راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ی‌ سیاسییه‌كان نایانه‌وه‌ هاشتاگێك رایگرت
هاوڵاتیانی‌ كوردو عه‌ره‌ب نایانه‌وێت ببنه‌ به‌شێك له‌ململانێی‌ سیاسییه‌كانیان

هه‌ستیار قادر
ئه‌و هه‌را سیاسیه‌ی‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا له‌سه‌ر ریفراندۆم سه‌ریهه‌ڵداوه‌، له‌رێی‌ هاشتاگێكه‌وه‌ نه‌هێڵدرا شۆڕبێته‌وه‌ بۆناو دانیشتوانی‌ عه‌ره‌ب‌و كوردی‌ عێراق.
21.09.2017  |  هه‌ولێر

ده‌ستپێكردنی‌ كه‌مپه‌ینێك له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ پێكه‌وه‌ ژیانی‌ نێوان كوردو عه‌ره‌ب زوومی‌ سه‌ر ململانێ سیاسییه‌كانی‌ له‌نێو هاوڵاتیانی‌ كوردو عه‌ره‌ب درووخسته‌وه‌و سه‌لماندی‌ كه‌ شه‌قام له‌سیاسه‌تمه‌داره‌كان ئاشتیخوازتره‌.

 

زۆر شه‌و كه‌سوكاری غه‌زوان ئه‌حمه‌د له‌به‌غداوه‌ په‌یوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆنی‌ پێوه‌ده‌كه‌ن‌و لێی‌ ده‌پرسن بارودۆختان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان چۆنه‌؟ كورده‌كان هێرش ناكه‌نه‌ سه‌رتان؟، ئه‌و گه‌نجه‌ عه‌ره‌به‌ ته‌مه‌ن 35 ساڵه‌ كه‌ چوار ساڵه‌ له‌ئه‌نباره‌وه‌ رووی‌ كردووه‌ته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێی‌ سه‌یره‌ پرسیارێكی‌ له‌و جۆره‌ی‌ لێده‌كرێت.

 

غه‌زوان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وه‌ی‌ لێره‌ برا كورده‌كانمان بۆیان كردووم خزمه‌كانم بۆم ناكه‌ن، به‌ئارامی‌ ده‌ژین ئه‌وه‌ی‌ باس ده‌كرێت له‌باره‌ی‌ رقلێبوونه‌وه‌ ته‌نیا ده‌نگۆیه‌ یان له‌ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ ده‌یبیستم، لێره‌ هه‌ست به‌ئارامی‌ ده‌كه‌م"

 

ده‌ستپێكی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ ئاماده‌كاریی‌ بۆ ریفراندۆمی‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی‌ كوردستان ته‌وژمێكی‌ تری‌ ململانێی‌ سیاسی‌ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا به‌دوای‌ خۆیدا هێنا كه‌ هاوكات ئاماژه‌ی‌ جیاواز هه‌بوو بۆ دژایه‌تیكردنی‌ نێوان كوردو عه‌ره‌ب له‌سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ زۆرینه‌ كوردو ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ كه‌ زۆرینه‌ عه‌ره‌بن.

 

مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی‌ زۆربه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان رێككه‌وتن رۆژی‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ ئه‌مساڵ پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆم بۆ جیابوونه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌عێراق به‌ڕێوه‌بچێت‌و 15ی‌ ئه‌م مانگه‌ش په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ ئه‌و رێكه‌وته‌ی‌ په‌سه‌ندكرد.

 

مه‌ترسییه‌كان له‌ساتی‌ ده‌ستپێكردنی‌ بانگه‌شه‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌ هاوڵاتیانی‌ ئاواره‌ی‌ عه‌ره‌ب له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كوردانی‌ دانیشتوی‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ سنوری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ رووبه‌ڕووی‌ گوشار ببنه‌وه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ریانه‌وه‌.

 

بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ گرته‌ی‌ ڤیدیۆیی سوتاندنی‌ ئاڵای‌ یه‌كتری‌ وه‌ك ده‌ربڕینی قه‌باره‌ی‌ ململانێ سیاسییه‌كه‌ تائێستا نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ خه‌ڵك‌و تێروانینی‌ ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ بۆ یه‌كتری‌.

 

ئیسماعیل ئیبراهیم (40 ساڵ) كوردێكی‌ دانیشتوی‌ به‌غدای‌ پایته‌خته‌، ئه‌و به‌بێ كێشه‌ هه‌موو به‌یانییه‌ك به‌ره‌و زانكۆی‌ به‌غدا به‌رێده‌كه‌وێت بۆ وتنه‌وه‌ی‌ وانه‌ی‌ كوردی‌ له‌به‌شی‌ زمانی‌ كوردی‌ ئه‌و زانكۆیه‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت كێشه‌ی‌ بۆ دروست بكه‌ن.

 

ئیسماعیل به‌"نیقاش"ی وت "من هه‌ست به‌وه‌ناكه‌م عه‌ره‌بێك رقی‌ لێم بێت ئه‌وه‌ی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ ته‌نیا شه‌ڕه‌ قسه‌ی‌ سیاسیه‌كانه‌ ئه‌گه‌رنا هاوڵاتیانی‌ ئاسایی حه‌ز به‌ناكۆكی‌ ناكه‌ن، به‌ڵام هێشتا خه‌ڵكانیش له‌هه‌ردولا هه‌ن په‌نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌به‌ن".

 

توندبوونه‌وه‌ی‌ ململانێ سیاسییه‌كان له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ هه‌ندێكجاریش‌و په‌لكێشانی‌ بۆ ناكۆكی‌ تائیفی هاوڵاتیانی‌ توشی دڵه‌راوكێ كردووه‌ له‌ئه‌گه‌ری‌ زیاتربوونی‌ یان په‌لهاویشتنی‌ بۆ ناكۆكی‌ نه‌ته‌وه‌یی له‌نێوان هه‌ردوو پێكهاته‌ سه‌ره‌كه‌ییه‌كدا كه‌ كوردو عه‌ره‌بن.

 

ئه‌و ترسه‌ وایكرد هه‌رزوو ئه‌و كه‌مپه‌ینه‌ی‌ كه‌ به‌ناوی‌ (#كوردو عه‌ره‌ب) له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ئه‌یلولدا راگه‌یه‌ندرا پاڵپشتی‌ زۆر كۆبكاته‌وه‌.

 

به‌شداربوانی‌ ئه‌و كه‌مپه‌ینه‌ بۆ رێگری‌ له‌دروستكردنی‌ ناكۆكی‌ نێوان عه‌ره‌ب‌و كورد به‌هۆی‌ ململانێ سیاسییه‌كانه‌وه‌، وێنه‌ی‌ خۆیان و هاورێیه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ریان داده‌نا وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ ژیان، بۆ نموونه‌ هاوڵاتییه‌كی‌ كورد له‌سه‌ر فه‌یسبووك وێنه‌یه‌كی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكی‌ عه‌ره‌بدا داده‌نێ‌‌و ئه‌و هاشتاگه‌ی‌ بۆ ده‌نوسێ‌، هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌وه‌.

 

هیوا مه‌حمود عوسمان رۆژنامه‌نوس‌و چالاكوان خاوه‌نی‌ پرۆژه‌ی‌ كه‌مپه‌ینه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی وت "به‌هۆی‌ پرسی ریفراندۆمه‌وه‌ جۆره‌ گرژییه‌ك له‌هاوڵاتیانی‌ هه‌ردوولاوه‌ دروستبوو، ئه‌وه‌ش مه‌ترسیداره‌ له‌باری‌ ته‌قینه‌وه‌یدا به‌تایبه‌ت كه‌ به‌غدا كوردی‌ زۆر لێیه‌و له‌هه‌رێمیش ئاواره‌ی‌ عه‌ره‌بی زۆره‌و  هه‌ر شتێك روبدات كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر ناوبانگی‌ هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ ده‌بێت‌و كه‌مپه‌ینه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ بۆ رێگری‌ له‌دروستبوونی‌ ئه‌و مه‌ترسیه‌یه‌".

 

هیوا مه‌حمود عوسمان وتیشی‌ "له‌پاش ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م له‌دانانی‌ وێنه‌یه‌كی‌ خۆم‌و دۆستێكی‌ عه‌ره‌بم ژماره‌یه‌كی‌ ئێجگار زۆر كه‌س به‌شدارییان تیدا كرد، ئه‌و پێشوازییه‌ له‌كه‌مپه‌ینه‌كه‌ به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ دووره‌ له‌شه‌قام و هاوڵاتیان  ئاشتیان ده‌وێت نه‌ك شه‌ڕ".

 

لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌كه‌ به‌رووكه‌ش خۆیان له‌وه‌ به‌دوور ده‌گرن كه‌ هۆكاربن بۆ دروستبونی‌ گرژی‌ نه‌ته‌وه‌یی له‌نێوان هاوڵاتیانی‌ هه‌ردوولا، پارته‌كانی‌ سنوری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوه‌ند به‌ڵینی‌ پاراستنی‌ كوردو پارته‌كانی‌ سنوری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش به‌ڵێنی‌ پاراستنی‌ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌ده‌ن.

 

سه‌عد مه‌تله‌بی سه‌ركرده‌ له‌حزبی‌ ده‌عوه‌ی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌وه‌ی‌ رویداوه‌ به‌هۆی‌ پرسی ریفراندۆمه‌وه‌ بووه‌و ئه‌وه‌ی‌ روشبدات له‌داهاتوودا مه‌سعود بارزانی‌ لێی‌ به‌رپرسه‌، چونكه‌ ئه‌و پرسه‌ مه‌ترسیداره‌و ئه‌گه‌ری‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ لێده‌كرێت، ئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌رێم رووده‌دات له‌دژی‌ هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌ب هاوڵاتیانی‌ ئاسایی كورد ئه‌نجامی‌ ناده‌ن‌و ده‌زگاو حزبی سیاسی‌ له‌پشته‌وه‌یه‌".

 

 سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و تێبینیانه‌ مه‌تله‌بی جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كوردانی‌ سنوری‌  ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوه‌ند ده‌پارێزن له‌هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك‌و ئه‌نجامده‌رانی‌ كارێكی‌ له‌وشێوه‌یه‌ش سزا ده‌ده‌ن.

 

له‌ئێستادا هه‌زاران هاوڵاتی‌ كوردی‌ سونه‌و فه‌یلی شیعه‌ مه‌زهه‌ب له‌سنوری‌ به‌غداو به‌شێك له‌شاره‌كانی‌ تری‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوری‌ عێراقدا ده‌ژین‌و له‌به‌رانبه‌ریشدا زۆرینه‌ی‌ ئه‌و یه‌ك ملیۆن‌و شه‌شسه‌د هه‌زار ئاواره‌یه‌ی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانن له‌نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌بن.

 

له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرسانی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ رێگری‌ له‌وه‌ ده‌كه‌ن ده‌ستدرێژی‌ بكرێته‌ سه‌ر هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌ب له‌سنوره‌كه‌یداو رێ له‌دروستبوونی‌ ئاڵۆزی‌ نه‌ته‌وه‌یی ده‌گرن، ته‌نانه‌ت مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌هه‌موو گردبووه‌كانی‌ ریفراندۆمدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌.

 

هۆشیار سیوه‌یلی به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی وت "هه‌ڵوێستمان روونه‌ كه‌ له‌دژی‌ عه‌ره‌ب نین، به‌ڵكو له‌دژی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ین كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدان، كێشه‌كه‌ عه‌ره‌ب نییه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو به‌شێك له‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیانه‌".

 

ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ده‌چن له‌پاش دامركاندنه‌وه‌ی‌ ململانێ سیاسییه‌كانی‌ پرسی ریفراندۆم ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ كه‌سیانه‌ش كه‌م ببنه‌وه‌ كه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ ژێرده‌ستی‌ ناوه‌ندو هه‌رێمدا رووده‌ده‌ن له‌دژی‌ هاوڵاتیانی‌ یه‌كتر.

 

ئه‌و هه‌ڵكشانه‌ كاتییه‌و دامركادنه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ دووباره‌ی‌ هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌ بووه‌  له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ له‌عێراق كه‌ تیایدا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاڵپشتی‌ شه‌قام له‌دژی‌ یه‌كتر ده‌جوڵێنن بێ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ له‌به‌رچاو بگرن كه‌ زۆرجار ئاڵۆزی‌ مه‌زهه‌بی‌و نه‌ته‌وه‌یی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ .

 

نه‌وزاد  پۆلس حه‌نا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ تۆڕی‌ پێكه‌وه‌ژیانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و روداوه‌نه‌ ده‌یسه‌لمێنن كه‌ هاوڵاتیانی‌ ئاسایی باشتر بیرده‌كه‌نه‌وه‌و زیاتر خه‌می‌ پێكه‌وه‌ژیانیانه‌ وه‌ك له‌سیاسییه‌كان، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ململانێكان هه‌زاران گه‌شتیاری‌ عه‌ره‌ب سه‌ردانی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن‌و له‌زۆر ناوچه‌ی‌ سنوری‌ ناوه‌ندیش كورد شان به‌شانیان ده‌ژی‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌