راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پایه‌داران پێگه‌یان له‌ده‌ستداوه‌
رێكخه‌رانی مانگرتنه‌كان به‌ر نه‌فره‌تی كۆمه‌ڵگه‌ کەوتوون

که‌مال عه‌یاش
به‌شداربووانی گۆڕه‌پانه‌كانی خۆپیشاندان‌و مانگرتن ئێستا له‌ناو ئه‌نبارییه‌كاندا بێزراون، جا له‌هه‌ر ئاستێكی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی بن، هیچ بۆچوون‌و راوێژێكیان لێوه‌رناگیرێت.
22.02.2018  |  ئه‌نبار
کۆبوونەوەی پیاوانی ئاینی لەئەنبار ( :وێنه موقع المجمع الفقهي العراقي على الفيسبوك)
کۆبوونەوەی پیاوانی ئاینی لەئەنبار ( :وێنه موقع المجمع الفقهي العراقي على الفيسبوك)

شتێكی سه‌یر نییه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی پارێزگای ئه‌نبار (110 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) به‌هۆی ئه‌و مۆركه‌ ئاینی‌و عه‌شایرییه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق جیاده‌كاته‌وه‌، شوێن شێخی عه‌شیره‌تێك یاخود پیاوێكی ئاینی بكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی شاره‌كانی پارێزگاكه‌ به‌خۆوه‌ی ده‌بینێت له‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌‌و بێزرانی له‌ هه‌ندێك كه‌سایه‌تی كه‌ كاریگه‌رییه‌كی ئاشكرایان به‌سه‌ر ژیانی ناوچه‌كه‌وه‌ هه‌بوو به‌ر له‌خۆپیشاندان‌و مانگرتنه‌كانی ساڵی 2013ی پارێزگاكه‌‌و له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونیشیاندا، شتێكی نامۆیه‌.

 

مانگرتنه‌كان‌و ده‌رئه‌نجامه‌كانیشیان كاریگه‌ری خراپیان له‌سه‌ر ده‌روونی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ هه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی ملكه‌چانه‌‌و به‌گوێڕایه‌ڵی‌و به‌بێ مشتومڕ‌و به‌رهه‌ڵستی، شوێن بڕیاره‌كانیان ده‌كه‌وتن.

 

له‌لای خانه‌واده‌كانی پارێزگای ئه‌نبار بووه‌ته‌ نه‌ریت كاتێك ده‌چن بۆ ماره‌كردنی كچێك، یه‌كێك له‌ پیاوانی ئاینی ناسراوی شاره‌كه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن، وه‌ك نه‌رتێكی باوی شاره‌كه‌ش، گه‌نجێك به‌ یاوه‌ری كه‌سوكاری‌و له‌ پێشیشیانه‌وه‌ پیاوێكی ئاینی ناسراو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كه‌وته‌ڕێ، به‌ڵام بۆ به‌دبه‌ختی گه‌نجه‌كه‌، باوكی كچه‌ له‌و كه‌سانه‌بوو كه‌ هه‌ڵوێستیی خراپیان له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ كه‌سایه‌تیانه‌ وه‌رگرتووه‌.

 

عه‌بدولكه‌ریم جومه‌یلی (56 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتووانی شاری فه‌لوجه‌ كه‌ رازی نه‌بوو كچه‌كه‌ی شوو به‌ گه‌نجێك بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی پیاوێكی ئاینی بۆی داواكردووه‌، ئه‌و پێیوایه‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌سایه‌تیانه‌ چیتر جێی متمانه‌ نین‌و ناكرێت جارێكی دیكه‌ بێنه‌وه‌ پێشه‌وه‌‌و له‌ بۆنه‌‌و ناوه‌نده‌كاندا له‌ریزی پێشه‌وه‌ بن.

 

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "ته‌نانه‌ت گریمان به‌ نیازپاكیش كارده‌كه‌ن‌و ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ویژدانیان پێیان ده‌ڵێت، ده‌بێت بزانن چیتر كۆمه‌ڵگه‌ به‌رگه‌ری قسه‌كانیان ناگرێت‌و باشتره‌ بچنه‌ ماڵه‌وه‌‌و جارێكی دیكه‌ نه‌یه‌نه‌ پێشه‌وه‌ بۆ رێبه‌رایه‌تیكردنی كۆمه‌ڵگه‌، چونكه‌ شیاوی ئه‌وه‌ نین رێبه‌رایه‌تی بكه‌ن".

 

ئه‌م دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ زۆر روون ده‌بێت كاتێك ده‌بینین قیبله‌نمای سیاسی هه‌ندێك كه‌سایه‌تی عه‌شایری له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی دوورخستووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشتر ببوونه‌ فاكته‌ری سه‌رنجڕاكیشانی هه‌ندێك حزب‌و قه‌واره‌ له‌وانه‌ی هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ده‌نگ له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌ده‌ن.

 

محه‌مه‌د دلێمی مامۆستای زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆی به‌غدا پێی وایه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ نائاساییه‌ی هه‌ندێك پارێزگای عێراق له‌كاتی خۆپیشاندان‌و مانگرتنه‌كاندا به‌خۆوه‌یان بینی، بووه‌ته‌ هۆی داڕمانی هه‌ندێك "ته‌ختی عه‌شایری" له‌وانه‌ی هه‌ژموونێكی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاینیشیان هه‌بو‌و به‌ "هانده‌ر" وه‌سف ده‌كران، ئه‌مه‌ش ئاسانكاری بۆ دروستبوونی سه‌ركردایه‌تی عه‌شایری‌و ئاینی دیكه‌ كرد.

 

دلێمی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "دوور له‌ باسكردنی ناو‌و ناونیشانی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی چیتر چاوی حزب‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌كانیان له‌سه‌ر نییه‌، قه‌واره‌ی عه‌شایری نوێ ده‌ركه‌وتن كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری‌و سیاسییان له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ قۆسته‌وه‌‌و بوونه‌ جێگره‌وه‌یه‌ك تا رێبه‌رایه‌تی پارێزگاكه‌ بكه‌ن له‌ڕووی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌".

 

هه‌روه‌ها وتیشی: "ئه‌نجامی ئه‌و توێژینه‌وه‌‌و لێكۆڵینه‌وه‌ مه‌یدانیانه‌ی له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ كراون، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتووانی ئه‌و پارێزگایانه‌ متمانه‌یان به‌ هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی عه‌شایری یان ئاینی نه‌ماوه‌، هه‌رچه‌نده‌ باوه‌ڕیان وایه‌ مه‌رجه‌عیه‌تی ئاینی‌و عه‌شایری گرنگ‌و پێویستن بۆ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی كه‌ هه‌وڵی په‌یداكردنی هێز‌و هه‌ژموون بدات".

 

كاتێك پرسیار له‌ رێبوارێك ده‌كه‌یت له‌وانه‌ی ناچن بۆ نوێژی هه‌ینی كه‌ ئه‌ركێكی گرنگه‌ له‌لای مسوڵمانان، له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: "بگه‌ڕێمه‌وه‌ له‌پشت ئه‌م شێخه‌وه‌ نوێژ بكه‌م؟" ئه‌ویش له‌ ئاماژه‌یه‌كی شاراوه‌دا بۆ ناو‌و هه‌ڵوێستی پشتگیریكه‌رانه‌ی له‌ خۆپیشاندانه‌كان، یه‌كێكی دیكه‌ش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: "به‌ڵێ ده‌چم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی خۆم له‌به‌رده‌م خودادا به‌جێ بگه‌یه‌نم، به‌ڵام باوه‌ڕم به‌م شێخه‌‌و قسه‌كانی نییه‌".

 

بیلال هیلال (45 ساڵ) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتووانی شاری فه‌لوجه‌‌و له‌ گه‌ڕه‌كی شورته‌ له‌نزیك یه‌كێك له‌ مزگه‌وته‌ گه‌وره‌‌و گرنگه‌كانی ناوه‌ڕاستی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ نیشته‌جێیه‌، پێیوایه‌ به‌جێگه‌یاندنی هه‌ندێك ئه‌رك له‌ مزگه‌وته‌كه‌ی نزیك ماڵه‌كه‌ی ته‌نیا سروتێكی ئاینیه‌‌و له‌سه‌ری راهاتووه‌.

 

هیلال قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "زۆربه‌ی پیاوانی ئاینی‌و شیخی عه‌شیره‌ته‌كان پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان له‌ ناو پارێزگاكه‌دا له‌ده‌ست داوه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پۆستی سه‌ركردایه‌تی‌و رێكخستنیان له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی خۆپیشاندان‌و مانگرتندا گرتووه‌ته‌ ده‌ست‌و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی زۆربه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ نه‌ماوه‌".

 

وتیشی: "چه‌ند چالاكییه‌ك له‌ناو شاردا ده‌بینین كه‌ هه‌ندێك جار چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌ك له‌وانه‌ پێشیانه‌وه‌ن‌و ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ش ئاماده‌ی ده‌بن كه‌ لایه‌نگری بیروڕا‌و پرۆژه‌كانین كه‌ له‌ سه‌كۆی گۆڕه‌پانه‌كانی خۆپیشاندان‌و مانگرتندا بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كردن، ئه‌مانه‌ش هه‌وڵێكن بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ڕێی ئه‌و چالاكیانه‌وه‌".

زۆربه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ گومانیان له‌ نیازی ئه‌وانه‌ نییه‌ كه‌ داكۆكییان له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی مانگرتن‌و خۆپیشاندان ده‌كرد‌و بانگه‌شیان بۆ ده‌كردن یاخود ئه‌و داواكاریانه‌ی تێیاندا ده‌خرانه‌ڕوو، به‌ڵام تووشی نائومێدی بوون كاتێك دركیان به‌وه‌ كرد ئه‌و سه‌ركردانه‌ كۆنترۆڵی خۆپیشاندانه‌كانیان له‌ده‌ست داوه‌.

 

ئه‌حمه‌د ده‌روێش (51 ساڵ) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتووانی شاری فه‌لوجه‌، له‌ ئاستی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی كه‌منه‌كرده‌وه‌‌و به‌ "كه‌سایه‌تی هه‌ڵچوو" وه‌سفیكردن كه‌ چه‌ند ئه‌جێندایه‌كی سیاسی ئه‌و هه‌ڵچوونه‌ی قۆستوونه‌ته‌وه‌‌و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی كه‌وتنی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان.

 

ده‌روێش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ "نیازپاكی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ نه‌بووه‌ته‌ هۆی لێخۆشبوون له‌و هه‌ڵانه‌ی بوونه‌ مایه‌ی وێرانكار‌و تێكدانی پارێزگاكه‌، به‌وه‌ش پێگه‌یان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا له‌ده‌ست دا‌و رازی نییه‌ جارێكی دیكه‌ بۆچوون‌و راوێژیان قبوڵ بكات".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌