راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئه‌زموونێكی نوێ له‌ كوت
شانۆی سه‌رشه‌قام ده‌روازه‌یه‌كی میللی بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی خه‌می خه‌ڵك

محەمەد زەیدی
شانۆی سه‌رشه‌قام له‌ كوت یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كانی داهێنانی شانۆیی‌و ده‌روازه‌یه‌كیشه‌ بۆ ره‌خنه‌گرتن‌و راستكردنه‌وه‌ی واقیع به‌جیاوازی ده‌ركه‌وتنه‌كانی‌و دوور له‌ مقه‌ستی ره‌قیب.
21.06.2018  |  واست

له‌ شه‌قامی زیفاف كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رامبه‌ر روباری دیجله‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شاری كوت (180 كم له‌ باكووری به‌غدا) كه‌ چه‌ندین بازاڕ‌و گازینۆی تێدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌‌و ره‌نگه‌كان تێكه‌ڵ به‌ ریتمی بازاڕكه‌ران ده‌بێت، هه‌ردوو شانۆكار محه‌مه‌د ئه‌ماره‌‌و جه‌لال شاتی پاشنیوه‌ڕۆی هه‌موو رۆژانی هه‌ینی ده‌گه‌نه‌ ئه‌و شوێنه‌، ئاماده‌كردنی شوێنی نمایشه‌كه‌‌و پێداویستییه‌كانی سه‌رخستنی‌و ئه‌نجامدانی راهێنانی پێشوه‌خت، چالاكی هه‌فتانه‌ی ئه‌ماره‌‌و شاتین به‌ر له‌ نمایشه‌ شانۆییه‌كه‌یان له‌ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌كه‌دا.

 

نمایشه‌كه‌ جێگای خۆی له‌ دڵی ئه‌و ته‌ماشاكه‌رانه‌دا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ورده‌ ورده‌ ژماره‌یان روو له‌زیادبوون ده‌كات‌و گیانێكی نوێیان پێده‌به‌خشێت، ئه‌و به‌هره‌ شانۆییانه‌ په‌ناگه‌یان شه‌قامه‌ كه‌ شێوازێكی نوێی هونه‌ری یاخود ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت شانۆی سه‌رشه‌قام به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن.

 

هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك تیپه‌ شانۆییه‌كان له‌ كوت بیرۆكه‌ی شانۆگه‌رییه‌ك نمایش ده‌كه‌ن كه‌ له‌ واقیعه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ش كه‌ په‌یامنێری "نیقاش" ئاماده‌ی بوو به‌ناونیشانی "ئه‌و خۆزگانه‌ی به‌دینایه‌ن" بوو، پاڵه‌وانه‌كانی دوو گه‌نج بوون، ئه‌وانیش عه‌لی‌و مه‌حمودن، رووداوه‌كانی دراماكه‌ش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ردوو پاڵه‌وانه‌كه‌ ده‌رچووی كۆلیجی یاسای زانكۆی واستن‌و ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ هاوڕێی یه‌كترن.

 

عه‌لی گه‌نجێكی ره‌شبینه‌‌و له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ زۆر تێكچووه‌، چونكه‌ ده‌رفه‌تی كارێكی شیاوی ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌، چه‌نده‌ ته‌مه‌نیشی به‌ره‌و هه‌ڵكشان بچێت، ئه‌وه‌نده‌ی تر ئومێدی به‌ده‌ستهێنانی دامه‌زراندنی حكومی كه‌م ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام چێرۆكی ئه‌و زۆر له‌ مه‌حمودی هاوكاری جیاوازه‌ كه‌ دوای ده‌رچوونی له‌ زانكۆ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كچێكدا كرد كه‌ دوو ساڵ له‌خۆی بچووكتره‌‌و به‌ به‌رێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی باوكی كچه‌كه‌ دامه‌زرا كه‌ پۆستێكی باڵای حكومی هه‌یه‌.

 

ژیانی عه‌لی به‌ خنكان له‌ ده‌ریا كۆتایی دێت، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی بڕیاری كۆچی نایاسایی ده‌دات بۆ ده‌ره‌وه‌ی نیشتمان تا به‌دوای گوزه‌رانێكی باشتردا بگه‌ڕێت، دیالۆگی شانۆگه‌رییه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر خوێندنه‌وه‌ی بۆ واقیعی تاڵی عێراق‌و ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌روونیانه‌ به‌رجه‌سته‌ كردووه‌ كه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و حاڵه‌یه‌ته‌یه‌ كه‌ نووسه‌ری سیناریۆكه‌ به‌ "ده‌رهاویشته‌ی پشككاری سیاسی قێزه‌ون" ناوی ده‌بات.

 

ئه‌زموونی شانۆی سه‌رشه‌قام یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌زموونه‌ هونه‌رییه‌ نوێیانه‌ی مۆركێكی میللییان هه‌یه‌‌و خه‌ریكه‌ باڵ به‌سه‌ر واقیعی عێراقدا ده‌كێشێت، نمایشه‌كانی شانۆی سه‌رشه‌قامیش یه‌كێكن له‌و چالاكییه‌ جۆراوجۆرانه‌ی شه‌قامی رۆشنبیری شاره‌كه‌ هه‌موو رۆژانی هه‌ینییه‌ك به‌خۆوه‌ی ده‌بینێت، جه‌ماوه‌ریش به‌پێوه‌ ته‌ماشای نمایشه‌كان ده‌كه‌ن‌و كارلێكیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، شانۆكارانیش له‌ڕێی ئه‌و نمایشانه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ره‌خنه‌ له‌ دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسییه‌كان بگرن.

 

وه‌ك هونه‌رمه‌ندی شانۆكار محه‌مه‌د ئه‌ماره‌ ده‌ڵێت شانۆكارانی واست به‌و ده‌قه‌ شانۆییانه‌یان كه‌ ده‌توانن كاریگه‌ری له‌سه‌ر وه‌رگر دابنێن، ده‌خوازن "نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵك ده‌ربخه‌ن‌و ره‌خنه‌ له‌ هه‌ندێك له‌و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسییانه‌ بگرن‌و راستیان بكه‌نه‌وه‌ كه‌ عێراقییه‌كان به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن".

 

ئه‌ماره‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانیدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ڕێی نمایشه‌كانی شانۆی سه‌رشه‌قامه‌وه‌ بگه‌نه‌ توێژه‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌ "نیقاش"ی وت: "نمایشه‌كانی شانۆی سه‌رشه‌قام بوونه‌ته‌ مایه‌ی ره‌زامه‌ندی‌و خۆشحاڵی  هه‌موو خه‌ڵك، به‌تایبه‌تی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی بوێرانه‌ ره‌خنه‌ له‌ هه‌ندێك دیارده‌‌و شكستی حكومه‌ت ده‌گرن كه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان به‌ ژیانی عێراقییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌".

 

سه‌باره‌ت به‌ سروشتی ئه‌و بابه‌تانه‌ش كه‌ ده‌قه‌كانی شانۆی سه‌رشه‌قام له‌ كوت له‌خۆی ده‌گرێت، ده‌ڵێت: "هه‌موو شتێك مایه‌ی ره‌خنه‌ لێگرتن‌و راستكردنه‌وه‌یه‌، هه‌ر له‌ ئه‌دای حكومه‌ته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ هه‌ندێك بڕیاری جێمشتومڕی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌ندێك دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی".

 

ئه‌ماره‌ به‌ده‌م خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌قی شانۆییه‌وه‌ وتی: "ئه‌و نمایشانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قام پێشكه‌ش ده‌كرێن خاڵی نین له‌ پانتاییه‌كی به‌رفراوانی هونه‌ر‌و داهێنان، به‌تایبه‌تی كه‌ كارلێكی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر بوار ده‌ڕه‌خسێنێت بۆئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ نمایشه‌كه‌ بكرێت".

 

تیمه‌كه‌ به‌بێ ریكلام‌و پروپاگه‌نده‌ی پێشوه‌خت، هه‌فتانه‌ ده‌ست به‌ نمایشكردنی شانۆگه‌رییه‌ جیاجیاكانی ده‌كات، نمایشكردنی شانۆگه‌رییه‌كان به‌شێكه‌ له‌ به‌رنامه‌یه‌كی رۆشنبیری هه‌مه‌جۆر كه‌ له‌لایه‌ن "شه‌قامی رۆشنبیری دیجله‌"وه‌ رێكده‌خرێت كه‌ ئه‌ویش به‌م دواییانه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌بژێرێك له‌ رۆشنبیرانی پارێزگاكه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، كتێب فرۆشتن‌و كۆڕی گفتوگۆی شیعری‌و نمایشی شانۆیی، كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ی رۆشنبیری هه‌مه‌جۆرن كه‌ هه‌فتانه‌ له‌ شه‌قامی رۆشنبیریدا رێكده‌خرێن.

 

 توێژه‌ جیاجیاكانی شاری كوت په‌رۆشی ئاماده‌بوون‌و كارلێكی به‌رده‌وامن له‌گه‌ڵ ئه‌و نمایشه‌ شانۆییانه‌ی به‌بێ پێشه‌كی میوانانی شه‌قامه‌كه‌ بۆخۆیان راده‌كێشن، هاوكات ئه‌ندامانی شانۆی سه‌رشه‌قام رۆڵێكی گه‌وره‌ ده‌گێڕن به‌تایبه‌تی كه‌ ئاماده‌بووان باوه‌ڕیان به‌ دڵسۆزی‌و نیازپاكی شانۆكارانی پشت ئه‌و جۆره‌ هونه‌ره‌ هه‌یه‌.

 

چه‌ند تیپێكی شانۆیی به‌سه‌ره‌ نمایشه‌ شانۆییه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ ئازاری یه‌ك نه‌وه‌ی ته‌واو له‌خۆیاندا چڕده‌كه‌نه‌وه‌‌و سه‌رجه‌میان بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و ئابووری چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن وه‌ك بێكاری‌و گرنگی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن‌و ئه‌و دیاردانه‌ی ده‌رهاویشته‌ی پشككاری تایفین كه‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقیان له‌سه‌ر بنیات نراوه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه‌.

 

سه‌ره‌ڕای ساكاری پێداویستییه‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م جۆره‌ نمایشانه‌، هه‌ڵسوڕێنه‌رانیان خوازیارن له‌ ئاینده‌دا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌‌و كارلێكێكی مه‌زنیش به‌خۆوه‌ ببینن، چونكه‌ یارمه‌تیده‌رن له‌ گواستنه‌وه‌ی ئازاره‌كانی جه‌ماوه‌ر‌و چاره‌سه‌ركردنی خاڵه‌ نه‌رێنییه‌كانی.

 

له‌باره‌ی گرنگی شانۆ‌و رۆڵی له‌ زیادكرنی هۆشیاری میللی، هونه‌رمه‌ندی شانۆكار جه‌لال شاتی پێیوایه‌ كه‌ "په‌یامێكی مرۆڤانه‌‌و هۆشاریه‌‌و ئه‌ركی ئه‌وه‌یه‌ به‌رٍێگای جیاواز بگاته‌ جه‌ماوه‌ر، ره‌نگه‌ شانۆی سه‌رشه‌قامیش نزیكترین ئه‌و رێگایانه‌ بێت".

 

شاتی كه‌ به‌ ره‌خنه‌گرتنی توندی له‌ ئه‌دای حكومه‌ت ناسراوه‌، به‌ "نیقاش"ی وت:"شانۆ له‌ باشترین ئه‌و هونه‌رانه‌یه‌ كه‌ ره‌خنه‌ له‌ كێشه‌كانی په‌راوێزخستن‌و دزینی پاره‌ی گشتی‌و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسیه‌كانی دیكه‌ ده‌گرێت‌و راستیان ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و كێشانه‌ش نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵك پوخت ده‌كه‌نه‌وه‌‌و په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان به‌ ژیانیشیانه‌وه‌ هه‌یه‌".

 

شانۆی سه‌رشه‌قام یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت خۆڕسك، ئه‌دایه‌كی شانۆییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌و له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كاندا نمایش ده‌كرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رێكی دیاریكراو ده‌ستنیشان بكات‌و ده‌كرێت له‌ ناوه‌ندی بازاڕ‌و شوێنی وه‌ستانی ئۆتۆمبێل‌و شوێنه‌كانی كاتبه‌سه‌ربردندا بێت وه‌كو باخچه‌كان‌و سوچی شه‌قامه‌كان.

 

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ دكتۆر هادی عه‌باس حه‌سون مامۆستای ره‌خنه‌ی شانۆیی له‌ زانكۆی واست پێی وایه‌ گرنگترین خاڵ له‌م جۆره‌ هونه‌ردا "سڕینه‌وه‌ی ماوه‌ی نێوان جه‌ماوه‌ر‌و تیمی شانۆییه‌كه‌یه‌".

 

ده‌شڵێت: "ده‌كرێت شانۆی سه‌رشه‌قام ده‌رفه‌تێك بێت بۆ په‌ره‌پێدانی به‌هره‌ی شانۆكاران‌و فێریان بكات چۆن جه‌ماوه‌ر راده‌كێشن‌و كارلێك له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆكه‌ جیاجیاكانی شانۆی سه‌رشه‌قام ده‌كه‌ن". روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "شانۆی سه‌رشه‌قام رووبه‌رێكی به‌رفراوانی ئازادی له‌خۆده‌گرێت".

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌