راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ساڵی‌ نوێ‌ له‌ژێر چادردا
بومه‌له‌رزه‌ خه‌ڵكی‌ ده‌ربه‌ندیخانی‌ ئاواره‌ی‌ شاره‌كه‌ی‌ خۆیان كردووه‌

دەشتی عەلی
له‌و كاته‌ی‌ له‌شاروشارۆچكه‌كانی‌ دیكه‌ كوردستان خه‌ڵكی‌ خۆیان ئاماده‌ ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێشوازی‌ له‌ساڵی‌ نوێ‌ بكه‌ن، چه‌ند خێزانێك له‌ده‌ربه‌ندیخان له‌ژێر چادردا كۆتاییه‌كانی‌ ساڵی پێشوویان به‌ڕێكرد.
4.01.2018  |  سلێمانی‌
 ( :وێنه كاروان يارا )
( :وێنه كاروان يارا )

نزیكه‌ی‌ مانگێك له‌مه‌وبه‌ر بومه‌له‌رزه‌یه‌كی‌ به‌هێز دای‌ له‌عێراق‌و به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌قی‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌شارۆچكه‌ی‌ ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌ نزیك بوو، زۆربه‌ی‌ زیانه‌كه‌ بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ بوو.

 

له‌دوای بومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌كه‌وه‌، جوان ناجی ته‌مه‌ن 42 ساڵ هیچ شه‌وێك له‌خانووه‌كه‌ی خۆیدا نه‌خه‌وتووه‌، ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "خانووه‌كه‌مان زیانێكی زۆری به‌ركه‌وتووه‌و زۆربه‌ی‌ ژووره‌كانی درزیان بردووه‌و مه‌ترسی رووخانی له‌سه‌ره‌".

 

جوان كه‌ پیشه‌ی‌ مامۆستایه‌، له‌به‌رده‌م خانووه‌كه‌یاندا خێوه‌تێكی گه‌وره‌ی‌ هه‌ڵداوه‌و له‌گه‌ڵ سێ خێزانی دیكه‌ی‌ هاوسێیاندا تێیدا ده‌مێننه‌وه‌، وتیشی "مانه‌وه‌مان له‌نێو خێوه‌ت كاریگه‌ری زۆری كردووه‌ته‌ سه‌ر ئیشوكارو ده‌واممان، ته‌نانه‌ت منداڵه‌كانیشمان له‌خوێندن توشی گرفت بوون".

 

قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان (55كلم له‌باشوری رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی) یه‌كێكه‌ له‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ به‌هۆی كاریگه‌ری بوومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌كه‌ی‌ رۆژی (12ی تشرینی دووەمی 2017) زیانێكی زۆری پێگه‌یشتووه‌، كه‌ به‌ گوڕی (7.2) پله‌ی‌ رێخته‌ر ناوچه‌ سنورییه‌كانی نێوان عێراق‌و ئێرانی گرته‌وه‌.

 

له‌دوای ئه‌و بومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌وه‌، تائێستا ده‌یان جاریتر بومه‌له‌رزه‌ به‌گوڕو پله‌ی‌ جیاواز شارۆچكه‌كه‌ی‌ گرتووه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ش دانیشتوانه‌كه‌ی‌ تووشی دڵه‌ڕاوكێ‌و شڵه‌ژان كردووه‌و ناوێرن له‌نێو خانووكانیاندا بحه‌وێنه‌وه‌.

 

به‌پێی ئامارێكی فه‌رمی كه‌ له‌قایمقامیه‌تی ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌ به‌"نیقاش" دراوه‌، له‌كۆی (10) هه‌زار خانوو زیاتر له‌دوو هه‌زار خانوو زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌خاپوربوونی چه‌ند خانوویه‌ك‌و گیانله‌ده‌ستدانی چوار هاوڵاتیش.

 

زۆربه‌ی‌ كۆڵانه‌كانی شارۆچكه‌كه‌ پڕبوون له‌خێوه‌ت، هه‌ندێك له‌هاوڵاتیان له‌لایه‌ن رێكخراوو لایه‌نه‌ خێرخوازییه‌كانه‌وه‌ پێیاندراوه‌و هه‌ندێكی دیكه‌شیان به‌پاره‌ی خۆیان له‌بازاڕدا خێوه‌ته‌كه‌یان كڕیوه‌، به‌شێكی دیكه‌ش به‌قامیش‌و شیش‌و نایلۆن خێوه‌تیان دروستكردووه‌.

 

خزه‌یه‌ر ره‌جه‌ب (59 ساڵ) هاوڵاتییه‌كی عه‌ره‌به‌و سێ ساڵ پێش ئێستا له‌ترسی چه‌كدارانی داعش له‌شارۆچكه‌ی‌ مقدادیه‌وه‌ ئاواره‌ی‌ ده‌ربه‌ندیخان بووه‌، جارێكیتر بومه‌له‌رزه‌ دووچاری ئاواره‌بوونی كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "ئه‌مجاره‌ چه‌ند مه‌ترێك له‌خانووه‌كه‌مه‌وه‌ دوورم".

 

بومه‌له‌رزه‌كه‌ ته‌نیا زیانی به‌هاوڵاتیان نه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵكو له‌كۆی چوار بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی سێ بنكه‌یان په‌كی كه‌وتووه‌، خوێندن له‌دوو قوتابخانه‌دا راگیراوه‌و 17 خوێندنگای دیكه‌ش زیانی زۆری پێگه‌یشتووه‌، په‌یمانگای ته‌كنیكی ده‌ربه‌ندیخانیش زیانی به‌ركه‌وتووه‌و خوێندن تێیدا راگیراوه‌، هه‌روه‌ك تۆڕی ئاوو كاره‌باش په‌كیكه‌وتووه‌و له‌ئێستادا 20%ی له‌كاردایه‌.

 

به‌وته‌ی‌ قایمقامی قه‌زاكه‌ش، جگه‌ له‌ سه‌نته‌ری شارۆچكه‌كه‌، له‌ 52 گوندی ده‌وروبه‌ریشدا زیان هه‌بووه‌ به‌شێوه‌یه‌ك (48) خانوو (145) گه‌وڕی ئاژه‌ڵ رووخاون‌و (550) سه‌ر ئاژه‌ڵیش له‌ناوچوون.

 

به‌شێكی زۆر له‌فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان هاوشێوه‌ی‌ ماڵان خێوه‌تیان له‌نێو فه‌رمانگه‌كانیان هه‌ڵداوه‌و تێیدا ده‌خه‌ون، یه‌كێك له‌و ده‌زگا حكومیانه‌ی‌ زیانی پێگه‌یشتووه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسه‌، شه‌وان له‌ترسی روودانی بومه‌له‌رزه‌و روخانی بیناكه‌، پۆلیس‌و زیندانییه‌كان له‌خێوه‌تێكی نێو حه‌وشه‌ی‌ بیناكه‌ ده‌خه‌ون، ئه‌وه‌ش مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌ڵهاتن‌و ژیانی زیندانییه‌كان دروستكردووه‌.

 

ناسیح حه‌سن قایمقامی ده‌ربه‌ندیخان بۆ "نیقاش" روونیكرده‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و زیانه‌ زۆره‌وه‌ وا پێویستی ده‌كرد وه‌ك شارۆچكه‌یه‌كی كاره‌ساتبار مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قه‌زاكه‌دا بكرایه‌، چونكه‌ رێژه‌ی‌ زیانه‌كان له‌توانای ئیداره‌ی‌ شاره‌كه‌ زۆر زیاتره‌.

 

ده‌شڵێت "هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تایی رووداوه‌كه‌وه‌ داوامان له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت‌و پارێزگای سلێمانی كردووه‌، به‌ڵام ئالیاتی پێویستمان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چوونی زیانلێكه‌وتووان‌و به‌ته‌نیا شۆفڵ‌و گه‌ڵابه‌یه‌كی شاره‌وانی ئیشوكاره‌كان راناپه‌ڕێنرێن".

 

به‌پێی خه‌مڵاندنێكی سه‌ره‌تایی كه‌ ئیداره‌ی‌ شارۆچكه‌كه‌ بۆ زه‌ره‌رو زیانه‌كان كردوویانه‌، بڕه‌كه‌ی‌ زیاتر له‌ 21 ملیار دیناره‌.

 

به‌شێك له‌هاوڵاتیان نیگه‌رانن له‌به‌ده‌مه‌وه‌چوونی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و داوای خێوه‌ت‌و هاوكاری ده‌كه‌ن، له‌كاتی چاوپێكه‌وتنی په‌یامنێری "نیقاش" له‌گه‌ڵ قایمقامی قه‌زاكه‌دا، هه‌ندێك له‌ هاوڵاتیان له‌به‌رده‌م بینای قایمقامیه‌تدا گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تییان ئه‌نجامداو ده‌ڵێن: خێوه‌ته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای خزم خزمێنه‌ دابه‌ش ده‌كرێن.

 

 حه‌كیمی ده‌ربه‌ندیخان، چالاكوانێكی دیاری شارۆچكه‌كه‌یه‌ بۆ "نیقاش" باسی له‌وه‌كرد، حكومه‌ت به‌شێوه‌ی‌ پراكتیكی هه‌نگاوی بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان نه‌ناوه‌و ده‌شڵێت "نا دادپه‌روه‌ری له‌دابه‌شكردنی خێوه‌ته‌كاندا هه‌یه‌".

 

بومه‌له‌رزه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان، بارودۆخی هاوڵاتیانی دژوارتر كردووه‌و له‌گه‌ڵ هه‌ر له‌رینه‌وه‌یه‌كدا ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی‌ هاوڵاتی خانووه‌كانیان چۆڵ ده‌كه‌ن‌و په‌نا بۆ خێوه‌ت ده‌به‌ن‌و هێنده‌ی‌ تر باری ده‌روونیان خراپتر ده‌بێت.

 

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی ئه‌ندازیارانی كوردستان، بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان‌و چۆنێتی چاككردنه‌وه‌ی‌ زیانه‌كانی بومه‌له‌رزه‌كه‌ خانووو باڵه‌خانه‌كان سه‌ردانی ده‌ربه‌ندیخانی كردووه‌و رێنماییان پێشكه‌ش به‌دانیشتووانه‌كه‌ی‌ كردووه‌.

 

د.محه‌مه‌د ره‌ئوف سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌ بۆ "نیقاش" وتی "زۆرێك له‌و خانووانه‌ی‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌و خاوه‌نه‌كانیان چۆڵیانكردووه‌، پێویست ناكات بیروخێنن‌و سه‌رله‌نوێ دروستی بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو رێنماییمان كردوون كه‌ چۆن به‌تێچوویه‌كی كه‌م چاكی بكه‌نه‌وه‌".

 

هه‌رچه‌نده‌ له‌دوای بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌، مانگی سوری توركیا رایگه‌یاند كه‌ زیاتر له‌چوار هه‌زار خێوه‌تیان ره‌وانه‌ی‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، به‌ڵام به‌ وته‌ی‌ ناسیح حه‌سه‌ن "مانگی سوری توركی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ مانگی سوری عێراقی ته‌نیا (110) خێوه‌تیان دابه‌شكردووه‌".

 

قایمقام وتیشی "تائێستا به‌كۆی رێكخراوو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ (512) خێوه‌ت گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ربه‌ندیخان‌و ئه‌وه‌ش به‌شی دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ناكات‌و نیگه‌رانیی دروستكردووه‌".

 

به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانیش له‌كاریگه‌ری بومه‌له‌رزه‌كه‌ بێ زیان نه‌بووه‌، له‌ئێستاشدا ئه‌گه‌ری رووخانی بووه‌ته‌ جێگای مه‌ترسی به‌شێك له‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌، ره‌حمان خانی، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان بۆ "نیقاش" جه‌ختیكرده‌وه‌، بارودۆخی به‌نداوه‌كه‌ سه‌قامگیره‌و مه‌ترسیی له‌سه‌ر نییه‌، به‌ڵام له‌ئه‌گه‌ری دوباره‌بوونه‌وه‌ی‌ بومه‌له‌رزه‌ی‌ به‌هێزو دروستبوونی لافاودا ره‌نگه‌ مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر روخانی زیاد ببن.

 

پاش بومه‌له‌رزه‌كه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم‌و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌ردانی ده‌ربه‌ندیخانیان كرد، به‌پێی قسه‌ی‌ قایمقامی ده‌ربه‌ندیخانیش سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت بڕی دوو ملیار دیناریان بۆ به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان‌و سێكته‌ری ئاوو كاره‌با ته‌رخانكردووه‌، هاوكات حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند كه‌ دوو ملیار و (903) ملیۆن دینار بۆ ناوچه‌ زیانلێكه‌وته‌كانی بومه‌له‌رزه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی‌و دیاله‌ ته‌رخانكردووه‌، به‌ڵام قایمقام ئاشكرایكرد تائێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌عێراقه‌وه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ قه‌زاكه‌یان.

 

له‌ئێستادا هاوڵاتیان‌و ئیداره‌ی‌ ده‌ربه‌ندیخان چاوه‌ڕوانی كۆمه‌ك‌و هاوكاری رێكخراوه‌كان‌و شانده‌ حكومییه‌كانی هه‌رێم‌و عێراقن، كه‌ له‌سه‌ردانه‌كانیان بۆ ناوچه‌كه‌ به‌ڵێنیان دابوو یارمه‌تیده‌ریان بن، به‌ڵام هه‌موو كاته‌كانی‌ ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ تائێستا هه‌ر له‌ژێر چادردا به‌ڕێده‌كه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌