راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دوو دۆلار به‌سه‌
ده‌مپه‌ڕ فریای‌ موسڵ ده‌كه‌وێت

ساڵح ئیلیاس
هه‌ندێ‌ له‌خه‌ڵكی‌ موسڵ چاویان له‌كۆنگره‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ عێراقه‌و، هه‌ندێكی‌ دیكه‌شیان ئومێدیان به‌ هه‌ڵمه‌تی "ده‌مپه‌ڕ"ه‌ تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ خانووه‌كانیان له‌ موسڵ كه‌ زۆرترین زیانی له‌ جه‌نگدا به‌ركه‌وتووه‌.
15.02.2018  |  موسڵ
 ( :وێنه صالح الياس)
( :وێنه صالح الياس)

"ده‌مپه‌ڕ" كه‌ ئامێرێكی بچووكه‌‌و تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ ئۆتۆمبێلێكی بچووك ده‌چێت، گورج‌و گۆڵانه‌ به‌ كۆڵانه‌ به‌رته‌سكه‌كاندا ده‌ڕوات‌و به‌و دووكه‌ڵه‌ ره‌شه‌ قانگیان ده‌دا كه‌ له‌دواوه‌ی ده‌رده‌چێت، كاتێك باره‌كه‌ی قورس ده‌بێت، هاوكات به‌نده‌ر عه‌گیدی راوه‌ستاوه‌‌و ژماره‌ی باره‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان له‌ هه‌ڵمه‌تی لابردنی داروپه‌ردووه‌كانی شاری كۆن، ده‌ژمێرێت.

 

عه‌گیدی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ رێكخه‌رانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌مه‌ شۆڕشێكه‌ به‌سه‌ر سستی‌و كه‌مته‌رخه‌میدا، ئامانجی گێڕانه‌وه‌ی ژیانه‌ بۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و گه‌ڕه‌كه‌ نیشته‌جێیانه‌ی تا ئێستاش به‌جێهێڵراون سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی حه‌وت مانگ به‌سه‌ر ئازادكردنیان له‌ده‌ستی رێكخراوی داعش".

 

هه‌روه‌ها وتیشی: "هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان زۆر ساده‌یه‌‌و ناوی (ته‌نیا دوو دۆلار بۆ لابردنی داروپه‌ردوو)مان لێناوه‌‌و پشت به‌ كۆمه‌كی هاووڵاتیان ده‌به‌ستێت‌و له‌ڕێی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستمان پێكردووه‌‌و كارلێكی باشی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا هه‌یه‌، پاشان له‌ ناوچه‌ی مه‌شاهده‌ ده‌ستمانپێكرد كه‌ وێرانكارییه‌كی زۆر به‌ركه‌وتووه‌".

 

ژیان له‌ شاری كۆن هێشتا وه‌ك نیمچه‌ نه‌بووه‌‌و بڕێكی زۆر له‌ داروپه‌ردووی پاشماوه‌ی جه‌نگ رێگره‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی، چونكه‌ شه‌قام‌و كۆڵانه‌كانی داخستوه‌‌و ئاسته‌نگ بۆ هاتووچۆی رێبواران‌و ئۆتۆمبێلیش دروست ده‌كات.

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی موسڵ رایگه‌یاند له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردوودا (1.5) ملیۆن مه‌تر چوارگۆشه‌ داروپه‌ردووی لابردووه‌، هاوكات هێنده‌ی هه‌مان بڕ ماوه‌ كه‌ لابردنی پێویستی به‌ توانایه‌كی زۆره‌.

 

پێده‌چێت كارلێككردن ئاستی پێشبینیكراوی تێپه‌ڕاندبێت، چونكه‌ ئه‌و دووكه‌ڵه‌ی له‌ بزوێنه‌ری ده‌مپه‌ڕه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌چێت له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری مه‌شاهده‌شه‌وه‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ رێكخه‌رانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ رایانگه‌یاند له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی ته‌واڵب‌و حه‌مام مه‌نقوشه‌‌و شێخ فه‌تحی‌و ئه‌حمه‌دییه‌ش ده‌ستیان پێكردووه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان له‌ شاری كۆنن.

 

هه‌روه‌ها رێكخه‌رانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ "ده‌مپه‌ڕ"یان هه‌ڵبژاردووه‌ تا ببێته‌ سیمبولی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌، ئه‌ویش ئامێرێكی بچووكی گواستنه‌وه‌یه‌ له‌ كاری بینا دروستكردندا به‌كارده‌هێنرێت، چونكه‌ قه‌باره‌ بچووكه‌كه‌ی گونجاوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ دوورترین شوێن له‌نێو ئه‌و كۆڵانه‌ به‌رته‌سكانه‌ی ئۆتۆمبێلی گه‌وره‌ ناتوانێت پێیاندا تێپه‌ڕ ببێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كه‌می تێچوونی گواستنه‌وه‌ به‌و ئامێرانه‌ كه‌ تێچوونی گواستنه‌وه‌ی باری یه‌ك ده‌مپه‌ڕ له‌ دارودپه‌ردوو ته‌نیا دوو دۆلاره‌.

 

ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ بۆ شاری كۆن ته‌رخانكراوه‌ كه‌ رێژه‌یه‌كی زۆر وێرانكاری به‌ركه‌وتووه‌ هیچ شارێكی دیكه‌ له‌وانه‌ی رێكخراوی "داعش" كۆنترۆڵی كردوون به‌خۆوه‌ی نه‌بینیوه‌، چونكه‌ ئه‌و ژمارانه‌ی له‌ راپۆرته‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا هاتوون باس له‌ وێرانكردنی (11) هه‌زار بینا ده‌كه‌ن كه‌ نزیكه‌ی 80%یان له‌شاری كۆندایه‌.

 

له‌ ئه‌نجامیشدا ئه‌و ناوچه‌یه‌ی له‌ ده‌ستپێكی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی بۆ ئازادكردنی به‌ری راستی شاره‌كه‌ له‌ ئازاری 2017دا نزیكه‌ی (100) هه‌زار كه‌سی تێدا ده‌ژیا، به‌ته‌واوی چۆڵ بوو، نزیكه‌ی (2500) كه‌سیان كه‌وتنه‌ ژێر داروپه‌ردووی خانووه‌كانیان له‌ ئه‌نجامی بۆردومانی ئاسمانی فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ركردایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی رێكخراوه‌كه‌ كه‌ له‌ نێو كۆڵانه‌ به‌رته‌سكه‌كاندا هاتووچۆیان ده‌ركرد‌و خۆیان له‌ خانو‌و بیناكاندا قایم ده‌كرد.

 

تیمه‌كانی فریاكه‌وتنی مه‌ده‌نی ته‌رمی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نییان هه‌ڵگرته‌وه‌، پاشان شاره‌وانی موسڵ ئه‌ركه‌كه‌ی ته‌واو كرد‌و ته‌رمی نزیكه‌ی 300 چه‌كداری رێكخراوی "داعش"ی گواسته‌وه‌‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری شاره‌كه‌ به‌خاكی سپاردن، ئه‌وه‌ش كه‌ خۆبه‌خشه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی پرۆسه‌ی قه‌سته‌ره‌ی خوێنبه‌ری گه‌ڕه‌كه‌ نیشته‌جێكانه‌ بۆ هاندانی دانیشتووان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ڕێی كردنه‌وه‌ی كۆڵانه‌ به‌رته‌سكه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ نییه‌.

 

نه‌غه‌م ته‌ڵالی چالاكوان ده‌ڵێت: "به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی، به‌م دواییانه‌ هه‌زار خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شاری كۆن، ئه‌ویش به‌ هاوكاری رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان‌و هه‌ڵمه‌ته‌كانی خۆبه‌خشی كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ رانه‌وه‌ستاون".

 

ئه‌و وتیشی: "هه‌ڵمه‌تی (ده‌مپه‌ڕ) پێویسته‌ بۆ كردنه‌وه‌ی كۆڵانه‌ به‌رته‌سكه‌كان، چونكه‌ رێكخراوی UNDP چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌شداریكرد له‌ لابردنی داروپه‌ردووی سه‌ر شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان، له‌كاتێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی ناتوانێت كاری خۆی بكات له‌به‌ر ئه‌و كه‌موكوڕییه‌ زۆره‌ی له‌ ئامێر‌و سووته‌مه‌نیدا هه‌یه‌.

 

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ پشتیوانییه‌كی گه‌وره‌ی لێده‌كرێت‌و كۆمه‌كی پاره‌ به‌ به‌رده‌وامی ده‌گاته‌ ده‌ستی رێكخه‌رانی، كه‌ چالاكوان سه‌فوان مه‌ده‌نی یه‌كێكیانه‌‌و به‌به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی پێوه‌ده‌كرێت سه‌باره‌ت به‌ بوونی ئه‌و كه‌سانه‌ی پاره‌ ده‌به‌خشن، به‌زۆریش پاره‌كه‌ له‌ زه‌رفێكی كاغه‌زدا وه‌رده‌گرێت بۆئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ بیگه‌یه‌نێته‌ گه‌نجه‌كان بۆ فراواكردنی بازنه‌ی كاركردنیان.

 

عه‌گیدی ئاماژه‌ بۆ ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت: "كاركردن به‌ ژماره‌یه‌كی ده‌ستپێكرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه‌ته‌ (70) بار له‌ رۆژێكدا، ره‌نگه‌ له‌ سێ هه‌فته‌ی رابردوودا كۆی باره‌كان گه‌یشتبێته‌ (7 بۆ 8) هه‌زار بار".

 

ده‌شڵێت: " 80%ی كاره‌كانمان له‌ گه‌ڕه‌كی مه‌شاهده‌ ته‌واوكردووه‌ كه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی لێوه‌ ده‌ستپێكرابوو، هاوكات هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌ فراوانبووندایه‌ به‌ره‌و گه‌رٍه‌كی نیشته‌جێی دیكه‌، كاره‌كه‌ش پڕ له‌مه‌ترسیه‌، بۆمبی چێندراو‌و پشتێنی بۆمبڕێژكراوی لێیه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆسه‌ر ژیان‌و ته‌ندروستی خۆبه‌خشه‌كان.

ژماره‌یه‌ك كرێكاری خۆبه‌خش له‌ ده‌وری كۆمه‌ڵێك داروپه‌ردووی كه‌ڵه‌كه‌بوو كۆبوونه‌ته‌وه‌ تا به‌ خاكه‌ناسی ده‌ستی بیكه‌نه‌ ناو ده‌مپه‌ڕه‌كه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك قاوغی گولله‌ هاوه‌نێكیان بینی گه‌ڕانه‌ دواوه‌، یه‌كێكیان خۆی دانه‌واند تا له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌یری بكات، پاشان خۆبه‌خشانه‌ هه‌ڵیگرت‌و له‌سه‌رخۆ له‌گه‌ڵ داروپه‌ردووه‌كان داینا تا شۆفێری ده‌مپه‌ڕه‌كه‌ دووری بخاته‌وه‌.

 

بوونی ته‌رمی ئه‌ندامانی رێكخراوی "داعش"یش تا ئه‌م ساته‌ ئاسته‌نگ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانێكی زۆر دروست كردووه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌حمه‌د سه‌عد به‌ په‌یامنێری "نیقاش"ی وت: "دوای ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی گه‌نجانی خۆبه‌خش له‌ ناوچه‌ی مه‌شاهده‌ به‌ڕێوه‌یان برد، خۆم‌و خێزانه‌كه‌م گه‌ڕاینه‌وه‌ تا خانوه‌كه‌مان ببینین، به‌ڵام بینیمان دوو ته‌رم له‌به‌رده‌م خانووه‌كه‌ماندان، بۆیه‌ ئیتر گه‌ڕاینه‌وه‌".

 

ئه‌و وتی:"ناتوانین له‌گه‌ڵ مردوواندا بژین، ئه‌و دیمه‌نه‌ زۆر تۆقێنه‌ره‌" پاشان ده‌ستی كچه‌ بچووكه‌كه‌ی گرتوو له‌ ناوچه‌كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌.

 

(ده‌مپه‌ڕ)‌و هه‌ڵمه‌ته‌كانی دیكه‌ هانی هه‌ندێك له‌ دانیشتووانیان داوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو خانووه‌كانیان، به‌ڵام ئه‌ركه‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ت‌و شاره‌وانی‌و فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌، خه‌ڵك له‌وێ پێویستیان به‌ كاره‌با‌و ئاو‌و قوتابخانه‌‌و بنكه‌ی ته‌ندروستییه‌.

 

ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ به‌ كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی  كۆمه‌كبه‌خشه‌كان بسپێردرێت كه‌ رۆژی 12ی شوبات له‌ كوه‌یت به‌سترا، ره‌نگه‌ چاوه‌ڕوانی زۆری بوێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی عێراق، به‌ڵام خه‌ڵك زیاتر چاوه‌ڕوان ناكه‌ن،  به‌تایبه‌تی كه‌ حكومه‌ت پلانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌مساڵدا 90%ی ئاواره‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ناو خانووه‌كانیان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌