راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

چیرۆکێکی ناخ هەژێنە
لەخونچەی تەمەنیدا تەنیا درزێک بەجیهانی بەستووەتەوە

مه‌نار ئه‌لزوبه‌یدی‌
به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كی پێسته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی له‌دایكبوونیه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدایه‌تی، حه‌ورای منداڵ له‌ جیهان دابڕاوه‌‌و ته‌نیا له‌ كونێكی بچووكی ده‌رگای ماڵه‌ گڵینه‌كه‌یانه‌وه‌ دنیا ده‌بینێ‌.
12.04.2018  |  دیوانییە
 ( :وێنه احمد الشيباني )
( :وێنه احمد الشيباني )

ماڵی‌ حه‌ورا ده‌كه‌وێته‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی دیوانیه‌، له‌وه‌ ده‌ترسێت ئه‌گه‌ر بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ منداڵان گاڵته‌ی پێبكه‌ن‌و هێرشی بكه‌نه‌سه‌ر.

 

حه‌ورا موسلیم كه‌ به‌هاری سێیه‌می ته‌مه‌نی ته‌واونه‌كردووه‌، له‌ ژوورێكی داخراودا كه‌نارگیره‌‌و زۆربه‌ی كاته‌كانی به‌ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ بوكه‌ڵه‌كه‌ی له‌ سووچێكی حه‌وشه‌ی ناوه‌ڕاستی ماڵه‌كه‌یاندا به‌سه‌ر ده‌بات، ئه‌و بوكه‌ڵه‌یه‌ تاكه‌ هاوڕێیه‌تی كه‌ له‌كاتی دڵته‌نگی‌و پێویستی بۆ یاریكردن له‌گه‌ڵ منداڵانی هاوته‌مه‌نیدا په‌نای بۆ ده‌بات.

 

ماڵی حه‌ورا یاخود وه‌ك منداڵان به‌ گاڵته‌پێكردنه‌وه‌ ناویان ناوه‌ "گۆرێلا"، ده‌كه‌وێته‌ گوندی یه‌كی حوزه‌یران له‌ قه‌زای حه‌مزه‌ شه‌رقی سه‌ر به‌ پارێزگای دیوانه‌ (180 كم له‌ باشووری به‌غدا)‌و خانوویه‌كی گڵینه‌ كه‌ خێزانه‌ هه‌ژاره‌كه‌ی تێدا ده‌ژی.

 

منداڵه‌كه‌ پێستی به‌ مووی ره‌ش داپۆشراوه‌ كه‌ به‌شی زۆری مل‌و پشت‌و سنگی گرتووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ هاوته‌مه‌نه‌كانیدا ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ لێی ده‌ترسن‌و هه‌ڵدێن‌و هه‌ندێك جاریش ئازاری ده‌ده‌ن، زۆرجاریش دووچاری گاڵته‌پێكردن ده‌بێته‌وه‌‌و به‌ دڵته‌نگی‌و گریانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌‌و پشت به‌ روقیه‌ی تاكه‌ خوشكی ده‌به‌ستێت تا به‌رگری لێ بكات.

 

لێی نزیكبوومه‌وه‌‌و پێم وت بڕۆ یاریان له‌گه‌ڵ بكه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌توڕه‌ییه‌وه‌ سه‌یرێكی كردم‌و رایكرده‌ ژووره‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، روقیه‌ كه‌ ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵانه‌‌و منداڵێكی ئاساییه‌، ده‌ڵێت: "زۆرجار ده‌گریم‌و زۆر دڵته‌نگ ده‌بم كه‌ ناتوانم خوشكه‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆمدا ببه‌م كاتێك ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ یاریكردن یان بۆ سه‌ردانی هاوڕێكانم نه‌بادا هه‌ستی بریندار ببێت".

  

رۆژێكی وه‌رزی هاوین هه‌ردوو خوشكه‌كه‌ چوون بۆ دوكانێكی نزیكیان تا سارده‌مه‌نی بكڕن، كه‌مێك دوای گه‌یشتنیان چه‌ند منداڵێك به‌به‌رد هێرشیان كرده‌ سه‌ریان‌و هاواریان ده‌كرد "ئه‌وه‌ گۆرێلایه‌ هاتۆووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ تا بمانخوات".

 

روقیه‌ ده‌ڵێت: "تووشی شۆك بووم‌و نه‌مده‌زانی چی بكه‌م، به‌ڵام دوكانداره‌كه‌ هات‌و له‌ كاتی گونجاودا رزگاری كردین، ئه‌وه‌ خراپترین بارودۆخ بوو كه‌ بینیبێتم‌و له‌و رۆژه‌شه‌وه‌ بڕیارم دا پارێزگاری له‌ حه‌ورا بكه‌م‌و له‌گه‌ڵ خۆم بۆ هیچ شوێنێكی نه‌به‌م".

 

حه‌ورا له‌وه‌ته‌ی له‌دایكبووه‌ نیشانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پێوه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش پێستێكی ره‌شه‌‌و موویه‌كی چڕی ڕشی تۆخی هه‌یه‌ كه‌ پشت‌و هه‌ردوو شان‌و مل‌و به‌شێك له‌ سنگی داپۆشیوه‌، ئه‌و هاواری ده‌كرد‌و ده‌گریا به‌تایبه‌تی له‌ رۆژانی گه‌رمی هاویندا به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سوكاری بزانن هۆكاری گریانه‌كه‌ی خورانی پێستیه‌تی كه‌ نیشانه‌كه‌ی دروستی ده‌كات.

 

كاتێك ته‌مه‌نی ده‌بێت به‌ دوو ساڵ دایكی ده‌یباته‌ لای پزیشكێكی پسپۆر ئه‌ویش پێی راده‌گه‌یه‌نێت منداڵه‌كه‌ی تووشی حاڵه‌تێكی نه‌خۆشی پێست بووه‌‌و هه‌ندێك چاره‌سه‌ری هێوركه‌ره‌وه‌ی كاتی بۆ ده‌نووسێت تا هه‌ستیاری پێستی ناسكی كه‌م بكاته‌وه‌، پزیشكه‌كه‌ ئه‌وه‌شی پێ راده‌گه‌یه‌نێت كه‌ چاره‌سه‌ركردنی منداڵه‌كه‌ پێویستی به‌ توانای پزیشكی به‌رز هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق، به‌پێی قسه‌كانی دایكی حه‌ورا كه‌ پاره‌ی قه‌رز ده‌كرد بۆ سه‌ردانه‌كانی منداڵه‌كه‌ی بۆ لای پزیشك.

 

دایكی حه‌ورا قسه‌كانی بۆ "نیقاش" ته‌واو ده‌كات‌و ده‌ڵێت: "باری داراییمان زۆر سه‌خته‌، چونكه‌ مێرده‌كه‌م پیاوێكی به‌ته‌مه‌نه‌‌و باری ته‌ندروستی رێگربووه‌ له‌ كاركردنی له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ دیلێتی جه‌نگی عێراق- ئێران" هه‌روه‌ك ئه‌و پاره‌یه‌ش كه‌ خێزانه‌كه‌ی حه‌ورا وه‌ك مووچه‌ی خانه‌نشینی وه‌ریده‌گرێت ته‌نیا به‌شی چه‌ند رۆژێكیان ده‌كات.

 

حه‌ورا جلوبه‌رگی ئه‌ستووری قۆڵدرێژ ده‌پۆشێت‌و حیجابێكی داخراو ده‌كات له‌بری ئه‌و عه‌زیه‌ جوان‌و ره‌نگاوڕه‌نگانه‌ی منداڵان له‌به‌ریان ده‌كه‌ن ئه‌ویش له‌به‌ر سه‌یركردنی خه‌ڵك‌و پرسیاره‌ بێزاركه‌ره‌كانیانه‌وه‌، دایكی حه‌وار هه‌روه‌ها وتی:" كاتێك كچه‌كه‌م له‌گه‌ڵم دێت بۆ بازاڕ یان بۆ لای پزیشك یان هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حیجاب‌و جلوبه‌رگی ئه‌ستووری قۆڵدرێژ  بپۆشێت ئه‌گه‌رنا ئه‌وا پێی باشتره‌ له‌ ماڵه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ناكات‌و هه‌وڵده‌دات له‌ژێر عه‌باكه‌مدا خۆی بشارێته‌وه‌".

 

دایكی حه‌ورا به‌ "نیقاش"ی وت: "هه‌ركه‌س ئه‌م منداڵه‌ بچووكه‌م ببینێت به‌ گاڵته‌‌و سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ده‌ڵێت ئه‌مه‌ گۆرێلایه‌كی بچووكه‌، به‌م دواییانه‌ش حه‌ورا تووشی خه‌مۆكی‌و داخراوی بووه‌‌و تێڕامان له‌و باره‌ ده‌مباته‌ بیركردنه‌وه‌ له‌و رۆژه‌ی كچه‌كه‌م ده‌چێته‌ قوتابخانه‌‌و وه‌كو منداڵانی دیكه‌ ده‌ژی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ چه‌نده‌ حه‌ورا گه‌وره‌تر بێت كاره‌كه‌ خراپتر ده‌بێت".

 

پێده‌چێت حه‌ورا یه‌كه‌م حاڵه‌ت نه‌بێت له‌ پارێزگاكه‌دا، چونكه‌ دوو حاڵه‌تی هاوشێوه‌ له‌لای عیاده‌كه‌ی دكتۆر نه‌بیل حه‌مزاوی پزیشكی پسپۆری نه‌خۆشیه‌كانی پێست تۆماركراون، ئه‌و له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ "نیقاش"ی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ حه‌ورا له‌ له‌دایكبوونیه‌وه‌ تووشی شێواوییه‌ك بووه‌‌و ئه‌و نیشانه‌‌و خاڵه‌ش كه‌ به‌جه‌سته‌یه‌وه‌ دیاره‌ له‌ جۆره‌ گه‌وره‌كه‌یه‌تی‌و به‌ نیشانه‌ی زه‌به‌لاح یان "نیشانه‌ی میلامین" ناسراوه‌‌و ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی جه‌سته‌یه‌وه‌.

 

وتیشی: "منداڵه‌كه‌ پێویستی به‌ چه‌ند نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی قۆناغ به‌قۆناغ هه‌یه‌ كه‌ تیمێكی پزیشكی پسپۆری نه‌شته‌رگه‌ری‌و جوانكاری‌و ده‌مار سه‌رپه‌رشتی بكات ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پزیشكێكی منداڵان‌و پێست‌و له‌وه‌ش گرنگتر پزیشكێكی ده‌روونی بۆئه‌وه‌ی دووچاری ته‌نگژه‌یه‌كی ده‌روونی نه‌بێت له‌ پێش‌و دوای نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌".

 

حه‌ورای جه‌سته‌ لاواز له‌ قۆناغێكی ته‌مه‌نیدایه‌ رێگه‌ به‌وه‌ نادات بخرێته‌ ژێر نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی قۆناغ به‌قۆناغه‌وه‌، چونكه‌ به‌رگه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری دوورینه‌وه‌ی پێست‌و وه‌رگرتنی خانه‌ ناگرێت‌و نیشانه‌كه‌ش بڕبڕه‌ی پشت‌و دڕكه‌ په‌تك‌و به‌شێك له‌ سه‌ری داپۆشیوه‌‌و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ برین‌و نیشانه‌ی بچووك له‌ ناوچه‌ی دیكه‌ی جیاجیای جه‌سته‌یدا ده‌ربكه‌ون وه‌ك دكتۆر حه‌مزاوی ده‌ڵێت.

 

ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "به‌تێپه‌ڕینی كاتله‌گه‌ڵ  گه‌شه‌كردنی نیشانه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌دا چه‌ندین گۆڕانكاری ده‌رده‌كه‌ون كه‌ دیارترینیان چڕی مووه‌كان‌و گه‌شه‌كردنیان‌و ده‌ركه‌وتنی برینی سه‌ر پێسته‌ له‌ ده‌وروبه‌ری ناوه‌وه‌ی ناوچه‌ی نیشانه‌كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و برینانه‌ش ده‌ماره‌كانی هه‌ست‌و توێژه‌ چه‌ورییه‌كانی پێست بگرنه‌وه‌ كه‌ به‌ له‌یزه‌ر چاره‌سه‌ر ناكرێن، چونكه‌ ناگاته‌ توێژی چه‌وری‌و ئه‌و خانانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ناسروشتی گه‌شه‌یان كردووه‌، ره‌نگه‌ له‌یزه‌ر به‌سوود بێت بۆ لابردنی نیشانه‌ بچووكه‌كان".

 

به‌وته‌ی حه‌مزاوی حه‌ورا له‌ئێستادا پێویستی به‌ چاودێری‌و به‌دواداچوونی بارودۆخی ته‌ندروستی هه‌یه‌ له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بادا گه‌شه‌ بكات‌و ببێته‌ (میلانۆما) شێرپه‌نجه‌ی خانه‌ ره‌نگییه‌كان كه‌ مه‌ترسیدارترین جۆری شێرپه‌نجه‌ی پێسته‌، هه‌روه‌ك ئه‌گه‌ری روودانی له‌و حاڵه‌تانه‌دا رێژه‌ی نزیكه‌ی 5 – 10% پێكده‌هێنێت.

 

تا ئه‌وكاته‌ی حه‌ورا ده‌گاته‌ ته‌مه‌نێكی گونجاو بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌، هه‌ر له‌ كونه‌ بچووكه‌كه‌ی ده‌رگاوه‌ سه‌یری جیهانی ده‌ره‌وه‌‌و هاوته‌مه‌نه‌كانی ده‌كات كه‌ خه‌ریكی یاریكردنن، چونكه‌ جگه‌ له‌ بوكه‌ڵه‌كه‌ی هیچ هاوڕێی نییه‌‌و كه‌سیش به‌رگری لێ ناكات روقیه‌ی خوشكی نه‌بێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌