راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دێرینترین پۆسته‌به‌ر له‌به‌سره‌
نامه‌ی بۆ قه‌زافی‌و عوده‌ی نووسیوه‌‌و داواكاری ته‌نیا جلوبه‌رگ‌و ماتۆڕێكه‌

سه‌لیم وه‌ززان
له‌ژوورێكی به‌رته‌سكی بینای پۆسته‌ی له‌عه‌ششار ئه‌یاد عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌دی پۆسته‌به‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر كاری رۆژانه‌ی له‌جیاكردنه‌وه‌ی نامه‌كان‌و وردبینیكردنیان‌و دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ناونیشانه‌كانیان.
10.05.2018  |  به‌سره

سه‌ره‌ڕای ئه‌و ماندووبوونه‌ی به‌و پیاوه‌وه‌ دیاره‌، به‌ڵام زه‌رده‌خه‌نه‌ له‌ روخساری نابڕێت‌و به‌هێمنی ماتۆڕه‌كه‌ی لێده‌خوڕێت‌و درێژه‌ به‌كاره‌كه‌ی ده‌دات كه‌ له‌وه‌ته‌ی ئاره‌زووی نامه‌گۆڕینه‌وه‌ی هه‌یه‌ هۆگری بووه‌، "نقاش" سه‌باره‌ت به‌ كاره‌كه‌ی‌و ماندوێتی‌و پیشه‌ی پۆسته‌به‌ری ئه‌م دیداره‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مجام دا.

 

- له‌ كه‌یه‌وه‌ وه‌ك پۆسته‌به‌ر ده‌ستت به‌كار كردووه‌‌و رۆژی یه‌كه‌می كاركردنت چۆن بوو؟

- به‌نزیكه‌یی له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانه‌وه‌. له‌یه‌كه‌م رۆژی كاركردنمدا یاوه‌ری پۆسته‌به‌ره‌ كۆنه‌كه‌م كرد تا له‌ تاقیكردنه‌وه‌دا ده‌ربچم، واته‌ له‌یه‌كه‌م رۆژدا كه‌ پێم خسته‌ ناو فه‌رمانگه‌ی پۆسته‌وه‌ چوومه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ نامه‌ دابه‌شكردن كه‌ ئه‌و كات دوو پایسكیلمان لێده‌خۆڕی، سوپرایز بوو بۆ من كه‌ شاره‌زای ئه‌و چوار شوێنه‌ بووم كه‌ له‌ یه‌كه‌م ئه‌زمووندا سه‌ردانمان كردن. به‌هره‌یه‌كم هه‌بوو كه‌ هه‌موو جێگا‌و كۆمپانیا‌و فه‌رمانگه‌كان‌و هه‌موو شوێنێكم ده‌زانی كه‌ به‌خه‌یاڵدا بهاتایه‌. كاتێكیش گه‌ڕاینه‌وه‌ وتی تۆ له‌من زیاتر شوێن ده‌زانیت، كه‌ خانه‌نشین بووم شوێنم ده‌گریته‌وه‌ هه‌ر واشبوو. له‌راستیدا له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ سه‌رباز بووم له‌ جه‌نگی عێراق ئێراندا له‌ ساڵانی هه‌شتاكاندا شاره‌زایی په‌یداده‌كه‌م، ئاره‌زووی نامه‌گۆڕینه‌وه‌م هه‌بوو بۆیه‌ فه‌رمانگه‌ی پۆسته‌م خۆشویست‌و له‌و كاته‌دا پێم وابوو ئاینده‌م له‌ كاری پۆسته‌به‌ریدایه‌.

 

- ده‌ڵێیت له‌ ئاره‌زوومه‌ندانی نامه‌گۆڕینه‌وه‌بوویت؟

- سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانی نامه‌گۆڕینه‌وه‌ی عێراق‌و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ئامێزی عه‌ره‌بی بۆ نامه‌گۆڕینه‌وه‌ بووم‌و نامه‌ی زۆرم له‌ هه‌موو شوێنێكی جیهانه‌وه‌ پێده‌گه‌یشت. نامه‌م بۆ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی جیهانی‌و عه‌ره‌بی به‌ناوبانگ نووسیوه‌، وه‌كو سۆفیا لۆرینی ئه‌كته‌ر كه‌ وه‌ڵامی نامه‌كه‌یم به‌ ئیتاڵی پێگه‌یشته‌وه‌. نامه‌م بۆ موعومه‌ر قه‌زافی سه‌رۆكی كۆچكردووی لیبیا نووسیوه‌‌و دواكارییه‌كی جێبه‌جێكردم كه‌ له‌ ساڵی 1987دا ئاماده‌ی كۆنگره‌یه‌ك له‌ لیبیا سه‌باره‌ت به‌ جیهانگیری ببم، به‌ڵام ئه‌و كات سه‌رباز بووم‌و سه‌فه‌رم لێ قه‌ده‌غه‌بوو. هه‌روه‌ها نامه‌م بۆ خوالێخۆشبوو فه‌هد ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئۆلۆمپی كوێت نووسیوه‌ به‌رله‌وه‌ی سه‌دام وڵاته‌كه‌ داگیری بكات‌و ئه‌ویش بكوژرێت، به‌ره‌وشتبه‌رزی وه‌ڵامی نامه‌كانی ده‌دامه‌وه‌، دواتر نامه‌م بۆ عوده‌ی سه‌دام حسێن نارد‌و پیرۆزبایی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یم لێكرد، سه‌یربوو به‌لایه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌م كه‌س بووم به‌ هه‌واڵی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یم زانیوه‌، بۆیه‌ ناردی به‌شوێنمدا، منیش ده‌ترسام بۆیه‌ نه‌ڕۆیشتم، به‌ڵام دواتر كارتێكی پیرۆزبایی بۆ ناردم به‌ خه‌تێكی ئاڵتونی لێی نووسرابوو.

 

-ئایا هاوڕێیه‌تی یاخود په‌یوه‌ندی دلداریت له‌ڕێی نامه‌گۆڕینه‌وه‌ دروست كردووه‌؟

- دوو جار خه‌ریك بوو هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كچانی هاوڕێی نامه‌گۆڕینه‌وه‌م بكه‌م، یه‌كێكیان عێراقی بوو ئه‌وی دیكه‌ش مه‌غریبی بوو. مه‌غریبییه‌كه‌ كاتێك په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵی پته‌وبوو داوای هاوسه‌رگیری لێكردم‌و هاوسه‌رگیرییه‌كه‌شمان له‌لای ئامۆژنی بێت له‌ فه‌ره‌نسا. ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكی باش بوو بۆ ده‌ستپێكردنی ژیانێكی نوێ له‌و كاته‌دا، به‌ڵام ئه‌و نامه‌یه‌ی كه‌ ده‌بووایه‌ ئیش‌و كاره‌كان ده‌ستنیشان بكات له‌ پۆسته‌ ونبوو هه‌لومه‌رجی عێراقیش به‌ شێوه‌یه‌كی خێرایی گۆڕا‌و كاتێك سه‌رله‌نوێ نامه‌مان بۆیه‌كتر نووسیه‌وه‌، من هاوسه‌رگیریم كردبوو. ئه‌و هاوڕێیه‌ش كه‌ یارمه‌تی دام فه‌له‌ستینییه‌كی نیشته‌جێی قه‌ته‌ر بوو، بڕی (400) دیناری عێراقی بۆناردم‌و پاره‌كه‌شی له‌ نامه‌كاندا ده‌نارد به‌بێ ئه‌وه‌ی ون ببێت. پاشان بڕی (2000) دیناری بۆ ناردم تا پاسپۆرت ده‌بهێنم، چونكه‌ گرێبه‌ستێكی كاركردنی له‌ ئۆفیسی پۆسته‌ی ده‌وحه‌ بۆ رێكخستبووم. له‌سه‌ر هه‌موو شتێك رێككه‌وتین، به‌ڵام له‌و كاته‌دا سه‌دام كوێتی داگیركرد‌و سه‌فه‌ركردن راوه‌ستا. دوای ساڵێك له‌ڕێی هاوڕێیه‌كه‌وه‌ له‌ ئوردن نامه‌م بۆ نارد‌و وه‌ڵامه‌كه‌م له‌ كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ پێگه‌یشته‌وه‌ كه‌ باوكی له‌كاتی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كدا له‌ میسر كۆچی دوایی كردووه‌.

 

-نامه‌كانت هه‌ڵگرتووه‌؟

-به‌هه‌زاران نامه‌م له‌ سندوقێكی ته‌خته‌ی گه‌وره‌دا هه‌ڵگرتبوو. رۆژێكیان سندوقه‌كه‌م كرده‌وه‌ مارێكی گه‌وره‌ی تێدابوو كه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ نامه‌كان پێچی خواردبوو، وا دیاربوو سندوقه‌كه‌ی كردبووه‌ شوێنی ژیانی، منیش وازم لێهێنا به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستی لێبده‌م، ئه‌و ماره‌ ژووره‌ ساده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ به‌شكردبووم، ئه‌و له‌ سندوقه‌كه‌دا بوو منیش له‌سه‌ر جێگای نووستنه‌كه‌م، وه‌ك ئه‌وه‌ی پارێزه‌ری گه‌نجینه‌ به‌نرخه‌كه‌م بێت له‌ ده‌ستی خۆتێهه‌ڵقورتێنه‌ران، به‌ڵام دوای هاوسه‌رگیرییه‌كه‌م‌و له‌ ئه‌نجامی بارودۆخ‌و ماڵ گواستنه‌وه‌ له‌ ماڵێكه‌وه‌ بۆ ماڵێكی تر ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئاره‌زووه‌كه‌م قبوڵكراو نه‌بوو له‌لای هاوسه‌ره‌كه‌م، عه‌مباری نامه‌كانمان له‌ناوبرد كه‌ به‌ خه‌ساره‌تێكی تایبه‌تی گه‌وره‌ی داده‌نێم. وا ئێستا ماوه‌ی 18 ساڵه‌ له‌ نامه‌گۆڕینه‌وه‌ دابڕاوم.

 

- به‌تێكڕا مانگانه‌ چه‌ند نامه‌ ده‌گوازیته‌وه‌‌و جیاوازی چیه‌ به‌راورد به‌ جاران؟

-جاران كاره‌كه‌ ماندووكه‌ر بوو له‌به‌ر زۆری ئه‌و نامانه‌ی پێمان ده‌گه‌یشتن، چونكه‌ مۆبایل‌و هۆكاری نوێی په‌یوه‌ندی نه‌بوو. هه‌ر جاره‌ی زیاتر له‌ 70 نامه‌م دابه‌ش ده‌كرد‌و كاتێك ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ پۆسته‌ هه‌مان ئه‌و ژماره‌ نامه‌یه‌ یاخود زیاتری لێبوو، بۆیه‌ سه‌رله‌نوێ به‌ پایسكیله‌كه‌م ده‌ستمپێده‌كرده‌وه‌. گوشارێكی زۆرمان له‌سه‌ر بوو. خۆم‌و هاوكاره‌كانم زۆربه‌ی ناوچه‌كانی به‌سره‌مان ده‌گرته‌وه‌. ئێستاش ژماره‌ی نامه‌ تایبه‌تییه‌كان پاشه‌كشه‌ی كردووه‌. نزیكه‌ی له‌سه‌دا 10ی خه‌ڵك پۆسته‌ی ئاسایی به‌كارده‌هێنن. به‌ڵام پۆسته‌ی تۆماركراومان هه‌یه‌ كه‌ به‌زۆری بۆمان دێت، هه‌روه‌ها پۆسته‌ی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانیش كه‌ ده‌بێت رۆژانه‌ دابه‌ش بكرێت.

 

-ئه‌مڕۆ خه‌ڵك مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی حه‌واڵه‌‌و گواستنه‌وه‌ی ئه‌هلی پێ باشتره‌ له‌به‌ر خێراییه‌كه‌ی، ئایا ئه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاره‌كه‌تان هه‌بووه‌؟

-به‌دڵنیاییه‌وه‌. وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان مۆڵه‌تی كاركردنی به‌و كۆمپانیایانه‌ به‌خشیوه‌ به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌سه‌ر كاری پۆسته‌ی حكومی. دواكه‌وتنی گه‌یشتنی پۆسته‌ وای له‌ خه‌ڵك كردووه‌ په‌نا بۆ نووسینگه‌ ئه‌هلییه‌كان ببه‌ن. له‌رێی ئه‌و كۆمپانیایانه‌وه‌ گه‌یشتنی نامه‌ بۆ ئامانجه‌كه‌ی له‌ هه‌فته‌یه‌ك زیاتری پێناچێت، له‌كاتێكدا له‌ڕێی پۆسته‌ی حكومییه‌وه‌ مانگێك یان زیاتر ده‌خایه‌نێت، چونكه‌ پۆسته‌ی ئێمه‌ له‌ڕێی ئێرانه‌وه‌ ده‌ڕوات له‌حاڵه‌تی هاتو‌و رۆیشتوودا ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی دره‌نگكه‌وتن. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ ئه‌و نامانه‌ لای خۆم هه‌ڵده‌گرم كه‌ ژماره‌یان پێوه‌ نییه‌ یاخود هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ ناونیشانه‌كه‌یاندا هه‌یه‌، به‌ڵكو كه‌سێك پرسیاری له‌باره‌یانه‌وه‌ بكات، ئاگادارییه‌كیش له‌ ئه‌كاوتنی خۆم له‌ فه‌یسبووك بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌، چونكه‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و نامانه‌ كاتێكی دوور‌ودرێژی پێده‌چێت.

 

-جوانترین بیره‌وه‌رییه‌كانت سه‌باره‌ت به‌و هه‌واڵانه‌ی له‌ڕێی نامه‌وه‌ گه‌یاندووته‌ به‌خه‌ڵك كامانه‌ن؟ ئایا به‌شداری خۆشی‌و ناخۆش خه‌ڵك ده‌كه‌یت؟

-هه‌ندێك جار ئه‌وه‌ رووده‌دات. رۆژێكیان نامه‌یه‌كم پێبوو له‌ به‌ریتانیاوه‌ هاتبوو بۆ خاوه‌نی پێشانگایه‌كی ئۆتۆمبێل له‌كاتی داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، تانكێكی به‌ریتانیا ئۆتۆمبێله‌كه‌ی پانكردبووه‌وه‌‌و ئه‌ویش داوای قه‌ره‌بووی كردبوو، پێی وتم ئه‌گه‌ر قه‌ربوو كرابێته‌وه‌ ئه‌وا پاداشتێكی نایابم ده‌كات‌و ئه‌گه‌ر هیچیشی وه‌رنه‌گرت، ئه‌وا به‌شم له‌ په‌رداخێك ئاو زیاتر نابێت! كاتێك نامه‌كه‌ی كرده‌وه‌‌و قه‌ره‌بووه‌كه‌ی بینی زۆر دڵخۆش بوو، منیش پێم وت پاداشتی من له‌لای خودایه‌‌و په‌رداخه‌ ئاوه‌كه‌م پێ باشتره‌.

 

-ئایا له‌قۆناغێكی كاركه‌تدا بوویته‌ به‌شێك له‌ ژیانی خه‌ڵك، ئایا تائێستا مانای هیچ ده‌گه‌ینیت بۆ ئه‌وان؟

- من هۆگری كاره‌كه‌مم. زۆربه‌ی خه‌ڵكی به‌سره‌ ده‌مناسن. رۆژێكیان منداڵێك له‌كاتی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی له‌ قوتابخانه‌ رایده‌كرد به‌دوامدا‌و كتێبی خوێندنه‌وه‌ی پۆلی دووه‌می به‌رزكردبووه‌وه‌‌و هاواری ده‌كرد پۆسته‌به‌ر! كاتێك وه‌ستام پێی وتم: "مامه‌ ئه‌وه‌ وێنه‌كه‌ته‌ له‌ كتێبی خوێندنه‌وه‌دا. منیش ته‌وقه‌م له‌گه‌ڵ كرد‌و وێنه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ گرت. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی بێ ئه‌مه‌ك رووده‌دات. رۆژێكیان نامه‌كه‌م گه‌یانده‌ به‌رپرسێك كه‌ كاندیدی هه‌ڵبژاردنی پێشووی په‌رله‌مان بوو، ئیتر ده‌ستیكرد به‌ ستایشكردنم‌و وێنه‌ی له‌گه‌ڵ گرتم‌و پێی وتم كه‌ جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك له‌ داواكارییه‌كانم له‌بیرناكات، به‌ڵام وادیاره‌ ئه‌وه‌ ته‌نیا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردبوو، چونكه‌ كاتێك بینیمه‌وه‌ خۆی له‌ به‌ڵێنه‌كانی دزیه‌وه‌، منیش سوپاسم كرد‌و رۆیشتم، چونكه‌ من ته‌نیا ئه‌ركی خۆم جێبه‌جێ ده‌كه‌م.

 

- داواكارییه‌كانت چین؟ ئایا ئه‌و جلوبه‌رگه‌ی به‌رت له‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ بۆ پۆسته‌به‌ره‌كان ته‌رخان كراوه‌؟

- ئه‌و جلوبه‌رگه‌ی به‌رم خۆم ده‌یدرووم له‌سه‌ر حسابی خۆم، هه‌روه‌ها ئه‌م كڵاوه‌شم له‌ دوكانه‌كانی فرۆشتنی جلوبه‌رگی سه‌ربازی ده‌ستكه‌وت كه‌ ئینگلیزیه‌‌و له‌گه‌ڵ جلوبه‌رگه‌كه‌دا 90 هه‌زار دیناری تێچووه‌.ئێمه‌ ده‌رماڵه‌ی مه‌ترسی یاخود پاداشت وه‌رناگرین، له‌كاتێكدا بژێوی خێزانێكی شه‌ش كه‌سیم له‌ ئه‌ستۆدایه‌‌و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ له‌كاتی لێخوڕینی ماتۆڕه‌ كۆنه‌كه‌مدا تووشی هه‌ر رووداوێك ببم، نووسراوی زۆر كراوه‌ بۆ وه‌زاره‌ت بۆ دابینكردنی ماتۆڕ‌و جلوبه‌رگی تایبه‌ت، هه‌موو جارێكیش پێوانه‌مان وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچمان وه‌رنه‌گرتووه‌. ماوه‌ی دوو ساڵه‌ یه‌ك به‌رپرس سه‌ردانی نه‌كردووین.

 

-تووشی رووداوی ناخۆش یاخود پێكه‌نیناوی بوویت له‌كاتی كاركردندا؟

-به‌ڵێ. رۆژێكیان شێتێك له‌ناكاو نامه‌یه‌كی رفاندم‌و رایكرد، منیش ناچاربووم به‌دوایدا رابكه‌م تا ته‌نگه‌نه‌فه‌س بووم‌و ئه‌ویش له‌م شه‌قامه‌وه‌ ده‌چووه‌ ئه‌و شه‌قام تا دوایی هه‌ندێك له‌ دوكانداره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ گرتیان‌و هێمنیان كرده‌وه‌‌و به‌ سه‌نده‌ویچ‌و شه‌ربه‌تێك رازییان كرد، دوای بگره‌‌و به‌رده‌یه‌كی زۆر وازی له‌ نامه‌كه‌ هێنا كه‌ زۆر ده‌ترسام بیدڕێنێت. سه‌ره‌ڕای خراپی بارودۆخ، به‌ڵام وازم له‌ كاری پۆسته‌به‌ری نه‌هێنا. ته‌نانه‌ت له‌ كاتی داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكا‌و سه‌رهه‌ڵدانی فه‌وزا‌و تێكچوونی بارودۆخیشدا هه‌ر به‌ ناوچه‌كاندا ده‌گه‌ڕام.

  

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌