راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

جۆری ده‌گمه‌نی له‌مالیزیا به‌خێوكردووه‌
گه‌نجێك ماڵه‌كه‌ی‌ كردووه‌ته‌ لانه‌ی‌ مارو مێروو

محەمەد زەیدی
به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵی خشۆك به‌جۆره‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌، ئاره‌زوویه‌كه‌ هه‌ندێك كه‌س به‌ نامۆی ده‌زانن، به‌ڵام مه‌هدی له‌یس ئاره‌زوومه‌ندی به‌خێوكردنی خشۆكه‌كان رایه‌كی‌ تری‌ هه‌یه‌.
22.03.2018  |  واست

هه‌موو بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجه‌ سی ساڵانه‌یه‌ بریتیه‌ له‌ به‌خێوكردنی خشۆكه‌كان‌و ماری ده‌گمه‌ن، چونكه‌ ئه‌ویش وه‌ك ئاره‌زوومه‌ندانی دیكه‌ پێیوایه‌ ئه‌م ئاره‌زووه‌ چێژێكی تێدایه‌ له‌ هیچ ئاره‌زوویه‌كی دیكه‌دا نییه‌، بۆیه‌ له‌ ماڵه‌كه‌یدا له‌ گه‌ڕه‌كی كه‌ڕاده‌ی ناوه‌ڕاستی به‌غدا كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی له‌ 100 مه‌تر تێناپه‌ڕێت، ژوورێكی بۆ خشۆكه‌كان‌و ئاژه‌ڵه‌كانی دیكه‌ی ته‌رخان كردووه‌‌و ناوی ناوه‌ ژووری به‌خته‌وه‌ری.

 

له‌م ژووری به‌خته‌وه‌رییه‌دا به‌خێوكه‌ری خشۆكه‌كان ده‌مانباته‌ جیهانێكی جوان كه‌ كۆمه‌ڵێك خشۆك‌و مار له‌خۆده‌گرێت كه‌ له‌ وڵاتانی جیاجیای جیهانه‌وه‌ هێناونی، چونكه‌ بایه‌خی خانه‌واده‌كه‌ به‌ ئاره‌زووی كوڕه‌كه‌یان هه‌ستێكی مرۆڤانه‌ی به‌رزی تێدا گه‌شه‌پێداوه‌.

 

ئه‌و جیهانه‌ جیاوازییه‌كی ریشه‌یی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌یبیستین‌و ده‌یبینین، چونكه‌ ماره‌كان وه‌ك مه‌هدی به‌ "نیقاش"ی وت: "ناو‌و وه‌سفی جۆراوجۆریان هه‌یه‌‌و زۆربه‌شیان له‌ وشكانیدا ده‌ژین‌و له‌ باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئاسیاوه‌ هاتوون، درێژی هه‌ندێكیشیان ده‌گاته‌ حه‌وت مه‌تر".

 

به‌خێوكه‌ری خشۆكه‌كان هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ هه‌وڵیداوه‌ بۆق‌و ماری ئاوی‌و جاڵجاڵۆكه‌‌و جۆری جیاجیای دیكه‌ی ئاژه‌ڵ به‌خێوبكات، به‌ڵام ئاره‌زووی بۆ خشۆكه‌كان ته‌نیا 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستیپێكرد.

 

ئه‌و كه‌ خۆی به‌ پارێزه‌ر‌و به‌خێوكه‌ری خشۆكه‌كان ده‌زانێت له‌ به‌رامبه‌ر مه‌ترسی دژایه‌تیكردنیان، پێیوایه‌ "مرۆڤ مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ ئاژه‌ڵێك بكوژێت كه‌ خودا هێناویه‌ته‌ بوون، چونكه‌ رێژه‌ی ماره‌ ژه‌هراوییه‌كان زۆر كه‌مه‌ به‌به‌راورد به‌ جۆره‌كانی دیكه‌ كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ئاژه‌ڵی ماڵین‌و ئازاری كه‌س ناده‌ن".

 

ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "له‌ عێراقدا ته‌نیا هه‌شت جۆر ماری ژه‌هراویمان هه‌یه‌ له‌كۆی 40 جۆر كه‌ به‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌" ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ ته‌نیا 20%ی ماره‌كانی جیهان ژه‌هراوین‌و ئه‌وانی دیكه‌ ژه‌هراوی نین‌و نرخی هه‌ندێكیان ده‌گاته‌ 50 هه‌زار دۆلار.

 

خاوه‌نی ئه‌م ئاره‌زووه‌ هۆگری بۆ به‌خێوكردنی خشۆكه‌كان وای لێكرد بیاننگه‌یه‌نێته‌ قۆناغی زاوزێ، خۆیشی به‌ ته‌نیا كه‌س‌و یه‌كه‌م كه‌س ده‌زانێت كه‌ بایه‌خی به‌ زاوزێی ئه‌م جۆره‌ خشۆكانه‌ له‌عێراق داوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی بازرگانیان پێوه‌ بكات، چونكه‌ چه‌ند جۆرێكی جیاواز خشۆك‌و ماری هه‌یه‌‌و پاره‌ش بۆ خواردنیان ته‌رخان ده‌كات.

 

سه‌باره‌ت به‌ شێوازی خواردنپێدانیش به‌ خشۆكه‌كان مه‌هدی ده‌ڵێت: "ئه‌و خشۆكانه‌ی من له‌ڕوو خواردنپێدانیانه‌وه‌ جیاوازن، چونكه‌ ماره‌كان مشك‌و باڵنده‌ی به‌ستوو ده‌خۆن كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق هاورده‌ی ده‌كه‌م، مارمیلكه‌كانیش مێروو ده‌خۆن، ئه‌مه‌ش وای لێكردم پرۆژه‌ی زاوزێپێكردنی سیسرك ده‌ستپێبكه‌م كه‌ پرۆتینی زۆریان تێدایه‌، هه‌ندێك خشۆكی دیكه‌ش خواردنیان رووه‌كییه‌".

 

له‌كاتێكدا به‌خێوكه‌ری خشۆكه‌كان سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ركردنی برینێكی ئاسایی بوو كه‌ تووشی یه‌كێك له‌ ئاژه‌ڵه‌كانی ببوو، وتی: "به‌ به‌رده‌وامی چه‌ند جۆرێكی دیاریكراوی رووه‌ك وه‌ك ژه‌مه‌ خۆراك بۆ ئه‌و مارانه‌ ده‌هێنم كه‌ له‌جۆری مارمێلكه‌ن، هه‌ندێكی دیكه‌شیان له‌سه‌ر خواردنی گۆشتی باڵنده‌‌و چه‌ند جۆرێكی دیكه‌ ده‌ژین".

 

ئه‌و به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ وتی: "خواستی من بۆ ئه‌م ئاره‌زووه‌ رێگربووه‌ ته‌نانه‌ت له‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێكیشیم هه‌بێت، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ستم ده‌كه‌وێت بۆ دابینكردنی خۆراكێكی گونجاو بۆ ئاژه‌ڵه‌كان یاخود كڕینی ئاژه‌ڵێكی دیكه‌ خه‌رجی ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ش به‌ گرنگتر له‌ هه‌موو خۆشییه‌ تایبه‌تییه‌كانم داده‌نێم".

 

گه‌نجه‌ به‌غداییه‌كه‌ خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تایبه‌ته‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ‌و خشۆكه‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ ناوی عه‌ره‌بییان بۆ هه‌ڵده‌بژێرێت‌و هه‌ندێك ئاژه‌ڵی نزیك لێشی به‌ناوی تایبه‌تی وه‌ك "تۆكی، رۆنی، رۆلا، ئه‌لێكس‌و كوجی" ناو ده‌نێت كه‌ ناوی چه‌ند مارێكن له‌ دڕنده‌ترین ئاژه‌ڵه‌كانی عێراق‌و به‌خێوكه‌ری خشۆكه‌كان شانازییان پێوه‌ ده‌كات.

 

چوار مار به‌درێژی دوو مه‌تر‌و نیو، جۆرێكی دیكه‌ به‌ناوی شه‌به‌كییه‌‌و چوار قۆڕی عێراقی‌و سێ كیسه‌ڵ یه‌كێكیان قه‌باره‌ گه‌وره‌‌و دووانیان به‌ قه‌باره‌ی بچووك، سێ ماری ئه‌وروپی‌و قرژاڵی ده‌ریای بیانی‌و ره‌فه‌شێكی عێراقی، نموونه‌ی خشۆكه‌كانی مه‌هدین.

 

سه‌باره‌ت به‌و په‌یوه‌ندییه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵ به‌خێوكردنی خشۆكه‌كان هه‌یه‌تی، مه‌هدی بۆ "نیقاش"ی گێڕایه‌وه‌ كه‌ چۆن (كوڵه‌مارێكی عێراقی) كڕیوه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ماره‌ ناوداره‌كان‌و ته‌مه‌نی دوو ساڵ بووه‌، له‌ منداڵیه‌وه‌ به‌خێوی كردووه‌‌و جوانترین‌و نزیكترین ئاژه‌ڵ بووه‌ له‌لای.

 

هه‌روه‌ها وتی: "هه‌موو شه‌وێك به‌شان‌و باڵی ئه‌و كوڵه‌ماره‌ عێراقییه‌دا هه‌ڵم ده‌دا‌و چه‌ندین سه‌عاتم له‌گه‌ڵ به‌سه‌ر ده‌برد، به‌ڵام هه‌ر زوو نه‌خۆش كه‌وت‌و دوای ساڵێك مرد، زۆر بۆی گریام‌و بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ بارودۆخم باش نه‌بوو".

 

له‌ پاڵ ئه‌ركی به‌خێوكردنی خشۆكه‌كانیشدا، مه‌هدی نیگه‌رانی‌و دڵته‌نگیشی ناشارێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵوێستی هه‌ندێك له‌ ناسراوه‌كانی كه‌ پێشتر‌و ئێستاش به‌ "شێت" وه‌سفی ده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌ی له‌بیر نه‌كردووه‌‌و سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زی پێده‌كات‌و باوه‌ڕی پێیه‌تی كه‌ ئه‌ویش دامه‌زراندنی ناوچه‌یه‌كی پارێزراوه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌ خشۆكه‌ ده‌گمه‌نه‌كان‌و به‌تایبه‌تیش عێراقییه‌كان‌و زاوزێ پێكردنیان، بۆیه‌ هه‌موو پاره‌‌و كه‌لوپه‌له‌كانی كۆكرده‌وه‌و سه‌فه‌ری كرد بۆ مالیزیا، چونكه‌ مالیزیا وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "وڵاتێكه‌ بایه‌خ به‌ به‌خێوكردنی ئه‌م جۆره‌ ئاژه‌ڵانه‌ ده‌دات".

 

مه‌هدی ده‌ڵێت: "توانیم له‌وێ زاوزێ به‌ چه‌ند جۆرێكی ده‌گمه‌نی خشۆكه‌كان بكه‌م‌و شتی زۆر فێربووم كاتێك له‌گه‌ڵ چه‌ند چه‌ند كه‌سێك له‌ به‌خێوكه‌رانی خشۆكه‌ نامۆكان كۆمپانیایه‌كم دامه‌زراند، به‌ڵام دوای ساڵێك كه‌ زانیاری‌و ئه‌زموونی به‌نرخم ده‌ستكه‌وت گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ عێراق".

 

سه‌باره‌ت به‌ جۆری ئه‌و خشۆكانه‌ش كه‌ سه‌رقاڵی به‌خێوكردنیانه‌، مه‌هدی ده‌ڵێت: "حه‌زم له‌ هه‌موو جۆرێكه‌، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌م چه‌ند جۆرێكی تایبه‌تیان لێ به‌خێوبكه‌م وه‌ك شه‌به‌كیه‌‌و قۆڕی‌و ئه‌و مارانه‌ی كه‌ درێژییه‌كه‌یان ده‌گاته‌ سێ بۆ چوار مه‌تر، سه‌ختترین جۆریش بۆ به‌خێوكردن به‌لای منه‌وه‌ حه‌ربایه‌، چونكه‌ له‌و بوونه‌وه‌رانه‌یه‌ كه‌ به‌خوێكردنیان پێویستی به‌ شێ‌و رووناكییه‌كی دیاریكراو هه‌یه‌".

 

به‌خێوه‌كه‌ری خشۆكه‌كان په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ری عێراقی بۆ ژیانی وشكانی‌و رێكخراوی كه‌شوهه‌وای سه‌وزی عێراقی هه‌یه‌ كه‌ له‌و رێكخراوانانه‌ن بایه‌خ پارێزگاریكردن له‌ ئاژه‌ڵه‌ تاكه‌كان ده‌ده‌ن پێش قڕ بوونیان.

 

له‌باره‌ی سروشتی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ش، مه‌هدی ده‌ڵێت: "په‌یوه‌ندییه‌كانم ته‌نیا راوێژكارین، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر هاوكاری جددی نێوانمان هه‌بووه‌‌و به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ توانیم تیمی رزگاركه‌رانی ئاژه‌ڵان‌و ژیانی وشكانی له‌ عێراق دابمه‌زرێنم".

 

ئه‌م گه‌نجه‌ عێراقییه‌ پڕ هیوایه‌ خوازیاره‌ جێپه‌نجه‌یه‌كی بچووك له‌بواری به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵدا به‌تایبه‌تیش خشۆكه‌ عێراقییه‌كان به‌جێبهێڵێت ئه‌ویش له‌ڕێی دروستكردنی ناوچه‌ی پارێزراو له‌ پارێزگا جیاجیاكانی عێراق له‌پێناو جێگیركردنی كه‌لتورێكی نوێ كه‌ خۆشه‌ویستی‌و رێزی بۆ ئاژه‌ڵ‌و ژیانی وشكانی به‌شێوه‌كی گشتی هه‌بێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌