راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ره‌وتێكی‌ دژه‌ باو
ره‌خنه‌گرانی‌ ئایین له‌پشتی‌ په‌رده‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌

نارین رۆسته‌م
چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا له‌كوردستان زه‌حمه‌ت بوو كه‌سێك بدۆزیته‌وه‌ كه‌ بێ‌ په‌رده‌ ره‌خنه‌ له‌ئایین بگرێت، به‌ڵام ئێستا به‌دەیان كه‌س به‌ئاشكرا خۆیان به‌بێ‌ ئایین ده‌ناسێنن.
25.01.2018  |  هه‌ولێر

ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك له‌ئاڕاسته‌ی‌ بێ‌ ئاینی‌ نزیك بكه‌نه‌وه‌، ئێستا تۆڕە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان كردووه‌ته‌ باشترین كه‌ره‌سته‌ی‌ خۆیان، هه‌ندێكیان به‌ئاشكراو به‌ناوی‌ خۆیانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ندێكی‌ دیكه‌یان چه‌ند په‌یجێكیان دروستكردووه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كانیان دیار نییه‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام په‌یامی‌ نا دینی‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش مه‌له‌كردنه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ شه‌پۆله‌وه‌ له‌كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه‌ موسوڵمان زۆرینه‌ی‌ ره‌ها پێكده‌هێنێت.

 

رەوتی دژە ئاینی لەھەرێمی کوردستان بابەتێکی تازە نییە، بەڵام ره‌نگ بێت هیچ كات به‌قه‌د ئێستا ئاوا  ئاشكراو بێ‌ په‌رده‌ نه‌بووبێت، تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ كه‌سانێك له‌فه‌یسبووكه‌وه‌ لایڤ بكه‌نه‌وه‌و دژی‌ ئایین بوه‌ستنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌ئاشكرا له‌و بابه‌ته‌دا قسه‌ ده‌كه‌ن، خۆیان له‌كوردستاندا ناژین.

 

سەرکاو ھادی شانۆکارێکی کوردی دانیشتووی فەرەنسایە، بەقسەی خۆی ئەو یەکەمین کەس بووە کە بەناوو وێنەی خۆیەوە لەرێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رەخنەی لەئاین گرتووە.

 

هه‌رچه‌نده‌ سه‌ركاو خۆی‌ به‌ره‌خنه‌گری‌ ئاین ده‌ناسێنێت نه‌ك دژه‌ ئایین، له‌م رووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌مه‌وێت هۆشیاریی لەناو خەڵکدا بڵاوبکه‌مه‌وه‌ لەسەر زیانەکانی رۆچوونی زۆر بەناو ئایندا".

 

ده‌شڵێت "من ئاین وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی دەبینم، خۆم لەوڵاتێکی ئیسلامییەوە ھاتووم  بۆیە رەخنە لەئاینی ئیسلام دەگرم، چونکە ئاینەکانی دیکە ھیچ کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگاو خۆم نەبووە".

 

ئێستا ئەوانەی کە بانگەشەی بێدینی خۆیان دەکەن، دەڵێن بێبەری نین لەرق‌و نەفرەتی کۆمەڵگە لەپای بیرکردنەوەکانیان، تەنانەت هەیانە لەناو خێزانی خۆیادا دەبوغزێنرێت.

 

"زۆربەی خزم‌و کەسەکانم تائێستاش ناتوانین لەفەیسبووک ببین بەھاوڕێم، چونکە من رەخنە لەئاینەکەیان دەگرم، من راستیەکانی خۆم دەڵێم‌و بۆم گرنگ نییە ئەوان ھاتوچۆم دەکەن یاخود نا" فاتیح مه‌حمود وای‌ وت.

 

فاتیح مەحمود ئەحمەد یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌رێی‌ ئه‌كاونته‌كه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ له‌فه‌یسبووك ره‌خنه‌ له‌ئایین ده‌گرێت، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئاین شتێکی پیرۆز بوو لام، بەڵام ئێستا وا نه‌ماوم، ئه‌وه‌ی‌ منیش ده‌یكه‌م بریتییه‌ له‌وه‌ی‌ ئایەتەکان وه‌ك خۆی شی دەکەمەوەو دەیخەمە بەر دەستی خوێنەرو بینەر، ھیچی زیادو کەم ناڵێم".

 

كاره‌كه‌ ته‌نیا به‌شیكردنه‌وه‌ی‌ ئاین‌و ده‌قه‌كانه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو به‌ده‌یان په‌یج هه‌ن كه‌ هه‌م رای‌ دژه‌ ئاینی‌ به‌زمانی‌ كوردی‌ ده‌نوسن، هه‌م ڤیدیۆی‌ كه‌سه‌ ناوداره‌كانی‌ جیهان وه‌رده‌گێڕن‌و بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌ئاشكرا چه‌ند گۆرانییه‌كی‌ دژه‌ ئاینیش به‌زمانی‌ كوردی‌ به‌رهه‌مهێنراون.

 

بۆ كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ زۆرینه‌ی‌ هه‌ر زۆری‌ مسوڵمانی‌ باوه‌ڕدارن، ئه‌م ره‌وته‌ شتێكی‌ ناڕێك‌و نه‌خوازراوه‌، باوه‌ڕداره‌كان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرێت سووكایه‌تییه‌ به‌پیرۆزییه‌كانی‌ ئه‌وان، به‌ڵام بێ‌ باوه‌ڕه‌كان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان ده‌یكه‌ن ته‌نیا ره‌خنه‌گرتنه‌و ئاینیش وه‌ك هه‌موو بوارێكی‌ دیكه‌ ده‌كرێت ره‌خنه‌ی‌ لێبگیرێت.

 

هێرشی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌ساڵی‌ 2014 باشترین ده‌رفه‌ت بوو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ دژایه‌تی‌ ئایین ده‌كه‌ن تا ره‌فتاره‌كانی‌ داعش له‌سه‌ر ئیسلام حیساب بكه‌ن‌و بره‌و به‌بواره‌كه‌ی‌ خۆیان بده‌ن، هه‌ر به‌راستیش ره‌نگه‌ ئه‌نجامێكی‌ هه‌بووبێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ سێ ساڵ زیاتره‌ ئاشكراتر ره‌خنه‌ له‌ئاینی‌ ئیسلامیش ده‌گیرێت‌و چالاكانی‌ ره‌وتی‌ دژه‌ ئایین هه‌میشه‌ داعش وه‌ك نموونه‌ ده‌هێننه‌وه‌.

 

دکتۆر رێنوار رێبین کە یەکێکە لەو رەخنەگرانەی بەبەردەوام لەئەکاونتەکەی خۆیەوە لایڤ بڵاودەکاتەوەو رەخنە لە ئاینی ئیسلام دەگرێت‌و هه‌میشه‌ داعش وه‌ك نموونه‌ باس ده‌كات.

 

رێنوار بۆ نیقاش وتی "ئەو کاتەی بۆ یەکەمین لایڤ ھەڵمبژارد، کاتێکی گونجاو بوو، چونکە داعش بەپراکتیکی ئاینی نیشانی خەڵک دەدا، من لەرێی لایڤەکانمەوە تێبینی‌و بیروڕاکانی خۆم دەوت"

 

نووسەران‌و رۆشنبیرانی کورد چەندین جار ره‌خنه‌ی‌ توندیان لێگیراوه‌ له‌لایه‌ن باوه‌ڕدارانه‌وه‌ کاتێ کتێبێکیان چاپ کردووە کە بەلای ئەوانەوە "كوفر"ی‌ تیا بووه‌.

 

ئه‌وانه‌ی‌ ره‌خنه‌ له‌ئایین ده‌گرن سۆشیال میدیا بوارێكی‌ باشی‌ داونه‌تێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ قسه‌ی‌ خۆیان بكه‌ن، چونكه‌ جاران نه‌یانده‌توانی‌ له‌میدیاو چاپكراوه‌ ره‌سمییه‌كانه‌وه‌ ئاوها بێپه‌رده‌ رای‌ خۆیان بڵێن.

 

ساڵی‌ 2010 قوبادی‌ جه‌لیلزاد كه‌ یه‌كێكه‌ له‌شاعیره‌ به‌ناوبانگه‌كان كتێبێكی‌ شیعری‌ بڵاوكرده‌وه‌، به‌ڵام لەسەر داوای مامۆستایانی ئاینیی‌و لیژنەی ئەوقافی پەرلەمان‌و یەکێتی زانایانی ئیسلامی، كتێبه‌كه‌ له‌بازاڕدا قەدەغە کرا.

 

ئەو کتێبە دوای دوو رۆژ لەکەوتنە بازاڕ، لە لایەن دوو مامۆستای ئاینییەوە لە گوتاری ھەینیدا تەکفیر کراو تۆمەتبار کرا  بەوەی لەیەکێک لەشیعرەکاندا، نووسەر دەستی بۆ "پیرۆزییەکانی ئاین" بردووە.

 

قوبادی جەلی زادە نووسەری کتێبەکە، لەکاتێکدا کە خۆی دادوەرە، بەڵام داواکاری گشتی سکاڵای لەسەر تۆمار کردو لەلایەن ئاسایشی شاری ھەولێرەوە کتێبەکەی دەستی بەسەرداگیرا، بۆ "نیقاش" وتی "چەندان جار بانگی دادگا کرام، چەند پارێزەرێکی خۆبەخش داکۆکیان لێدەکردم، ئەوەندەی نەمابوو دادگا کێشەکە یەکلایی بکاتەوە کە بەر سزای مادی دەکەوت، حکومەت لێبووردنی گشتی دەرکردو کەیسەکەی منیش بەر ئەو لێبوردنە کەوت، بەڵام کۆمەڵە شیعرەکەی من ھەر لەزیندان مانەوەو رۆشناییان نەبینی".

 

ره‌خنه‌گرتن له‌بابه‌ته‌ ئاینییه‌كان وه‌ك زۆر بواری‌ تر له‌كوردستان رای‌ جیاوازی‌ دروستكردووه‌، كه‌سانێك هه‌ن به‌بابه‌تێكی‌ ئاسایی‌ ده‌زانن‌و هه‌شیانه‌ سه‌رسه‌ختانه‌ دژی‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

 

ئه‌م مقۆمقۆیه‌ له‌ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌، كاتێك بابه‌تێكی‌ دژه‌ ئاینی‌ ده‌نوسرێت ژماره‌یه‌ك كه‌س ده‌ستخۆشی‌ لێده‌كه‌ن‌و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر زیاتریش دژی‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌و قسه‌ به‌و كه‌سانه‌ ده‌ڵێن.

 

ئاوارە نەجم گەنجێکی دانیشتووی دەربەندیخانه‌و ناوه‌ ناوه‌ ته‌ماشای‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌كات كه‌ دژی‌ ئایین بڵاوده‌كرێته‌وه‌، ده‌ڵێت "ئەو رەخنەگرانە سوودێکی وایان نییە بەتایبەت ئەو دژە ئاینانەی بەتوندی قسە دەکەن، ئەوان دژە ئاینییان لا بووە بەمۆدێل‌و لاسایکردنەوە، ئەگەر دەسەڵاتیان ھەبێت ھەرچی ئیسلامی بێت دەیکوژن‌و مزگەوتەکان دەسوتێنن".

 

بەڵام رووبار ئاسۆ كه‌ خوێندکاری کۆلێژی یاسایه‌ لەزانکۆی سەڵاحەدین جیاوازە ده‌ڵێت "من بەردەوام کۆمێنتی دەستخۆشی بۆ ئەوانە دەنووسم کە ره‌خنه‌ له‌ئایین ده‌گرن، ئیدی بۆم گرنگ نییە کێیەو سەر بە چ نەتەوەیەکە".

 

راسته‌ ئێستا ره‌وتی‌ دژه‌ ئایین چالاكییان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ زۆرینه‌ موسوڵمانی‌ وه‌ك كوردستاندا ئه‌م ره‌وته‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ رووبه‌رووی‌ ره‌خنه‌ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ پشتیوانی‌ ناكرێت، هه‌ر ره‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش بێت كه‌ ئه‌وانه‌ی‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئایین ده‌كه‌ن یان خۆیان ئاشكرا ناكه‌ن، یاخود ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌كوردستاندا ناژین.

 

نه‌ك هه‌ر بۆ كۆمه‌ڵگا، ئه‌م جۆره‌ ره‌خنانه‌ له‌رووی‌ یاساییشه‌وه‌ رێ پێدراو نییه‌و یاسا كارپێكراوه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دژایه‌تی‌ ئایین به‌تاوان ده‌زانن.

 

له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌خه‌می‌ ئاییندان ده‌ڵێن، ئه‌م ره‌وته‌ گورز له‌گیانی‌ پێكه‌وه‌ ژیان ده‌دات له‌كوردستان‌و زیانی‌ له‌قازانجی‌ زیاتره‌.

 

ئەمیر عوسمان مەولود بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی پێکەوە ژیانی ئاینی پێکھاتەکان له‌وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف به‌"نیقاش" وت "ئەوانەی کە ھێرش دەکەنە سەر ئاین نواندنی کەسایەتی خۆیان دەکەن نەک تەواوی کۆمەڵگا، ئێمە چەندان سکاڵامان دژ بەو کەسانە بەرزکردوونەتەوە کە دەیانەوێ لەیاسا دەربچن‌و سوکایەتی بەئاین بکەن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌