راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ژنانی شاره‌كه‌ سه‌رقافڵه‌ن
به‌سره‌ به‌ره‌و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نگاو ده‌نێته‌وه‌

ئه‌حمه‌د وه‌حید
ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌ی‌ له‌حه‌فتا‌و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا شاری به‌سره‌ به‌خۆوه‌ی‌ بینی‌، پاش ماوه‌یه‌ك پاشه‌كشه‌ جارێكی‌ تر سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌و شاره‌كه‌ ده‌یه‌وێت ركابه‌ری‌ به‌غدای‌ پایته‌خت بكات.
28.06.2018  |  به‌سره‌
 ( :وێنه Wikimedia Commons)
( :وێنه Wikimedia Commons)

هه‌ردوو خوشك شه‌هد‌و نور روبه‌یعی له‌ نهۆمی سێیه‌می تایبه‌ت به‌ چێشخانه‌‌و گازینۆكان له‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین مۆڵه‌ بازرگانییه‌كانی به‌سره‌ (560 كم له‌ باشووری به‌غدا) دانیشتوون‌و چاوه‌ڕوانی ئاماده‌بوونی داواكارییه‌كه‌یان ده‌كه‌ن له‌ یه‌كێك له‌ چێشتخانه‌كانی ئه‌و شوێنه‌.

 

چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئاسان نه‌بوو كچان به‌ شه‌و بچنه‌ ده‌ره‌وه‌‌و ئۆتۆمبێل لێبخوڕن بۆ هێنانی شێو له‌ یه‌كێك له‌و چێشتخانانه‌ی له‌ شاره‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی چێشتخانه‌كانی ناوچه‌كه‌ مۆركێكی میللییان هه‌بوو یاخود خێزانی بوون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی مۆڵه‌كان، بووه‌ته‌ شتێكی ئاسایی هه‌ندێك ژنی شاره‌كه‌ به‌بێ سه‌رپۆش له‌و شوێنانه‌ ببینرێن، هه‌روه‌ك ئاساییشه‌ كچان له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌ته‌نیا ببینرێن.

 

ره‌نگه‌ دیمه‌نی شه‌هد‌و نور بوونی كه‌سێكی له‌ ره‌گه‌زی نێری كه‌م بێت له‌ ته‌مه‌نی باوكیاندا یاخود له‌ ته‌مه‌نی برایه‌كی گه‌وره‌تر له‌خۆیان، به‌ڵام ئه‌وان به‌ته‌نیا نانه‌كه‌یان خوارد‌و به‌ره‌و نهۆمی زه‌مینی مۆڵه‌كه‌ كه‌وتنه‌ڕێ.

 

شه‌هد ده‌ڵێت: "ئه‌و كاته‌ی له‌ زانكۆ ده‌مخوێند، له‌ میلیشیا چه‌كداره‌كان ده‌ترسام‌و له‌ترسی هه‌راسانكردن ئه‌و جلوبه‌رگانه‌م ده‌پۆشی كه‌ له‌گه‌ڵ بۆچوونیاندا ده‌گونجا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌سره‌ زۆر ئارامه‌ به‌تایبه‌تی دوای كردنه‌وه‌ی ئه‌و مۆڵانه‌ی شوێنێكی داخراون‌و ده‌توانین به‌ هه‌ر جۆره‌ جلوبه‌رگێكه‌وه‌ كه‌ حه‌زمان لێبێت، تێیاندا بگه‌ڕێین دوور له‌ ژاوه‌ژاو‌و ده‌رده‌سه‌ری بازاڕ".

 

باڵاده‌ستی دیمه‌نی ئاینی‌و موحافیزكارانه‌ له‌و شاره‌ باشوورییه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌ی سه‌ر كه‌ناری شه‌وتولعه‌ره‌ب ئه‌و مۆركه‌یه‌ كه‌ له‌ساڵی 2003وه‌ شاری به‌سره‌ی پێ جیاده‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ دوای ئه‌و ساڵه‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كدار‌و میلیشیای له‌یاسا ده‌چوو شاره‌كه‌یان كۆنترۆڵ كرد‌و كه‌وتنه‌ كێبڕكێ كردن، ئه‌وه‌ش چه‌ندین كێشه‌ی بۆ دانیشتووانه‌كه‌ی دروست كرد.

 

ئه‌مڕۆ ئه‌م شاره‌ كه‌ به‌ نزیكی له‌ كه‌نداو‌و پێگه‌ نایابه‌كه‌ی به‌ناوبانگه‌، هه‌وڵی دووباره‌ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی كرانه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ده‌دات له‌ڕێی چه‌ندین دیارده‌وه‌ كه‌ به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی بازاڕ‌و مۆڵه‌ گه‌وره‌كان ده‌ستیان پێكردووه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ش زیادیكردووه‌ كه‌ له‌ به‌سره‌ ئۆتۆمبێل لێده‌خوڕن هاوكات هه‌ندێك له‌و خێزانانه‌ی سه‌رفه‌ریان كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ بژین، له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا هه‌ندێك دیمه‌نی دیكه‌ی كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیان بۆ گواستووه‌ته‌وه‌.

 

له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییشدا له‌وه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیاكان له‌ ساڵی 2008وه‌ پاشه‌كشه‌ی كردووه‌ ئه‌و ژنانه‌ زیادیانكردووه‌ كه‌ باڵاپۆش نین، چونكه‌ میلیشیاكان لافیته‌یان هه‌ڵده‌واسی‌و هۆشیارییان ده‌دایه‌ كچان له‌ "خۆجوانكردن‌و سفوری" هه‌روه‌ك له‌ كۆلیجه‌كانیشدا چه‌ند حاڵه‌تێكی رێگریكردن له‌و كچانه‌ روویاندا كه‌ باڵاپۆش نه‌بوون یاخود ئه‌وانه‌ی جلوبه‌رگێك له‌به‌ر ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تدا ناگونجێت.

 

ئه‌مڕۆش له‌ پارێزگاكه‌دا خوێندنگه‌ی (بیانی) سه‌ره‌تایی تێكه‌ڵاو په‌یدابوون‌و خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ریان تێكردوون، ئه‌وه‌ش وای له‌ سه‌رمایه‌داران كردووه‌ كار بۆ بنیاتنانی پرۆژه‌ی هاوشێوه‌ بكه‌ن.

 

میلیشیا چه‌كداره‌كان له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵانی 2003‌و 2008دا به‌سره‌یان كۆنترۆڵ كردبوو، بۆیه‌ ده‌وڵه‌ت پلانێكی ئه‌منی جێبه‌جێكرد‌و تێیدا چه‌كی میلیشیاكانی داماڵی‌و كه‌سایه‌تییه‌ كاریگه‌ره‌كانیشی ده‌ستگیركردن، ئیتر دوای ئه‌وه‌ به‌سره‌ ده‌ستیكرد به‌ پێشوازیكردن له‌ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان‌و له‌ ساڵی 2009دا ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی له‌ پارێزگاكه‌دا دامه‌زراند.

 

ریاز عیدانی وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی پارێزگاكه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "له‌ سێ ساڵی رابردوودا به‌شێوه‌یه‌كی زیاتر له‌ ساڵانی پێشووتر مۆڵه‌تی شۆفێری تایبه‌ت به‌ ژنان ده‌رهێنراوه‌ ئه‌ویش به‌هۆی په‌یوه‌ست بوونی هه‌ندێك له‌ ژنان به‌ كاره‌كانیان‌و قوتابخانه‌ی منداڵه‌كانیان كه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كه‌ن ژنان ئۆتۆمبێلی تایبه‌تی خۆیان هه‌بێت".

 

وتیشی: "شۆفێرانی پیاو چیتر شۆفێرێكردنی ژنانیان به‌لاوه‌ سه‌یر نییه‌ به‌هۆی به‌ربڵاوی ئه‌م دیارده‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ژنانی هانداوه‌ ئه‌زموونی شۆفێریكردن تاقی بكه‌نه‌وه‌، بۆشمان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ژنان رووداو‌و هه‌ڵه‌ی كه‌متر ده‌كه‌ن، چونكه‌ پابه‌ندی یاسان".

 

شه‌هد پشتیوانی له‌ بۆچوونه‌كه‌ی عیدانی ده‌كات له‌وه‌ی ژنان له‌كاتی شۆفێریدا له‌ پیاوان په‌رۆشترن، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ژنان به‌ئاسانی‌و شایسته‌یی مۆڵه‌تی شۆفێرییان به‌ده‌ستهێناوه‌ پاش ئه‌وه‌ی به‌باشی راهێنانیان له‌سه‌ر لێخوڕینی ئۆتۆمبێل كردووه‌".

 

هه‌روه‌ها له‌ به‌سره‌دا تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ژنان ده‌چنه‌ كایه‌ی كاركردن له‌ كۆمپانیاكانی فڕۆكه‌وانی‌و گه‌شت‌و چێشتخانه‌كان‌و جلوبه‌رگ‌و ته‌نانه‌ت له‌ بواری نواندن‌و سینه‌ما‌و كاركردن وه‌كو ئه‌فسه‌ری هاتووچۆ وه‌ك ملازمی یه‌كه‌م عه‌لیا كه‌ خاتوونێكی به‌سره‌یه‌‌و زیاتر له‌ هه‌شت ساڵه‌ له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ كارده‌كات.

 

عه‌لیا ئه‌فسه‌رێكی هاتووچۆیه‌‌و له‌دایكبووی ساڵی 1983یه‌‌و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسه‌ له‌ یاسا‌و یه‌كه‌م ئه‌فسه‌ری هاتووچۆیه‌ له‌ پارێزگای به‌سره‌دا توانی له‌ نێو 83 ئه‌فسه‌ری ژندا ده‌ربچێت.

 

زیاد عه‌زاری دیزاینه‌ری جلوبه‌رگ له‌باره‌ی ئه‌و نمایشانه‌ی له‌ به‌سره‌ پێشكه‌شیان ده‌كات به‌ "نیقاش"ی وت: "چیتر رووبه‌ڕووی ئه‌و كێشه‌یه‌ نابینه‌وه‌ كه‌ 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رووبه‌ڕوومان ده‌بووه‌وه‌ ئه‌ویش ده‌گمه‌نی ئه‌و كچانه‌بوو كه‌ خوازیاری كاركردن بوون وه‌كو نمایشكاری جلوبه‌رگ به‌هۆی كۆت‌وبه‌نده‌ عه‌شایری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كی زۆر كچه‌ نمایشكارمان له‌ به‌سره‌ هه‌یه‌".

 

زیاد هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌مڕۆ كچانی به‌سره‌ ده‌بینن پارێزگاكه‌ له‌ گه‌شه‌كردندایه‌‌و كچانێكی زۆر هه‌ن رۆڵی خۆیان وه‌رگرتووه‌‌و بوونه‌ته‌ ژنی خاوه‌نكار ئه‌ویش به‌هۆی ئاستی به‌رزی فه‌راهه‌مبوونی ئاسایش‌و سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ له‌ بواری كاری تایبه‌ت به‌ كچان كه‌ قه‌واره‌یه‌ك به‌ ژنان ده‌به‌خشێت‌و چگه‌ له‌وه‌ش كارێكی رێزلێگیراوه‌".

 

نمایشه‌كانی جلوبه‌رگ له‌ به‌سره‌ له‌ ساڵی 2015وه‌ له‌ نێو هۆڵی هۆتێله‌ پارێزراوه‌كانه‌وه‌ ده‌ستیان پێكرد، به‌ڵام له‌وه‌ به‌دواوه‌ له‌ هۆڵه‌ كراوه‌كانیشدا به‌ بانگهێشتی گشتی‌و به‌شداری رێكخراوه‌ عێراقی‌و بیانییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چن.

 

ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا پشت به‌ كچه‌ نمایشكاره‌كانی به‌غدا‌و به‌شداری ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ كچانی به‌سره‌ به‌سترابێت، ئه‌وا له‌ ساڵی رابردووه‌وه‌ نمایشه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زیاتر پشتیان به‌ كچانی به‌سره‌ به‌ستووه‌.

 

له‌ ساڵی 2011وه‌ یه‌كێتی ژنانی خاوه‌نكاری عێراق له‌ به‌سره‌ دامه‌زراوه‌‌و له‌ ده‌سته‌ گشتییه‌كه‌یدا چه‌ند ژنێكی خاوه‌نكار له‌خۆده‌گرێت‌و هه‌شیانه‌ رێبه‌رایه‌تی رێكخراوه‌كانی به‌رگریكردن له‌ مافی ژنان له‌ پارێزگاكه‌دا ده‌كه‌ن.

 

دیمه‌نه‌كانی كرانه‌وه‌ له‌م شاره‌ باشوورییه‌دا به‌ره‌و فراوانبوون ده‌ڕوات‌و چه‌ندین بواری گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش خواستی ژنانی ئه‌و شاره‌‌و به‌هه‌مان شێوه‌ رۆشنبیرانیشه‌، هه‌رچی شه‌هد‌و خوشكه‌كه‌شیه‌تی ئه‌وا گه‌شته‌كه‌یان له‌ مۆڵه‌كه‌دا ته‌واو كرد‌و به‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌یان به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌‌و دڵخۆشبوون به‌و كارانه‌ی ئه‌و رۆژه‌ به‌بێ ده‌ستوه‌ردانی پیاوان ئه‌نجامیان دان.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌