راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عه‌لی بابان
ئۆباما هانی وه‌به‌رهێنان له‌ &#1

سه‌عد سه‌للوم
عێراقییه‌کان له‌وه‌ نیگه‌رانن…
12.11.2008  |  به‌غدا

نیقاش: سه‌رکه‌وتنه‌که‌ی ئۆباما وه‌رچه‌رخانێک بوو له‌ ژیانی سیاسی ئه‌مه‌ریکادا، ئایا ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ کاریگه‌ریی به‌سه‌ر سیاسه‌تی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌رامبه‌ر به‌ عێراق ده‌بێت؟

بابان: له‌و بروایه‌دام ئۆباما له‌ هه‌وڵه‌که‌یدا بۆ داڕشتنی سیاسه‌تی خۆی بۆ قۆناغی داهاتوو، سیاسه‌تێکی جیاواز له‌وه‌ی بووشی کوڕ ده‌گرێته‌به‌ر، به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ عێراق. سیاسه‌ته‌که‌ی ئه‌و هاوکات به‌ سێ لادا ده‌ڕوات: یه‌که‌م، ئه‌و به‌ مه‌به‌ستی بووژاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریکی و سووککردنی شانی باجده‌رانی ئه‌مه‌ریکی هه‌وڵی که‌مکردنه‌وه‌ی یارمه‌تییه‌ داراییه‌کانی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ عێراق ده‌دات. دووه‌م، که‌متر له‌سه‌ر پاراستنی پاره‌ و داراییه‌کانی عێراق له‌ بانکه‌کانی ئه‌مه‌ریکا گه‌رم ده‌بێت. ئه‌م دووانه‌ش دوو فاکته‌ری سه‌ره‌کین که‌ کاریگه‌ریی سه‌لبیان به‌سه‌ر ئابووری عێراقییه‌وه‌ ده‌بێت. سێیه‌م، پێشبینی که‌مبوونه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنانی ئه‌مه‌ریکی له‌ عێراقدا ده‌که‌م، چونکه‌ سه‌رۆک ئۆباما به‌لای هاندانی کۆمپانیا ئه‌مه‌ریکییه‌کان بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ عێراقدا ناشکێته‌وه‌.

نیقاش: باڵوێزی ئه‌مه‌ریکا رایان کرۆکه‌ر وتی که‌ ئیمزانه‌کردنی رێککه‌وتنامه‌ی ئه‌منی وه‌به‌رهێنی ئه‌مه‌ریکی له‌ وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه‌کانیان له‌ عێراقدا دوور ده‌خاته‌وه‌، ئایا ئه‌مه‌ به‌ هه‌ره‌شه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ نازانن؟

بابان: قسه‌که‌ی باڵوێزی ئه‌مه‌ریکا به‌ هه‌ره‌شه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ نازانم، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌ هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌ت ده‌کات که‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر رێککه‌وتنه‌ ئه‌منییه‌که‌ ئیمزانه‌کرێت، ئه‌وا وه‌به‌رهێنی ئه‌مه‌ریکی هه‌ست به‌ بوونی ئاسایشی پێویست ناکات له‌ هاتنی بۆ عێراق. له‌م باره‌یه‌وه‌ بایه‌خی زۆری خۆمان له‌ هاوکاری ته‌کنیکی له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌ ئه‌مه‌ریکییه‌کان ناشارینه‌وه‌. لێم گه‌ڕێ با به‌ ده‌ربڕینێکی دیکه‌ بڵێم، ترسی کۆمپانیاکان له‌ داته‌پینی ره‌وشی ئه‌منییه‌وه‌ دێت ئه‌گه‌ر بێتو رێککه‌وتنه‌که‌ ئیمزا نه‌کرێت، ئه‌وکاتیش نه‌وه‌ک هه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ ئه‌مه‌ریکییه‌کان نایه‌ن بۆ عێراق، به‌ڵکو پێشبینی ده‌که‌م گشت وه‌به‌رهێنه‌کان خۆیان ‌ببوێرن، نه‌وه‌ک هه‌ر له‌ وه‌به‌رهێنان له‌ عێراقدا، به‌ڵکو هه‌تا له‌ به‌شداربوونیش له‌ جێبه‌جێکردنی ئه‌و پڕۆژه‌ عێراقییانه‌ی له‌ شێوه‌ی گرێبه‌ستی هابه‌ش له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنانی عێراقییدا به‌ستراون.

نیقاش: که‌واته‌ ئیمزاکردنی رێککه‌وتنه‌ ئه‌منییه‌که‌ له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کان واته‌ وه‌به‌رهێنانی زیاتر ئه‌مه‌ریکی له‌ عێراقدا ..

بابان: ئه‌ندازه‌ی وه‌به‌رهێنانی ئه‌مه‌ریکی له‌ عێراقدا، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م وڵاته‌ له‌ کاتی ئێستادا هاوبه‌شی سه‌ره‌کی عێراقه‌، تا ئێستا سنوورداره‌، به‌ڵام دوور نییه‌ رێککه‌وتنه‌که‌ وه‌به‌رهێنانه‌ غه‌یره‌ ئه‌مه‌ریکییه‌کان هان بدات، به‌تایبه‌ت رۆژئاوایی ئه‌وروپی و یابانی. ئه‌گه‌ر باسیش له‌ دواڕۆژ ده‌که‌یت، که‌ ئه‌ویش له‌ ده‌ست خوای پاک و به‌رزدایه‌، ئه‌وا پێویستی زۆرمان به‌ وه‌به‌رهێنانی ئه‌مه‌ریکی هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ که‌رتی نه‌وتدا. به‌گشتی ئێستا هه‌وڵه‌کانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مه‌ریکی له‌سه‌ر دارایی و ئه‌و پاره‌ عێراقییانه‌یه‌ که‌ لای بانکه‌کانی ئه‌مه‌ریکان. نیگه‌رانین له‌وه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و پارانه‌ که‌ له‌ پارێزگاری ئه‌مه‌ریکا ده‌رده‌چن و ببنه‌ جێی چاوی ئه‌و وڵاتانه‌ی عێراق پێیان قه‌رزاره‌ و یاخود به‌ گوێره‌ی داواگه‌لێکی دادوه‌ری به‌ بڕی ملیاره‌ها دۆلا داوای قه‌ره‌بووکردنه‌ له‌ عێراق ده‌که‌ن ر.

نیقاش: ئایا هاتنی وه‌به‌رهێنانی بیانی ته‌نیا له‌ گرۆی باشبوونی ره‌وشی ئه‌منییدایه‌؟

بابان: ئاشکرایه‌ که‌ له‌گه‌ڵ باشتربوونی ره‌وشی ئه‌منی وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ هاتنه‌ عێراق دودڵ نابن. ئێمه‌ لای خۆمانه‌وه‌ یاسایه‌کی وه‌به‌رهێنانمان ده‌رکردووه‌ که‌ شتی باشی بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ بواره‌ جیاجیاکان تێدایه‌، به‌ڵام له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا عێراق پێویستی به‌ ده‌سته‌به‌رکردنی ژێرخانێک بۆ پڕۆژه‌کان و زه‌مینه‌یه‌کی بانکی و بازاڕێکی دراوی سه‌قامگیر و پارێزراو له‌ به‌رزی و نزمیی ده‌ره‌کی بۆ راکێشانی وه‌به‌رهێنه‌ران هه‌یه‌. ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئێستا نیمانه‌ و له‌ ئاینده‌دا کار بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ده‌که‌ین.

نیقاش: سه‌رمایه‌داریی له‌ قه‌یرانێکی جیهانییدایه‌، ئایا پێتوانییه‌ ئابووری عێراقی به‌ گرتنه‌به‌ری نموونه‌یه‌کی ئابووری بازاڕ به‌ رێگایه‌کی پر مه‌ترسییدا ده‌ڕوات؟

بابان: ئێمه‌ لێره‌ له‌ عێراق به‌تایبه‌ت له‌ کاتی ئێستادا ئه‌لته‌رناتیڤێکمان بۆ گرتنه‌ به‌ری سیاسه‌تی ئابووری بازاڕ و بازاڕی ئازاد نییه‌. ئه‌مه‌ریکا له‌ قه‌یراندایه‌، به‌ڵێ، به‌ڵام له‌و بروایه‌دا نیم ته‌واوی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی له‌ قه‌یراندا بێت، به‌ڵکو ته‌نیا دارایی ئه‌مه‌ریکی له‌ قه‌یراندایه‌. ئه‌وه‌ی روویداوه‌ له‌ راستییدا، وه‌ک له‌ بواری متمانه‌داندا ده‌زانن، ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رمایه‌داریی له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادیی له‌ خستنه‌ڕوو و ئازادیی خواست ده‌وه‌ستێت. ئه‌مه‌ بنه‌مای سه‌ره‌کیی سه‌رمایه‌دارییه‌. ئه‌وه‌ش که‌ روویدا په‌شێوی و له‌ده‌ستده‌رچوونی متمانه‌پێدان و قه‌رزدانه‌. ئه‌مانه‌ شتی سه‌ره‌کی نین له‌ سه‌رمایه‌دارییدا، به‌ڵکو موماره‌سه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ی سه‌رمایه‌داریین. به‌کورتی ناتوانین بڵێین قه‌یرانی دارایی له‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کان بڕوابوون به‌ سیسته‌می سۆسیالیستی گه‌ڕاندۆته‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ش، ناکرێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر سیسته‌می هه‌مه‌لایه‌نه‌ی پێشوو له‌ ئابووریی ئاراسته‌کراودا. هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێکیش بۆ ئابووری بازاڕ نییه‌.

نیقاش: به‌ڵام ئایا عێراق ئاماده‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامبوون رووه‌و ئابووری بازاڕ؟

بابان: عێراق پێویستی به‌ دامه‌زراوه‌گه‌لێکی ئابووریی به‌هێز هه‌یه‌. بازاڕی ئازاد پێویستی به‌ که‌رتێکی تایبه‌تی چالاک و کارا هه‌یه‌ و ئێمه‌ش هێشتا له‌ زۆرێک له‌و خاسییه‌تانه‌ بێبه‌شین.

نیقاش: چۆن ده‌توانی له‌ سایه‌ی ئابووری بازاڕدا و له‌گه‌ڵ هاتنی به‌گوڕی که‌لوپه‌لی بیانی پیشه‌سازییه‌ خۆجێیه‌کان بپارێزین؟

بابان: ئێمه‌ پێویستمان به‌ لایه‌نێک هه‌یه‌ که‌ رۆڵێک له‌ پاراستنی پیشه‌سازی و به‌رهه‌م خۆماڵی بگێڕێت، مه‌به‌ستیشم له‌ پاراستن شێوه‌ کۆن و جۆره‌ کلاسیکییه‌کانی نییه‌، به‌ڵکو ده‌ڵێم کرانه‌وه‌ی بازاڕی عێراقی له‌به‌رده‌م که‌لوپه‌لی بیانی به‌بێ رێسا و چاودێر، کرانه‌وه‌ نییه‌ و بازاڕی ئازادیش نییه‌، به‌ڵکو جۆرێکه‌ له‌ به‌ره‌ڵایی و فه‌وزا. ئه‌م فه‌وزایه‌ش بازاڕه‌کانی عێراقیی کردووه‌ به‌ شوێنی که‌لوپه‌لی هه‌رزان و خراپ که‌ ناچێته‌ ژێر هیچ پشکنین و چاودێرییه‌ک. ئه‌م ره‌وشه‌ نابێ هه‌روا به‌رده‌وام بێت و ده‌بێ کشتوکاڵ و پیشه‌سازی عێراقی نه‌وه‌ک هه‌ر بپارێزرێن به‌ڵکو به‌رایه‌تیشیان هه‌بێت. ده‌وڵه‌ت شێواز و ئامرازگه‌لێکی زۆری هه‌ن بۆ یارمه‌تیدانی کشتوکاڵ و پیشه‌سازی به‌بێ په‌نابردن بۆ سیسته‌می پاراستن. ناڵێم با کشتوکاڵ و پیشه‌سازیی خۆماڵی بپارێزین به‌ڵکو وای لێبکه‌ین توانای کێبه‌رکێی هه‌بێت.