راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ره‌وه‌ داوای‌ ده‌كه‌ن
به‌ناوبانگترین سه‌گ له‌كوردستان نرخه‌كه‌ی‌ ده‌گاته‌ 30 هه‌زار دۆلار

سامان عومەر
ئه‌وانه‌ی‌ له‌كوردستان خولیای‌ به‌خێوكردنی‌ سه‌گیان هه‌یه‌ له‌نێو خۆیاندا شانازی‌ به‌جۆری‌ سه‌گه‌كانیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ر كه‌ باس دێته‌ سه‌ر باسی‌ سه‌گی‌ "هاوشار"، كه‌س قسه‌ی‌ نامێنێت.
22.03.2018  |  سلێمانی‌

سه‌گی‌ هەوشار له‌به‌هێزترین‌و ره‌سه‌نترین ئه‌و سه‌گانه‌یه‌ كه‌ له‌كوردستان به‌خێوده‌كرێن، ره‌چه‌ڵه‌كه‌كه‌یان بۆ ناوچه‌ی‌ "پشده‌ر" ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌باكوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ هه‌م سه‌گی‌ پشده‌رو هه‌م سه‌گی‌ هەوشار-یشیان پێده‌وترێت.

 

ئه‌م سه‌گه‌ زۆر به‌هێزه‌و باڵایه‌كی‌ به‌رزی‌ هه‌یه‌و یه‌كێكه‌ له‌سه‌گه‌ دڕه‌كان، زۆربه‌ی‌ كات بۆ كاری‌ شوانی‌ به‌كارده‌هێنرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌ئاسانی‌ ده‌توانێت رووبه‌رووی‌ گورگ ببێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا له‌زۆربه‌ی‌ شاره‌كانی‌ كوردستان هه‌یه‌، به‌ڵام پشده‌ر نیشتیمانی‌ راسته‌قینه‌یه‌تی‌‌و جۆره‌ زۆر ده‌گمه‌ن‌و تایبه‌ته‌كه‌یان هه‌ر له‌وێ‌ ماون.

 

بۆ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ سه‌گه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ گرنگییه‌كی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك بیه‌وێ‌ دیارییه‌كی‌ زۆر به‌نرخ بداته‌ كه‌سێكی‌ دیكه‌ ئه‌وه‌ سه‌گی‌ هاوشاری‌ بۆ ده‌نێرێت، به‌ڵام هه‌ندێ‌ له‌م سه‌گانه‌ كه‌ توخمیان زۆر تایبه‌ته‌ خاوه‌نه‌كانیان ئاماده‌ نین به‌هیچ نرخێك بیانبه‌خشن.

 

هه‌ندێك وه‌ك خولیاو هه‌ندێكی‌ تر بۆ پاره‌ په‌یداكردن‌و به‌شێكیش بۆ شه‌ڕپێكردن ئه‌م سه‌گانه‌ به‌خێو ده‌كه‌ن.

 

ئارام عه‌بدوڵا یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ پاره‌ به‌و سه‌گانه‌ په‌یدا ده‌كات، به‌ به‌به‌چكه‌یی‌ ده‌یانگرێته‌ خۆی‌و راهێنانیان پێده‌كات تا ئه‌و كاته‌ی‌ گه‌وره‌ ده‌بن‌و نرخێكی‌ زۆریان له‌سه‌ر داده‌نێت.

 

به‌چكه‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ سه‌گه‌ پاش له‌دایكبوونی‌ به‌پێی‌ جۆره‌كه‌ی‌ نرخه‌كه‌ی‌ له‌نێوان 200 بۆ دوو هه‌زار دۆلاردایه‌، به‌ڵام به‌م نرخه‌ش ده‌ست هه‌موو كه‌سێك ناكه‌وێت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌و ناوچه‌یه‌ ناسیاوێكت هه‌بێت كه‌ سه‌گێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ت بۆ په‌یدا بكات.

 

ئارام به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌گه‌وره‌كردنی‌ سه‌گه‌كانه‌وه‌ زۆر ماندوو ده‌بین، هه‌ندێكیان نرخی‌ زۆر باشمان بۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێكی تریان له‌جۆره‌ باشه‌كان ده‌رناچن‌و ماندووبوونمان به‌فیڕۆ ده‌چێت".

 

جار هه‌بووه‌ نرخی‌ یه‌ك دانه‌ سه‌گی‌ هەوشار له‌ (30) هه‌زار دۆلار تێپه‌ڕیوه‌، وه‌ك خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ڵێن له‌ئێران‌و توركیاو روسیاو لوبنان‌و ئه‌رمه‌نستانه‌وه‌ خه‌ڵك هاتوون به‌نرخی‌ گران ئه‌م سه‌گانه‌یان كڕیوه‌و بردویاننه‌ته‌وه‌.

 

به‌دووی‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌ناوه‌ندی‌ شاری‌ قه‌ڵادزێ‌، یه‌كێك له‌وانه‌ی‌ خولیای‌ به‌خێوكردنی‌ سه‌گیان هه‌یه‌ كێڵگه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ بۆ سه‌گی‌ هەوشار دروستكردووه‌و چه‌ند جۆرێكی‌ زۆر تایبه‌تی‌ له‌وێ‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وام له‌هه‌موو كۆڕو كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا شانازی‌ به‌سه‌گه‌كانیه‌وه‌ ده‌كات.

 

Hawshar

Hawshar

ئه‌گه‌ر بچیته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌و (ئاودێری‌ عه‌زیز)ی‌ خاوه‌نی‌ كێڵگه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ نه‌بێ‌، زه‌حمه‌ته‌ بتوانی‌ نزیك ببیته‌وه‌، چونكه‌ چه‌ند سه‌گێكی‌ زه‌به‌لاح له‌وێ‌ هه‌ن ئاماده‌ن بۆ په‌لاماردانی‌ هه‌ر كه‌سێك، كه‌چی‌ هه‌ر كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ ده‌چێت هه‌موویان گوێڕایه‌ڵ داده‌نیشن.

 

ئاودێر ته‌مه‌نی‌ 30 ساڵه‌و 17 سه‌گی‌ تایبه‌تی‌ له‌و كێڵگه‌یه‌دا راگرتووه‌و به‌رده‌وام ئاگای‌ له‌جۆری‌ خۆراك‌و ته‌ندروستیانه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌ڵێت سه‌گه‌كانی‌ بۆ فرۆشتن نین.

 

ئاودێر به‌"نیقاش"ی‌ وت "باشترین جۆره‌كانی‌ سه‌گی‌ هەوشار كه‌ ئەو هەیەتی (سه‌گه‌ به‌ران)ەی پێده‌وترێت، كه‌س هه‌بووه‌ هه‌ر لێره‌ ده‌م‌و ده‌ست سی‌ هه‌زار دۆلاری‌ داومه‌تێ‌ نه‌مفرۆشتووه‌، چونكه‌ ئه‌مانه‌ هیچ قیمه‌تێكم له‌سه‌ر دانه‌ناون".

 

ته‌نانه‌ت وه‌ك ئاودێر باسی‌ ده‌كات جاری‌ وا هه‌بووه‌ كه‌سێك چووه‌ته‌ لای‌ ئاماده‌ بووه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ به‌یه‌كێك له‌و سه‌گانه‌ بگۆڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م نه‌یداونه‌تێ‌.

 

گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ زۆرجار ئه‌وانه‌ی‌ له‌پشده‌رو ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ سه‌گی‌ هەوشار به‌خێوده‌كه‌ن، ده‌یانخه‌نه‌ به‌رده‌م پێشبڕكێیه‌كی‌ ناڕه‌واو شه‌ڕیان پێده‌كه‌ن، گره‌وی‌ ئه‌م شه‌ڕانه‌ش له‌سه‌ر چه‌ند هه‌زار دۆلارێكه‌ كه‌ براوه‌ وه‌ریده‌گرێت.

 

ئه‌وانه‌ی‌ بۆ شه‌ڕپێكردن سه‌گ به‌خێوده‌كه‌ن ده‌چنه‌ جێیه‌كی‌ تایبه‌ت‌و سه‌گه‌كان له‌یه‌ك به‌رده‌ده‌ن، سه‌گی‌ براوه‌ ناوبانگ په‌یدا ده‌كات‌و نرخه‌كه‌شی‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

 

ده‌سته‌و رێكخراوه‌كانی‌ دۆستی‌ ئاژه‌ڵ له‌كوردستان چه‌ندجارێك ناڕه‌زایی‌ توندیان له‌سه‌ر ئه‌و شه‌ڕپێكردنانه‌ ده‌ربڕیوه‌و داوایانكردوووه‌ ئه‌م دیارده‌ "ناشرینه‌" رابگیرێت

 

د. ئاڤێستا كه‌مال لێپرسراوی‌ راگه‌یاندنی‌ "رێكخراوی‌ پاك بۆ پاراستنی‌ ئاژه‌ڵان" به‌ "نیقاش"ی‌ وت "هه‌ندێكه‌س بۆ چێژبینین شه‌ڕ به‌سه‌گ ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش پێشێلكارییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌رهه‌ق به‌مافی‌ ئاژه‌ڵان‌و سه‌رپێچی‌ یاساییه‌".

 

وتیشی‌ "چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ ته‌نیا به‌رێكخراوه‌ ئاژه‌ڵپارێزه‌كان ناكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانان یاسای‌ تایبه‌ت ده‌ربكه‌ن كه‌ شه‌ڕه‌ سه‌گ به‌تاوان بناسێنن‌و سزای‌ له‌سه‌ربێت".

 

خاوه‌ندارێتی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ سه‌گه‌ مقۆمقۆی‌ له‌سه‌ره‌، چونكه‌ توركه‌كان ده‌ڵێن ئه‌مانه‌ سه‌گی‌ "كانگاڵ"ی‌ توركین، به‌ڵام خه‌ڵكی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ش سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ سه‌گی‌ هەوشار نیشتیمانه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی‌ پشده‌ره‌.

 

فازیل شۆره‌و (67 ساڵ) كه‌ شاره‌زای‌ توخمه‌كانی‌ سه‌گه‌و هه‌مانكات مامۆستای‌ زانكۆشه‌، ده‌ڵێت "هەوشار سه‌گێكی‌ ره‌سه‌نی‌ كوردییه‌و له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ هه‌ر له‌كوردستان بووه‌".

 

بۆ "نیقاش" وتی‌ "ئاگاداربووین چه‌ند جارێك له‌توركیا هه‌وڵدرا له‌لای‌ رێكخراوه‌ جیهانییه‌كان به‌سه‌گێكی‌ توركی‌ بناسێنرێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه‌ سه‌ریان نه‌گرت‌و توخمه‌كه‌یان بۆ ساخنه‌كرایه‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ش سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ سه‌گێكی‌ ره‌سه‌نی‌ كوردییه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌