راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رێگایەکی نوێ
شانۆ ده‌بێته‌ چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشانی ده‌روونی

سار ا قاهیره‌
هه‌ندێك له‌ئه‌كادیمیانی عێراقی روویان له‌ كلینیكی ده‌روونی شانۆیی كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م كاره‌ له‌جیهاندا نموونه‌ی‌ زۆره‌، به‌ڵام بۆ عێراق نوێیه‌.
16.11.2017  |  به‌غدا

پێده‌چێت ده‌ركه‌وتنی حاڵه‌تێكی زۆری تووشبوون به‌ نه‌خۆشی ده‌روونی له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌كان‌و ئه‌و بارودۆخه‌ گوشارئامێزه‌ی لای زۆر كه‌س هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی تووشی جه‌نگ‌و گازی ژه‌هراوی بوون، له‌گرنگترین هۆكاره‌كانی كارابوونی كلینیكی ده‌روونی بێت له‌ شانۆی عێراقیدا.

 

جه‌بار خه‌مات شانۆكاری ئه‌كادیمیست هه‌وڵ بۆ دامه‌زراندنی كلینیكی ده‌روونی ده‌دات له‌ كاری شانۆییدا ئه‌ویش وه‌ك پێشنیارێك بۆ چاره‌سه‌ری خه‌مه‌كانی خه‌ڵك.

 

جه‌بار خه‌مات له‌ میانی قسه‌كانیدا بۆ "نیقاش" وتی "كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی به‌ توێژ‌و پێكهاته‌كانیه‌وه‌ وزه‌ی ئه‌و كلینیكیه‌ ده‌روونییه‌ شانۆییه‌ پێكده‌هێنێت كه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كان ده‌دات".

 

بیرۆكه‌ی كلینیكی شانۆیی له‌سه‌ر هاوكێشه‌یه‌ك بنیاتنراوه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ رۆیشتن بۆ لای جه‌ماوه‌ر له‌و شوێنانه‌ی به‌ده‌ست چه‌ند قه‌یرانێكه‌وه‌ ده‌ناڵێنن‌و ده‌یه‌وێت به‌ چه‌ند رێگایه‌ك چاره‌سه‌ر بكرێن‌و به‌پێی توانا سووك بكرێن، ئه‌وانیش وه‌ك زیندانیان‌و ئالووده‌بووان‌و به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی.

 

ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ له‌ كلینیكی ده‌روونی شانۆییدا ئه‌كته‌ره‌كان (خودی نه‌خۆشه‌كانن)‌و ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌ده‌ست دڵڕه‌قی بارودۆخه‌وه‌ ده‌ناڵێنن‌و كردوونی به‌ مرۆڤێك ناتواترێت په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵدا ببه‌سترێت، به‌ڵكو ده‌بێت لاببرێن وه‌كو زیندانیان‌و ئالووده‌بووان، له‌ كاتێكدا شوێنی نمایشه‌كه‌ ئه‌و شوێنه‌ ده‌بێت كه‌ نه‌خۆشه‌كانی تێدایه‌ وه‌كو نه‌خۆشخانه‌‌و زیندانه‌كان.

 

كلینیكی شانۆیی نه‌ریت ده‌به‌زێنێت‌و متمانه‌ بۆ نه‌خۆشه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌‌و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستێت‌و ده‌یانكاته‌ داهێنه‌ر، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌رێی هونه‌ری نواندنه‌وه‌ به‌دیدێت كه‌ پێویستی به‌لێهاتوویی‌و توانای ده‌نگی‌و جه‌سته‌یی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ خه‌یاڵ‌و ته‌ركیزكردن‌و پشوودان.

 

خه‌مات دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌میانی تاقیكردنه‌وه‌ی كلینیكی شانۆیی له‌گه‌ڵ زیندانیان‌و ئالووده‌بوواندا بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ به‌شداربووان باوه‌ڕیان به‌ نوواندنه‌‌و كارلێكی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، چونكه‌ سه‌رله‌نوێ خۆیانی تێدا ده‌دۆزنه‌وه‌

 

ده‌شڵێت "ئه‌كته‌ره‌كان ده‌قێك له‌ واقیعی ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌ دروست ده‌كه‌ن نه‌ك ژیانی خۆیان، هه‌روه‌ها شاره‌زاییه‌كی نوێ پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن له‌ڕێی نمایشێكی شانۆییه‌وه‌ كه‌ رۆڵی كه‌سایه‌تیه‌ شانۆییه‌كانی تێدا ده‌بینن".

 

له‌ نمایشێكی كلینیكی شانۆییدا كه‌ ئالووده‌بوویه‌كی مادده‌ی هۆشبه‌ر به‌شداری تێدا كرد‌و پێشتر به‌ده‌ست گۆشه‌گیرییه‌كی توندی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ته‌نگژه‌ی ده‌روونی خنێكنه‌ره‌وه‌ ده‌یناڵاند، به‌ڵام دوای ده‌رچوونی له‌ زیندان له‌ كلینیكیه‌ شانۆییه‌كه‌دا راهێنانی كرد تا له‌و گۆشه‌گیرییه‌ ده‌ربچێت‌و له‌ به‌رده‌م خه‌ڵكدا ده‌ربكه‌وێت، ئه‌و به‌ ژه‌نینێكی جوانی موزیك به‌ ئامێری عود جه‌ماوه‌ری تووشی شۆك كرد، چونكه‌ كاتێك منداڵبووه‌ باشترین ئاره‌زووی ژه‌نینی موزیك بووه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ئاڵۆزه‌ی تێیدا ژیاوه‌ وای لێكردووه‌ له‌ خۆی‌و ژیان هه‌ڵبێت‌و ئالووده‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر ببێت.

 

بۆ ئه‌و پیاوه‌ ده‌رچوون له‌ گۆشه‌گیری‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك كارێكی ئاسان نه‌بوو دوای راهاتنی به‌ گۆشه‌گیری له‌ ئه‌نجامی فه‌رامۆشكردنی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌، به‌ڵام وه‌رگرتنی راهێنانی شانۆیی له‌وانه‌ش جوڵه‌ی ده‌نگی‌و جه‌سته‌یی، هێزی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌‌و ده‌رچوون له‌ ته‌نگژه‌كه‌ی پێ به‌خشی‌و ئه‌و نمایشه‌ش كه‌ جه‌ماوه‌ر كارلێكی له‌گه‌ڵ كرد نیشانه‌ی چاكبوونه‌وه‌‌و سه‌رله‌نوێ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ تێكه‌ڵاوبوونه‌وه‌ به‌ ژیانی گشتی.

 

به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیاییش ده‌قێكی شانۆییان نووسی كه‌ بووه‌ مایه‌ی كارلێكی جه‌ماوه‌ر كاتێك رۆڵیان له‌ شانۆگه‌ری "من هه‌م"دا بینی له‌ هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ پێشتر به‌ گازی ژه‌هراوی بۆردومان كراوه‌.

 

پێده‌چێت به‌های كلینیكی شانۆیی له‌و جه‌ماوه‌ره‌دا بێت كه‌ بۆ یه‌كه‌مینجار برا‌و هاوڕێكانیان له‌ به‌ركه‌وتووان ده‌بینن كه‌ لێهاتووانه‌ نواندن ده‌كه‌ن‌و چاره‌سه‌ر بۆ هه‌ندێك له‌و كێشانه‌ پێشنیار ده‌كه‌ن كه‌ به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

 

هه‌روه‌ها كلینیكی شانۆیی هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ ده‌دات كه‌ ده‌ربڕینێكی ئاسانیان هه‌یه‌‌و جه‌ماوه‌ر كارلێكیان له‌گه‌ڵ ده‌كات، ئه‌كته‌ریش له‌ كلینیكی شانۆییدا ژه‌مێك راهێنان وه‌رده‌گرێت‌و چاره‌سه‌رێكی لێ دروست ده‌كات‌و كاره‌كه‌ی له‌ خوده‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات‌و به‌ كه‌سی به‌رامبه‌ر كۆتایی دێت.

 

كلینیكی شانۆیی ئامانجه‌ چاره‌سه‌رییه‌كانی له‌ڕێی ئه‌و وزه‌یه‌وه‌ به‌دیده‌هێنێت كه‌ (نه‌خۆشه‌كان) هه‌یانه‌‌و پشت به‌ چاره‌سه‌ركه‌ی شانۆیی ده‌به‌ستێت ئه‌ویش راهێنه‌ری كلینیكی شانۆییه‌، مه‌رجیشه‌ ئه‌و راهێنه‌ره‌ توانای نووسین‌و ده‌رهێنان‌و نواندنی هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی باوه‌ڕپێهێنه‌ر‌و كاریگه‌ر بێت له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیدا له‌گه‌ڵ به‌شداربووانی كلینیكیه‌ شانۆییه‌كه‌.

 

هه‌روه‌ك ژه‌مه‌كانی راهێنان له‌ كلینیكی شانۆییدا بریتین له‌ كۆمه‌ڵێك راهێنانی ده‌نگی‌و جوڵه‌یی‌و توانای داهێنانی ده‌قی شانۆیی‌و نواندن.

 

پێده‌چێت ئه‌و چه‌ند پرۆژه‌ كه‌مه‌ی كلینیكی شانۆیی كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ن كه‌ به‌ده‌ست هه‌ژموونی جه‌نگ‌و شوێنه‌واره‌كانیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، هانی ده‌سته‌ی شانۆیی عه‌ره‌بی دابێت تا بایه‌خ به‌ كلینیكی شانۆیی بدات‌و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ببه‌ستێت، چونكه‌ دامه‌زرێنه‌ری كلینیكی شانۆیی بانگهێشتنامه‌یه‌كی له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی قاهیره‌ بۆ شانۆی هاوچه‌رخ‌و ئه‌زموونی پێگه‌یشتووه‌ تا به‌شداری له‌ چالاكییه‌كانیدا بكات.

 

جه‌بار خه‌مات ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی كلینیكی شانۆیی ده‌بنه‌وه‌‌و دیارترینشیان بریتیه‌ له‌ نه‌بوونی پشتیوانی دارایی حكومی‌و لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ پشتیوانه‌كان‌و نه‌بوونی ره‌گه‌زی ژن‌و پێویستی كلینیكی شانۆیی به‌ سه‌نته‌رێكی تایبه‌تمه‌ند بۆ چاره‌سه‌ركردن به‌ نواندنی شانۆیی كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ راهێنانی تێدا بكه‌ن كه‌ خوازیارن ببنه‌ چاره‌سه‌ركه‌ری شانۆیی.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌شدا كلینیكی شانۆیی سێ پرۆژه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌، یه‌كه‌میان له‌ زیندانی نه‌وجه‌وانان بوو به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زیندانی نه‌وجه‌وانان‌و گۆڕینی وزه‌ نه‌رێنییه‌كانیان بۆ وزه‌یه‌كی ئه‌رێنی. هه‌رچی پرۆژه‌ی دووه‌میشه‌ ئه‌وا له‌گه‌ڵ به‌كارهێنه‌رانی مادده‌ی كحولی‌و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بوو، ئه‌وانه‌ش چوونه‌ كلینیكیه‌ شانۆییه‌كه‌‌و راهێنانیان له‌سه‌ر لێهاتوویی شانۆیی‌و مه‌شقی چڕوپڕی ده‌نگی‌و جه‌سته‌یی كرد.

 

پرۆژه‌ی سێیه‌میش له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ركه‌وتووانه‌ی چه‌كی كیمیاییدا بوو كه‌ هه‌ست به‌ گۆشه‌گیری‌و نائومێدی‌و ئاسته‌نگی هه‌ناسه‌دان ده‌كه‌ن، ئه‌وان چوونه‌ كلینیكیه‌ شانۆییه‌كه‌‌و راهێنانیان كرد‌و ده‌قێكی شانۆییان به‌رهه‌مهێنا‌و له‌ هۆڵی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ نمایشیان كرد.

 

ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ به‌كارهێنانی هونه‌ر له‌ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشانی ده‌روونی له‌ سه‌رده‌می ئه‌رستۆوه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ڵام دامه‌زراوه‌ هونه‌ری‌و رۆشنبیرییه‌كان له‌ عێراق كارلێكیان له‌گه‌ڵ نه‌كردووه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ پێویست بووه‌، به‌ڵكو ته‌نیا له‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌كادیمییه‌كاندا ده‌خوێندرا.

 

وادیاره‌ بیرۆكه‌ی كلینیكی شانۆیی كه‌ له‌ڕێی هونه‌ری نواندنه‌وه‌ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشان ده‌كات، پاش ئه‌وه‌ هات كه‌ زانستی پزیشكی نه‌یتوانی نه‌خۆشییه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان به‌هۆی هه‌لومه‌رجه‌ جیاجیاكانه‌وه‌، چاره‌سه‌ر بكات، بۆیه‌ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ سه‌ری هه‌ڵدا‌و شانۆ بووه‌ فاكته‌رێكی هانده‌ر بۆ كه‌سانی دیكه‌‌و توانای ئه‌وه‌ی هه‌بوو یارمه‌تیان بدات‌و سه‌رله‌نوێ هیوایان پێببه‌خشێته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌