راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پێڵاو‌و جلوبه‌رگ به‌ به‌ری ناكه‌ن
باڵابەرزترین پیاوی عێراق به‌دوای ژن‌و ئۆتۆمبیلێكدا وێڵه‌

مه‌نار ئه‌لزوبه‌یدی‌
سه‌باح باڵابه‌رز هه‌وڵی زۆری داوه‌ به‌دوای هاوسه‌رێكدا بگه‌ڕێت له‌گه‌ڵ باڵاكه‌ی‌ خۆیدا بگونجێت، به‌ڵام تائێستا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی شكستیان هێناوه‌.
8.03.2018  |  دیوانیه

به‌رزی‌ باڵای سه‌باح جه‌بار هادی جبوری دوو مه‌تر‌و (42 سم)ه‌، ئه‌و كه‌ منداڵێكی ئاسایی باوك‌و دایكێكی باڵا زۆر ئاساییه‌، له‌ ته‌مه‌نی سیانزه‌ساڵیدا به‌شێوه‌یه‌كی له‌ناكاو‌و خێرا ده‌ست‌و قاچه‌كانی ده‌ستیان به‌ گه‌شه‌كردن كرد‌و تائێستاش باڵای له‌ گه‌شه‌كردندایه‌، ئه‌گه‌رچی تا ئه‌مڕۆش له‌ڕێی سه‌ردانی پزیشكه‌وه‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامی داوه‌ بۆ راگرتنی ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌.

 

سه‌باح به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "كه‌سوكار‌و هاوڕێیان زۆر بۆم گه‌ڕاون به‌دوای ژنێكدا كه‌ به‌لانی كه‌م باڵای مه‌ترێك‌و (90 سم) بێت، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان شكستی هێناوه‌، بۆیه‌ ته‌نیا ئه‌و رێگه‌یه‌م له‌به‌رده‌مدا ماوه‌ له‌ ده‌وڵه‌تانی بیانیدا بگه‌ڕێم كه‌ كچی باڵابه‌رز‌و جوانیان تێدا ده‌ژی، هیچی تێدا نییه‌ ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانی كچه‌ سوارچاكی خه‌ونه‌كانم بكه‌م كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌ڵمانی یاخود روسی بێت".

 

سه‌باح شه‌ش برای هه‌یه‌ خۆیان‌و منداڵه‌كانیان باڵایان ئاساییه‌‌و له‌ ماڵی جیادا ده‌ژین، به‌ڵام نزیك له‌ماڵی سه‌باحی باڵابه‌رز كه‌ له‌گه‌ڵ دایكیدا له‌ خانوویه‌كی سه‌ربه‌خۆدا ده‌ژین‌و به‌ هاوڕێیه‌كی نزیكی داده‌ده‌نێت كه‌ له‌ هه‌موو شتێكدا په‌نای بۆ ده‌بات، سه‌باح بۆخۆشی ده‌ڵێت: "كاتێك له‌ ده‌رگا ده‌درێت خۆم به‌وه‌وه‌ هیلاك ناكه‌م بپرسم كێیه‌، چونكه‌ هه‌ر كه‌ لای ده‌رگاكه‌وه‌ وه‌ستام ده‌زانم كێیه‌ له‌ ده‌رگا ده‌دات".

 

سه‌باح زۆربه‌ی كاتی رۆژانه‌ی له‌ كاردا به‌سه‌رده‌بات‌و به‌یانیان‌و ئێواران كارده‌كات‌و شێوانیش ده‌چێته‌ لای هاوڕێ نزیكه‌كانی كه‌ له‌ ماڵێكدا كۆده‌بنه‌وه‌، ئه‌و ده‌ڵێت: "حه‌زمان له‌ چایخانه‌ نییه‌، له‌ كۆتایی رۆژدا كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ كات به‌سه‌ربردن‌و شه‌و به‌ڕێكردن، له‌ پشووی هه‌فته‌شدا هه‌موومان ده‌چینه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ راو". هه‌روه‌ها به‌زه‌رده‌خه‌وه‌ وتی: "هه‌مووان پێویستیان به‌منه‌‌و منیش پێویستم به‌كه‌س نییه‌، بچمه‌ هه‌ر شوێنێك داوام لێده‌كرێت گڵۆپی كاره‌بایان بۆ چاك بكه‌م یاخود پانكه‌ی سه‌قفییان بۆ رێكبكه‌مه‌وه‌".

 

ئه‌و ده‌نگێكی گڕ‌و پڕ له‌ وزه‌‌و چالاكی هه‌بوو كه‌ به‌متمانه‌‌و به‌ئارامی قسه‌ی بۆ ده‌كرین، به‌درێژایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌مان زه‌رده‌خه‌نه‌ له‌سه‌ر روخساری لانه‌چوو، هه‌روه‌ها شانازی به‌ باڵاكه‌یه‌وه‌ ده‌كات‌و خۆی به‌ جیاواز له‌ كه‌سانی تر ده‌زانێت، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر باڵا به‌رزیه‌كه‌م نه‌بووایه‌ مرۆڤێكی ئاسایی ده‌بووم‌و "نیقاش" بایه‌خی به‌ چیرۆكه‌كه‌م نه‌ده‌دا‌و په‌یامنێره‌كه‌یان نه‌ده‌هات له‌ ماڵه‌كه‌مدا چا بخواته‌وه‌".

 

سه‌باح له‌هه‌ر شوێنێك بێت، به‌تایبه‌تی له‌ كاتی سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان یاخود پزیشك یان له‌ بازاڕ، خه‌ڵك به‌ گه‌وره‌‌و بچووكه‌وه‌ خێرا دێنه‌لای تا وێنه‌ی له‌گه‌ڵ بگرن.

 

كاتێك چووینه‌ گه‌ڕه‌كی ئه‌میر‌و به‌دوای ماڵی سه‌باحدا گه‌ڕاین، چه‌ند منداڵێكمان بینی له‌ شه‌قامه‌كه‌دا یاریان ده‌كرد، كه‌ پرسیاری ماڵی سه‌باح-مان لێكردن، به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ وه‌ڵامیان داینه‌وه‌، مه‌به‌ستتان "سه‌باح باڵابه‌رزه‌؟" ئینجا به‌خێرایی به‌ره‌و ماڵه‌كه‌یان رایان كرد.

 

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ سه‌باح به‌ دڵخۆشیه‌وه‌ ده‌ڵێت: "خۆشه‌ویستی خه‌ڵك دڵخۆشم ده‌كات، به‌تایبه‌تی منداڵان، چونكه‌ زۆریان خۆشده‌وم، له‌هه‌ر شوێنێك بم، هه‌مووان داوام لێده‌كه‌ن له‌لامه‌وه‌ بوه‌ستن‌و وێنه‌م له‌گه‌ڵ بگرن".

 

ئه‌و به‌ده‌نگێكی به‌رز پێكه‌نی‌و وتی: "ئه‌و هه‌زاران وێنه‌یه‌ی خه‌ڵك له‌گه‌ڵیان گرتووم بایی سامانێكی گه‌وره‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌ پاره‌یه‌كی كه‌میش بووایه‌ ئه‌وا ده‌بوومه‌ یه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندانی جیهان".

 

سه‌باح شانازی به‌ باڵابه‌رزییه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كات‌و گوێ به‌ گێچه‌ڵه‌كان نادات‌و ناو به‌ناو ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ میللییه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: "باڵابه‌رزی به‌خششه‌". سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌راسانكردن‌و وشه‌ی سووكایه‌تیانه‌ی له‌ هه‌ندێك كه‌س گوێی لێ ده‌بێت، به‌ڵام زۆر به‌دڵفراوانی پشتگوێیان ده‌خات، چونكه‌ ئه‌و كاره‌ به‌ ده‌رئه‌نجامی نه‌زانی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات.

 

له‌ بازاڕدا جلوبه‌رگ‌و پێڵاوی لێ نییه‌ له‌گه‌ڵ باڵا‌و قه‌باره‌ی سه‌باح‌و گه‌وره‌یی پێیدا بگونجێت، بۆیه‌ ناچاره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ پشت به‌ پیشه‌وه‌رانی ناوچه‌كه‌ ببه‌ستێت بۆ دابینكرنی پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كانی.

 

سه‌باح جلوبه‌رگی عه‌ره‌بی (دشداشه‌) له‌به‌ر ده‌كات كه‌ به‌تایبه‌تی له‌لای به‌رگدروو بۆی دروستكراوه‌ كه‌ پێویستی به‌ پێنج مه‌تر‌و نیو قوماش هه‌یه‌ كه‌ تێچووه‌كه‌ی (95) دۆلاره‌، بۆ پێڵاویش به‌هه‌مان شێوه‌، چونكه‌ له‌ بازاڕدا قه‌باره‌ی پێی ئه‌وی لێ نییه‌ كه‌ له‌ هه‌موو قه‌باره‌كانی دیكه‌ گه‌وره‌تره‌، به‌ڵام ئه‌و په‌نای بردووه‌ بۆ دروستكردنی له‌ ناوخۆدا به‌تێچووی (45) دۆلار.

 

سه‌باح راخه‌رێكی خوری به‌كارده‌هێنێت كه‌ (غلیجه‌)ی پێده‌وترێت‌و به‌تایبه‌تی وه‌ك دۆشه‌كی نووستن بۆی دروستكراوه‌، چونكه‌ دۆشه‌كێكی ده‌ستنكه‌وتووه‌ بۆی بگونجێت، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و ئێستا راخه‌ره‌كه‌ی  به‌ ته‌ندروست ده‌زانێت، چونكه‌ دروستكراوێكی كۆنی لادێیه‌‌و له‌منداڵییه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌كارهێنانی راهاتووه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ پێویستییه‌كی زۆری به‌ هۆكارێكی گواستنه‌وه‌ (ئۆتۆمبیل) هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌باح هیچ هۆكارێكی گواستنه‌وه‌ی نه‌بینیوه‌ له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ گه‌وره‌كه‌یدا بگونجێت، له‌به‌رئه‌وه‌ زۆرجار به‌ پێی ده‌ڕوات سه‌ره‌ڕای كێشه‌ی قوڕی شه‌قامه‌كان كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاتووچۆكردنی بۆسه‌ر كاره‌كه‌ی هه‌بووه‌.

 

سه‌باح به‌ دڵته‌نگی‌و سه‌رسوڕمانه‌وه‌ بیرده‌كاته‌وه‌‌و به‌دوای ئه‌و وه‌ڵامه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه‌ له‌كاتی مردنیدا چی به‌سه‌ر خێزانه‌كه‌یدا دێت، به‌ده‌نگێكی نزمه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئاخۆ چۆن رێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنم به‌ڕێوه‌ده‌برێت؟ ئایا خێزانه‌كه‌م تابوت‌و كفنێكی گونجاو له‌گه‌ڵ باڵامدا ده‌دۆزنه‌وه‌؟" هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "بڕیارم داوه‌ خۆم تابوته‌كه‌م دروست بكه‌م، نامه‌وێت كاتێك ده‌مرم خێزانه‌كه‌م هه‌راسان بكه‌م‌و تووشی سه‌ڕسوڕمانیان بكه‌م".

 

پێشتر گه‌نجێك به‌ناوی فه‌یز عیساوی له‌ ساڵی 2014دا رایگه‌یاند كه‌ نازناوی باڵابه‌رزترین گه‌نجی جیهانی بۆ ساڵی 2014 وه‌رگرتووه‌، هه‌روه‌ها وتی كتێبی گینس بۆ ژماره‌ی پێوانه‌یی ده‌ستنیشانی كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ باڵابه‌رزترین گه‌نج له‌جیهاندا، دوای ئه‌وه‌ی درێژییه‌كه‌ی گه‌یشته‌ دوو مه‌تر‌و (37 سم).

 

له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌شدا سه‌باح به‌ نابه‌دڵی‌و سارد‌و سڕییه‌وه‌ ده‌ڵێت: "عیساوی باڵابه‌رزترین نه‌بوو، كاتێك هه‌واڵه‌كه‌م بیست زۆر بێزاربووم، چونكه‌ زانیارییه‌كه‌ هه‌ڵه‌یه‌‌و بێویژدانییه‌" ئینجا ده‌ستیكرد به‌ پێكه‌نین‌و وتی: "دوای ئه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ی عیساوی بڵاوبووه‌وه‌، تووشی شۆك بووم كه‌ بینیم سه‌ردانی كردم بۆ ماڵه‌كم، هه‌روه‌ك ئه‌ویش تووشی شۆك بوو كه‌بینی له‌و باڵابه‌رزترم، دوای ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ چووینه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ڕێگا پیاوێكی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌مان بینی هاورای كرد‌و وتی: ئه‌وه‌ چیه‌ سه‌باح ژنت هێناوه‌‌و ئه‌مه‌ش كوڕه‌كه‌ته‌؟".

 

سه‌باح له‌ ته‌له‌فزیۆن سه‌یری هه‌واڵی سیاسی ناكات، به‌ڵام ئاره‌زووی یارییه‌كانی تۆپی پێیه‌ كه‌ به‌منداڵی خۆشترین یاری بووه‌ له‌لای، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت: "به‌هۆی بارودۆخی سیاسیه‌وه‌ وازم له‌ سه‌یركردنی ته‌له‌فزیۆن هێناوه‌، ته‌نیا یارییه‌كانی تۆپی پێ نه‌بێت، به‌ڵام ئاگادارێكی باشی كاروباری گشتیم له‌ڕێی ئه‌كاونته‌ تایبه‌تیه‌كه‌مه‌وه‌ له‌ فه‌یسبووك".

 

سه‌باح خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت دوای هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ژنێكی باڵابه‌رز خێزانێكی بچووك دروستبكات كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و ژنه‌ له‌ عێراقدا نه‌دۆزێته‌وه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ده‌زانم ئه‌و هاوسه‌ره‌ی خه‌ونی پێوه‌ده‌بینم، عێراقی نابێت به‌ڵكو بیانی ده‌بێت، چونكه‌ له‌ ئینته‌رنێتدا بینیومه‌".      

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌