راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌دان گۆڕی‌ كوردی‌ لێیه‌
قه‌زای‌ سه‌لمان.. ئه‌وه‌ی‌ ده‌چووه‌ ئه‌وێ‌ زه‌حمه‌ت بوو رۆشنایی ببینێته‌وه‌

قاسم ئەلکەعبی
بێده‌نگییه‌كی تۆقێنه‌ر باڵی به‌سه‌ر قه‌زای سه‌لمانی ناوه‌ڕاستی بیابانی باشووری عێراقدا كێشاوه‌ كه‌ ناوی "شاری زیندانه‌كان"ی لێنراوه‌‌و له‌ژێر لمه‌كه‌یدا راستی‌و نهێنی مێژوویی پڕ له‌ ترسی شاردووه‌ته‌وه‌.
15.02.2018  |  سه‌ماوه‌

ناوی "شاری زیندانه‌كان" له‌ ساڵی 1928دا له‌ قه‌زای سه‌لمان نراوه‌ كاتێك ئینگلیزه‌كان قه‌ڵای سه‌لمانیان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ دروستكرد كه‌ بزووتنه‌وه‌ وه‌هابییه‌كان له‌و كاته‌دا ئه‌نجامیان ده‌دان، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ باره‌گای بیابانی باشوور، له‌ ساڵی 1948یشدا قه‌ڵاكه‌ كرایه‌ زیندان‌و له‌ ساڵی 1981دا قه‌ڵایه‌كی دیكه‌ دروستكرا‌و كرایه‌ باره‌گای پاسه‌وانانی سنوور، دواتر ئه‌ویش كرایه‌ زیندان، له‌ سه‌رده‌می ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر سه‌رۆكی كۆچكردوویشدا (120) خانوون بۆ نیشته‌جێكردنی ده‌وارنشینه‌ كۆچه‌رییه‌كان دروستكران كه‌ له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا ئه‌وانیش كرانه‌ زیندان.

 

قه‌زای سه‌لمان ده‌كه‌وێته‌ بیابانی سه‌ماوه‌‌و له‌ ناوه‌ڕاستی دۆڵێكی گه‌وره‌دایه‌، ژماره‌ی دانیشتووانی قه‌زاكه‌ به‌پێی ئاماری  وه‌زاره‌تی پلاندانان (9348) هه‌زار كه‌سه‌ كه‌ زۆرینه‌یان له‌سه‌ر به‌خێوكردنی مه‌ڕ‌وماڵات‌و حوشتر‌و هه‌روه‌ها كشتوكاڵ ده‌ژین كه‌ ئه‌ویش پشت به‌ بیره‌ ئیرتیوازییه‌كان ده‌به‌ستێت.

 

حه‌بیب مالح سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی قه‌زای سه‌لمان ده‌ڵێت: "پێنج زیندان له‌ قه‌زاكه‌دا هه‌ن كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ زیندانی سیاسییه‌كان‌و قه‌ڵا‌و لیه‌‌و شیخات‌و دوایه‌مینیشیان ئه‌بولجده‌، رژێمی پێشوو ئه‌و زیندانانه‌ی به‌كارده‌هێنا بۆ له‌ناوبردنی ركابه‌ره‌كانی یاخود هه‌ركه‌سێك به‌رهه‌ڵستی سیاسه‌ته‌كانی حزبی به‌عسی بكردایه‌، بۆیه‌ شاره‌كه‌ له‌لای عێراقییه‌كان به‌ زیندانه‌كانی‌و دووری له‌ ناوه‌ندی پارێزگاكان ناسراوه‌.

 

مالح داوای كرد ئه‌و زیندانانه‌ بكرێنه‌ مۆزه‌خانه‌ بۆئه‌وه‌ی وه‌ك شایه‌تحاڵێك له‌سه‌ر ره‌فتاره‌كانی رژێمی پێشوو ده‌رهه‌ق به‌ كوردانی فه‌یلی‌و بارزانییه‌كان‌و كه‌سانی دیكه‌ بمێننه‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی ئه‌و زیندانانه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی گه‌شتوگوزار‌و شوێنه‌وار تا بیناكان نۆژه‌نبكرێنه‌وه‌‌و ده‌رگاكانیان به‌ڕووی هاووڵاتیاندا بكرێنه‌وه‌.

 

قه‌ڵاكه‌ ئه‌گه‌رچی به‌سه‌ر دیمه‌نێكی ناوازه‌دا ده‌ڕوانێت، به‌ڵام له‌ ناوه‌وه‌یدا چه‌ند به‌ندكراوێكی له‌خۆگرتووه‌ كه‌ سه‌یركردنی پشت دیواره‌كانیان لێ قه‌ده‌غه‌كراوه‌‌و ته‌نیا ئاواتیان به‌ مردن خواستووه‌، هه‌روه‌ها قه‌ڵای سه‌لمان به‌ ژێرزه‌مین‌و رێڕه‌وه‌ ترسناكه‌كانی‌و دیمه‌نه‌ دڵته‌نگه‌كه‌ی، نیشانه‌ی ژیانی تێدا نییه‌ ته‌نیا ئه‌و تاكه‌ داره‌ نه‌بێت كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌وشه‌ی زیندانه‌كه‌دایه‌، هاوكات دروشمه‌كانی حزبی به‌عس له‌سه‌ر ده‌رگای هۆڵه‌كان‌و دیواری هه‌موو رێڕه‌وه‌كاندا ماوه‌ن له‌وانه‌ش "عێراق مه‌زنه‌ به‌ گه‌له‌كه‌ی، مه‌زنه‌ به‌ سوپاكه‌ی، مه‌زنه‌ به‌ سه‌دام"‌و "به‌عس قوتابخانه‌ی نه‌وه‌كانه‌".

 

ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌ی به‌ندكراوان كه‌ سه‌ر دیواری زیندانه‌كه‌ نووسیویانن، هه‌وڵێكن بۆ ژیان به‌ هه‌ر نرخێك بێت، هه‌رچه‌نده‌ ئومێدی چوونه‌ده‌ره‌وه‌یان نه‌مابوو، هه‌ندێكیان له‌سه‌ر دیواره‌كان نووسینی ئومێدبه‌خش‌و ته‌سلیم نه‌بوونیان نووسیوه‌‌و هه‌ندێكی دیكه‌ش وێنه‌ی روخساری خۆشه‌ویستانیان دروست كردووه‌‌و هی دیكه‌ش وێنه‌ی شاره‌كه‌یان دروست كردووه‌، هه‌رچی ئه‌وانی دیكه‌شن ئه‌وا له‌سه‌ر دیواری زیندانه‌كه‌ نووسیویانه‌ "له‌پێناو ئازادیدا ده‌مرین" له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عێراق.

 

عه‌زیب عه‌تشان له‌و شایه‌تحاڵانه‌یه‌ كه‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانیان له‌ نزیك زیندانی قه‌ڵا دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ زیندانه‌كانی قه‌زای سه‌لمان، ئه‌و وتی: "رۆژێكیان وه‌ك هه‌میشه‌ مه‌ڕه‌كانم ده‌له‌وه‌ڕاند‌و له‌ نزیك زیندانه‌كه‌ تێپه‌ڕیم، بینیم سه‌گ‌و هه‌ندێك ئاژه‌ڵی كێوی شه‌ڕیانه‌ له‌سه‌ر خواردنی ته‌رمی مردووان، منیش ئاژه‌ڵه‌كانم ده‌ركرد‌و چه‌ند گۆڕێكم بۆ به‌خاكسپاردنی مردووه‌كان هه‌ڵكه‌ند، هه‌رچه‌نده‌ ده‌ترسام پاسه‌وانانی زیندانه‌كه‌ بمبینن‌و ده‌ستگیربكرێم".

 

وتیشی: "مردووه‌كان جلوبه‌رگی كوردییان له‌به‌ردابوو، شوێنه‌واری گولله‌م به‌ ته‌رمه‌كانیانه‌وه‌ نه‌بینی، به‌بڕوای من به‌هۆی كه‌می ئاو‌و خواردنه‌وه‌ مردبوون، چونكه‌ له‌ پاسه‌وانانه‌كانمان بیستبوو كه‌ هه‌ر زیندانییه‌ك سه‌رپێچی فه‌رمانی پاسه‌وانان‌و رێنماییه‌كانی زیندانه‌كه‌ بكات، ئاو‌و خواردنی لێده‌بڕدرێت".

 

د. فه‌یروز حاته‌م كه‌ چالاكوانێكی میدیاكاره‌‌و فه‌هد حاته‌می برای له‌ ئۆپراسیۆنی ئه‌نفالدا له‌ده‌ستداوه‌، ده‌ڵێت: "زیندانییه‌كان له‌ زیندانی ئه‌بوغرێب به‌ندكرابوون‌و به‌رپرسانی زیندانه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ به‌ندكراوه‌كانیان به‌ گوێره‌ی لیستێكی ناو له‌گه‌ڵ خۆیان بردووه‌ به‌بیانووی ئه‌وه‌ی بۆ ئێران راده‌گوێزرێن، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ له‌نێوان (700 بۆ 750) كه‌سدا بوو كه‌ فه‌هدی برایشمیان تێدابوو، به‌ڵام ئه‌وان رانه‌گوێزراوان‌و به‌ سێ گرووپ كواسترانه‌وه‌ بۆ زیندانی قه‌ڵای سه‌لمان".

 

ئه‌و زیندانه‌ له‌ (16) هۆڵ‌و شه‌ش پاشكۆ پێكهاتووه‌‌و له‌ هه‌ر هۆڵێكدا له‌ نێوان (100 بۆ 120) كه‌سی لێ داده‌نرا‌و له‌ هه‌ر پاشكۆیه‌كیشدا نزیكه‌ی (30) كه‌س داده‌نرا.

 

له‌و كاته‌وه‌ كه‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌مین گرووپ له‌ زیندانی قه‌ڵای سه‌لمان به‌فه‌رمانی حكومه‌تی ئه‌و كاته‌ی سه‌دام حسێن له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 1986تا سه‌ره‌تای ساڵی 1989 ده‌ستیپێكرد، ته‌نیا نزیكه‌ی (650) به‌ندكراو له‌وانه‌ی بڕیاری لێبوردن گرتبوونییه‌وه‌ ئازادكران، له‌كاتێكدا به‌ندكراوه‌كانی دیكه‌ی زیندانی قه‌ڵای سه‌لمان به‌ره‌و شوێنی نادیار بران‌و تا ئه‌مڕۆش چاره‌نووسیان نازانرێت.

 

ده‌بووایه‌ سێگۆشه‌ی مه‌رگ وه‌ك ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر سه‌رۆكی كۆچكردوو ده‌یویست، ژیانی تێدابووایه‌ كاتێك ده‌ستیكرد به‌ دروستكردنی سێ گوندی بچووك له‌ بیابانی سه‌ماوه‌ بۆ نیشته‌جێكردنی ده‌وارنشینه‌ كۆچه‌رییه‌كان، به‌ڵام قه‌ده‌ر وابوو كۆچی دوایی بكات‌و سه‌دام حسێن جێگای بگرێته‌وه‌ كه‌ پلانی دانا تا ئه‌و گوندانه‌ بكاته‌ زیندانی بێ پاسه‌وان.

 

به‌كر هه‌وڵیدا ده‌وارنشینه‌كان له‌ ناحیه‌ی "به‌سیه‌" نیشته‌جێ بكات كه‌ له‌ڕووی كارگێڕیه‌وه‌ سه‌ر به‌ قه‌زای سه‌لمانه‌‌و نزیكه‌ی (40 كم) لێیه‌وه‌ دووره‌، به‌ڵام ئه‌و ئه‌زموونه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو چونكه‌ هۆزه‌ كۆچه‌رییه‌كان سووربوون له‌سه‌ر نیشته‌جێبوون له‌و خێوه‌تانه‌ی له‌ خوری دروستكرابوون‌و هاتوچوۆكردنی ئازادانه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌ بیاباناوییه‌كانی عێراقدا.

 

زیندانه‌كانی لیه‌‌و شیخات‌و ئه‌بولجد له‌سه‌ر شێوه‌ی سێگۆشه‌یه‌كی لا یه‌كسان دروست كراون كه‌ هه‌ر زیندانێكیان هه‌شت كیلۆمه‌تر له‌وی دیكه‌وه‌ دووره‌، ئه‌مڕۆش له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ لم ده‌وری ئه‌و زیندانانه‌ی داوه‌، به‌ڵام دیواره‌كانیان له‌به‌رده‌م هه‌موو سه‌ختییه‌كاندا خۆڕاگربوون تا پارێزگاری له‌ بیره‌وه‌ری زیندانییه‌كان‌و ئه‌و یارییه‌ منداڵانانه‌ بكه‌ن كه‌ به‌و ناوه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌