راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌فته‌یه‌ك وه‌زیر به‌
تای ته‌حه‌دی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌عێراق داگیرده‌كات

رامی ساڵح
تای "ته‌حه‌دا"كردن له‌فه‌یسبووك له‌عێراقدا وه‌ك ئاگری بن كا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌ ته‌حه‌داكردنی سیاسییه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ڵام په‌لی هاویشتووه‌ بۆ بواره‌كانی‌ تریش
5.10.2017  |  به‌غدا

كچێكی كه‌نه‌دی ده‌رگای له‌به‌رده‌م گه‌نجانی جیهاندا كرده‌وه‌ تا بۆ یه‌ك رۆژ ئه‌وه‌ی له‌ وڵاته‌كانیاندا خه‌ونی پێوه‌ده‌بینن به‌ده‌ستی بهێنن، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له‌ڕێی نامه‌گۆڕینه‌وه‌ له‌تویته‌ر ته‌حه‌دای جه‌ستن ترۆدۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دای كرد كه‌ قبوڵی بكات هاوبه‌شی بكات له‌ پۆسته‌كه‌یدا، ئه‌ویش رازی بوو.

 

ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی ئه‌و كچه‌ گه‌نجه‌ كه‌نه‌دییه‌ بووه‌ ئیلهامبه‌خشی گه‌نجانێك له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌تایبه‌تی له‌ عێراقدا بۆئه‌وه‌ی هه‌مان هه‌نگاوی ئه‌و له‌ وڵاتێكدا بنێن كه‌ جه‌نگ له‌ په‌لوپۆی خستووه‌، به‌ڵام سوپرایزه‌كه‌ له‌وه‌دا بوو كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ بووه‌ دیارده‌یه‌ك‌و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی له‌ عێراق گرته‌وه‌‌و به‌ربه‌ستی سیاسه‌تی تێپه‌ڕاند‌و بایه‌خی به‌ بابه‌تی جیاجیای دیكه‌ به‌خشی.

 

مه‌سه‌له‌كه‌ له‌ عێراق به‌وه‌ ده‌ستی پێكرد كه‌ گه‌نجێك به‌ناوی ئه‌نمار خالید ته‌حه‌دای وه‌زیری لاوان‌و وه‌رزشی عێراقی كرد‌و له‌ كۆمێنتێكدا له‌ په‌یجی ره‌سمی وه‌زیر نووسی "ته‌حه‌دای به‌ڕێز عه‌بدولحسێن عه‌بتان وه‌زیری لاوان‌و وه‌رزش ده‌كه‌م كه‌ هاوبه‌شم بكات له‌ نووسینگه‌كه‌یدا بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌، چونكه‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانم ئه‌وه‌یه‌ رۆژێك له‌ رۆژان ببمه‌ وه‌زیری لاوان‌و وه‌رزش" هاوكات وه‌زیریش وه‌ڵامی دایه‌وه‌‌و ته‌حه‌داكه‌ی قبوڵ كرد.

 

ئه‌م بابه‌ته‌ هانی كه‌سانی دیكه‌شی دا بۆ ئه‌وه‌ی ته‌حه‌دای سیاسییه‌ عێراقییه‌كان بكه‌ن‌و له‌و رووه‌وه‌ محه‌مه‌د فالح حه‌سه‌ن ته‌حه‌دای ئیبراهیم جه‌عفه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقی كرد كه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك رۆژ "كورسی" وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه‌ببات كه‌ وه‌زیریش له‌وه‌ڵامدا قبوڵی كرد.

 

ئه‌م دیارده‌یه‌ گه‌نجانی عێراقی هاندا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنج بۆ لای  گرنگی گرتنه‌ئه‌ستۆی به‌رپرسیارێتیان رابكێشن ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كانی عێراق به‌ مه‌به‌ست توانای گه‌نجانیان فه‌رامۆش كرد‌و به‌رپرسیارێتی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت‌و حكومه‌تیان له‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان‌و پیره‌مێردی حزبه‌كانیاندا چڕكرده‌وه‌.

 

حه‌سه‌ن جه‌نابی وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراقیش ته‌حه‌دای گه‌نجێكی قبوڵ كرد كه‌ داوایكردبوو بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ببێته‌ وه‌زیر‌و هاوبه‌شی بكات له‌ نووسنگه‌ی وه‌زاره‌ت‌و هانی ئه‌و هه‌نگاوه‌شی دا‌و وتی: "لاوانی عێراق سه‌ركرده‌ی ئاینده‌ن‌و ئه‌وانه‌یان ئاواتیان هه‌یه‌ ده‌توانن ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ به‌ده‌ستبهێنن".

 

به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له‌و شه‌پۆلی ته‌حه‌داكردنه‌ پێشبینی ده‌كرێت كه‌ له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی لیستی بایه‌خپێدانی عێراقییه‌كاندا هات له‌م هه‌فته‌یه‌ی دواییدا، قاسم ئه‌عره‌جی وه‌زیری ناوخۆی عێراق پێشنیارێكی ته‌حه‌داكردنی ره‌تكرده‌وه‌‌و راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمی ده‌ركرد‌و تێیدا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ له‌وه‌زاره‌تدا كاری خۆبه‌خشی نییه‌.

 

ئه‌وه‌ش عێراقییه‌كانی توڕه‌كرد‌و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ وه‌زیر به‌رگه‌ی ئه‌وه‌ ناگرێت بۆ یه‌ك سه‌عاتیش ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی ببێت به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا، هاوكات هه‌ندێك كه‌سی دیكه‌ پێیانوابوو ئه‌و بڕیاره‌ بۆ پاراستنی به‌رپرسیارێتی ئه‌منییه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری وه‌زاره‌ته‌كه‌.

 

دیارده‌ی ته‌حه‌داكردن ته‌نیا سیاسییه‌كانی نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو به‌مدواییانه‌ بووه‌ته‌ مۆده‌ی فه‌یسبووك له‌ بواره‌ هونه‌ری‌و میدیاییه‌ جیاجیاكاندا.

 

پێشكه‌شكارانی ته‌له‌فزیۆنیش له‌م دیارده‌یه‌ به‌ده‌ر نه‌بوون، به‌شیر شۆ كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی عێراقی ته‌نزئامێزه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت به‌ روخسارێكی دیكه‌وه‌ ده‌ربكه‌وێت ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی گه‌نجێكی عێراقی ته‌حه‌دای ئه‌حمه‌د به‌شیری پێشكه‌شكاری كرد كه‌ له‌بری ئه‌و ئه‌ڵقه‌یه‌كی ته‌واو پێشكه‌ش بكات پێشكه‌شكاره‌كه‌ش رازیبووه‌.

 

گه‌نجێكی عێراقی دیكه‌ نووسیویه‌تی "دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا ته‌حه‌داكردنی قبوڵكرد‌و چه‌ندین سیاسی عێراق ته‌حه‌داكردنیان قبوڵكرد، منیش هه‌مان هه‌نگاو ده‌نێم‌و ته‌حه‌دای (كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی شه‌رقیه‌‌و به‌تایبه‌تیش سه‌عد به‌زازی به‌ڕێوه‌به‌ری)ده‌كه‌م كه‌ قبوڵم بكات بۆ كاركردن له‌كارمه‌ندانی كه‌ناڵه‌كه‌دا، به‌وپێیه‌ی ده‌رچووی به‌كالۆریۆسم‌و مرۆڤێكم خواستم هه‌یه‌‌و تائێستا له‌هیچ لایه‌نێكه‌وه‌ پێزانین‌و پشتیوانی نه‌كراوم".

 

هه‌روه‌ها گه‌نجه‌كه‌ له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كه‌یدا له‌ فه‌یسبووك نووسیویه‌تی: "ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكه‌ بۆئه‌وه‌ی شه‌ره‌فی كاركردنم له‌نێو كادره‌ به‌ڕێزه‌كانتان‌و هه‌ر شتێك په‌یوه‌ندی به‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ هه‌بێت، پێبدرێت".

 

چێشتخانه‌ عێراقییه‌كانیش پشكی هه‌ره‌ گه‌وره‌یان له‌م شه‌پۆله‌ هه‌بووه‌، چونكه‌ به‌ده‌یان عێراقی ته‌حه‌دای چێشتخانه‌ پڕجه‌ماوه‌ره‌كانی به‌غدای پایته‌ختی عێراقیان كردووه‌‌و داوای ژه‌مه‌خواردنی خۆڕاییان كردووه‌ بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ.

 

له‌به‌رامبه‌ردا چێشتخانه‌كان رازیبوون به‌و ته‌حداكردنانه‌‌و ته‌نانه‌ت له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش وه‌ك جۆرێك له‌ریكلام وێنه‌ی ئه‌و ته‌حه‌داكردنانه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌و بایه‌خه‌ زۆره‌ی ئه‌م دیارده‌ گه‌رموگوڕه‌ی فه‌یسبووك، ده‌رگای بۆ زۆر كه‌س كردووه‌ته‌وه‌ تا له‌ڕووی ریكلامه‌وه‌ بیقۆزنه‌وه‌، چونكه‌ چه‌ندین په‌یج له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ستیانكردووه‌ به‌بانگه‌شه‌كردن بۆ ئه‌م بابه‌ته‌.

 

له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ هۆتێله‌كان ته‌حه‌داكردنیان قبوڵكردووه‌‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان بۆ ته‌حه‌داكردنی نوێی دیكه‌ خستووه‌ته‌ڕوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ به‌خشینی تایبه‌تمه‌ندی نوێ به‌و براوانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی ده‌ستنیشان ده‌كرێن له‌ نێو ئه‌و كه‌سانه‌ی كۆمێنت له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ ده‌نووسن كه‌ له‌په‌یجی ره‌سمی هۆتێله‌كه‌دا بڵاوده‌كرێته‌وه‌‌و به‌هه‌زاران كۆمێنت‌و لایك‌و ته‌نانه‌ت شێریش به‌ده‌ستده‌هێنێت، به‌وپێیه‌ش مه‌سه‌له‌كه‌ وه‌ك بابه‌تێكی ریكلامی لێهاتووه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ له‌نێو هه‌زاران كه‌سدا ئاڵوگۆڕی پێده‌كرێت.

 

ته‌حه‌داكردن به‌رده‌وام له‌ بڵاوبوونه‌وه‌دا بوو له‌ ده‌رگای هه‌موو عێراقییه‌كانی دا تا گه‌یشته‌ كۆمپانیا عێراقییه‌كانی تایبه‌ت به‌ گه‌شتوگوزار، چونكه‌ به‌ سه‌دان گه‌نج ته‌حه‌دای ئه‌و كۆمپانیایانه‌یان كردووه‌ كه‌ به‌خۆڕایی سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی عێراقیان پێ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌ پێشوازییه‌كی گه‌وره‌ی لێكرا ‌و ته‌نانه‌ت ئێستا كۆمپانیاكان ته‌حه‌دا ده‌كه‌ن‌و هه‌لی گه‌شتكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌خه‌نه‌به‌رده‌م براوه‌یه‌ك له‌ "ته‌حه‌دایه‌ك"دا كه‌ خۆیان دایده‌هێنن.

 

كۆمپانیای بانیاس بۆ گه‌شتوگوزار كه‌ كار بۆ دابینكردنی سه‌فه‌ری گه‌شتیاری ده‌كات له‌ په‌یجی خۆی له‌فه‌یسبووك نووسیویه‌تی: "گۆمپانیا چه‌ند خه‌ڵاتێك راده‌گه‌یه‌نێت كه‌ 10 گه‌شت له‌خۆده‌گرن بۆ 10 كه‌سی ته‌حه‌داكه‌ر، تكایه‌ زانیارییه‌ داواكراوه‌كان ته‌نیا به‌ ئیمه‌یلی ئه‌لیكترۆنی بنێرن".

 

روونیشی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌حه‌داكه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ته‌حه‌داكه‌ر ده‌بێته‌ به‌رپرسی به‌ڕێوه‌بردن‌و رێكخستنی گه‌شته‌كه‌‌و سه‌فه‌ركردن له‌گه‌ڵ گرووپێكی گه‌شتیاری بۆ یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ی له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراون، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ كۆمپانیاكه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌م ته‌حه‌دایه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵا پێشكه‌شكراوه‌كان له‌لایه‌ن گه‌شتیارانه‌وه‌ بنیات نراوه‌‌و به‌و پێیه‌ش كۆمپانیاكه‌ ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێت ئه‌و ئه‌ركه‌ی خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆی چه‌ند قورسه‌".

 

ئه‌م ته‌حه‌داكردنه‌ به‌پیره‌وه‌چوونێكی زۆری له‌لایه‌ن لاوانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ یه‌كێكیان نووسیویه‌تی "ته‌حه‌دای كۆمپانیاكه‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌یاوه‌ری مێرده‌كه‌م سه‌فه‌رم پێبكات بۆ توركیا‌و ئازه‌ربایجان یاخود میسر"، له‌ كاتێكدا یه‌كێكی دیكه‌ نووسیویه‌تی "ته‌حه‌دای كۆمپانیاكه‌ ده‌كه‌م كه‌ سه‌فه‌رێك بۆ خۆم‌و كچه‌ هاوڕێكه‌م رێكبخات" هه‌روه‌ها چه‌ند كۆمێنتێكی دیكه‌.

 

دوكانه‌كانی خشڵیش پشكیان له‌ ته‌حه‌داكردن هه‌بوو، چونكه‌ هه‌ندێكیان داشكاندنیان به‌ڕێژه‌ی 30%ی هه‌قده‌ست راگه‌یاندووه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ماوه‌ی ته‌حه‌داكه‌دا له‌ خشڵه‌ پیشاندراوه‌كانیان بكڕێت، هاوكات چه‌ند دوكانێكی دیكه‌ ته‌حه‌دای كڕیاره‌كانیان كردووه‌ له‌سه‌ر جوانترین پارچه‌ كه‌ له‌ هه‌مان دوكان كردرابێت‌و دیاری زێڕیشیان بۆ ته‌رخانكردوون.

 

"زێڕینگه‌ر‌و خشڵی غه‌نی" ته‌حه‌دای كڕیاره‌كانی كردووه‌ له‌ڕێی په‌یجه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ له‌ فه‌یسبووك وێنه‌ی جوانترین پارچه‌ زێڕ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ دوكانه‌كه‌ كڕدرابێت، بۆ براوه‌ی ئه‌وه‌ش خه‌ڵاتێكی زێڕینی دابینكردووه‌ كه‌ وێنه‌ی پارچه‌ زێڕه‌كه‌ی زۆرترین كۆمێنت‌و لایك به‌ده‌ست بهێنێت.

 

دیارده‌كه‌ له‌و شه‌پۆله‌ ته‌نزئامێز‌و كۆمیدییه‌ رزگاری نه‌بووه‌ كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌دژی به‌رپاكراوه‌، چونكه‌ چه‌ند گه‌نجێكی عێراقی ده‌ستیان كردووه‌ به‌ نووسینی ته‌حه‌داكردنی به‌شێوه‌یه‌كی زیاده‌ڕه‌وانه‌، هه‌یانه‌ پۆستێكی نووسیوه‌ كه‌ تێیدا ته‌حه‌دای حكومه‌تی عێراق ده‌كات كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق‌و چه‌ند وه‌زاره‌تێكی گه‌وره‌ی دیكه‌ دایبمه‌زرێنێت كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ بۆ زۆری كه‌مته‌رخه‌می  له‌نێو عێراقییه‌كاندا.

 

چه‌ند كچێكی دیكه‌ش ته‌حه‌دای سه‌نته‌ره‌كانی جوانكارییان كردووه‌ (ساڵۆنه‌كان)، له‌نێوان ئه‌مانه‌‌و ئه‌وانه‌شدا كه‌سانێكی دیكه‌ ته‌حه‌دایان كردووه‌ بۆ ئاماده‌كردنی ژه‌مه‌خواردنی میللی "قیمه‌" كه‌ له‌مانگه‌ ئایینیه‌كاندا له‌ عێراق زۆره‌.

 

ته‌نانه‌ت په‌یجه‌كانی تایبه‌تیش به‌ یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان به‌بێده‌نگی دانه‌نیشتوون‌و چاودێریان كردووه‌‌و ئه‌وانیش ده‌ستیان كردووه‌ به‌ خستنه‌ڕووی به‌رهه‌مه‌كانیان‌و كردنه‌وه‌ی ته‌حه‌داكردن بۆ به‌ده‌ستهێنانیان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌