راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

قوربانی هه‌واڵی ساخته‌
رۆژنامه‌وانێكی موسڵ ده‌كرێته‌ فڕۆكه‌وانێكی دیل له‌لای داعش

مه‌نار ئه‌لزوبه‌یدی‌
رۆژنامه‌نووسێكی عێراقی دوای سێ ساڵ دابڕان خانه‌واده‌كه‌ی له‌ئامێز ده‌گرێت، به‌ڵام چیرۆكی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ بووه‌ته‌ بابه‌تی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
1.02.2018  |  دیوانیه

چه‌ند رۆژێكه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌رقاڵی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كه‌سێكن كه‌ به‌ گه‌رم‌وگوڕی باوك‌و دایكی له‌ ئامێز ده‌گرێت‌و فرمێسك به‌خوڕ له‌ چاوانی ده‌ڕژێت، له‌گه‌ڵ ڤیدیۆكه‌دا نووسینێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سه‌ فڕۆكه‌وانێكی عێراقیه‌‌و له‌لای داعش دیل بووه‌، به‌ڵام دواجار توانیویه‌تی له‌ده‌ستیان هه‌ڵبێت‌و بگه‌ڕێته‌وه‌ نێو خانه‌واده‌كه‌ی.

 

سه‌رنجڕاكێشی چیرۆكه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان بووه‌ جێی بایه‌خی عێراقییه‌كان به‌وپێیه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ چیرۆكه‌كانی قاره‌مانێتی له‌و جه‌نگه‌ی كه‌ وڵات به‌درێژایی سێ ساڵی رابردوو له‌دژی توندڕه‌وان به‌ڕێوه‌ی ده‌برد، هه‌ڵاتنی فڕۆكه‌وانه‌كه‌ش له‌ ده‌ستی توندڕه‌وان‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆلای كه‌سوكاری به‌سه‌لامه‌تی به‌سن بۆئه‌وه‌ی سه‌رنجی عێراقییه‌كان رابكێشن‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ له‌ په‌یجه‌كانی خۆیان له‌ "فه‌سیبووك"‌و كه‌ناڵه‌كانی "یوتیوب" بڵاوبكه‌نه‌وه‌‌و ته‌نانه‌ت چه‌ند كه‌ناڵه‌كێكی راگه‌یاندنیش چیرۆكه‌كه‌یان بڵاوكرده‌وه‌.

 

به‌ڵام دوای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ ده‌ركه‌وت  كۆنه‌‌و مێژووه‌كه‌ی بۆ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2016 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام شۆكه‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌بوو ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كدا ده‌رده‌كه‌وێت فڕۆكه‌وان نییه‌ له‌ سوپای عێراقدا‌و له‌لای داعشیش دیل نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سه‌ رۆژنامه‌نووس ره‌بیع حه‌له‌بی خه‌ڵكی موسڵه‌ كه‌ دوای سێ رۆژ له‌ داگیركردنی شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن توندڕه‌وانه‌وه‌ شاره‌كه‌ی به‌جێهێشتووه‌.

     

حه‌له‌بی كه‌ ته‌مه‌نی 29 ساڵه‌‌و ساڵانێكه‌ كاری رۆژنامه‌وانی ده‌كات، دوای هاتنی توندڕه‌وان له‌گه‌ڵ ده‌یان هاوڕێیدا ئه‌وه‌یان هه‌ڵبژارد موسڵ به‌جێبهێڵن له‌ترسی كوشتنیان وه‌ك چۆن ده‌یان هاوكاری كوژران كه‌ نه‌یانتوانی له‌شاره‌كه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌‌و توندڕه‌وان به‌ سیخوڕیكردن بۆ حكومه‌تی عێراق تۆمه‌تباریان كردن.

 

تیمی "نیقاش" توانی په‌یوه‌ندی به‌ حه‌له‌بیه‌وه‌ بكات‌و چیرۆكه‌كه‌ی به‌ته‌واوی گێڕایه‌وه‌‌و وتی: "دوای هاتنی داعش رۆژی 13ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2014  شاری موسڵم به‌جێهێشت‌و روومكرده‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌ڕای ترسی به‌رده‌وامم له‌ چاره‌نووسی خێزانه‌كه‌م، به‌ڵام له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌رده‌وام بووم له‌ كاری رۆژنامه‌وانیم، زۆر هه‌وڵمدا په‌یوه‌ندییان پێوه‌ بكه‌م، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم، بۆ ماوه‌ی ساڵێكی ته‌واو چاره‌نووسی خێزانه‌كه‌م نه‌زانی، هه‌روه‌ك ئه‌وانیش چاره‌نووسی منیان نه‌ده‌زانی".

 

دوای ساڵێك له‌ داگیركردنی موسڵ له‌لایه‌ن داعش‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی كوشتنی ده‌یان رۆژنامه‌وان له‌لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ به‌تۆمه‌تی سیخوڕیكردن، حه‌له‌بی بڕیاری دا په‌یوه‌ندی به‌ خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ بكات تا دڵنیایان بكاته‌وه‌ له‌ هه‌واڵی، به‌كرداریش توانی بۆ چه‌ند چركه‌یه‌كی كه‌م قسه‌ له‌گه‌ڵ باوكی بكات ئه‌ویش به‌هۆی خراپی شه‌به‌كه‌وه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌ بوو باوكی له‌ چاره‌نووسی كوڕه‌كه‌یان دڵنیابووه‌وه‌‌و حه‌لبیش ئه‌و هه‌واڵه‌ی زانی كه‌ دایكی به‌هۆی خه‌می كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ تووشی نه‌خۆشی بووه‌‌و له‌ جێدا كه‌وتووه‌.

 

ئه‌وه‌ یه‌كه‌م په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی‌و دوا په‌یوه‌ندیش بوو به‌درێژایی سێ ساڵ، كاتێكیش حه‌له‌بی هه‌واڵی ئه‌وی بیست كه‌ حكومه‌تی عێراق خۆی بۆ ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ له‌ده‌ستی توندڕه‌وان ئاماده‌ ده‌كات، ده‌ستبه‌جێ بڕیاری دا به‌شداری له‌ رووماڵی شه‌ڕه‌كه‌دا بكات.

 

حه‌له‌بی ده‌ڵێت: "به‌هۆی په‌رۆشیمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كاندا له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕدا بووم‌و وێنه‌ی خێزانه‌كه‌م هه‌میشه‌ له‌به‌ر چاو بوو كه‌ هانی ده‌دام بۆ كاركردنی زیاتر، پێكدادانه‌ چه‌كدارییه‌كان توند بوون‌و شه‌ڕ له‌ شه‌قامێكه‌وه‌ بۆ شه‌قامێكی دیكه‌‌و هه‌ندێك جارێش له‌ماڵێكه‌وه‌ بۆ ماڵێكی دیكه‌ گواسترایه‌وه‌".

 

له‌ تشرینی دووه‌می ساڵی 2016دا شه‌ڕ گه‌یشته‌ ناوچه‌ی "گۆگجه‌لی" له‌ به‌ری خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌، دوای شه‌پۆلێكی چرٍی ئاواره‌بوونی دانیشتووان به‌ره‌و لای ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ی حه‌له‌بیان له‌گه‌ڵدا بوو، شه‌ڕه‌كه‌ ئاڵۆز بوو، رۆژنامه‌وانه‌كه‌ سه‌یری روخساری ئاواره‌كانی ده‌كرد به‌ڵكو خێزانه‌كه‌ی ببینێته‌وه‌، به‌ڵام هیچ یه‌كێكیانی نه‌دۆزیه‌وه‌.

 

به‌هۆی توندبوونی شه‌ڕیش له‌ "گۆگجه‌لی" هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پێشڕه‌ویكردنی رۆژنامه‌وانانیان قه‌ده‌غه‌كرد له‌به‌ر بوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان، به‌ڵام حه‌له‌بی زۆر حه‌زی ده‌كرد له‌كه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پێشڕه‌وی بكات، چونكه‌ ماڵه‌كه‌یان ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕه‌كی "خه‌زرا" كه‌ ته‌نیا دوو ناوچه‌ له‌"گۆگجه‌لی"وه‌ دوور بوو، ئیتر حه‌له‌بی بڕیاری دا ته‌له‌فۆن بۆ خێزانه‌كه‌ی بكات، هه‌وڵی دا دلًنیایان بكاته‌وه‌‌و پێیوتن كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نزیكن‌و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌تانبینم.

 

حه‌له‌بی ئه‌و كاته‌ سه‌ختانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌‌و ده‌ڵێت: "شه‌ڕ توند بوو، هه‌ندێك له‌ دانیشتوانیش به‌ گولله‌ی توندڕه‌وان كوژرابوون، دووباره‌ په‌یوه‌ندیم به‌ خێزانه‌كه‌مه‌وه‌ كرده‌وه‌‌و به‌باوكمم وت هه‌موویان له‌ماڵ بێنه‌ده‌ره‌وه‌‌و منیش ئاڕاسته‌یان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و ڕێگایه‌ی كه‌ به‌سه‌لامه‌تی لێوه‌ی ده‌گه‌نه‌ شوێنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دواجاریش به‌سه‌لامه‌تی گه‌یشتن، ساتی بینینی خانه‌واده‌كه‌م هه‌ستهه‌ژێن بوو، كه‌ دایكم‌و براكانم له‌ئامێز گرت خۆم پێنه‌گیرا، كاتێك باوكم بینیمی‌و باوه‌شم پێدا كرد، كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی".

 

دوای تێپه‌ڕبوونی دوو سالًَ به‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی حه‌له‌بی بۆ نێو خێزانه‌كه‌ی به‌ سه‌لامه‌تی، به‌ڵام هێشتا چیرۆكه‌كه‌ی به‌شێوێندراوی له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌بینێت‌و ده‌یان په‌یج له‌ "فه‌یسبووك" ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كاتێك چاوی به‌ خانه‌واده‌كه‌ی ده‌كه‌وێت گوایه‌ فڕۆكه‌وانێكی سوپای عێراقه‌‌و له‌لای "داعش" دیل بووه‌‌و چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر توانیویه‌تی له‌ده‌ستیان هه‌ڵبێت.

 

حه‌له‌بی له‌باره‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ ساختانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و ڤیدیۆیه‌م بینی كه‌ هه‌واڵێكی درۆی تێدا بوو، هه‌وڵمدا په‌یوه‌ندی به‌ چه‌ندین په‌یجه‌وه‌ بكه‌ن بۆ روونكردنه‌وه‌ی راستی ڤیدیۆكه‌، به‌ڵام ده‌یان په‌یجی دیكه‌ ڤیدیۆكه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌واڵه‌ درۆكه‌ بڵاوكرده‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌راستییه‌كه‌ دڵنیابن".

 

 هه‌روه‌ها وتی: "به‌داخه‌وه‌ ده‌نگۆ‌و هه‌واڵی درۆ به‌ئاسانی له‌نێو هاووڵاتیاندا بڵاوده‌بێته‌وه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ درۆیانه‌ش بوون كه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی داعش بچێته‌ ناو موسڵ، چونكه‌ ئه‌و توندڕه‌وانه‌ی هێرشیان كرده‌ سه‌ر شاره‌كه‌ ژماره‌یان له‌ ده‌یان زیاتر نه‌بوو، به‌ڵام هه‌واڵی درۆ‌و گرته‌ی ڤیدیۆیی كۆنیان به‌كارهێنا تا وا له‌ دانیشتووان بگه‌یه‌ننن سوپای عێراق هه‌ره‌سی هێناوه‌‌و هه‌موو به‌رپرسان هه‌ڵاتوون، هه‌واڵی درۆ چه‌كی سه‌ره‌كییان بوو بۆ ئه‌وه‌ی ترس بخه‌نه‌ نێو دانیشتووانی شاره‌كه‌وه‌".

 

حه‌له‌بی كه‌ یه‌كێك بوو له‌ قوربانیانی هه‌واڵی درۆ ده‌ڵێت: "پێویسته‌ هه‌مووان دژی ئه‌م دیارده‌ خراپه‌ بوه‌ستنه‌وه‌ به‌تایبه‌تیش كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌یان له‌ ئه‌ستۆدایه‌ بۆ دژایه‌تیكردنی ده‌نگۆ‌و واته‌وات، هه‌روه‌ك پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌رله‌مانییه‌كانیش یاسای ئه‌وتۆ دابڕیژن سزایان بۆ ئه‌وانه‌ تێدا بێت كه‌ هه‌واڵی ساخته‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێت هه‌ڵمه‌تی مه‌ده‌نیش رێكبخرێت بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوده‌بنه‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌