راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ماڵ ماڵی‌ خۆتانه‌
عێراقییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ جیاواز پێشوازی‌ له‌سعودییه‌ ده‌كه‌ن

سه‌لیم وه‌ززان
له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ عێراقییه‌كان هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ست پێكردووه‌ بۆ پێشوازی‌ سعودییه‌كان، له‌رووداوێكی‌ مێژوویدا كه‌ دوای‌ نزیكه‌ی‌ چل ساڵ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.
1.02.2018  |  به‌سره

دوای‌ نزیكه‌ی‌ چل ده‌یه‌، بۆ یه‌كه‌مجار هه‌ڵبژارده‌ی‌ تۆپی‌ پێی‌ سعودییه‌ له‌سه‌ر یاریگایه‌كی‌ عێراقی‌ یاری‌ ده‌كات‌و رووبه‌رووی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق ده‌بێته‌وه‌.

 

ژماره‌یه‌ك چالاكوان‌و میدیاكار‌و وه‌رزشكار له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی یه‌ك هاشتاگی یه‌كگرتوودا به‌ ناونیشانی (داره‌ك یالئه‌خزه‌ر) واته‌ "ماڵی خۆته‌ هه‌ڵبژارده‌ی سه‌وز" هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ستپێكرد كه‌ بۆ پێشوازیكردنه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی سعودیه‌ له‌ كۆتایی مانگی شوباتی داهاتوودا ئه‌ویش له‌میانی هه‌وڵه‌كاندا بۆ هه‌ڵگرتنی ئابڵوقه‌ی سه‌ر یاریگاكانی عێراق به‌ ته‌واوی.

 

سه‌باره‌ت به‌ چالاكییه‌كه‌یان ئه‌ركان ته‌قی وته‌بێژی ره‌سمی هه‌ڵمه‌تی (داره‌ك یالئه‌خزه‌ر)  به‌ "نیقاش"ی وت: "هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان له‌ شه‌قامه‌كانی به‌سره‌ ده‌ستپێكردووه‌ بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان‌و زه‌مینه‌سازی بۆ پێشوازیكردن له‌ هه‌ڵبژارده‌ی سعودیه‌، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی ده‌رخستنی بایه‌خی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌دوو وڵات، چونكه‌ رووداوه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتره‌ یارییه‌كی تۆپی پێ بێت دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا ئاراسته‌یه‌كی نوێی وه‌رگرت، به‌و پێیه‌ش پێویسته‌ جه‌ماوه‌ر رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌بێت له‌ سه‌رخستنی ئه‌و هه‌وڵانه‌دا، هه‌روه‌ك یارییه‌كانی نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی عێراق‌و سعودیه‌ تایبه‌تمه‌ندییان هه‌یه‌‌و ركابه‌ری‌و سه‌رنجڕاكێشییان تێدایه‌".

 

به‌گوته‌ی ته‌قی جه‌ماوه‌ری سعودیه‌ پێشتر له‌و یارییه‌ی نێوان عێراق‌و سعودیه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پاڵاوتنی مۆندیال له‌ سعودیه‌ به‌ڕێوه‌چوو، ئاڵای عێراقیان به‌رزكرده‌وه‌‌و پێویسته‌ چاكه‌كه‌یان بده‌نه‌وه‌.

 

سه‌باره‌ت به‌ راده‌ی كارلێكی جه‌ماوه‌ری هه‌ردوو وڵاتیش له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان، ده‌ڵێت: "ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كارلێكیان له‌گه‌ڵ هاشتاگی (داره‌ك یالئه‌خزه‌ر) كردووه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ نزیكه‌ی چوار ملیۆن كه‌س. چ له‌ فه‌یسبووك یان له‌ تویته‌ریش رێژه‌ی كارلێكی جه‌ماوه‌ری عێراقی‌و سعودی له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 99% ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی بێ پێشینه‌یه‌".

 

ئاماده‌كاریش بۆ یارییه‌كه‌ وه‌ك موشتاق شممه‌ری سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی لیژنه‌ی ئۆلۆمپی عێراق له‌ به‌سره‌ ده‌ڵێت له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا به‌رده‌وامه‌، وتیشی: "ماوه‌یه‌كی زۆره‌ حكومه‌تی خۆجێیی ده‌ستیكردووه‌ به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ر یارییه‌ك كه‌ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌ویش دوای سه‌ردانی لیژنه‌ ته‌كنیكییه‌كانی فیفا‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی یاریگای نێوده‌وڵه‌تی به‌سره‌‌و ئاگاداربوون له‌ به‌ڕێوه‌چوونی كاركردن له‌ شاری وه‌رزشیدا".

 

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ بۆ "نیقاش"ی روونكرده‌وه‌ كه‌ "لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ ئه‌و دۆسێیه‌ پێكهێنراوه‌‌و چه‌ندین پرۆژه‌ی ژێرخانی له‌ به‌سره‌ جێبه‌جێ كراون‌و خودی ئه‌و یاریگایه‌ش ئاماده‌كراوه‌ته‌وه‌ تا له‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه‌ ئاماده‌ بێت نه‌ك ته‌نیا بۆ میوانداریكردنی یارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڵكو بۆ میوانداریكردنی پاڵه‌وانێتییه‌ وه‌رزشیه‌ جیهانیه‌كانیش".

 

شممه‌ری وه‌ڵامی ئه‌وانه‌ش ده‌داته‌وه‌ كه‌ گومانیان له‌ توانای به‌سره‌ له‌ میوانداریكردنی هه‌ڵبژارده‌كانی تۆپی پێی‌و هانده‌ران هه‌یه‌‌و ده‌ڵێت: "پارێزگاكه‌ توانای ئابووری گه‌وره‌ی هه‌یه‌‌و شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ كێبڕكێ وه‌رزشییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رێكبخات، هه‌روه‌ك ئێستا به‌سره‌ هۆتێلی جیاجیای تێدایه‌ كه‌ گونجاون له‌گه‌ڵ خواستی جه‌ماوه‌ردا، هه‌روه‌ها چه‌ندین بازاڕ‌و ناوه‌ندی گه‌شتیاریشی تێدایه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سه‌قامگیری ئه‌منی، ئه‌م بنه‌مایانه‌ش وا له‌ شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن ئاماده‌بێت بۆ میوانداریكردنی هه‌ر رووداوێكی وه‌رزشی، به‌ڕای من ئه‌و ده‌نگانه‌ی داوای ئه‌نجامنه‌دانی ئه‌و یارییه‌ ده‌كه‌ن گیانی وه‌رزشییان نییه‌‌و پاڵنه‌ره‌كانیان سیاسیه‌‌و بۆ رووخاندنه‌".

 

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی ئه‌و یارییه‌ش له‌ خێراكردنی هه‌ڵگرتنی ئابڵووقه‌ی سه‌ر یاریگاكانی عێراق، وتی: "مادام ئابڵووقه‌كه‌ به‌بێ ویستی خۆمان سه‌پێندراوه‌ به‌سه‌رماندا، بۆیه‌ هه‌موو پێداویستییه‌كانی به‌دیهێنانی سه‌ركه‌وتنمان بۆ هه‌ڵگرتنی ئاماده‌كردووه‌، یارییه‌كه‌ی نێوان عێراق‌و سعودیه‌ش ته‌واوكه‌ری داواكارییه‌كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی چوار یاری كه‌ سه‌ركه‌وتوو بووین له‌ ئه‌نجامدانیاندا به‌بێ هیچ گرفتێك، ئیتر هه‌ردوو یه‌كێتیی ئاسیا‌و نێوده‌وڵه‌تی بیانوویان به‌ده‌سته‌وه‌ نابێت بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر رێگریكردن له‌ یاریكردنی هه‌ڵبژارده‌كانی عێراق له‌سه‌ر خاكی خۆیان".

 

یه‌كێتیی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێی (فیفا) پێنج جار ئابڵووقه‌ی خستووه‌ته‌ سه‌ر تۆپی پێی عێراق له‌ساڵانی 1985‌و 2003‌و 2009‌و 2013 له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ جه‌نگ‌و بارودۆخی ئه‌منی‌و خراپی رێكخستنه‌وه‌ هه‌یه‌، هاوكات بڕیار دراوه‌ به‌شێكی ئابڵووقه‌كه‌ هه‌ڵبگیرێت بۆ ئه‌نجامدانی یاری دۆستانه‌ له‌ یاریگاكانی به‌سره‌‌و هه‌ولێر‌و كه‌ربه‌لا.

 

عه‌بدولحسێن عه‌بتان وه‌زیری لاوان‌و وه‌رزش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ نووسینگه‌كه‌ی ده‌ریكردووه‌ رایگه‌یاندووه‌ "یارییه‌كه‌ی عێراق‌و سعودیه‌ ئاهه‌نگێكی تۆپی پێ ده‌بێت جیهان سه‌رسام ده‌كات، وه‌زاره‌تیش هه‌موو لایه‌نه‌ لۆجستییه‌كانی ئه‌نجامدانی ئه‌و پاڵه‌وانێتی‌و یارییه‌ دۆستانه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ دابین ده‌كات كه‌ هه‌ڵبژارده‌ نیشتمانییه‌كان له‌ عێراق به‌شدارییان تێدا ده‌كه‌ن".

 

داوایشی له‌ حكومه‌تی خۆجێیی به‌سره‌ كرد "بایه‌خ به‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شاری وه‌رزشی بده‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بایه‌خدان به‌ رێگا سه‌ره‌كییه‌كان‌و ده‌روازه‌كانیان".

 

ئاماژه‌كه‌ی وه‌زیر ره‌نگدانه‌وه‌ی راده‌ی نیگه‌رانییه‌ له‌ خراپی ژێرخان له‌و شاره‌ نه‌وتییه‌دا كه‌ شاری وه‌رزشی به‌ته‌نیشت خانووه‌ هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كانی (حه‌واسم)وه‌یه‌.

 

سه‌ڵاح سابت رۆژنامه‌نوووسی وه‌رزشی به‌ "نیقاش"ی وت: "ئاماده‌كارییه‌كان بۆ میوانداریكردنی یارییه‌كه‌ زۆر ساده‌ن‌و له‌ ئاستی ئه‌و رووداوه‌دا نین، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نی میدیاییه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ لیژنه‌ی تایبه‌ت‌و وۆركشۆپ له‌ به‌سره‌‌و به‌غدا پێكنه‌هێنراون كه‌ به‌ جددی كاربكه‌ن بۆ  دانانی هه‌نگاو‌و ورده‌كاری سه‌رخستنی میواندارییه‌كه‌، چونكه‌ پێشبینی ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێكی زۆر ده‌كرێت".

 

وتیشی: "ئێستا هه‌ڵبژارده‌ی سعودیه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌كانی پێشه‌نگ له‌ ناوچه‌كه‌‌و سه‌ركه‌وتووه‌ بۆ جامی جیهانی، یارییه‌كه‌ش په‌یامێكه‌ چه‌ندین لایه‌نی له‌خۆگرتووه‌ له‌وانه‌ش په‌یامی هه‌رێمی‌و نێوده‌وڵه‌تی، هه‌روه‌ك روماڵی میدیاییش له‌سه‌ر ئاستێكی جیهانی ده‌بێت به‌تایبه‌تی كه‌ جیانی ئینفانتینۆ سه‌رۆكی یه‌كێتیی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ به‌ڵێی ئاماده‌بوونی داوه‌".

 

له‌به‌رامبه‌ر كاری هاشتاگه‌كانیشدا كه‌ هانده‌ری وه‌رزشی عومه‌ر عه‌دنان (25 ساڵ) به‌ "نائاسایی" وه‌سفیكرد، پێشبینی ده‌كات هه‌ڵبژارده‌ی سعودیه‌ پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێبكرێت له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری عێراقه‌وه‌ كه‌ حه‌زیان له‌ تۆپی پێیه‌.

 

عومه‌ر به‌ "نیقاش"ی وت: "وه‌رزش ئه‌و لایه‌نه‌ نه‌رێنیه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووانه‌ ده‌توێنێته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی سیاسی له‌نێون عێراق‌و دراوسێ عه‌ره‌به‌كانیدا دروستی كردوون‌و په‌یوه‌ندی میللی نێوان وڵاتانمان پته‌و ده‌كات كه‌ له‌ میانی پێشوازیكردنی كوێتییه‌كان له‌ جه‌ماوه‌ری عێراق له‌سه‌ر خاكی كوێت له‌ كێبڕكێكانی  دوایه‌مین جامی كه‌نداو هه‌ستمان پێكرد، هه‌روه‌ك پێش ئه‌وه‌ش له‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ماندا هه‌ستمان پێكرد كاتێك پێشوازیمان له‌ هه‌لًبژارده‌ی ئوردن كرد له‌ به‌سره‌".

 

ئاماده‌یی ده‌روونی جه‌ماوه‌ری عێراق پێشتر تاقیكراوه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش له‌و سێ یارییه‌ی له‌ یاریگای به‌سره‌ ئه‌نجامدران كه‌ 65 هه‌زار كه‌س ده‌گرێت، یارییه‌كانیش له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ هه‌ڵبژارده‌كانی ئوردن‌و كینیا، هه‌روه‌ها ئه‌ستێره‌كانی جیهان بوون.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌