راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌سه‌ر شۆسته‌كان كارده‌كه‌ن
ژنان له‌كه‌ركوك ره‌نگی شه‌قامه‌كان ده‌گۆڕن

سه‌مه‌ر ره‌بیع
به‌شێك له‌ژنانی كه‌ركوك به‌ره‌نگاری ته‌شقه‌ڵه‌‌و قسه‌ی خه‌ڵك‌و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌ته‌وه‌‌و توانیویانه‌ به‌ لێهاتوویی خۆیان‌و ده‌ستڕه‌نگینیان به‌رهه‌مێكی ناوازه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن.
3.05.2018  |  كەركوك

فه‌لیحه‌ به‌ لێوه‌شاوه‌یی‌و كه‌شخه‌یی له‌سه‌ر كورسییه‌ پلاستیكییه‌كه‌ی دانیشتووه‌‌و چه‌ند كاڵایه‌كی  ره‌نگا‌وره‌نگی ژنانه‌ی له‌به‌رده‌مدایه‌، ئه‌و خشڵ‌و كه‌لوپه‌لی جوانكاری ژنانه‌‌و پیاوانه‌ی وه‌كو مستیله‌‌و ته‌سبیحی جیاجیای تایبه‌تی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ به‌ده‌ستی خۆی دروستیكردوون.

 

ماندوویی‌و شه‌ونخونی به‌رووخساری ئه‌و ژنه‌ چل ساڵانه‌یه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ته‌مه‌نی خۆی گه‌وره‌تر ده‌ریبخات، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای جوانی شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ كڕیاره‌كانی‌و رێكپۆشییه‌ گونجاوه‌كه‌ی، به‌ڵام سه‌ختی ژیانی به‌ڕوونی پێوه‌ دیاره‌.

 

فه‌لیحه‌ كه‌ خه‌ڵكی شاری كه‌ركوكه‌ به‌ربه‌ستی ترس‌و دوودڵی شكاندووه‌‌و كاری له‌سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌‌و به‌رهه‌مه‌كانی به‌و فرۆشیارانه‌ی دیكه‌ ده‌فرۆشێته‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شاره‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌‌و له‌لایه‌ن ئه‌و ژنانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و فێربوون‌و پیشه‌كه‌یان وه‌رگرتووه‌ تا وه‌كو ژنێكی زه‌حمه‌تكێش بژێوی خۆیان په‌یدا بكه‌ن.

 

ده‌ستڕه‌نگینی‌و بیرۆكه‌ی جوان له‌و كه‌لوپه‌لانه‌دا به‌رجه‌سته‌ بوون كه‌ ژنه‌كان له‌سه‌ر مێزێكی بچووك له‌به‌رده‌م خۆیاندا رایانخستوون، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری كۆمه‌ڵگه‌‌و كۆتوبه‌نده‌كانی بوونه‌وه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ فه‌لیحه‌ ده‌ڵێت: " كاره‌كانم ده‌ستپێكرد‌و به‌ره‌وپێشم بردن سه‌ره‌ڕای به‌رهه‌ڵستی كه‌سوكارم بۆ بیرۆكه‌ی راوه‌ستانم له‌سه‌ر شۆسته‌كان به‌هۆی تێڕوانینی ناشیرینی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ كاری ژنان له‌ هه‌لومه‌رجێكدا كه‌ شه‌قام‌و رێبواران حوكمی ده‌كه‌ن، به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌م یه‌كه‌م پشتیوانم بوو".

 

فه‌لیحه‌ له‌دایكبووی به‌غدایه‌‌و له‌ساڵی 2005دا له‌دوای هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی تایفی له‌ عێراق به‌تایبه‌تیش له‌ پایته‌خت، هاتووه‌ته‌ كه‌ركوك، ئه‌و به‌رپرسیارێتی خێزانه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ كوڕێكی هه‌یه‌ به‌هۆی نه‌خۆشی له‌ بڕبڕه‌ی پشتیدا توانای جموجوڵی نییه‌.

 

ئه‌م هاوسه‌ر‌و دایكه‌ سه‌ختی بژێوی‌و نه‌خۆشی كوڕه‌كه‌ی كردووه‌ته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ داهێنان، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی دركی به‌وه‌كرد توانای هه‌یه‌ مورووی ره‌نگاوڕه‌نگ رێكبخات‌و به‌وردی كاریان تێدا بكات‌و له‌شێوه‌ی بابه‌تی جوانكاریدا دایانبڕێژێت وه‌كو بازن‌و گواره‌‌و هه‌موو جۆره‌كانی جوانكاری‌و چنین‌و دروومان جگه‌ له‌ دروستكردنی سینی ماره‌كردن كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نه‌ریته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی.

 

فه‌لیحه‌ به‌ پشاندانی كاڵاكانی له‌سه‌ر مێزێكی زۆر بچووك له‌ شه‌قامی قودس له‌ناوه‌ڕاستی شاری كه‌ركوك ده‌ستیپێكرد‌و رووبه‌ڕووی چه‌ندین ته‌شقه‌ڵه‌پێكردن بووه‌وه‌‌و له‌به‌های ئه‌و به‌رهه‌مانه‌یان كه‌مده‌كرده‌وه‌ كه‌ ده‌یخستنه‌ڕوو، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر خۆڕاگربوو، چونكه‌ توێژێكی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش هه‌ن پشتیوانی خۆی‌و ژنه‌ هاوڕێكانی ده‌كه‌ن.

 

ئه‌و ده‌لًێت: "ژماره‌مان گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 12 ژن‌و له‌پشتی مێزه‌كانمانه‌وه‌ ده‌وه‌ستین‌و بانگه‌شه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌كانمان ده‌كه‌ین تا بژێوی خۆمان په‌یدا بكه‌ین، هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ په‌رۆشن بۆ كاره‌كه‌یان‌و هه‌ستێكی هونه‌ریشیان هه‌یه‌ له‌ دیزانیكردنی بابه‌ته‌كانی جوانكاری‌و به‌ كه‌مێك هاندانی من‌و یارمه‌تیدانیان له‌ كاره‌كه‌دا بوونه‌ته‌ به‌شێكی گرنگ له‌ تیمه‌كه‌".

 

یه‌كێك له‌ ئاواته‌كانی ئه‌م خانمه‌ كه‌ دیاره‌ سه‌رسه‌خته‌‌و زه‌حمه‌ته‌ خۆی بۆ قه‌ده‌ر بدات به‌ده‌سته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ دوكانێكی بچووكی هه‌بێت تا به‌رهه‌مه‌كانی تێدا پیشان بدات‌و بیانگه‌یه‌نێته‌ هه‌موو پارێزگاكانی عێراق، چونكه‌ خۆی‌و گرووپه‌كه‌ی به‌شداری له‌ زۆربه‌ی ئه‌و چالاكی‌و فێستیڤاڵانه‌دا ده‌كه‌ن كه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ كۆلیجه‌كانی زانكۆی كه‌ركوك یاخود كۆڕه‌كانی ژناندا رێكده‌خرێن.

 

ئه‌و به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی ددانه‌كانی ده‌رخستبوو، وتی: "گرنگترین ئامانجم پشتیوانیكردنی ئه‌و ژنانه‌یه‌ كه‌ داهاتیان سنوورداره‌ وه‌كو من یاخود ژنانی بێ هاوسه‌ر‌و جیابووه‌وه‌‌و دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار بۆیان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كارێكی ساده‌ش بێت، ئه‌ویش له‌رٍێی كردنه‌وه‌ی خوله‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی فێری پیشه‌ ده‌ستییه‌ جیاجیاكان ببن ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هونه‌ری چێشتلێنان، چونكه‌ خۆم چێشتلێنه‌رێكی لێهاتووم" هاوسه‌ره‌كه‌شی كه‌ له‌نزیكیه‌وه‌ وه‌ستابوو، قسه‌كه‌ی پێ بڕی‌و به‌شانازیه‌وه‌ ستایشی كرد‌و وتی: "فه‌لیحه‌ چێشتلێنه‌رێكی زۆر نایابه‌‌و خواردنه‌كانی له‌ گه‌وره‌ترین چێشتخانه‌كانیشدا پێشكه‌ش ناكرێن".

 

فه‌لیحه‌ كه‌ره‌سته‌كانی دروستكردنی ئه‌و بابه‌ته‌ جوانكاریانه‌ له‌ شاری به‌غدا ده‌كڕێت ئه‌و شاره‌ی زۆر ده‌مێكه‌ عاشقی بووه‌ له‌پاڵ شاره‌كانی هه‌ولێر‌و سلێمانیدا، چونكه‌ له‌وێ بازرگانی لێیه‌ پشتیوانی ده‌كه‌ن‌و كه‌ره‌سته‌كانی به‌ نرخی كۆ پێده‌فرۆشن‌و نرخه‌كانیش به‌پێی كوالیتی كه‌ره‌سته‌كان جیاوازن.

 

له‌نزیك خاتوو فه‌لیحه‌وه‌ كچێكی گه‌نجی دیكه‌ كاڵاكانی له‌سه‌ر مێزێكی ته‌نیشتی راخستبوو، به‌ شێوازی قسه‌كانیدا وادیاربوو خوێنده‌واره‌‌و بازاڕ‌و شێوازی قسه‌كردنی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر زمانی نه‌بووه‌، چونكه‌ به‌ لێهاتووییه‌كی نائاسایی له‌لای فرۆشیاره‌كانی دیكه‌ قسه‌ی ده‌كرد.

 

نور عادل كه‌ له‌ بیسته‌م به‌هاری ته‌مه‌نیدایه‌، به‌وپه‌ڕی متمانه‌‌و سه‌نگینییه‌وه‌ وه‌ستاوه‌‌و جلوبه‌رگێكی پۆشیوه‌ توانای یاریكردنی به‌ ره‌نگه‌كان ده‌رده‌خات كه‌ له‌سه‌ر مێزه‌ رازاوه‌كه‌ی به‌رجه‌سته‌بووه‌، هه‌ندێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانی خۆی پۆشیوه‌ وه‌كو بازنێك كه‌ ناوی خۆی له‌سه‌ره‌‌و ملوانكه‌یه‌ك له‌ مووروی ره‌نگاوڕه‌نگ.

      

ئه‌و كه‌ خوێندكاره‌ له‌ كۆلیجی كارگێڕی‌و ئابووریه‌ له‌ زانكۆی تكریت، رێگه‌ی نه‌داوه‌ شه‌رم ببێته‌ رێگر له‌به‌رده‌میدا‌و ده‌ستیكردووه‌ به‌ په‌یداكردنی بژێوی خۆی له‌رٍێی فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانی جوانكاریه‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتیشدا خوێندنی ژمێریاری فه‌رامۆش نه‌كردووه‌.

 

نور به‌ "نیقاش"ی وت:"ئه‌ركی فرۆشیاری له‌سه‌ر شه‌قام سه‌ره‌ڕای سه‌ختییه‌كه‌ی كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ  هه‌موو توێژه‌كانی كۆمه‌ڵ ده‌كه‌ین، به‌ڵام ده‌روازه‌یه‌كیشه‌ بۆ په‌یداكردنی بژێوی خۆم‌و خێزانه‌كه‌م، چونكه‌ باوكم به‌ده‌ست هه‌ندێك نه‌خۆشی درێژخایه‌نه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت كه‌ بێكاری كردووه‌، به‌ڵام هه‌ندێك جار یارمه‌تیم ده‌دات‌و مێزه‌كه‌م بۆسه‌ر شه‌قامه‌كه‌ بۆ هه‌ڵده‌گرێت" به‌پێكه‌نینیشه‌وه‌ ده‌ڵێت: "هه‌ندێك جاریش ناچار ده‌بێت له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ بوه‌ستێت بۆ رێگریكردن له‌ ته‌شقه‌ڵه‌پێكردنم به‌تایبه‌ت له‌ شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كاندا".

 

نور وتیشی: "هه‌وڵده‌ده‌م خوێندنه‌كه‌م‌و كاره‌كه‌م پێكه‌وه‌ بگونجێنم له‌پاڵ یارمه‌تیدانی دایكم له‌ كاری ماڵه‌وه‌دا، بۆیه‌ كاته‌كانم رێكده‌خه‌م بۆ نموونه‌ به‌ سه‌یركردنی زنجیره‌ی دراما یاخود فیلم یان هه‌رشتێك له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانم بكات، به‌فیڕۆی ناده‌م".

 

نور خوێندكاری قۆناغی چواره‌مه‌‌و هیواخوازه‌ له‌ كۆلیج ده‌ربچێت‌و نه‌چێته‌ ریزی ئه‌و خوێندكارانه‌ی چاوه‌ڕوانی چاره‌سه‌ربوونی قه‌یرانی دامه‌زراندن له‌ عێراق ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئومێدی هه‌یه‌ ده‌رفه‌تی كاری له‌ یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كاندا ده‌ستبكه‌وێت تا یارمه‌تی كه‌سوكاری بدات له‌ باشكردنی باری داراییان.

 

ئه‌و به‌ده‌م رێكخستنی كاڵا رازاوه‌كانیه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "له‌دایكمه‌وه‌ دروستكردنی هه‌موو جۆره‌ خواردنێك فێربووم بۆیه‌ ئه‌و پیشه‌یه‌شم خستووه‌ته‌ بواری كاره‌كه‌م‌و ده‌ستمكردووه‌ به‌ دروستكردنی چه‌ندین خواردنی شیرین‌و سوێر كه‌ له‌ماڵه‌وه‌ به‌پێی داواكاری كڕیار‌و به‌نرخێكی گونجاو ئاماده‌یان ده‌كه‌م".

 

نور پێی وایه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بواریان له‌به‌رده‌م كاره‌كه‌یدا كردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ به‌رهه‌مه‌كانی له‌رٍێی فه‌یسبووك‌و ئه‌نیستاگرامه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕو‌و ده‌یانفرۆشێت، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت: "زۆرجار له‌ رێی فه‌یسبووك یان ئه‌نیستاگرامی تایه‌بت به‌ په‌یجه‌كمان داواكاریمان بۆ دێت‌و جێبه‌جێیان ده‌كه‌ین‌و ئه‌م كاره‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بناسرێین".

 

چه‌ند كه‌سێك له‌به‌رده‌م هه‌دوو مێزه‌كه‌دا كۆببوونه‌وه‌ له‌ كڕیار‌و ئاره‌زوومه‌ندی بینینی كاره‌ جوانه‌كانیان، كه‌سانێكیشیان تێدابوو ده‌ستخۆشیان لێده‌كردن بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر كاره‌كه‌یان‌و گوێنه‌دان به‌قسه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت وره‌یان بڕووخێنن یان له‌ به‌های كاره‌كانیان كه‌م بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش زیاتر سووری ده‌كردن له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون‌و پێشكه‌شكردنی باشترین به‌رهه‌م.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌