راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ھاوڕەگەزخوازان لەکوردستان
ژیانێکی نهێنی رووی‌ له‌ئاشكرابوونه‌

نارین رۆسته‌م
چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا زۆر باس‌و خواس هه‌بوون باسكردنیان له‌كۆمه‌ڵگای‌ كوردیدا قه‌ده‌غه‌ بوون، یه‌ك له‌وانه‌ش بابه‌تی‌ هاوڕه‌گه‌زخوازه‌كان بوو، كه‌چی‌ ئێستا ناوهێنانیان ده‌بێته‌ بابه‌تێكی‌ زۆر ئاسایی‌.
9.11.2017  |  هەولێر
شیرین قوڕەیشی ( :وێنه محمد رحمن)
شیرین قوڕەیشی ( :وێنه محمد رحمن)

به‌پێی‌ قسه‌و باسی‌ ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بێت ئێستا ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاوی‌ كه‌سانی‌ هاوڕه‌گه‌زخواز له‌نێرو مێ‌ له‌كوردستان هه‌ن، به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌كه‌وێ‌ كه‌سێك ئه‌و سروشته‌ی‌ خۆی‌ به‌ئاشكرا باس بكات، ئه‌وانه‌ی‌ هه‌ن، ته‌نیا له‌ژێر ناوو وێنه‌ی‌ شاراوه‌دا له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌و باسه‌ ده‌دركێنن، كه‌چی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوو گۆڕانێكی‌ سه‌یر له‌و بواره‌دا روویدا.

 

مانگی حوزەیرانی ئه‌مساڵ (شیرین قوڕەیشی) كه‌ كچه‌ كوردێكی‌ تەمەن ٢٦ساڵانه‌و خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ ئێرانه‌ بۆ یه‌كه‌مجار به‌زمانی‌ كوردی‌ له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ به‌شی‌ كوردی‌ دەنگی ئەمریکا VOA بە راشکاوانە وتی "بەڵێ من هاوڕەگەزخوازم"

 

ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین دانپایدانانی‌ كچێكی‌ كورد بوو كه‌ ئاوا به‌ئاشكرا بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوو وێنه‌ی‌ خۆی‌ بشارێته‌وه‌ باس له‌هاوڕه‌گه‌زخوازی‌ خۆی‌ بكات.

 

شیرین ئێستا لەئەڵمانیا دەژی قسه‌ی‌ بۆ "نیقاش" كردو وتی "ھەستی ھاوڕەگەزخوازی لەدەروونی مندا ھەستێکی خراپ نییەو شتێکی زۆر ئاساییە، بەڵام لەکوردستاندا دەبێت ئەم ھەستە لەترسی کاردانەوەکانی کۆمەڵگەدا خەفە بکەیت، ھاوڕەگەزخوازیی لەکوردستاندا کەم نییە، بەڵام لەژێر لێفەی ترس‌و شەرمدا حەشاردراون".

 

لەناو داب‌و دەستوورە نەنووسراوەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا، هاوڕەگەزخوازیی لەکارە خراپ‌و بێزراوەکانە، بۆیە ئەو کەسانەی کە دەردەکەون ئەم تایبەتمەندییەیان هەیە، ئەوا تانەو تەشەریان لێدەدرێ‌و دوور نییە بکەونە بەر نەفرەتی خەڵک.

 

راسته‌ شیرین بێ‌ ترس‌و شه‌رم ده‌توانێ‌ گوزارشت له‌خۆی‌ بكات‌و نه‌یشارێته‌وه‌، به‌ڵام چه‌ندین كه‌سی‌ تر هه‌ن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن ئه‌و حه‌زه‌ی‌ خۆیان ئاشكرا بكه‌ن‌و ته‌نیا بازنه‌یه‌كی‌ زۆر داخراوو نهێنی‌ ده‌یزانن.

 

ئارینا ناوی خوازراوی کچێکی تەمەن ٢٤ ساڵانە لەشاری هەولێر، ئەو کچە کە خوێندنکاری قۆناغی چوارەمی زانکۆیە دەڵێ ساڵێک‌و چوار مانگە ھەستی بەوە کردووە کە ھاوڕەگەزخوازە، بەڵام نەیزانیوە چۆن و لای کێ ئەمە دەرببڕێ.

 

كاتێك باسی‌ چیرۆكی‌ یه‌كه‌مین ئه‌زموونیشی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ ده‌ڵێت "یەکەم ئەزموونی هاوڕەگەزخوازیم لەگەڵ کچە پورێكی خۆمدا تاقی کردەوە بەڵام بەئەستەم"

 

جیاواز لەچیرۆکی ئارینا، ئێستا هاوڕەگەزخوازان لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایتییەکانەوە یەکتر دەدۆزنەوە یان پەیوەندی بەو کەسانەوە دەکەن کە بێ ترس باسی هەستی خۆیان لەراستەوخۆکانی فەیسبووکدا دەردەبڕن.

 

ئەستێرە کەریم ژنێکی خەڵکی کوردستانەو لە سوید دەژی، ئەو ژنە نزیکەی ساڵێکە بووەتە جێی باسی کوردە بەشداربووەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت فەیسبووک، چونكه‌ له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌ته‌ جۆراوجۆره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ رۆژانه‌ لایڤی‌ فه‌یسبووك ده‌كاته‌وه‌و به‌بوێرییه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات، ئەستێرە وێنەیەکی خۆی بەنیمچە رووتی بڵاوکردەوە ئەمەش وەکو شکاندنی تابۆی ترس‌و شەرم لەلای ژنی کورد سەبارەت بەجەستەی خۆی.

 

لە دوای بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیەوە، ئەستێرە لەلایەن دەیان کچ‌و کوڕی هاوڕەگەزخوازەوە نامەی بۆ نێردراوەو باسی ئەوەیان کردووە کە هاوڕەگەزخوازن، بەڵام ناوێرن بەئاشکرا ئەمە بڵێن.

 

ئەستێرە بۆ "نیقاش" وتی "ژمارەیەکی زۆر ھاوڕەگەزخواز پەیوەندییان پێوە کردم لەکوردستانەوە، بەڕاستی توشی  شۆک بووم کە زانیم ئەو ژمارە زۆرە لەھاوڕەگەزخواز لەباشووری کوردستاندا هەن"

 

ئه‌و بابه‌ته‌ كه‌ جاران هیچ كه‌سێكی‌ دیار نه‌یده‌وێرا خۆی‌ بكات به‌خاوه‌نی‌‌و هیچی‌ له‌باره‌وه‌ بڵێت، به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت باسكردنی‌ ببێته‌ رۆتین، چونكه‌ چه‌ندین كه‌سایه‌تی‌ دیار به‌ئاشكرا بوونه‌ته‌ داكۆكیكاری‌.

 

وەحید نەژاد گۆرانیبێژێکی لاوی خەڵکی کوردستانی ئێرانەو لەشاری هەولێر دەژی، بەئاشکرا داکۆکی لەهاوڕەگەزخوازی دەکات‌و لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو داکۆکیکردنانەی بەراشکاوانە دەردەبڕێ.

 

وەحید دەڵێ "من ھاوڕەگەزخواز نیم، بەڵام بەوپەڕی تواناوە پشتگیرییان دەکەم، پێویستە ئەوان لەگەڵ خۆماندا جیانەکەینەوە چونکە کارێک نییە کە لەدەرەوەی ویست‌و سروشتی خۆیاندابێ، لەسەر ئەو پشتیوانیانەم جنێوو سوکایەتی زۆرم بۆ دێت، بەڵام من گوێ بەو قسانە نادەم‌و بەردەوام دەبم لەسەر پشتیوانیکردنیان"

 

لەهەرێمی کوردستان هیچ یاسایەک نییە کە باس لەهاوڕەگەزخوازان بکات، وادیارە دەوڵەت لەم هەرێمەدا بیری لەوە نەکردووەتەوە کە ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ش ژماره‌یه‌ن كه‌م نییه‌، یاخود له‌به‌ر كۆت‌و به‌نده‌ ئاینی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ناوێرێ‌ هیچی‌ له‌باره‌وه‌ بڵێت.

 

نەفرەتکردن‌و بوغزاندنی هاوڕەگەزخوازان تەنیا لەسەر ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگەدا نییە، ئەوەتا فیلمسازێکی کورد لەشاری سلێمانی فیلمێکی لەسەر هاوڕەگەزخوازان بەرهەمهێناوە، کەچی فیلمەکەی لەفێستیڤاڵە ناوخۆییەکاندا رەتکراوەتەوەو ئامادە نەبوون بیخەنە لیستی نمایشکردنەوە.

 

هێمن خۆفیا ئامادەکاری ئەو فیلمە کە بەناوی "هاوڕەگەزخواز" دەریهێناوە بۆ "نیقاش" چیرۆکی رەتکردنەوەی بەرهەمەکەی گێڕایەوەو وتی‌ "فیلمەکەی ئێمە رەوانە کرابوو بۆ فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی کەچی لەلایەن لیژنەی باڵای فێستیڤاڵەوە ڕەتکرایەوه‌و بەشداری پێنەکرا، من ئەکتەرەکانی ناو فیلمەکەم لەڕێی فەیسبووکەوە ناسی کە بۆ خۆیان ھاوڕەگەزخوازن، پاساوی لیژنەی فێستیڤاڵ ئەوەبوو کە ئەوە دیاردەیەکی نەخوازراوە لەناو کۆمەڵگەدا، خۆمنیش ئارەزوو ناکەم ئەوە ببێتە دیاردە، بەڵام کە هەبوو خۆ ناتوانین فەرامۆشیان بکەین‌و بیان بوغزێنین"

 

دەروونزانان دەڵێن هاوڕەگەزخوازی لادان یان تاوان نییە، بەڵکو هەڵەی کرۆمۆسۆم‌و جیناتە، بەڵام گەلان کە هاتوون سەرزەنشتی ئەو تایبەمەندییە دەکەن لە هەندێ لە مرۆڤەکاندا، ئەوا بە خراپ بەسەر دەروونی ئەو کەسانەدا دەشکێتەوە‌و کاریگەری زۆر خراپ لەسەر كەسایەتی ئەو کەسانە دادەنێ

 

دکتۆر سیروان جیاوک پسپۆڕو شارەزای دەروونزانی لەشاری هەولێر لەمبارەیەوە روونی دەکاتەوە "ھاوڕەگەزخوازیی سێ ھۆکاری هەیە یەکەمیان ھەڵە لە کرۆمۆسۆمەکانە ئەمەیان سروشتییەو چارەسەری نییە، دووەمیان ھەڵەی ھۆڕمۆنات ئەمەیان چارەسەری پێویستە، سێیەمیان شێوازی پەروەردەکردنە کە دەتوانرێ بە چارەسەری دەروونی کاریگەرییەکانی کەم بکرێنەوە"

 

سیروان جیاوک زیاتر لەسەر ئەم بابەتە دەڕوات‌و دەڵێ "سەبارەت بەحاڵەتی دەروونی ئەو ئافرەت‌و پیاوانەی کە ھاوڕەگەزخوازن‌و بەناچاریی یاخود لەنەزانیەوە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر هاوسەرگیرییان کردووە، کاریگەری خراپ لەسەر ھەردوو ڕەگەز بەجێدەهێڵێت بەتایبەت دوای جووتبوون ھەست بەخەمۆکی دەکەن"

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌