راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌ڕاج.. یه‌كه‌م بازاڕی‌ ئه‌لكترۆنی‌ له‌ع&#17

حه‌یده‌ر نه‌جم
بازاڕی‌ هه‌ڕاج، یان (سوق هه‌ره‌ج)،…
26.05.2009  |  به‌غدا

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا جێی‌ سه‌رنجه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بازاڕی‌ هه‌ڕاج، له‌سه‌ر شه‌قامی‌ شاره‌كانه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌ سه‌ر شاشه‌ی‌ كۆمپیوته‌ر‌و له‌دووتوێی‌ پێگه‌یه‌كی‌ ئه‌لكترۆنیدا، به‌هه‌مان به‌ره‌گ‌و شێوه‌، كراوه‌ته‌وه‌!.ئه‌گه‌ر چی‌ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ تازه‌ نییه‌‌و پێشتر له‌وڵاتانی‌ پێشكه‌وتوودا هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ له‌عێراقدا هه‌نگاوێكی‌ له‌و جۆره‌ بندرێت به‌شێوه‌یه‌ك بتوانیت له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆته‌وه‌ ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ بكڕیت كه‌ له‌بازاڕه‌ هه‌راجه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كه‌دا نمایش كراون.

به‌قسه‌ی‌ سه‌رپه‌رشتیارانی‌ ئه‌م بازاڕه‌ ئه‌له‌كترۆنییه‌، یه‌كێ‌ له‌خاڵه‌ گرنگ‌و به‌سوده‌كانی‌ ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یارمه‌تی‌ هاوڵاتیان ده‌دات نه‌چن بۆ نێو بازاڕ‌و له‌مه‌ترسی‌ هه‌ر رووداوێكی‌ توندوتیژی‌ به‌دووریان ده‌گرێت، به‌تایبه‌ت كرده‌وه‌ خۆكوژییه‌كان، چونكه‌ به‌هۆی‌ ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ نوێیه‌وه‌، كڕیار ده‌توانێت له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا له‌پشت شاشه‌ی‌ كۆمپیوته‌ر‌و به‌ده‌م خواردنه‌وه‌ی‌ چای‌ گه‌رمه‌وه‌، كه‌لوپه‌له‌كانی‌ خۆی‌ بكڕێت.

مه‌هدی‌ ئه‌جوه‌دیی‌ گه‌نجێكی‌ عێراقییه‌‌و وه‌ك دیزاینه‌ری‌ پرۆگرام كارده‌كات. ئه‌م گه‌نجه‌ كه‌ له‌هه‌مانكاتدا سه‌رپه‌رشتیاری‌ بازاڕی‌ هه‌ڕاجه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كه‌یه‌، به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند "بازاڕه‌كه‌ 729 به‌شداربووی‌ فیعلیی‌ هه‌یه‌‌و ئێستا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت كه‌ به‌حه‌ماسن بۆ بیرۆكه‌ی‌ بازاڕی‌ ئه‌له‌كترۆنیی‌‌و به‌ته‌مای‌ ئه‌وه‌ن ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ نوێیه‌ بخه‌نه‌ نێو بازاڕی‌ عێراقه‌وه‌".

ناوبراو وتیشی‌ "له‌وكاته‌وه‌ی‌ كار به‌م بیرۆكه‌یه‌ ده‌كرێت، ماڵپه‌ڕه‌كه‌ به‌چه‌ند قۆناغێكی‌ په‌ره‌سه‌ندندا گوزه‌ری‌ كردووه‌ له‌پێناو زانینی‌ سروشتی‌ خه‌ڵكی‌ عێراق بۆ قبوڵكردنی‌ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌".

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م بازاڕه‌ ئه‌لكترۆنییه‌ هێشتا تازه‌یه‌، شتومه‌كه‌ نمایشكراوه‌كان بۆ فرۆشتن تێیدا كه‌مه‌ن‌و رێكخستنی‌ كاره‌كانیش له‌نێوان كڕیار‌و فرۆشیاردان ئاسانن.

به‌مه‌به‌ستی‌ راگه‌یاندنی‌ كاتی‌ مه‌زادی‌ ئاشكرا بۆ فرۆشتنی‌ شمه‌ك‌و كه‌ره‌سته‌كان، خشته‌یه‌كی‌ تایبه‌ت له‌پێگه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كه‌دا ئاماده‌ كراوه‌ كه‌ جۆر‌و نرخی‌ شمه‌كه‌كه‌‌و ناوی‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌‌و دواكاتی‌ مه‌زاده‌كه‌ له‌خۆده‌گرێت.

پاش ئه‌وه‌ی‌ شمه‌كێكی‌ دیاریكراویش له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ ده‌كڕدرێت، ئیداره‌ی‌ بازاڕه‌كه‌ له‌ڕێی‌ ته‌له‌فونه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌هه‌ردوو لایه‌نی‌ كڕیار‌و فرۆشیار ده‌كات‌و كاتی‌ گۆڕینه‌وه‌ی‌ شمه‌ك‌و پاره‌كه‌ دیاریده‌كات، چونكه‌ هێشتا له‌عێراقدا خزمه‌تگوزاریی‌ بانكیی‌ له‌و ئاسته‌دا نییه‌ كه‌ له‌ڕێگای‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ نرخی‌ شمه‌كه‌كان بده‌یت.

مامه‌ڵه‌كردن له‌م بازاڕدا ته‌نها به‌هه‌ردوو دراوی‌ دیناری‌ عێراقی‌‌و دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكییه‌، ماڵپه‌ڕه‌كه‌ش هیچ زیاده‌‌و باجێك ناخاته‌ سه‌ر نرخی‌ كڕین‌و فرۆشتنه‌كه‌، به‌ڵكو ئیداره‌ی‌ پڕۆژه‌كه‌ له‌پاره‌ی‌ گیرفانی‌ خۆیان خه‌ریجی‌ بازاڕه‌كه‌یان ده‌رده‌كه‌ن، تا ئه‌و كاته‌ی‌ ماڵپه‌ڕكه‌ گه‌شه‌ده‌كات‌و ده‌رفه‌تی‌ ریكلامكردن‌و وه‌رگرتنی‌ باجی‌ بۆ ده‌ڕه‌خسێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ بازاڕه‌كه‌ (ئه‌جوه‌دیی‌) ده‌ڵێت "ئێمه‌ وه‌به‌رهێنان بۆ داهاتوو ده‌كه‌ن".

خاوه‌نی‌ بیرۆكه‌كه‌ رونیده‌كاته‌وه‌، بازاڕی‌ هه‌ڕاج چه‌ند یاسایه‌كی‌ هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌شداربوو پێوه‌ی‌ په‌یوه‌ست بێت، ئه‌وانه‌ش: هه‌ڵبژاردنی‌ ناوێكی‌ ناساندن‌و دانانی‌ ئیمه‌یڵ‌و ژماره‌ ته‌له‌فۆن‌و ناونیشانی‌ راسته‌قینه‌ له‌خانه‌ی‌ ئه‌ندامان‌و سه‌رپه‌رشتیارانی‌ بازاڕه‌كه‌ش گره‌نتی‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن ئه‌م زانیاریانه‌ به‌نهێنی‌ بمێننه‌وه‌، مه‌گه‌ر به‌شداربوو خۆی‌ بیه‌وێت ئه‌و زانیاریانه‌ ده‌ربخات.

بازاڕه‌كه‌ ده‌رفه‌تی‌ فرۆشتنی‌ هه‌مو شمه‌كێك ده‌ڕه‌خسێنێت (سه‌یاره‌، كه‌ره‌سته‌ی‌ كاره‌با، كه‌ره‌سته‌ی‌ ئه‌لكترۆنی‌‌و په‌یوه‌ندیكردن، كه‌ره‌سته‌ی‌ ناوماڵ ...هتد)، به‌ڵام به‌مه‌رجێك شمه‌كه‌كه‌ له‌شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامیدا یاساغ نه‌بێت، وه‌ك خواردنه‌وه‌ی‌ كحولی‌‌و گۆشتی‌ به‌راز‌و كه‌ره‌سته‌كانی‌ قوماركردن ...هتد.

جگه‌ له‌وه‌ش، بازاڕه‌كه‌ خۆی‌ به‌دوور ده‌گرێت له‌چه‌ك‌و ئاسه‌واری‌ دزراو‌و شمه‌كی‌ حكومیی‌‌و ئه‌و شمه‌كانه‌ی‌ تری‌ كه‌ ئابڕوبه‌رن، وه‌ك وێنه‌‌و كتێبی‌ ئیباحی‌‌و رووت.

به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ ئه‌م بازاڕه‌، خۆیان یاسایه‌كی‌ سزادانی‌ تایبه‌تیان هه‌یه‌ كاتێك كه‌ به‌شداربوو هه‌وڵی‌ فرۆشتن‌و ساغكردنه‌وه‌ی‌ شمه‌كی‌ یاساغ‌و حه‌رام بدات. له‌حاڵه‌تێكیشدا زانیاری‌ ناڕاست له‌سه‌ر شمه‌كه‌كان بڵاوبكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئیداره‌ی‌ بازاڕ ته‌علیقێك له‌دۆسییه‌ی‌ ئه‌و كه‌سه‌دا ده‌نوسێت كه‌ كار ده‌كاته‌ سه‌ر ناوبانگی‌ له‌بازاڕه‌كه‌دا، رێگاش نادرێت به‌بێ نیازی‌ كڕین به‌شداری‌ بكه‌یت له‌مه‌زاده‌كه‌دا، چونكه‌ "له‌شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامیدا یاساغه‌"، به‌پێی‌ قسه‌ی‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌.

حه‌یده‌ر كازم، موشته‌رییه‌كی‌ بازاڕی‌ هه‌ڕاجكردنی‌ ئه‌له‌كترۆنییه‌، وه‌ك خۆشی‌ ئاماژه‌ی‌ پێ‌ ده‌كات، له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ندین كه‌ره‌سته‌‌و كه‌لوپه‌لی‌ له‌و بازاڕه‌ كڕیوه‌، وه‌ك مۆبایل‌و كۆمپیوته‌ر‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ ماڵ‌و كاژێر له‌ڕێگای‌ مه‌زادی‌ ئاشكرا یان كڕین‌و فرۆشتنی‌ راسته‌وخۆ. له‌مباره‌یه‌وه‌ كازم ده‌ڵێت "مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌كیم له‌به‌شداریكردن له‌م بازاڕه‌دا ده‌ستخستنی‌ قازانجه‌"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ "خۆم له‌و كه‌ل‌وپه‌لانه‌ رزگارده‌كه‌م كه‌ كارم پێیان نه‌ماوه‌".

هه‌رچه‌نده‌، بڵاوكراوه‌ی‌ بازاڕه‌كه‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی‌ 5 هه‌زار ناونیشانی‌ ئه‌له‌كترۆنیی‌ له‌هه‌فته‌یه‌كدا، هه‌روه‌ها واده‌ی‌ سازكردنی‌ مه‌زاد‌و ریكلامكردنی‌ زیاتری‌ تێدایه‌، به‌ڵام هێشتا سه‌ردانكه‌رانی‌ كه‌من‌و ئه‌و شمه‌كانه‌شی‌ هه‌فتانه‌ ده‌خرێنه‌ڕو له‌په‌نجه‌ی‌ ده‌ست تێپه‌ڕ ناكه‌ن.

یه‌كێك له‌وانه‌ی‌ شمه‌كیان خستۆته‌ڕو له‌بازاڕدا‌و نه‌یویست ناوی‌ ئاشكرا بكرێت، باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ پێنج هه‌فته‌یه‌ كۆمپیوته‌رێكی‌ داناوه‌ بۆ فرۆشتن‌و كه‌س لێی‌ ناپرسێته‌وه‌، ئه‌و وتی‌ "هه‌رگیز ناكرێت ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ به‌ماڵپه‌ری‌ كه‌ره‌سته‌ فرۆشتنی‌ (ئی بای‌-eBay) رۆژئاوایی‌ به‌راورد بكرێت، به‌ڵام من ویستم تاقی‌ بكه‌مه‌وه‌".

ئه‌جوه‌دیی‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌، كه‌می‌ سه‌ردانكه‌ر به‌نیشانه‌ی‌ شكستهێنانی‌ بیرۆكه‌كه‌ی‌ نازانێت‌و ده‌ڵێت "تائێستا ریكلامكردن بۆ بازاڕه‌كه‌ پشت به‌ئیمكاناتی‌ تاكه‌ كه‌س ده‌به‌ستێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌ی‌ به‌شداربووان هێدی‌ هێدی‌ زیاد ده‌كه‌ن‌و ئێمه‌ سورین له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زۆرترین سه‌ردانكه‌ری‌ هه‌بێت".

له‌به‌شێكی‌ تری‌ قسه‌كانیشیدا، ناوبراو هۆكارێكی‌ تری‌ كه‌می‌ سه‌ردانكه‌رانی‌ بازاڕه‌كه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ شه‌قامی‌ عێراقیی‌ له‌سه‌رخۆ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ وه‌رده‌گرێت‌و هۆكاری‌ ئه‌مه‌ش "سنورداریی‌ به‌كارهێنانی‌ ئینته‌رنێته‌ له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ عێراق‌و لاوازی‌ هونه‌ری‌ ریكلامكردن‌و لاوازیی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ بانكییه‌"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ "بێ متمانه‌یی‌ له‌باره‌ی‌ وه‌ها بیرۆكه‌یه‌كه‌وه‌ له‌عێراق". هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ "ئیداره‌ی‌ بازاڕ سوره‌ له‌سه‌ر زیادكردنی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ نوێ كه‌ ده‌شێت ببێته‌ هۆی‌ راكێشانی‌ سه‌ردانكه‌ری‌ زیاتر".

بازاڕی‌ هه‌ڕاج له‌سه‌ر ئه‌نته‌رنێت: http://www.harej.com/default.asp

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌