ئه‌و به‌ده‌م سه‌رقاڵی كاركردن له وه‌رشه بچووكه‌كه‌یدا كه ده‌كه‌وێته یه‌كێك لهگهڕهكه میللییه‌كانی ناوه‌ڕاستی دیوانیه (180 كم له باشووری به‌غدا) وتی "هه‌ر كه‌سێك له جیهاندا به‌هره‌یه‌كی هه‌یه كه پێویسته بیدۆزێته‌وه‌و گه‌شه‌ی پێبدات تا تێكه‌ڵ به خهیاڵو زیره‌كییه‌كه‌ی ببێت‌و ببێته بیرۆكه‌یه‌كی مه‌زن كه پێی ده‌وترێت داهێنان".
قاسم حسێن هیلالی (40 ساڵ) بارودۆخ رێگه‌ی پێنه‌داوه خوێندنی دوا ناوه‌ندی ته‌واو بكات، به‌ڵام به‌م دواییانه توانی له‌سه‌ر بودجه‌ی تایبه‌تی خۆی ئامێرێكی كاره‌بایی ئه‌لیكترۆنی دابهێنێت كه په‌یوه‌ست ده‌كرێت به ئه‌پڵیكه‌یشنێك له مۆبایلی زیرهكداو ده‌توانرێت له‌ڕێیه‌وه ئامێره كاره‌باییه جیاجیاكان بخرێنه كار‌و بكوژێنرێنهوه به ترومپا كشتوكاڵییه گه‌وره‌كانیشه‌وه، هه‌روه‌ها كۆنترۆڵكردنیان له هه‌ر شوێنێكه‌وه له سه‌رانسه‌ری جیهاندا.
هیلالی ده‌ڵێت "كردنه‌وه‌ی ئامێره ئهلیكترۆنیو كارهباییهكانو به‌كارهێنانی كه‌لوپه‌لی تایبه‌ت به چاككردنیان حه‌زێكی منداڵیمه، كاتێكیش گه‌یشتمه ته‌مه‌نی 15 ساڵی هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی كاره‌بایی‌و ئامێری كۆنم كۆكرده‌وه‌و به شێوه‌یه‌كی باش دروستم كردنه‌وه".
ئه‌و له بازاڕه میللییه‌كانی شاره‌كه‌دا به‌دوای كه‌لوپه‌لی كۆن‌و هه‌رزاندا دهگهڕێتوبه خێرایی ده‌گه‌ڕێته‌وه ژووره بچووكهكهیو خۆی به دروستكردنی ئه‌و بیرۆكانه‌وه خه‌ریك ده‌كات كه به‌خه‌یاڵیدا دێن تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی به‌رزكه‌ره‌وه‌یه‌كی كاره‌بایی ناوماڵ‌و سندوقی كاره‌بایی‌و چه‌ند یارییه‌كی ئه‌لیكترۆنی ساده‌ی دروست كردووه.
ئه‌مه‌ش بووه خاڵی وه‌رچه‌رخان له ژیانیداو به‌هره‌كه‌ی بووه سه‌رچاوه‌ی بژێوی، چونكه ئێستا له بواری ئامێره كارهباییهكانو ساردكه‌ره‌وه‌و كامێرای چاودێری كوالێتی به‌رزدا كاردهكاتو ماوه‌ی شه‌ش مانگی پێچوو بۆ دروستكردنی ئه‌و ئامێره‌و پاشان 15 رۆژی تری ویست بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی كه سه‌ركه‌وتنی ته‌واوی به‌ده‌ستهێنا.
هیلالی سه‌باره‌ت به بیرۆكه‌ی ئامێره‌كه‌و ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی له دروستكردنیدا به‌كارهاتوون، وتی: "بیرۆكه‌ی ئه‌م داهێنانه له خهیاڵمدابوو، ده‌ستمكرد به كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له سایته تایبه‌تمه‌نده‌كان، دوای ئه‌وه پلانێكی كاركردنم دانا‌و كه‌لوپه‌لی پێویستم كۆكرده‌وه وه‌ك نه‌خشه‌ی ئهلیكترۆنیو چه‌ند پارچه‌یه‌كی تر‌و چه‌ند گۆڕانكارییهكم تێدا كردن‌و به‌رنامه‌و نه‌خشه‌م له ئینته‌رنێته‌وه بۆ زیادكردن، زۆربه‌ی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ش سادهنو له ناوخۆدا ده‌ستده‌كه‌ون".
له‌باره‌ی میكانیزمی كاركردنی ئامێره‌كه‌و په‌یوه‌ندی به مۆبایله زیرهكهكانیشهوه روونیكرده‌وه "ئامێره دروستكراوه‌كه په‌یوه‌سته به ئینته‌رنێته‌وه‌و له‌ڕێی ئه‌پڵیكه‌یشنێكی خۆڕاییه‌وه به ناوی (ewe Link) به‌ستراوته‌وه به مۆبایله‌وه كه بۆ هه‌موو كه‌سێك به‌رده‌سته‌و ده‌توانرێت له‌سه‌ر هه‌موو جۆره مۆبایلێك دابنرێت".
به‌ته‌واوكردنی ئه‌م رێوشوێنه‌ش ده‌بێت ژماره ته‌له‌فۆنێك یاخود ناونیشانی ئیمه‌یلێك دابنێین‌و دوای ئه‌وه ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كه ژماره‌یه‌كی نهێنی ده‌نێرێت بۆ بهكارهێنهرهكهو پاشان لیستێكی بۆ ده‌كرێته‌وه كه ده‌توانرێت له‌ڕێیه‌وه ناوی ئه‌و ئامێرانه بنووسرێت كه ده‌مانه‌وێت له‌دووره‌وه كاریان پێبكه‌ین.
بۆ سوودوه‌رگرتن له‌م داهێنانه‌ش مه‌رجه خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت ههبێتو به‌رده‌وام بێت، ئامێره دروستكراوهكهش چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌یه، گرنگترینیان ئه‌وه‌یه پارێزراوه له‌ڕێی ژوورێكی نهێنی كۆنترۆڵكردنه‌وه كه ناتوانرێت ببه‌زێندرێت یان له‌كاربخرێت، هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌ریشه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بهكارهێنیانی وزه‌ی كاره‌با هه‌روه‌ك كهسهكانو ئامێره بهكارهاتووهكانیش ده‌پارێزێت له مه‌ترسی رووداوه‌كان‌و ئاگركه‌وتنه‌وه له‌ئه‌نجامی شۆرتی كاره‌باوه، به‌هۆی ئاسانی بهكارهێنانیشیهوه توانا‌و كات كه‌مده‌كاته‌وه.
هیلالی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئامێره داهێنراوه‌كه خزمه‌تێكی زۆر به‌و فه‌رمانگه حكومیانه ده‌كات كه له بواری سه‌رچاوه‌كانی ئاودا كارده‌كه‌ن، چونكه ژماره‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه كه‌مده‌كاته‌وه كه بهرٍێوهبردنی پرۆژه ئاودێری‌و كشتوكاڵییه‌كانیان له‌ئه‌ستۆدایه، به‌جۆرێك ده‌كرێت پشت به یه‌ك فه‌رمانبه‌ر ببه‌سترێت له‌بری حه‌وت فه‌رمانبه‌ر، هه‌روه‌ك قورسایی سه‌رشانی ئه‌و جوتیارانه‌ش كه‌مده‌كاته‌وه كه ترومپای كشتوكاڵی گه‌وره به‌كارده‌هێنن".
ئه‌م ئامێره داهێنراوه دوا به‌رهه‌می هیلالی نییه، چونكه ئێستا كار له‌سه‌ر دروستكردنی ئامێرێك ده‌كات كه به سیمكارتی مۆبایلی زیره‌ك كارده‌كات بۆ داخستن‌و كردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل له‌دووره‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست به بوونی ئینته‌رنێت بكات.
هه‌روه‌ها ئه‌م گه‌نجه داهێنه‌ره خه‌ریكه بیرۆكه‌ی پرۆژه‌ی "خانووی زیره‌ك"یش ته‌واو ده‌كات كه خانوو له مه‌ترسی ئاگركهوتنهوهو دزی ده‌پارێزێت له‌ڕێی به‌كارهێنانی ئامێری ئه‌لیكترۆنی زیره‌كه‌وه كه رێگه ناده‌ن به كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكانی خانووه‌كه ئه‌گه‌ر خاوه‌نه‌كه‌ی ئاماده نه‌بێت، ئامێره‌كه‌ش وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكیو ئامێرێكی ئاگاداركردنه‌وه‌و چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی سه‌یڤكردنی دهنگو وێنه‌و سه‌یڤكردنی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵدایه.
بۆ زانینی گرنگی ئامێره داهێنراوهكهش بۆ جوتیاران په‌یامنێری "نیقاش" جوتیارێكی به‌ناوی حسێن عه‌لی له باخه‌كه‌یدا له ناحیه‌ی سنیهی سه‌ر به پارێزگای دیوانیه دواندو وتی: "رووداوه‌كانی شۆرتی كاره‌با قوربانی زۆریان لێكه‌وتووه‌ته‌وه به‌تایبه‌تی له وه‌رزی زستاندا به‌هۆی شێی زۆر‌و خراپی وایه‌ره‌كانی كاره‌باوه، ساڵی رابردوو كچێكی برازام له‌ده‌ستدا به‌هۆی به‌ركه‌وتنی ته‌زوویه‌كی زۆری كاره‌باوه له كاتی كارپێكردنی ترومپای ئاودا".
ئه‌و جوتیاره ده‌ڵێت: "زۆربه‌ی جوتیاران مۆبایلی زیره‌ك به‌كارده‌هێنن كه ئینتهرنێتشی هه‌یه‌و به‌تاسه‌وه‌ن بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و ئامێره داهێنراوه له‌به‌رئه‌وه‌ی تێچووی زۆر نییه له‌ڕووی توانا‌و پاره‌و ئاماده‌بوونی به‌رده‌وام له‌نزیك ترومپاكان، هه‌روه‌ها نیگهرانییهكانیشمان ناهێڵێتو ئیتر ده‌توانم پشت به خێزانه‌كه‌م ببه‌ستم له كارپێكردنی ترومپاكاندا یاخود خۆم بهپاڵكهوتنهوه له‌سه‌ر جێگاكه‌م ئه‌و كاره‌بكه‌م".
رامی حه‌سه‌ن جه‌نابی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆڕبه‌ندی داهێنه‌رانی عێراق له دیوانیه به "نیقاش"ی وت: "ئه‌و ئامێره‌ی قاسم هیلالی دروستیكردووه به داهێنانو بههرهمهندییهك داده‌نرێت كه كه‌س پێش ئه‌و بیرۆكه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی ترومپای كشتوكاڵی به ئنته‌رنێته‌وه نه‌بووه، بۆئه‌وه‌ی كاره‌كه‌شی ببێته داهێنان به‌پێی پێوه‌ره زانستییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی بواری داهێنان، پێویسته توێژینه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ده‌زگای ناوه‌ندیی پێوانه‌و كۆنترۆڵی جۆری بكات له وه‌زاره‌تی پلاندانان".
دووپاتیشی كرده‌وه كه ئه‌و هه‌نگاوه "ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی مافی داهێنان یاخود نموونه‌یه‌كی دروستكراو به ناوی خۆیه‌وه بهدهستبهێنێتو بتوانێت دواتر په‌یوه‌ندی به كۆڕبهندهكهوه بكات كه پشتیوانی داهێنه‌رانی عێراق ده‌كات له چه‌ند بوارێكدا كه گرنگترینیان دابینكردنی داتا‌و ههماههنگیكردنه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی دهوڵهتو كه‌رتی تایبهتو هۆشیاركردنه‌وه له بواری رۆشنبیری داهێنانو چه‌ن لایه‌نێكی تردا".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه نزیكه‌ی (30 بۆ 40) داهێنه‌ر له بواره‌كانی پزیشكی‌و ئهندازیاریو كشتوكاڵ له پارێزگای دیوانیه پێویستیان به چاودێری‌و بایهخپێدانو دابینكردنی باره‌گایه‌كه به‌لانی كه‌مه‌وه.
ئه‌وه‌ی ئه‌م گه‌نجه كردوویه‌تی پێشتر له‌وڵاتانی جیاجیای جیهان نموونه‌ی هه‌بووه، به‌ڵام بۆ عێراق له‌زۆر رووه‌وه نوێیه‌و ره‌نگه سوودی گه‌وره‌ی هه‌بێت.