راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌عاته‌كه‌ی‌ سه‌یدسادق
ئه‌و پیاوه‌ی‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كات‌و پێوانه‌ی‌ لێ‌ تێك ناچێت

سەلام هانەدنی
له‌شارۆچكه‌ی سه‌یدسادق پیاوێك هه‌یه‌ هه‌ر بووه‌ به‌عاده‌ت به‌لای‌ هه‌ركه‌سێكدا بڕوات پرسیاری‌ سه‌عاتی‌ لێده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌هره‌یه‌كی‌ سه‌یری‌ له‌زانینی‌ ژماره‌و هه‌ستكردن به‌كاتدا هه‌یه‌.
1.02.2018  |  هه‌ڵه‌بجه

رزگار ئیبراهیم حه‌مه‌ ئه‌مین، پیاوێكی‌ ته‌مه‌ن (42) ساڵه‌و له‌قه‌زای‌ سه‌یدسادقی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌ نیشته‌جێیه‌، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت 25 ساڵی‌ ره‌به‌قه‌ سه‌عاتی‌ له‌ده‌ست نه‌كردووه‌، كه‌چی‌ گه‌ر پرسیاری‌ كاتی‌ لێبكه‌یت به‌چركه‌و خوله‌ك‌و سه‌عات ده‌یزانێت.

 

رزگار به‌بابه‌تی‌ زانینی‌ كات ئه‌وه‌نده‌ ناوبانگی‌ ده‌ركردووه‌ تا نازناوی‌ "سه‌عاته‌ی‌ سه‌یدسادق"یان لێنراوه‌، بۆ خه‌ڵكی‌ شارۆچكه‌كه‌ وایلێهاتووه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سێك سه‌عاتیشی‌ له‌ده‌ستدا بێت، زیاتر باوه‌ڕ به‌و كاته‌ ده‌كات كه‌ رزگار ده‌یڵێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ سه‌عاته‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌ پێی‌ ده‌ڵێت.

 

رزگار خۆیشی‌ نازانێت ئه‌م به‌هره‌یه‌ چۆن فێربووه‌، به‌ڵام بیری‌ نایه‌ت رۆژێك له‌رۆژان بۆ چركه‌یه‌كیش هه‌ڵه‌ی‌ له‌كاتدا كردبێت، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "هه‌موو رۆژێك نزیك به‌ 150 كه‌س پرسیاری‌ كاتم لێده‌كه‌ن‌و به‌وردی‌ وه‌ڵامی‌ هه‌موویان ده‌ده‌مه‌وه‌".

 

نه‌ ئاستی‌ خوێنده‌وارییه‌كه‌ی‌‌و نه‌ پیشه‌كه‌ی‌ یارمه‌تی‌ ئه‌م به‌هره‌یه‌ی‌ رزگاریان نه‌داوه‌، چونكه‌ ئه‌و تا پۆلی‌ چواری‌ سه‌ره‌تایی‌ خوێندووه‌و ئێستا رۆژانه‌ خه‌ریكی‌ كرێكارییه‌و بژێوییه‌كی‌ خوار مامناوه‌ندی‌ هه‌یه‌و  نه‌یپه‌رژاوه‌ته‌ سه‌ر خوێندن‌و خوێندنه‌وه‌.

 

نه‌ك هه‌ر بۆ كاتی‌ عێراق، به‌ڵكو پرسیاری‌ كاتی‌ هه‌ر وڵاتێك له‌رزگار بكه‌یت ده‌م‌و ده‌ست وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌، بۆ تاقیكردنه‌وه‌ش په‌یامنێری‌ "نیقاش" پرسیاری‌ كاتی‌ ئێران‌و توركیاو به‌ریتانیاو چه‌ند ویلایه‌تێكی‌ ئه‌مه‌ریكای‌ لێكرد، یه‌كسه‌ر هه‌مووی‌ وه‌ڵامدایه‌وه‌و كاتێكیش په‌یامنێره‌كه‌ به‌ مۆبایله‌كه‌ی‌ به‌راوردی‌ كرد، كاته‌كان راست ده‌رچوون.

 

وانه‌بێت رزگار هه‌ر له‌كاتدا شاره‌زا بێت، به‌ڵكو هه‌ر شتێك په‌یوه‌ندی‌ به‌پێوانه‌وه‌ هه‌بێت باش سه‌ری‌ لێده‌رده‌كات، بۆ نموونه‌ ده‌زانێت دووری‌ نێوان قه‌زای‌ سه‌یدسادق‌و زۆربه‌ی‌ شارو شارۆچكه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان چه‌نده‌و ده‌م‌و ده‌ست حیسابی‌ ده‌كات به‌ئۆتۆمبێل‌و پیاده‌ رۆیشتن ماوه‌ی چه‌ندی‌ ده‌وێت.

 

رزگار ده‌ڵێت "به‌خه‌ڵكیم وتووه‌ ماوه‌ی‌ نێوان قه‌زای‌ سه‌یدسادق‌و پێنجوێن 45 كیلۆمه‌تره‌و به‌پیاده‌رۆیی‌ به‌شه‌ش سه‌عات ده‌بڕدرێت، هه‌روه‌ها ماوه‌ی‌ نێوان سلێمانی‌‌و سه‌یدسادق هه‌شت سه‌عاتی‌ رۆیشتی‌ پێی‌ ده‌وێت، له‌گه‌ڵ چه‌ندین ناوچه‌ی‌ دیكه‌ش، كاتێك تاقیشكراوه‌ته‌وه‌ هه‌موو قسه‌كانی‌ من راست ده‌رچوون".

 

بۆ راست‌و دروستی‌ ئه‌م قسانه‌ش په‌یامنێری‌ "نیقاش" گفتوگۆی‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سایه‌تی‌ دیارو ناوداری‌ شارۆچكه‌كه‌دا كردو هه‌موویان ئه‌و زانیارییانه‌یان پشتڕاستكرده‌وه‌.

 

خه‌ڵه‌ف ئه‌حمه‌د په‌رله‌مانتاری‌ كوردستان‌و دانیشتوی‌ شارۆچككه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "رزگار به‌هره‌یه‌كی‌ خوایی هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو شتێك له‌باره‌ی‌ كات‌و پێوانه‌وه‌ ده‌زانێت، ئاگادارین زۆربه‌ی‌ شارۆچكه‌كانی‌ ئه‌م ده‌وروبه‌ره‌ی‌ به‌پێ بڕیوه‌و بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌عاتی‌ له‌ده‌ستدا بێت كاته‌كه‌ی‌ حیساب كردووه‌و راست ده‌رچووه‌".

 

رزگار وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت بۆ بیست ساڵیش ده‌چێت له‌ماوه‌ی‌ شه‌وو رۆژێكدا ته‌نیا یه‌ك كاتژمێر ده‌خه‌وێت، ده‌شڵێت "كاتێك خه‌ڵكی‌ ده‌خه‌ون من به‌درێژایی‌ شه‌و بیر له‌كات‌و پێوانه‌و حیسابات ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێك مانگ‌و ساڵی‌ له‌دایكبوونی‌ خۆیم پێ بڵێت یه‌كسه‌ر پێی‌ ده‌ڵێم چه‌ند سه‌عات‌و ده‌قیقه‌ ژیاوه‌".

 

له‌مه‌شدا په‌یامنێری‌ "نیقاش" چه‌ند ته‌مه‌نێكی‌ جیاوازی‌ پێوت، یه‌كسه‌ر هه‌موویانی‌ به‌وردی‌ ده‌وت، به‌ڵام ئێمه‌ پێویستمان به‌مۆبایله‌كه‌مان بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و ژمارانه‌ لێك بده‌ین، ده‌ركه‌وت هه‌مووی‌ راست وتووه‌.

 

هه‌موو رۆژێك چه‌ند سه‌عاتێكی‌ رزگار بۆ كاری‌ كرێكارییه‌و باقییه‌كه‌ی‌ به‌شی‌ زۆری‌ به‌گه‌ڕان‌و پیاده‌ڕۆیی‌‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ پرسیاری‌ خه‌ڵكی‌ شارۆچكه‌كه‌یه‌وه‌ به‌سه‌رده‌بات.

 

عومه‌ر عه‌لی‌ شوێنی‌ فرۆشتنی‌ كه‌لوپه‌لی‌ بیناسازی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌یدسادق‌و چه‌ند ساڵێكه‌ رزگار لای‌ ئه‌و كارده‌كات، ئه‌و سه‌یری‌ به‌تواناكانی‌ دێت‌و ده‌ڵێت "رۆژی‌ وا هه‌بووه‌ به‌ته‌نیا یه‌ك لۆری‌ چیمه‌نتۆی‌ داگرتووه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ست به‌ماندوێتی‌ بكات".

 

ده‌شڵێت "چه‌ند ساڵێكه‌ رزگار وه‌ڵامی‌ كات‌و پێوانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ده‌داته‌وه‌و جارێك لێم نه‌بیستووه‌ حیسابه‌كانی‌ غه‌ڵه‌ت بێت‌و زیادو كه‌میان هه‌بێت".

 

یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌به‌هره‌ سه‌یره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ رزگار ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت پێش ئه‌وه‌ی‌ زه‌نگی‌ مۆبایله‌كه‌ی‌ لێبدات ده‌زانێت ته‌له‌فۆنی‌ بۆ دێت‌و ده‌توانێت ئاڕاسته‌كه‌ی‌ دیاریی‌ بكات كه‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌ له‌كوێوه‌ دێت‌و زۆربه‌ی‌ جاریش ده‌زانێت ئه‌و كه‌سه‌ی‌ ته‌له‌فۆنی‌ بۆ ده‌كات كێیه‌.

 

كه‌مال نه‌سره‌دین كه‌ شاره‌زایه‌كی‌ بواری‌ ئایتی‌‌و نێتۆركه‌و له‌قه‌زای‌ سه‌یدسادق ده‌ژی‌، بابه‌تی‌ هه‌ستكردن به‌شه‌به‌كه‌ی‌ مۆبایل ناچێته‌ عه‌قڵییه‌وه‌و روونی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌رووی‌ زانستییه‌وه‌ ئه‌مه‌ رووی‌ تێناچێت.

 

كه‌مال به‌"نیقاش"ی‌ وت "رێی‌ تێناچێت كه‌سێك هه‌بێت بتوانێت هه‌ست به‌سیگناڵی‌ مۆبایل بكات، من نازانم ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م پیاوه‌ باسی‌ ده‌كات تا چه‌ند دروسته‌".

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ بابه‌تی‌ مۆبایله‌كه‌ هیچ پێوه‌رێكی‌ زانستی‌ نییه‌، به‌ڵام له‌و كاته‌ی‌ رزگار قسه‌ی‌ بۆ په‌یامنێری‌ "نیقاش" ده‌كرد كه‌مێك وه‌ستاو وتی‌: "ئه‌وه‌ كوڕه‌كه‌م ئێستا ته‌له‌فۆن ده‌كات" به‌ده‌ستی‌ هێمای‌ بۆ لای‌ راستی‌ خۆی‌ كردو وتی‌ "ئا له‌م جێیه‌شه‌وه‌ ته‌له‌فۆن ده‌كات".

 

تازه‌ له‌و قسانه‌ی‌ ته‌واو بووبوو كه‌ ده‌نگی‌ زه‌نگی‌ مۆبایله‌كه‌ی‌ هات، ده‌ستی‌ بۆ گیرفانی‌ شڕواڵه‌كه‌ی‌ بردو ده‌ریهێناو پیشانی‌ داین كه‌ ئه‌وه‌ كوڕه‌كه‌یه‌تی‌، ئه‌و قسه‌ی‌ خۆی‌ كرد، به‌ڵام ئێمه‌ نه‌ له‌كه‌سی‌ ناو ته‌له‌فۆنه‌كه‌و نه‌ له‌ئاڕاسته‌ی‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌ دڵنیا نه‌بووینه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌