راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

360 ژوور
كۆشكه‌كانی سه‌دام.. شایه‌تحاڵی وێرانكاری داعش‌و تاوانی سپایكه‌ر

غه‌زوان حه‌سه‌ن جبوری‌
كۆمه‌ڵگه‌ی كۆشكه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی له‌ناوه‌ڕاستی شاری تكریت به‌زۆری ئه‌و كۆشكانه‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ سه‌دام حسێن دروستی كردوون‌و ئێستا بوونه‌ته‌ فه‌رمانگه‌ی حكومی‌و ماڵی به‌رپرسان.
12.04.2018  |  تكریت

ژماره‌ی ئه‌و كۆشكانه‌ی سه‌دام دروستی كردون‌و له‌ كه‌ناری رووباری دیجله‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ (136) بینای خزمه‌تگوزاری‌و كۆشكن كه‌ له‌سه‌ر رووبه‌ری (2.5) میلی چوارگۆشه‌ له‌ زه‌وییه‌كانی تكریت له‌سه‌ر گردێكی به‌رزی ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌ له‌سه‌ر رووباری دیجله‌ دروستكراون‌و به‌ دیواری به‌رزی كۆنكرێتی ده‌وره‌ دراون، كۆشكه‌ گه‌وره‌كان به‌پێی تێڕوانینی مێژووی له‌ دیدی رژێمی سه‌دامه‌وه‌ دروستكراون‌و ناوی دێرینی مێژووییان لێ نراوه‌ له‌وانه‌ "زولفه‌قار" كه‌ گه‌وره‌ترینی كۆشكه‌كانه‌‌و (360) ژوور له‌خۆده‌گرێت‌و له‌سه‌ر شێوه‌ی شمشێره‌كه‌ی ئیمام عه‌لی دروستكراوه‌، عه‌باسی، فاروق، شه‌لال‌و ماڵی چینی.

 

كۆشكه‌كان‌و پاشكۆكانیان كراون به‌ دوو به‌شه‌وه‌ ئه‌وانیش به‌شی باكوور‌و به‌شی باشوورن، ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌دا ناوی ناوچه‌ی باشوور‌و ناوچه‌ی باكووریان لێ نرابوو، بنیاتنانیشیان پێنج ساڵی خایاندووه‌، له‌نێوان هه‌ردوو به‌شی باكوور‌و باشوور‌و له‌ ناوه‌ڕاستی دوورگه‌یه‌ك له‌ رووباری دیجله‌دا پێنج خانووی گه‌وره‌ دروستكراون به‌ناوی كۆشكه‌كانی قاز له‌ ناوه‌ڕاستی دارستانێك له‌ دارخورمای جۆراوجۆردا كه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی عێراقه‌وه‌ هێنراون بۆ زیادكردن‌و پاراستنی جۆره‌كه‌یان له‌و كۆشكانه‌دا.

 

كۆشكه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی له‌ تكریت وێنه‌یه‌كی بچووككراوه‌ی بارودۆخی عێراقن له‌ ساڵی 2003وه‌، چونكه‌ هه‌ردوو حكومه‌تی ناوه‌ندی‌و خۆجێیی نه‌یانتوانیوه‌ به‌كاریان بهێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی تا دواجار بوونه‌ته‌ ته‌نیا ته‌پۆڵكه‌یه‌ك له‌ زبڵ‌و خاشاك ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی داعش له‌كاتی كۆنترۆڵكردنی تكریت له‌ ساڵی 2014دا دیارترین ئه‌و كۆشكانه‌ی بۆمبڕێژكرد‌و ته‌قانده‌وه‌.

 

تامی سه‌عب یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی سه‌ڵاحه‌دین به‌ "نیقاش"ی وت: "ئه‌و كۆشكانه‌ به‌ تایبه‌تمه‌ندی ته‌لارسازییان‌و جوانییه‌كه‌یان‌و شوێنه‌ تایبه‌ته‌كه‌یانه‌وه‌ زیاتر له‌ جارێك خراونه‌ته‌ڕوو بۆ وه‌به‌رهێنان، به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كی سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌ جیاجیاكان كۆنترۆڵیان كردوون‌و رازی نه‌بوون پێش داعش دواتریش لێیان بچنه‌ده‌ره‌وه‌‌و ئه‌م ره‌وشه‌ تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌ كه‌ فه‌رمانگه‌ ئه‌منییه‌كان كردوویانن به‌ باره‌گای ئه‌منی‌و دابڕاو‌و چۆڵكردنیان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ سه‌ڕه‌ڕای پێداگری ره‌سمی هه‌ردوو حكومه‌تی ناوه‌ندی‌و خۆجێیی.

 

لیژنه‌ی ئابووری له‌ په‌رله‌مانی عێراق پلانی وه‌به‌رهێنانی كۆشكه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی (كۆشكه‌كانی سه‌دام)ی راگه‌یاندووه‌ له‌ڕێی چه‌ند خولێكی مۆڵه‌تپێدانه‌وه‌ هاوشێوه‌ی مۆڵه‌تپێدانه‌كانی بواری نه‌وت، هه‌روه‌ها لیژنه‌كه‌ شوێنه‌كانی وه‌به‌رهێنانی له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا به‌ هه‌زار شوێن مه‌زه‌نده‌ كردووه‌ كه‌ كۆشكه‌كان‌و سه‌یرانگای گه‌شتیاری‌و كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌وره‌ی سه‌رۆكایه‌تی له‌خۆده‌گرن‌و له‌ باكووری وڵات تا كه‌ناره‌كانی شه‌تولعه‌رب له‌ باشوور بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

 

لیژنه‌كه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ئاماره‌كان دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ ته‌نیا له‌ تكریتدا (136) كۆشك هه‌ن كه‌ ته‌لارسازه‌ ناوخۆیی‌و بیانییه‌كان نه‌خشه‌سازیان بۆ كردوون، هه‌ندێكیشیان به‌ كاری ناوازه‌ی هونه‌ری داده‌نرێن له‌ڕووی نه‌خشه‌سازی‌و گه‌وره‌یی‌و ئه‌و رووبه‌ره‌ فراوانه‌ی له‌سه‌ر دروست كراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و شێوازه‌ ئه‌منیانه‌ی به‌ده‌گمه‌ن له‌ وڵاتانی تردا جێبه‌جێ ده‌كرێن وه‌ك دیواری دژه‌ چه‌كی قورس‌و به‌ردی ده‌گمه‌ن.

 

عه‌لی فازڵ دوجه‌یلی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین بۆ "نیقاش"ی روونكرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و حه‌شدی شه‌عبی له‌ تكریت له‌ نیسانی 2015وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كۆشكه‌كانیان كۆنترۆڵكردووه‌‌و داخراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆربه‌ی كۆشكه‌كان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ خاپووركراون له‌میانی شه‌ڕه‌كان‌و بۆردومانكردنی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی تێیاندا جێگیرببوون".

 

هه‌روه‌ها وتی: "ده‌كرێت كۆشكه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی له‌ تكریت له‌بواری گه‌شتیاریدا به‌كاربهێنرێن‌و پاره‌یه‌كی زۆر بۆ پارێزگاكه‌ دابین بكه‌ن به‌تایبه‌تی كه‌ دوو شوێنی گرنگ له‌خۆده‌گرن ئه‌وانیش بریتین له‌ كڵێسای سه‌وز كۆنترین كلًێسای خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و ئه‌و خانووه‌ی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی تێدا له‌دایكبووه‌، هه‌روه‌ك زۆرێك له‌ گه‌شتیاران خوازیارن سه‌ردانیان بكه‌ن تا بزانن چۆن سه‌دام له‌و قۆناغه‌ مێژووییه‌دا تێیاندا ژیاوه‌، دواجاریش ده‌یان هه‌لی كار بۆ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ ده‌ڕه‌خسێنن".

كاتێك ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی كۆشكه‌كان له‌ تكریت ده‌هێنرێت وێنه‌ی قێزه‌ون‌و دیمه‌نی به‌ئازاری حه‌وشه‌ی یه‌كێك له‌ كۆشكه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی به‌بیردێنێته‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ر رووباری دیجله‌دا ده‌ڕوانێت ئه‌و كاته‌ی ئه‌ندامانی داعش كۆمه‌ڵێك خوێندكاری بنكه‌ی ئاسمانی كوشت‌و راسته‌وخۆ فڕێیان دانه‌ رووباره‌كه‌وه‌.

 

له‌ حوزه‌یرانی 2014دا (1700) خوێندكاری بنكه‌ی ئاسمانی له‌ سپایكه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كۆشكه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی داعشه‌وه‌ كوژران‌و زۆربه‌یان له‌ چاڵه‌كانی نێو ئه‌و كۆشكانه‌دا نێژران‌و تائێستاش تیمه‌كانی گه‌ڕان به‌رده‌وامن له‌ ده‌رهێنانی ئێسك‌و پروسكی قوربانییه‌كان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی شوێنی تاوانه‌كه‌دا.

 

ده‌یان وه‌فدی ره‌سمی‌و میللی له‌ شوێنه‌ جیاجیاكان‌و به‌ شێوه‌یه‌كی رۆژانه‌ روو له‌ شوێنی كۆشكه‌كان له‌ ناوه‌ڕاستی تكریت ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی سه‌ردانی شوێنی تاوانه‌كه‌، ته‌نانه‌ت چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی میدیایی‌و هونه‌ری له‌ میسر‌و كه‌نداوه‌وه‌ سه‌ردانی شوێنه‌كه‌یان كردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.

 

ئه‌مڕۆ ده‌یان خێزانی كاره‌ساتبار كه‌ رۆڵه‌كانیان له‌و كوشتارگه‌یه‌دا كوژراون سه‌ردانی هه‌مان شوێن ده‌كه‌ن‌و گوڵی له‌سه‌ر داده‌نێن‌و بیناكانی به‌ خه‌نه‌ ره‌نگ ده‌كه‌ن‌و به‌ پاڕانه‌وه‌‌و گریانه‌وه‌ یادی قوربانییه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌، حكومه‌تیش شوێنه‌كه‌ی رێكخستووه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ سه‌ردانیكه‌ران‌و یادكردنه‌وه‌ی ساڵیادی قوربانیانی سپایكه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كۆشكه‌كانی سه‌دامدا.

 

ئاینده‌ی ئه‌و كۆشكانه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌كارنه‌هێنراون یاخود ئه‌وانه‌ی به‌شكێكیان خاپوور كراوه‌ نادیاره‌، چونكه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی بایه‌خ به‌ كه‌له‌پوور‌و مێژوو ده‌ده‌ن به‌ته‌واوی فه‌رامۆش كراون سه‌ڕای ئه‌و ده‌نگانه‌ی داوا ده‌كه‌ن بكرێنه‌ مۆزه‌خانه‌ی ئه‌و قۆناغه‌ی سه‌دام حسێن حوكمی وڵاتی كردووه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌