راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نێرو مێی‌ تێدایه‌
گرووپی تاكسی به‌سره‌ ده‌یه‌وێت كاری خۆبه‌شی بژێنێته‌وه‌

سه‌لیم وه‌ززان
له‌به‌سره‌ گروپێك پێكهاتووه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ خۆبه‌خشانه‌ شه‌قامه‌كان چاكده‌كه‌نه‌وه‌و رۆشنبیری‌ هاتوچۆ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و هاوكاریی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌رێ‌و بانه‌كان په‌كیان ده‌كه‌وێت.
26.07.2018  |  به‌سره‌
 ( :وێنه الفيسبوك )
( :وێنه الفيسبوك )

ئۆتۆمبێله‌كانیان به‌و دروشمه‌ جیاوازه‌كانیانه‌وه‌ سه‌رنجڕاكێشن، هه‌موو رۆژانێكی هه‌ینی كۆتایی هه‌فته‌ش ئه‌ندامانی گرووپی "یه‌كێتیی تاكسی به‌سره‌" له‌ ناوچه‌ی دیاریكراو كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ راوێژكردن‌و ناساندنی ئه‌ندامانی نوێ‌و رێككه‌وتن له‌سه‌ر چالاكییه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ بێبه‌رامبه‌ره‌كانیان‌و گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ئه‌و پێشنیارانه‌ی شیاوی جێبه‌جێكردنن له‌ شاره‌كه‌یاندا.

 

گرووپه‌كه‌ بانگه‌وازی فریاكه‌وتنی له‌و شۆفێر‌و گه‌شتیارانه‌وه‌ پێده‌گات كه‌ ئۆتۆمبیله‌كانیان له‌سه‌ر رێگا ده‌ره‌كییه‌كان په‌كیان ده‌كه‌وێت‌و ئه‌مانیش به‌هانایانه‌وه‌ ده‌چن، وه‌ك ئه‌و گه‌شتیاره‌ی له‌ دووری (40 كم) له‌ ناوه‌ندی شاره‌وه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی په‌كی كه‌وت‌و حه‌وت ئه‌ندامی گرووپه‌كه‌ به‌ ئۆتۆمبێله‌كانیانه‌وه‌ به‌هانایه‌وه‌ چوون‌و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا گواسترایه‌وه‌‌و ئۆتۆمبێله‌كه‌شی چاككرا.

 

حسێن عیدانی (28 ساڵ) لێپرسراوی گرووپه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ یه‌كێتییه‌كه‌یان نزیكه‌ی سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دامه‌زراوه‌‌و ئامانجی ژیاندنه‌وه‌ی گیانی هاوكارییه‌ له‌نێو گه‌نجانی پارێزگاكه‌‌و ژماره‌ی ئه‌ندامانیشیان گه‌یشتووه‌ته‌ (39) هه‌زار ئه‌ندام.

 

وتیشی: "ئێمه‌ له‌ په‌یوه‌ندیداین‌و گفتوگۆ له‌باره‌ی چالاكییه‌كانمانه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ بریتین له‌ دابه‌شكردنی ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی هانی هاوكاری ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌ رۆشنبیریانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ ره‌وشت‌و هه‌ڵسوكه‌وتی چاك‌و یارمه‌تیدانی كه‌سانی دیكه‌وه‌ هه‌یه‌".

 

دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ "چه‌ند كارێك ئه‌نجام ده‌ده‌ین له‌وانه‌ پینه‌كردنی به‌شێك له‌و شه‌قامانه‌ی چاڵ‌وچۆڵییان تێده‌كه‌وێت‌و ئاسته‌نگ بۆ هاتووچۆ دروست ده‌كه‌ن ئه‌ویش به‌ به‌كارهێنانی قیری به‌كارهاتوو یاخود كڕینی كه‌لوپه‌له‌كان له‌سه‌ر حسابی تایبه‌تی خۆمان، هه‌روه‌ها ده‌ستمان كردووه‌ به‌ دابه‌شكردنی كیسی بچووك به‌سه‌ر شۆفێری تاكسی‌و ئۆتۆمبێله‌كانی كرێدا تا سه‌رنشینان هانبده‌ن زبڵ‌و خاشاكی تێبكه‌ن‌و له‌ رێگاكاندا فڕێی نه‌ده‌ن".

 

موسته‌فا بارس گه‌نجێكی ته‌مه‌ن بیست ساڵانه‌‌و سه‌ربازی سوپایه‌‌و سه‌رپه‌رشتیاری گرووپه‌كه‌یه‌، ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌ندامانی یه‌كێتی تاكسی به‌سره‌ بوونه‌ته‌ خێزانه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌و شاره‌زایی تایبه‌تی هاوڕێكانی شتی زۆری پێ به‌خشیوه‌.

 

موسته‌فا بۆ "نیقاش"ی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ گرووپه‌كه‌ "تایبه‌ت نییه‌ به‌ توێژێكی دیاریكراوی شۆفێران، چونكه‌ هه‌موو كه‌سێك‌و له‌ هه‌موو ئاسته‌كان له‌خۆده‌گرێت، شۆفێرانی بارهه‌ڵگر‌و تانكه‌ر‌و پاسی گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتیان‌و ئۆتۆمبێلی شاره‌وانی‌و ئه‌هلی‌و ئۆتۆمبێلی گواستنه‌وه‌ی هێڵی ده‌ره‌كی‌و ماتۆڕسكیل، هه‌روه‌ها فیته‌ری ئۆتۆمبێل‌و خاوه‌ن پیشه‌‌و ئه‌ندازیار‌و فه‌رمانبه‌ر‌و پزیشك‌و ئه‌و كه‌سانه‌ش له‌خۆده‌گرێت كه‌ ئه‌ركی راگه‌یاندنی رووداوه‌كان ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ".

 

بارس به‌ڕێوه‌بردنی گرووپه‌كه‌ به‌ كارێكی ئاسان نازانێت، به‌ڵام هه‌وڵی لێبڕوانه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ده‌ن‌و ده‌ڵێت: "هه‌وڵ ده‌ده‌ین وا له‌ ئه‌ندامانی گرووپه‌كه‌ بكه‌ین پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن كه‌ ئه‌وه‌ش كارێكی ئاسان نییه‌، چونكه‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێك له‌ گه‌نجان ئه‌ندامێتییان بقۆزنه‌وه‌ بۆ زیانگه‌یاندن به‌ گیانی یه‌ك تیمی، به‌ڵام ئێمه‌ چاودێری هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌مووان ده‌كه‌ین‌و له‌و ڕووه‌وه‌ نه‌رمی نانوێنین".

 

به‌ڵام گرووپه‌كه‌ هه‌میشه‌ له‌لایه‌ن هه‌مووانه‌وه‌ ستایش ناكرێن، چونكه‌ رێده‌كه‌وێت كه‌سێك توڕه‌یی خۆی به‌سه‌ریاندا بڕژێنێت، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ بارس به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌ڵێت: "خه‌ریكی پینه‌كردنی شه‌قامێك بووین كه‌ شوفێرێك به‌بێ هۆ به‌ وشه‌ی ناشیرین هێرشی كرده‌ سه‌رمان ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیوابوو كاره‌كه‌مان ئاسته‌نگ بۆ هاتووچۆ دروست ده‌كات. ئه‌و شۆفێره‌ زۆر هه‌ڵچووبوو، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ هه‌ڵچوونه‌كه‌ی تێگه‌یشتین‌و به‌ شێوازیكی جوان وه‌ڵاممان دایه‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ ناكرێت هه‌مووان رازی بكه‌ین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌شمان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مووان بێت".

 

عه‌لی یوسف كه‌ خۆبه‌خشێكی بواری مرۆییه‌ پێیوایه‌ زیاتر له‌ (45) گرووپ‌و كه‌مپینی خۆبه‌خشی له‌ به‌سره‌دا هه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی دیكه‌ له‌ قه‌زا‌و ناحیه‌كان كه‌ چالاكییه‌كانیان له‌ په‌یجه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی رانه‌گه‌یاندووه‌.

 

عه‌لی له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "تێبینیمان كردووه‌ بێكاری‌و مادده‌ی هۆشبه‌ر‌و ئاڕاسته‌ی خراپ له‌ نێو توێژی گه‌نجان‌و هه‌رزه‌كاراندا تاڕاده‌یه‌كی زۆر به‌ربڵاوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پاڵنه‌ری ئه‌و  خۆبه‌خشه‌ی دێته‌ نێو ئه‌م گرووپانه‌ شه‌خسی یان مرۆیی یان ئاینی یان نیشتمانی بێت یاخود بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی بێت، ئه‌وا كارێكه‌ سه‌ره‌تا ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه‌، هه‌روه‌ك له‌ هه‌ڵخلیسكانی بۆ كاری خراپ به‌دووری ده‌كات. مه‌به‌ستی چالاكی گه‌نجان له‌ كاراكردنی كاری خۆبه‌خشانه‌دایه‌".

 

هه‌روه‌ها وتی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ هێشتا كه‌مه‌، چونكه‌ ئه‌و هاوكاریكردن‌و چوونه‌ سه‌رشه‌قامه‌ی به‌دیده‌كرێت هه‌ندێك جار ته‌نیا ژماره‌یه‌كی كه‌می خۆبه‌خشان ده‌گرێته‌وه‌، پێموایه‌ كێشه‌كه‌ له‌ نه‌بوونی پشتیوانی ده‌وڵه‌تدایه‌ بۆ هه‌ڵمه‌ته‌كانی خۆبه‌خشی. ته‌نیا گرووپه‌ پشتیوانیكراوه‌كان نه‌بن كه‌ سیفه‌تی ره‌سمییان هه‌یه‌ وه‌كو گرووپی وه‌زاره‌تی لاوان‌و وه‌رزش‌و گرووپه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به‌ حزبه‌كان، به‌ڵام چوونه‌ نێو ئه‌و گرووپانه‌ به‌پێی گوێڕایه‌ڵی بۆ رێنماییه‌كانیان ده‌بێت".

 

عه‌لی باقر موسه‌وی گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 28 ساڵانه‌‌و ده‌رچووی كۆلیجی هونه‌ره‌ جوانه‌كانه‌، ئه‌و خۆی له‌ نێو گرووپه‌كه‌دا بینیوه‌ته‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌ك له‌ هاوكاری‌و خۆشه‌ویستی‌و خواستی یارمه‌تیدانی كه‌سانی دیكه‌، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت: "گرووپه‌كه‌ بۆچوونه‌كانمی سه‌باره‌ت به‌ یارمه‌تیدانی خه‌ڵك رێكخستووه‌، تا هاوبه‌شی هاوڕێكانم بكه‌م له‌ كارێكی به‌سووددا‌و ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كه‌م كه‌ یارمه‌تی كه‌سانێك بده‌م كه‌ نایانناسام، ئه‌ندامێتیم له‌ گرووپه‌كه‌دا ده‌رفه‌تێكی نایابه‌ بۆ درككردن به‌ قه‌باره‌ی هاوكاری به‌كۆمه‌ڵ‌و كاریگه‌رییه‌ دره‌وونییه‌ ئه‌رێنییه‌ گه‌وره‌كه‌ی، هه‌روه‌ك هه‌ستی خۆشه‌ویستی وڵات‌و شوێنه‌كه‌شت پێده‌به‌خشێت سه‌ره‌ڕای هه‌موو بارودۆخێك".

 

ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "من شاره‌زاییم له‌ چاككردنی هه‌موو به‌شه‌كانی ئۆتۆمبێله‌كه‌مدا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش زۆرێك له‌ شۆفێران نایزانن، بۆیه‌ كاری بێبه‌رامبه‌رم پێشكه‌شی ئه‌و كه‌سانه‌ كردووه‌ كه‌ له‌و بواره‌دا رووبه‌ڕووی كێشه‌ بوونه‌ته‌وه‌".

 

له‌سایه‌ی بارودۆخی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی گرژ‌و ئاڵۆزدا هێشتنه‌وه‌ی گیانی یه‌ك تیمی كارێكی سه‌خته‌، به‌ڵام باقر دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان زۆر دوورن له‌و په‌شوبڵاوییه‌‌و ده‌ڵێت: "هه‌رگیز پێویستمان به‌ ناونیشانی تایفی یاخود ئاینی نییه‌، ئه‌مه‌ش پابه‌ندبوونێكه‌ له‌ نێو مه‌رجه‌كانی گرووپه‌كه‌دا. ئێمه‌ پێمان وایه‌ تایفه‌گه‌ری‌و حزبایه‌تی زیانیان به‌ عێراق گه‌یاندووه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌و كاریگه‌ریانه‌ به‌دووربین ئه‌ویش له‌ڕێی پێشكه‌شكردنی كاری بێ به‌رامبه‌ره‌وه‌، ده‌مانه‌وێت دڵی عێراقی یه‌كگرتوو به‌ده‌ستبهێنینه‌وه‌".

 

یه‌كێتیی تاكسی به‌سره‌ شۆفێرانی ره‌گه‌زی مێش له‌خۆده‌گرێت وه‌ك حسێن عیدانی سه‌رۆكی گرووپه‌كه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌‌و ده‌ڵێت: "هه‌ندێك شۆفێری ژن هاتوونه‌ته‌ نێو گرووپه‌كه‌وه‌‌و ئۆتۆمبێله‌كانیان دروشمی یه‌كێتییه‌كه‌یان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌‌و به‌شداریشیان له‌و رێپێوانانه‌دا كردووه‌ كه‌ به‌بۆنه‌ی ئازادكردنی موسڵ رێكمانخستن هه‌روه‌ها به‌شداری چالاكی دیكه‌ش بوون، هه‌روه‌ك به‌شێك له‌ ئامانجه‌كانمان خۆی له‌ هاندانی شۆفێراندا ده‌بینێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كاری خراپ به‌رامبه‌ر شۆفێره‌ ژنه‌كان نه‌كه‌ن‌و له‌ شه‌قامه‌كاندا هه‌راسانیان نه‌كه‌ن‌و به‌ مه‌ردایه‌تی هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن".

 

چالاكییه‌كانی گرووپه‌كه‌ ته‌نیا له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بێبه‌رامبه‌ردا چڕ نابنه‌وه‌، چونكه‌ لایه‌نێكی كاتبه‌سه‌ربردنیشی تێدایه‌ كه‌ خۆی له‌ رێكخستنی گه‌شتی پشوودان بۆ ئه‌ندامانی گرووپه‌كه‌‌و خێزانه‌كانیان ده‌بینێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی حوته‌‌و جبایش له‌ ناسریه‌ یان ناوچه‌ی گه‌شتیاری دیكه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌