌و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ده‌ریای‌ ناوه‌ڕاست له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، بۆیه‌ به‌هۆی‌ ئه‌م شوێنه‌ جوگرافییه‌وه‌، ده‌كرێت سوریا ببێته‌ هێڵی‌ ترانزێتی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌نێوا عێراق‌و ئه‌وروپا.

له‌میانه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانیاندا، به‌م دواییانه‌ هه‌ردوو لایه‌نی‌ عێراق‌و سوریا، له‌سه‌ر سه‌رله‌نوێ‌ كردنه‌وه‌ی‌ بۆڕییه‌ نه‌وتییه‌كان رێككه‌وتوون كه‌ له‌شاری‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات‌و ده‌گاته‌ به‌نده‌ری‌ بانیاسی‌ سوری‌، توانای‌ هه‌نارده‌ی‌ ئه‌م هێڵه‌ نه‌وتییه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2003دا داخرا، 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ خام بوو له‌ڕۆژێكدا. له‌هه‌مانكاتدا گفتوگۆی‌ ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ كه‌ هێڵێكی‌ نوێی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ گازی‌ سروشتی‌ له‌كێڵگه‌كانی‌ عوكاسی‌ رۆژئاوای‌ عیڕاقه‌وه‌ بۆ سوریا دروستبكرێت.

هه‌ر به‌پێی‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ نوێیانه‌ی‌ له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تدا ئیمزا كراون، به‌مزوانه‌ هێڵێكی‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌نێوان عێراق‌و سوریادا ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیدا هێڵێكی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ شتومه‌ك له‌نێوان شاری‌ ته‌رتوسی‌ سه‌ر ده‌ریا ناوه‌ڕاست‌و به‌نده‌ری‌ ئوم قه‌سری‌ باشوری‌ عێراق ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌بوونی‌ پڕۆژه‌یه‌كی‌ تری‌ كردنه‌وه‌ی‌ رێگای‌ وشكانی‌ له‌نێوان شاری‌ به‌غدای‌ پایته‌خت‌و شاری‌ ته‌رتوس.

به‌پێی‌ شیكه‌ره‌وه‌ ئابورییه‌كان، گه‌ر هات‌و سه‌رجه‌م ئه‌م پڕۆژانه‌ جێبه‌جێكران، ئه‌وه‌ ته‌رتوس به‌كرده‌یی‌ ده‌بێته‌ به‌نده‌ری‌ دووه‌می‌ عێراق كه‌ سه‌رجه‌م شتومه‌كه‌ هاورده‌كانی‌ عێراق كه‌ له‌ڕۆژئاواوه‌ بۆی‌ دێت، به‌و به‌نده‌ره‌دا تێده‌په‌ڕێت‌و به‌مه‌ش وڵاتی‌ سوریا قازانجێكی‌ ئێجگار گه‌وره‌ ده‌كات.

سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی‌ سوریا‌و عێراق، بازرگان‌و بزنسمانه‌ سورییه‌كانیش له‌هه‌وڵی‌ به‌رده‌وامدان بۆ هاتنه‌ نێو پڕۆسه‌ی‌ بنیاتنانه‌وه‌ی‌ عێراق‌و سود وه‌رگرتن له‌و هه‌لومه‌رجه‌ ئابورییه‌ زه‌به‌لاحه‌ی‌ كه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌، چونكه‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن، له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ژیانی‌ ئاسایی‌ بۆ عێراق، پێشبینی‌ ده‌كرێت كه‌لوپه‌له‌ سورییه‌كان بازاڕێكی‌ گه‌وره‌ بۆخۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن، به‌هۆی‌ له‌یه‌ك نزیكی‌ هه‌ردوو وڵات له‌ڕووی‌ جوگرافییه‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ بزنسمانی‌ به‌ناوبانگی‌ سوری‌‌و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ دیمه‌شق به‌هائه‌دین حه‌سه‌ن ده‌ڵێت "له‌ئێستادا عێراق پێویستی‌ به‌هه‌موو شتێكه‌، ئێمه‌ش ئاماده‌ی‌ دابینكردنی‌ هه‌موو شتێكین".