راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌ بڕنه‌وه‌وه‌ بۆ ده‌مانچه‌ی كڵۆك
گولەی وێڵ.. نه‌ریتێكی عه‌شایری عێراقییه‌كان به‌كۆمه‌ڵ ده‌پێكێت

موسته‌فا حه‌بیب
حكومه‌تی عێراق له‌هه‌وڵدایه‌ بۆ بنبڕكردنی دیارده‌ی ته‌قه‌كردن به‌ئاسماندا، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی بێ سوودن، چونكه‌ ئه‌و نه‌ریته‌ عه‌شایرییه‌ی له‌نێو عێراقییه‌كاندا ره‌گی داكوتاوه‌، له‌ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت به‌هێزتره‌.
4.01.2018  |  به‌غدا

ده‌یان ساڵه‌ له‌عێراقدا هیچ بۆنه‌یه‌كی خۆش یان ناخۆش به‌بێ بیستنی ده‌نگی گولله‌ تێناپه‌ڕێت، خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی‌ لوله‌ی‌ چه‌كه‌كانیان روو له‌ئاسمان بكه‌ن.

 

ئه‌حمه‌د گه‌نجێكی خه‌ڵكی شاری فه‌لوجه‌یه‌‌و له‌بری بوك گواستنه‌وه‌كه‌ی به‌ره‌و گۆڕه‌كه‌ی بردیان، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی گوله‌یه‌كی وێڵ كه‌ یه‌كێك له‌ هاوڕێكانی له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌یدا به‌خۆشی ئه‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ته‌قاندبووی به‌ری كه‌وت‌و ده‌ستبه‌جێ كوشتی، چونكه‌ یه‌كێك له‌ نه‌ریته‌كانی ئاهه‌نگگێڕان له‌ بۆنه‌خۆشه‌كان یاخود ناخۆشه‌كان له‌ عێراق به‌بێ ته‌قه‌كردنی هه‌ڕه‌مه‌كی به‌ ئاسماندا ته‌واو نابێت.

 

رووداوه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د ته‌نیا چیرۆكێكه‌ له‌و سه‌دان چیرۆكه‌ی ساڵانه‌ عێراقییه‌كان ده‌یبینن‌و وێنه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ خه‌مناكه‌كانیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئاڵوگۆڕ پێده‌كه‌ن، به‌مجۆره‌ش دیارده‌كه‌ بووته‌ نه‌رتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێزتر له‌ یاسا‌و رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌ تونده‌كان، به‌ڵام به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌ركه‌وتن له‌نێو دانیشتوواندا به‌م دواییانه‌ حكومه‌تی ناچار كرد هه‌ڵمه‌تێكی نوێ بۆ بنبڕكردنی دیارده‌كه‌ رابگه‌یه‌نێت.

 

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا "گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی توند‌و به‌په‌له‌ی بۆ رێگرتن له‌ دیارده‌ی ته‌قه‌كردن له‌ بۆنه‌كان‌و لێپێچینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسیارانی" راگه‌یاند، هه‌روه‌ك وه‌زاره‌تی ناوخۆش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ستگیركردنی حه‌وت كه‌سی راگه‌یاند كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو ته‌قه‌یان به‌ ئاسماندا كردبوو.

 

ئاهه‌نگه‌كانی هاوسه‌رگیری‌و رێوڕه‌سمه‌كانی به‌خاكسپاردنی مردووان‌و بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی نیشتمانی تۆپی پێ له‌ پاڵه‌وانێتییه‌ نێوده‌ڵه‌تییه‌كاندا، زۆرترین ئه‌و بۆنانه‌ن كه‌ ته‌قه‌یان تێدا ده‌كرێت، هه‌فته‌ی رابردووش وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كوژرانی كه‌سێك‌و برینداربوونی 19ی دیكه‌ی راگه‌یاند له‌ كاتی بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ پاڵه‌وانێتی كه‌نداودا.

 

ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ دوای ساڵی 2003وه‌ زیادی كردووه‌‌و لاوازی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت‌و شكستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ به‌رقه‌راركردنی ئاسایشدا دانیشتووانی ناچاركردووه‌ چه‌ك په‌یدا بكه‌ن‌و له‌ماوه‌ هه‌ڵیبگرن، ته‌نانه‌ت حكومه‌ته‌كه‌ی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو له‌ ساڵی 2012دا بڕیارێكی راشكاوی ده‌ركرد كه‌ رێگه‌ ده‌دات به‌ هه‌ر ماڵێك پارچه‌ چه‌كێك یان ده‌مانچه‌یه‌كی هه‌بێت به‌مه‌رجێك خاوه‌نه‌كه‌ی له‌ نزكترین بنكه‌ی پۆلیس تۆماری بكات، به‌ڵام زۆرێك له‌ عێراقییه‌كان سه‌ردانی بنكه‌كانی پۆلیس ناكه‌ن.

 

ته‌نانه‌ت چه‌ند بازاڕێكی تایبه‌ت له‌ به‌غدا‌و چه‌ند شارێكی دیكه‌دا هه‌ن تایبه‌تن به‌ كڕین‌و فرۆشتنی چه‌ك‌و تا ده‌گاته‌ چه‌كی مامناوه‌ندیش، به‌ناوبانگترینی ئه‌و بازاڕانه‌ش بازاڕی مرێدیه‌ له‌ به‌غدا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوجه‌رگه‌ی "مه‌دینه‌ سه‌در" كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی شیعه‌ن‌و گه‌ڕكێكی هه‌ژاره‌، هه‌فته‌ی رابردووش ئه‌و بازاڕه‌ هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازی به‌خۆوه‌ بینی بۆ راوه‌دوونانی بازرگانان‌و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌كه‌كان.

 

كاتێكیش عێراقییه‌كان سه‌یری ئه‌نجامی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان ده‌كرد كه‌ فه‌رمانده‌یی سه‌ربازی راسپێردراو به‌ ئاسایشی به‌غدا رایگه‌یاند شۆكێكی راسته‌قینه‌ بوو بۆیان كه‌ به‌هه‌زاران پارچه‌ چه‌ك له‌ چه‌كی ئۆتۆماتیكی‌و ده‌مانچه‌‌و ته‌نانه‌ت چه‌كی "ئاڕ بی جی"ی دژه‌ تانك‌و ئامێری تۆڕنه‌ بۆ دروستكردن‌و گۆڕینی هه‌ندێك پارچه‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی، ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا.

    

نه‌ریته‌كانی هۆز

له‌ راستیدا دیارده‌كه‌ بۆ ئه‌و نه‌ریته‌ عه‌شایرییانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌، به‌دیاریكراویش له‌ كاتی "شۆڕشی بیست"دا دوای هاوپه‌یمانی عه‌شایره‌كانی ناوه‌ڕاست‌و باشووری وڵات له‌دژی داگیركاری به‌ریتانیا له‌و كاته‌دا، بۆ یه‌كه‌م جاریش عه‌شایره‌كان چه‌كی سووكیان له‌ تفه‌نگ‌و ده‌مانچه‌ له‌ڕێی هێرشكردنه‌ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازانی به‌ریتانیا‌و كڕینی له‌ ده‌وڵه‌تانی دراوسێوه‌ ده‌ست ده‌كه‌وت كه‌ به‌ناوبانگترینیان تفه‌نگی "بڕنه‌و"بوو.

 

وه‌ك شێخ حه‌یده‌ر رومه‌یسی یه‌كێك له‌ شێخی عه‌شیره‌ته‌كانی پارێزگای میسان ده‌ڵێت له‌و شۆڕشه‌دا هاوسه‌نگی هێز به‌لای سوپای به‌ریتانیادا كه‌وت كه‌ خاوه‌نی تۆپی قورس بوو له‌كاتێكدا چه‌كی عه‌شایره‌كان ته‌نیا تفه‌نگ بوو ژماره‌شیان سنووردار بوو ته‌نیا ده‌درانه‌ چه‌ند جه‌نگاوه‌رێكی ئه‌و هێزه‌ عه‌شایرییه‌ی هێرشی ده‌كرده‌ سه‌ر به‌ریتانییه‌كان.

 

رومه‌یسی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نه‌وه‌كانی جه‌نگاوه‌رانی عه‌شایره‌كانی ئه‌و كاته‌، به‌ "نیقاش"ی وت: "تا ئێستاش چیرۆكه‌كانی ئه‌و شۆڕشه‌ ده‌گێڕینه‌وه‌ كه‌ دروشمه‌ هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی بریتیبوو له‌ (تۆپ باشتره‌ یان مگواره‌كه‌م) تۆپیش له‌ شێوه‌زاری میللیدا چه‌كی تۆپه‌‌و (مگوار)یش میللیترین چه‌ك بووه‌ له‌لای عێراقییه‌كان له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌ویش پێكهاتووه‌ له‌ دارێكی ئه‌ستوور كه‌ كۆتاییه‌كه‌ی تۆپێك قیری ره‌قه‌‌و ته‌نیا یه‌ك لێدان ده‌توانێت سه‌ری كه‌سی به‌رامبه‌ر بته‌قێنێت‌و به‌ چه‌كی ئازایان ناسراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیاوازه‌ له‌و چه‌كه‌ ئاگرینانه‌ی له‌ مه‌ودایه‌كی دووره‌وه‌ مرۆڤ ده‌كوژن.

 

رومه‌یسی ده‌ڵێت: "زۆربه‌ی چه‌كه‌كانی هێزه‌ عه‌شایرییه‌ هێرشبه‌ره‌كان "مگوار" بوو، هاوكات تفه‌نگی "بڕنه‌و" ده‌درایه‌ هه‌ندێكیان، چونكه‌ ژماره‌یان كه‌م بوو ده‌ستكه‌وتنی گولله‌كانیشی كارێكی زه‌حمه‌ت بوو، هه‌رچه‌نده‌ عه‌شایره‌كان له‌و كاته‌دا پێویستیان به‌ تفه‌نگ‌و گولله‌ بوو، به‌ڵام درێغییان نه‌ده‌كرد له‌ ته‌قه‌كردن له‌ ئاهه‌نگ‌و ناخۆشییه‌كانیشدا، له‌و كاته‌شه‌وه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ پاڵ عه‌رازه‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه‌".

  

"عه‌رازه‌"ش سه‌مایه‌كی میللیه‌ عه‌شایره‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن‌و به‌ڕێڕۆیشتن بازنه‌یه‌ك دروست ده‌كه‌ن‌و تفه‌نگه‌كانیشیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌‌و ته‌قه‌ده‌كه‌ن، له‌ناوه‌ڕاستی بازنه‌كه‌شدا شاعیرێك هۆنراوه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ بۆنه‌یه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ كه‌ بۆی كۆبوونه‌ته‌وه‌، چ بۆنه‌یه‌كی خۆش بێت یاخود خه‌مناك.

 

رومه‌یسی دان به‌وه‌شدا ده‌نێت كه‌ دیارده‌ی ته‌قه‌كردنی هه‌ڕه‌مه‌كی له‌ ئاهه‌نگ‌و بۆنه‌ خه‌مناكه‌كاندا شارستانی نییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ قه‌ده‌غه‌كردنی قورسه‌‌و ده‌ڵێت: "به‌راشكاوی هه‌ندێك خه‌ڵكی عه‌شایر هه‌ن ته‌قه‌ نه‌كردن له‌ بۆنه‌كانیاندا به‌ سوكایه‌تی ده‌زانن"، به‌ڵام رومه‌یسی به‌توندی ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ شاره‌كان به‌ تایبه‌تیش به‌غدا‌و به‌ میراتێكی عه‌شایری په‌یوه‌ست به‌ گونده‌كانی عێراقی داده‌نێت له‌ باشووری وڵات.

 

چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه‌ ده‌سه‌ڵات خۆی له‌ به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ عه‌شایره‌كان به‌دوور ده‌گرێت له‌به‌ر ئه‌و هه‌ژموونه‌ فراوانه‌ی هه‌یانه‌، ته‌نانه‌ت حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان مه‌راییان بۆ سه‌ركرده‌ی هۆزه‌كان ده‌كرد له‌ڕێی به‌خشینی چه‌ك پێیان، زۆرجاریش هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چاوپۆشی له‌ نه‌ریته‌ عه‌شایرییه‌كان ده‌كه‌ن له‌ گوند‌و لادێكاندا، به‌ڵام گواستنه‌وه‌ی دیارده‌ی ته‌قه‌كردنی هه‌ڕه‌مه‌كی بۆ به‌غدا مایه‌ی نیگه‌رانی حكومه‌ت‌و دانیشتووانیشه‌، پێده‌چێت هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تیش بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی بێ سوودبن.

 

سامر هادی نه‌قیبی پۆلیسی فریاكه‌وتنی به‌غدا به‌ "نیقاش"ی وت: "چه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له‌نێو دانیشتوواندا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، هیچ ماڵێك نییه‌ پارچه‌ك چه‌كی نه‌بێت، له‌ كاتی ئاهه‌نگدا ته‌قه‌یه‌كی زۆر ده‌كرێت كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی نازانین، كاتێكیش كه‌سێك ده‌ستگیرده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و كاره‌ی كردووه‌ هه‌وڵده‌دات پۆسته‌كه‌ی یاخود پۆستی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی به‌كاربهێنێت بۆ ده‌ربازبوون له‌ ده‌ستگیركردن".

 

نه‌قیب هادی هه‌روه‌ها وتی: "هه‌ندێك له‌وانه‌ ئه‌ندامی حه‌شدی شه‌عبین‌و هه‌ندێكی دیكه‌شیان فه‌رمانبه‌رن له‌ پۆستی باڵای ده‌وڵه‌تدا، ته‌نانه‌ت ئه‌ندامی پۆلیس‌و سوپاش له‌و كاره‌وه‌ تێوه‌گلاون‌و چه‌كی حكومه‌ت به‌كارده‌هێنن وه‌ك ده‌مانچه‌ی كڵۆك‌و تفه‌نگی كڵاشینكۆڤ سه‌ره‌ڕای سزا یاساییه‌ تونده‌كان".

 

وتیشی: "به‌پێی یاسایه‌ك كه‌ تائێستاش له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی به‌ركاره‌ كه‌ ئه‌ویش یاسای ژماره‌ 15ی ساڵی 2000ه‌ ته‌قه‌كه‌ر بۆ ماوه‌یه‌ك به‌ند ده‌كرێت كه‌ له‌ مانگێك كه‌متر نه‌بێت‌و له‌ شه‌ش مانگیش زیاتر نه‌بێت‌و بڕێك پاره‌ش غه‌رامه‌ی لێده‌سه‌ندرێن كه‌ له‌ 50 هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت‌و له‌ یه‌ك ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت‌و ده‌ستیش به‌سه‌ر چه‌كه‌ تایبه‌كه‌ی‌و گولەكانیشیدا ده‌گیرێت، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه‌ پێویستی به‌ هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه‌ تا به‌سه‌ر هه‌موواندا جێبه‌جێ بكرێت به‌بێ جیاوازیكردن له‌نێوان هاووڵاتیاندا".

 

مونا غورابی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق پێی وایه‌ ده‌بێت حكومه‌ت سزاكه‌ توندتر بكات‌و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیشدا داوای كردووه‌ به‌پێی یاسای دژه‌تیرۆر لێپێچینه‌وه‌ له‌ ته‌قه‌كه‌رانی هه‌ڕه‌مه‌كی بكرێت، داوای ده‌ستوه‌ردانی عه‌شایره‌كان‌و هه‌ڵمه‌تی مه‌دنیشی كردووه‌ بۆ راگرتنی دیارده‌كه‌.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌