راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

120 فرۆكه‌ی‌ بێ‌ فرۆكه‌وان
گه‌نجێك له‌كوردستان له‌شه‌قه‌ی‌ باڵ ده‌دات

سامان عومەر
گه‌مارۆی‌ ئاسمانیی به‌غدا بۆ سه‌ر كوردستان ته‌نیا گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی‌ په‌كنه‌خستووه‌، به‌ڵكو رێی‌ له‌خولیاكانی‌ گه‌نجێك گرتووه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت به‌توانا ساده‌كانی‌ خۆی‌ له‌شه‌قه‌ی‌ باڵ بدات.
24.01.2018  |  سلێمانی

ئاری‌ كامیل (28) ساڵ، گه‌نجێكی‌ دانیشتووی‌ شاری‌ سلێمانییه‌و به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ ناووناوبانگی‌ ده‌ركردووه‌ كه‌ تائێستا ده‌یان فرۆكه‌ی‌ بێ فرۆكه‌وانی‌ دروستكردووه‌.

 

باس‌و خواسی‌ ئاری‌ له‌ناو خه‌ڵكی‌ كوردستاندا شتێكی‌ تازه‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ نوێیه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێستا هه‌نگاوه‌كانی‌ له‌دروستكردنی‌ فرۆكه‌ی‌ بێ‌ فرۆكه‌وانه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ دروستكردنی‌ فرۆكه‌یه‌كی‌ نه‌فه‌رهه‌ڵگری‌ بچووك‌و له‌وه‌ زیاتریش ده‌یه‌وێت له‌رێی‌ باڵۆنێكه‌وه‌ بچێته‌ به‌رزییه‌كی‌ پێوانه‌یی‌.

 

ئاری‌ چه‌ند مانگێكه‌ فرۆكه‌یه‌كی‌ بچووكی‌ دروستكردووه‌ كه‌ توانای‌ هه‌ڵگرتنی‌ چوار نه‌فه‌ری‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌كه‌وتووه‌ته‌ فڕین‌و چه‌ند پارچه‌یه‌كی‌ ماوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زه‌حمه‌ته‌ دوای‌ ته‌واوبوونی‌ بتوانێت كاره‌كه‌ی‌ ته‌واو ئه‌زموون بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ نه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم مۆڵه‌تی‌ فه‌رمی‌ كاركردنی‌ داوه‌تێ‌، نه‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ به‌غداش رێی‌ پێده‌دات فرۆكه‌یه‌ك به‌بێ‌ مۆڵه‌ت به‌ئاسمانی‌ كوردستاندا بفڕێت.

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌و فرۆكه‌یه‌ی‌ دروستیكردووه‌ ئاری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "فڕۆكه‌كه‌ له‌جۆری‌ (STOL-CH 750) دیزاینی‌ (كریس هانز)ی‌ ئه‌مریكییه‌ كه‌ له‌ئه‌له‌منیۆم‌و پلاستیك‌و دارو فوم دروستكراوه‌، ته‌نیا بزیوَنه‌ره‌كه‌ی‌ ماوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات به‌ده‌ستم بگات، به‌ڵام باقی‌ پارچه‌كانی‌ دیكه‌ 95% خۆم دروستمكردوون".

 

به‌پێی‌ مه‌زه‌نده‌كان فڕۆكه‌كه‌ی‌ ئاری‌ توانای‌ هه‌یه‌ هه‌تا به‌رزی‌ كیلۆمه‌ترێك بفڕێت‌و 5 كاتژمێر له‌ئاسماندا بمێنێته‌وه‌، ئاماده‌یشی‌ نیشانداوه‌ پاش ته‌واوبوونی‌ بیخاته‌ به‌رده‌م هه‌موو پشكنینه‌ ئه‌ندازه‌یی‌‌و میكانیكییه‌كان.

 

ئه‌زموونی‌ دروستكردنی‌ فرۆكه‌ بۆ ئاری‌ شتێكی‌ نوێ‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌و پێشتر ته‌نیا فرۆكه‌ی‌ بێ فرۆكه‌وانی‌ دروستكردووه‌، چیرۆكه‌كه‌ش له‌و كاته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ چوارساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ئەوروپا به‌شداری‌ پێشانگایه‌كی‌ فرۆكه‌ی‌ بێ‌ فرۆكه‌وانی‌ كردووه‌و تێگه‌یشتووه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌توانێت ئه‌و ئه‌زموونه‌ تاقیبكاته‌وه‌، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "كه‌ فرۆكه‌كانم بینی‌ پێم وابوو دروستكردنی‌ فرۆكه‌ی‌ بێ‌ فرۆكه‌وان مه‌حاڵ نییه‌".

 

دواتر له‌سه‌ر ئینته‌رنێت به‌دوای‌ دیزاین‌و شێوازی‌ دروستكردنی‌ فرۆكه‌دا گه‌ڕاوه‌و ئه‌زموونی‌ كردووه‌‌و چه‌ند فرۆكه‌ی‌ دروستكردووه‌ كه‌ هیچیان توانای‌ فڕینیان نه‌بووه‌، تا ئه‌وه‌ی‌ دواجار فرۆكه‌كانی‌ باڵیان گرتووه‌و وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت "تائێستا 120 فرۆكه‌ی‌ بێ‌ فرۆكه‌وانم دروستكردووه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆریان دیزاینی‌ خۆم بوون".

 

ئه‌وه‌ی‌ یارمه‌تی‌ ئاری‌ داوه‌ له‌م كاره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆی‌ له‌وێنه‌كێشان‌و په‌یكه‌رتاشیندا به‌هره‌مه‌نده‌، هه‌رچه‌نده‌ تا قۆناغی‌ سێی‌ ناوه‌ندی‌ خوێندووه‌.

 

فرۆكه‌كانی‌ ئاری‌ له‌فایبه‌ر گڵاس دروست ده‌كرێن‌و هه‌ر دانه‌یه‌كیان بڕی‌ (200 بۆ 500) دۆلاری‌ تێده‌چێت، بزوێنه‌ره‌كانیشی‌ له‌راستیدا بزوێنه‌ری‌ فرۆكه‌ نین، به‌ڵكو هی‌ چه‌ندین ئامێری‌ دیكه‌ن كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق ده‌یانكڕێت.

 

ئاری‌ سه‌رده‌مێكی‌ زۆر وه‌ستای‌ دارو ته‌خته‌و بیناسازی‌ بووه‌‌و بڕێك پاره‌ی‌ زۆری‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌و هه‌رچی‌ ئه‌و سامانه‌ی‌ هه‌یبووه‌ به‌هاوكاری‌ دایكی‌‌و براكه‌ی‌ بۆ ئه‌و فرۆكانه‌ خه‌رجی‌ كردووه‌.

 

له‌شه‌ڕی‌ داعشدا چه‌ندین به‌رپرسی‌ سه‌ربازی‌ داوایان له‌ئاری‌ كردووه‌ سوود له‌فرۆكه‌ بێ فرۆكه‌وانه‌كانی‌ ببینرێت، چونكه‌ توانای‌ ئه‌وه‌یان هه‌بووه‌ كامێرای‌ چاودێری‌‌و جۆره‌ چه‌كی‌ بچووكیان لێ‌ ببه‌سترێت، به‌ڵام ئه‌و ره‌تی‌ كردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ده‌ڵێت "داواكاری‌ ره‌سمی‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ نه‌هاتووه‌، بۆیه‌ نه‌مویستووه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌م".

 

ئه‌م هه‌وڵه‌ تاكه‌ كه‌سییه‌ی‌ ئاری‌ هه‌موو شتێكی‌ پێنه‌كراوه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی‌ شاره‌زای‌ بواری‌ فرۆكه‌وانی‌ گروپێكیان پێكهێناوه‌ به‌ناوی‌ "ئاسمانی‌ پێشمه‌رگه‌" كه‌ به‌نیازبوون به‌پاڵپشتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كارگه‌یه‌كی‌ بچووكی‌ دروستكردنی‌ فرۆكه‌ دروستبكه‌ن‌و راهێنان به‌پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن له‌سه‌ر چۆنێتی‌ به‌كارهێنانی‌ فرۆكه‌كان، به‌ڵام تائێستا ئه‌و هه‌وڵه‌ سه‌رپێ‌ نه‌كه‌وتووه‌.

 

پاڤێڵ عوسمان ئه‌ندامی‌ گروپی‌ "ئاسمانی‌ پێشمه‌رگه‌" به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌داخه‌وه‌ تائێستا حكومه‌تی‌ هه‌رێم رێگرییه‌كانی‌ زیاتره‌ وه‌ك له‌هاوكارییه‌كانی‌، بۆیه‌ پرۆژه‌كه‌مان شوێنی‌ خۆی‌ نه‌گرتووه‌".

 

راسته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم هاوكاری‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ ئاری‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵام چه‌ندین كه‌س له‌وانه‌ی‌ له‌بواری‌ فرۆكه‌وانیدا شاره‌زان پشتیوانی‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ ده‌كه‌ن‌و ئه‌وه‌نده‌ی‌ كاره‌كه‌ی‌ ئارییان بینیوه‌، پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م گه‌نجه‌ پشتیوانی‌ بكرێت كاری‌ زۆر گه‌وره‌تر ده‌كات.

 

شۆڕش سه‌عید (58 ساڵ) كه‌ له‌وڵاتی‌ روسیا چه‌ند خولێكی‌ دروستكردنی‌ فرۆكه‌ی‌ بچووكی‌ بینیوه‌ بۆ "نیقاش" وتی‌ "ئاری‌ ترسی‌ نییه‌ ده‌یه‌وێ‌ هه‌موو سه‌ركێشییه‌ك تاقی‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ خاڵی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و گه‌نجه‌یه‌".

 

ئێستا ئاری‌ شه‌وو رۆژی‌ خستووه‌ته‌ سه‌ریه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ فرۆكه‌ چوار نه‌فه‌رییه‌كه‌ی‌ ته‌واو بكات، به‌ڵام ئه‌زانێ‌ ئاسته‌نگی‌ زۆری‌ له‌پێشه‌، چونكه‌ تائێستا رێی‌ پێنه‌دراوه‌ پارچه‌كانی‌ بزوێنه‌ری‌ ئه‌و فرۆكه‌یه‌ بهێنێت، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش پێیان وتووه‌ كه‌ رێی‌ فڕینی‌ پێناده‌ن.

 

ئاری‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت پلانی‌ دوای‌ ته‌واوكردنی‌ فرۆكه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌رێی‌ دروستكردنی‌ باڵۆنێكه‌وه‌ ساڵی‌ داهاتوو خۆی‌ بگه‌یه‌نێته‌ به‌رزترین ئاست له‌ئاسماندا كه‌ باڵۆنه‌كه‌ توانای‌ هه‌بێت، له‌وێوه‌ به‌په‌ره‌شووت خۆی‌ فڕێبداته‌ سه‌ری‌ زه‌وی‌.

 

ئێستا سات به‌سات ئاری‌ چاوه‌ڕێی‌ دواهه‌مین هه‌واڵه‌كان ده‌كات له‌باره‌ی‌ هه‌ڵگرتنی‌ گه‌مارۆی‌ ئاسمانی‌ سه‌ر كوردستانه‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانێ‌ ئه‌و قۆناغه‌ زۆر نزیكی‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌ته‌واوكردنی‌ ئه‌و پرۆژه‌ گه‌ورانه‌ی‌ له‌خه‌یاڵیدان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌