راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

یه‌ك ملیۆن نه‌مام له‌خۆده‌گرێت
به‌سره‌ به‌ هه‌ڵمه‌تی سه‌وزكردن خۆی رزگار ده‌كات

سه‌لیم وه‌ززان
به‌سره‌ به‌ده‌ست به‌بیابانبوون‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی زۆری پله‌كانی گه‌رما‌و پیسبوونێكی مه‌ترسیداری ژینگه‌ییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، له‌هه‌وڵێكیشدا بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌وزایی‌ خۆی‌ رزگار بكات.
21.09.2017  |  به‌سره

عه‌لا به‌دران نه‌قیبی ئه‌ندازاریانی كشتوكاڵی‌و لێپرسراوی هه‌ڵمه‌تی "به‌سره‌كه‌مان شایانی دارێكه‌" ده‌ڵێت: "ده‌ستپێكردنی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ بۆ زرگاركردنی ژینگه‌یه‌ كه‌ زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وتووه‌‌و پله‌كانی گه‌رما له‌ به‌سره‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا 50 پله‌ی سه‌دییان تێپه‌ڕاندووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش پێشینه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌".

 

ئه‌و روونیشی ده‌كاته‌وه‌‌و ده‌ڵێت "بیرۆكه‌كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند چالاكوانێكی ژینگه‌ییه‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵدا خرایه‌ڕوو گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا تا پێگه‌یشت‌و گه‌ڵاڵه‌بوو، به‌و ئاراسته‌یه‌شدا گرووپێك له‌ خۆبه‌خشان هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان رێكخستووه‌‌و رێبه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن‌و پرۆگرامێكی ته‌واوی بۆ دانراوه‌‌و نزیكه‌ی 100 خۆبه‌خشیان له‌گه‌ڵه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ 15 هه‌زار هاوسۆز كه‌ ئاماده‌ییان بۆ هاوكاریكردنمان ده‌ربرٍیوه‌، له‌و بڕوایه‌شدام ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا زیاد بكات، هه‌روه‌ها به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنێكی زۆریش هه‌یه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌كانی ئاو‌و گواستنه‌وه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ی حكومی له‌ به‌سره‌".

 

به‌دران پێیوایه‌ هیچ ئامرازێكیان نییه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما له‌ به‌سره‌ جگه‌ دابینكردنی رووپۆشێكی رووه‌كی، بۆئه‌وه‌ش نموونه‌ی جۆری ئه‌و دره‌ختانه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ به‌رگه‌ی پله‌كانی گه‌رما ده‌گرن‌و به‌سه‌ركه‌وتوویی له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌نداو روێندراون كه‌ كه‌شوهه‌وایان هاوشێوه‌ی به‌سره‌یه‌‌و به‌هۆی ئه‌و رووپۆشه‌ رووه‌كییه‌وه‌ تێكڕای گه‌رمایان نزمتر بووه‌ته‌وه‌.

 

هه‌روه‌ها ئامانج‌و كاته‌كانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی بۆ "نیقاش" روونكرده‌وه‌‌و وتی: "پلانه‌كه‌مان بریتیه‌ له‌ رواندنی 16 ملیۆن نه‌مام له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی داهاتوودا، قۆناغی یه‌كه‌میش رواندنی یه‌ك ملیۆن نه‌مام له‌خۆده‌گرێت‌و له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌وه‌ (ئه‌یلول) ده‌ستپێده‌كات تا تشرینی‌ دووه‌م‌و ئینجا له‌15ی‌ شوباتی‌ ساڵی‌ داهاتووه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ تا 15ی‌ نیسان‌و هه‌وڵده‌ده‌ین له‌و ماوه‌یه‌دا یه‌ك ملیۆن نه‌مام بڕوێنین".

 

پسپۆران له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ دابینكردنی 16 ملیۆن نه‌مام ئاستی پێویسته‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا له‌ ماوه‌ی 10 ساڵی داهاتوودا، له‌ بارێكیشدا ئه‌گه‌ر بودجه‌‌و پشتیوانی پێویست دابین بكرێت، ئه‌وا پرۆژه‌كه‌ رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگێك ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش نه‌بوونی ئاوی پێویسته‌ له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی سوێری شه‌تولعه‌ره‌ب هه‌روه‌ها نه‌بوونی وێستگه‌ی پێویست بۆ پاكژكردنه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ بیریان له‌ رواندنی (داری بێ به‌ر) كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌وه‌ جیاده‌كرێنه‌وه‌ به‌رگه‌ی تینوێتی‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما‌و سوێری ئاو ده‌گرن، تا به‌رده‌وامبوونیان مسۆگه‌ر بكرێت.

 

ئه‌حمه‌د حه‌نون به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی پاراستنی ژینگه‌ له‌ به‌سره‌ ده‌ڵێت: "ئێمه‌ پشتیوانی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ ده‌كه‌ین له‌پێناو زیاكردنی رووبه‌ری سه‌وزایی‌و سوودلێوه‌رگرتنی وه‌ك به‌ربه‌ست بۆ خۆڵبارین‌و ته‌پوتۆز، چونكه‌ زه‌ویه‌ رووته‌نه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زیانبه‌خش دووچاری له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شان‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی خۆڵ‌و ته‌پوتۆز ده‌بنه‌وه‌".

 

وه‌زاره‌تی ژینگه‌ش ئاشكرای كردووه‌ كه‌ به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی ژینگه‌یی ساڵانه‌ی زه‌وییه‌ چێندراو‌و به‌راو‌و دێمییه‌كان، رێژه‌ی له‌سه‌دا 70ی رووبه‌ری زه‌وییه‌كان له‌ ناوه‌ڕاست‌و باشووری وڵات به‌ده‌ست كێشه‌ی به‌بیابانبوونه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت. وه‌زاره‌ت باسی له‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ "خراپ به‌ڕێوه‌بردنی زه‌وییه‌ گشتوكاڵییه‌كان یاخود نه‌گونجاوی هۆكاره‌ ته‌قلیدییه‌كانی ئاودێری یان وشكه‌ساڵی بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌هه‌زاران دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی دووچاری وشكبوون ببن، به‌وپێیه‌ش رووبه‌ری به‌بیابانبوون زیادی كردووه‌".

 

چالاكوانان دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ چاویان له‌وه‌یه‌ هه‌موو خوێندنگه‌كانی به‌سره‌‌و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان‌و هه‌موو دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان له‌ پارێزگاكه‌ سه‌وز بكه‌ن ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سه‌وزكردنی شه‌قام‌و پاركه‌ گشتییه‌كان‌و ماڵی هاووڵاتیانیش، دوا قۆناغیش دروستكردنی پشتێنه‌ی سه‌وز له‌خۆده‌گرێت به‌تایبه‌تی له‌نزیك كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان‌و ئه‌و شوێنانه‌ی ئاویان تێدایه‌ بۆئه‌وه‌ی دوای سه‌وزكردن‌و ئاماده‌كردنه‌وه‌یان، ببنه‌ ناوچه‌ی گه‌شتیاری".

 

چالاكوانی ژینگه‌یی قاسم مه‌ششات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: " 8 جۆر رووه‌كمان هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی سه‌وزكردنه‌كه‌دا به‌كارده‌هێنرێن كه‌ به‌وردی هه‌ڵبژێردراون‌و له‌ ژینگه‌ی سه‌ختدا تاقیكراونه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ به‌رزی پله‌ی گه‌رما‌و نه‌بوونی ئاو جیاده‌كرێنه‌وه‌ وه‌ك ناوچه‌كانی (ئوم قه‌سر)‌و (سه‌فوان) له‌سه‌ر سنووری كوه‌یت".

 

هه‌روه‌ها وسفی جۆری ئه‌و دارانه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌ڕوێندرێن‌و ده‌ڵێت: "چه‌ند جۆرێكی دیاریكراوی دارو نه‌مام هه‌ن له‌وانه‌ كاسیا‌و جلوكا‌و له‌پی مریه‌م‌و كاریزیا‌و كالیپتۆس ئه‌م دارانه‌ به‌ خێرایی گه‌شه‌كردن ناسراون. ئێستاش كار بۆ دابینكردنی ئه‌و رووه‌كانه‌ ده‌كه‌ین له‌رێی رواندن‌و زۆركردنیان، چونكه‌ وه‌جبه‌یه‌كی ئه‌زموونییان به‌سه‌ركه‌وتوویی لێ رووێندراوه‌، هه‌روه‌ها ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ رواندنی وه‌جبه‌یه‌كی زۆر كه‌ زیاتر له‌ نیو ملیۆن نه‌مامه‌ بۆئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ر بێت له‌ دابینكردنی شه‌تڵ بۆ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌".

 

ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی‌و چالاكوانانی پاراستنی ژینگه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌ خه‌ریكه‌ پشتیوانی چه‌ندین لایه‌نی دیكه‌ش به‌ده‌ستده‌هێنێت، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ زینه‌ ته‌میمی كه‌ خۆبه‌خشێكی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یه‌، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وان سه‌ر به‌هیچ لایه‌نێكی سیاسی یان حزبی یان هه‌ر لایه‌نێكی دیكه‌ نین‌و هۆكاری به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا زیادبوونی نیگه‌رانی‌و گیرۆده‌بوونه‌ به‌ده‌ست به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما‌و زیادبوونی رووبه‌ری به‌بیابانبوون‌و رێژه‌ی به‌رزی پیسبوون له‌ ئه‌نجامی پاشماوه‌كانی نه‌وت‌و چالاكییه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك فراوانبوونی ئاوه‌دانی هه‌ڕه‌مه‌كی‌و برٍینه‌وه‌ی دارستانه‌كانی خورما.

  هه‌روه‌ها له‌باره‌ی رۆڵی خۆی له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا به‌ "نیقاش"ی وت: "من له‌ لیژنه‌ی راگه‌یاندنم‌و به‌درێژایی مانگێك كۆمه‌كم كۆكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش له‌ڕێی سه‌ردانی دامه‌زراوه‌ ره‌سمییه‌كان‌و كۆمپانیا‌و كه‌سایه‌تییه‌كان، له‌و سه‌ردانانه‌شدا به‌تێروته‌سه‌لی پلان‌و ئامانجه‌كه‌مان روونده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ چۆن‌و به‌چ شێوه‌یه‌ك ده‌توانن پشتیوانیمان بكه‌ن، به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنێكی زۆریشمان هه‌بووه‌".

 

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بایه‌خێكی زۆری پێداروه‌‌و چه‌ند په‌یجێكی بانگه‌شه‌ی له‌ فه‌یسبووك بۆ ته‌رخانكراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چه‌ند گرووپێك له‌ واتس ئه‌پدا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك ئه‌و سایتانه‌ سه‌رنجی فۆڵۆوه‌ره‌كانیان راكێشاوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گفتوگۆی تایبه‌ت به‌ بایه‌خی سه‌وزكردن‌و هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و شه‌تڵانه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وای به‌سره‌دا ده‌گونجێن‌و بایه‌خپێدانیان له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی ئه‌زموونی گه‌لانی دیكه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌. هاوكات چه‌ند ئه‌ندازیارێكی پسپۆر له‌ ژینگه‌‌و كشتوكاڵ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ شاره‌زایان له‌ پسپۆرییه‌ جیاجیاكاندا هه‌وڵه‌كانیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵمه‌تی رواندنی یه‌ك ملیۆن نه‌مامدا.

 

هه‌روه‌ها هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌رێنی له‌ پارێزگاكانی دیكه‌شدا هه‌بووه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ حه‌سه‌ن عه‌لی محه‌مه‌دی جوتیار له‌ سلێمانیه‌وه‌ هه‌زار شه‌تڵی به‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌خشیوه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "من كوردم له‌ ناوچه‌ی كه‌لار له‌ سلێمانی‌و به‌م دواییانه‌ سه‌ردانی به‌سره‌م كرد‌و خراپبوونی بارودۆخی ئه‌و پارێزگایه‌ی خۆشمان ده‌وێت زۆر ئازاری داین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌زار شه‌تڵی (كالیپتۆس)م به‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌خشی، هیواداریشم هه‌موو خاوه‌ن مه‌شته‌ل‌و كێڵگه‌كان ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان دێت بیبه‌خشن بۆ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌".

 

حه‌سه‌ن ئامۆژگاری خه‌ڵكی به‌سره‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت: "ده‌بێت هه‌موو هاووڵاتیان‌و چالاكوانان‌و لایه‌نه‌ ره‌سمییه‌كان ئه‌وه‌ له‌به‌رچاوبگرن كه‌ حیكمه‌ت ته‌نیا له‌ رواندنی دره‌ختدا نییه‌، به‌ڵكو له‌ چاودێریكردنیدایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ هیوادارم به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی سه‌وزكردنه‌كه‌ هه‌موو پێداویستییه‌كانی سه‌ركه‌وتن دابین بكه‌ن له‌پێناو گه‌شه‌كردن‌و به‌رده‌وامیدان به‌و دره‌ختانه‌ له‌ڕووی دابینكردنی ئاو‌و پارێزگاری لێكردنیان له‌ ئاژه‌ڵ‌و خه‌ڵكی تێكده‌ر‌و دابینكردنی شوێنی گونجاو بۆ رواندنیان".

 

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌